ستروکتوری سیسته‌می فێرکاری
سیسته‌می ڕێکخستن و ڕێکخراوه‌یی په‌روه‌رده و خوێندن له سوید و کوردستان وه‌ک یه‌که به‌ڵام په‌یوه‌ندیه‌کانی ده‌سه‌ڵات دابه‌شکردن زۆر جیاوازن له‌یه‌ک
هۆمه‌ر قه‌ره‌داغی
به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده له سوید
ستروکتوری سیسته‌می فێرکاری له‌و سیسته‌مانه‌یه که هیچ ئاڵۆزیه‌ک به‌خۆیه‌وه نابینێت بۆ ڕێکخستنی شێوه‌ی کاره‌کانی، بۆ نموونه له سوید و کوردستان سیسته‌مه‌که بریتیه له قوتابی، مامۆستا، به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه، به‌رێوه‌به‌ری په‌روه‌رده. واته به‌هه‌مان شێوه له کوردستان و له سوید کاره‌کان رێکخراون.
به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده و خوێندن به‌رپرسیار و سه‌رۆکی به‌رێوه‌به‌ری قوتابخانه‌کانه و له شارێکدا یا له شارۆچکه‌یه‌کدا به‌رپرسیاری یه‌که‌می هه‌موو قوتابخانه‌کانه و فه‌رمانه‌کان لای ئه‌وه‌وه ده‌رده‌چن بۆ به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌کان. ناوه‌کان جیاوازیان هه‌یه به‌ڵام پله و پایه‌کان بونیان هه‌یه و وه‌ک یه‌کن. بۆ نموونه من له کۆمیونی تێبی به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌م به‌هه‌مان شێوه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی هه‌ڵه‌بجه یا ئامێدی. واته به‌رپرسی هه‌موو به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌کانی تێبیم له باخچه‌ی ساوایانه‌وه بۆ قوتابخانه بنه‌ڕه‌تیه‌کان و قوتابخانه ئاماده‌ییه‌کان و خوێندنی گه‌وره‌ساڵان یا ئێواران.
واته ستروکتوره‌که هه‌ر هه‌مان شته به‌ڵام ئه‌وه‌ی له سیسته‌مه‌که‌دا ئاڵۆزه شێوه‌ی په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی ناو سیسته‌مه‌که‌یه، بۆ نموونه په‌یوه‌ندی قوتابی، مامۆستا، به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه و به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده به یه‌کتریه‌وه. له وڵاته دیموکراتیه‌کاندا وه‌ک سوید، به‌ریتانیا و ئوسترالیا، ده‌سه‌ڵات ناناوه‌ندی کراوه و له هه‌موو ئاسته‌کاندا ده‌سه‌ڵات بوونی هه‌یه. بۆ نموونه قوتابی له سوید زۆر گوێی لێده‌گیرێت و ئه‌و هه‌سته‌ی لا هه‌یه که سه‌ربه‌ستی و مافێکی زۆری هه‌یه. مامۆستا له ئاستی کاره‌که‌ی خۆی ڕێز لێگیراوه و سه‌ربه‌سته له‌وه‌ی کام کتێب و کام شێوه‌ی وانه‌وتنه‌وه له پۆلدا به‌کار بهێنێت. به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه ده‌سه‌ڵاتێکی زۆری هه‌یه له ژێر به‌رپرسیاریدا بۆ نموونه به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه بودجه‌ی خۆی به پێی ژماره‌ی قوتابیه‌کانی هه‌یه. بۆی هه‌یه مامۆستا دابمه‌زرێنێت ئه‌گه‌ر پێویستی پێبێت. بۆی هه‌یه مامۆستا لاببات ئه‌گه‌ر بزانێت پێوستی به‌و مامۆستایه نیه له قوتابخانه‌که‌یدا. به‌رێوه‌به‌ری په‌روه‌رده به‌رپرسی یه‌که‌می پرۆسه‌ی فێرکاریه له شاره‌که‌دا یا له شارۆچکه و کۆمیونه‌که‌دا. به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده بودجه دابه‌شده‌کات به‌سه‌ر قوتابخانه‌کاندا به‌پێی ژماره‌ی قوتابی، هه‌روه‌ها به‌رپرسیاره له دانان و لابردنی به‌رێوه‌به‌ری قوتابخانه‌کاندا و ده‌ستنیشانکردنی ئامانجه‌کانی ساڵی خوێندن. بڕیاره گشتگیره‌کان لای به‌ڕیوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌وه ده‌رده‌چن.
له کوردستان سیسته‌می ڕێکخستنی کاره‌کانی ده‌زگای په‌ره‌رده، هه‌روه‌ک سیسته‌می ڕێکخستنی کاره‌کانه له سوید یا له سکۆتله‌نده واته قوتابی و مامۆستا و به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه و به‌رێوه‌به‌ری په‌روه‌رده هه‌یه تا ده‌گاته وه‌زیری په‌روه‌رده. به‌ڵام له کوردستان هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌کان ناوه‌ندیه و بۆ دامه‌زراندنی مامۆستایه‌ک ده‌بێت فه‌رمانی وه‌زاری هه‌بێت. قوتابی له سیسته‌می فێرکاری کوردستاندا یا له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا مافێکی ئه‌وتۆی نیه که بتوانێت بیر و بۆچوونه‌کانی خۆی ده‌ربڕێت و کاریگه‌ری هه‌بێت له‌سه‌ر پرۆسه‌ی خوێندنه‌که‌ی. مامۆستا له سیسته‌مه‌که‌ی کوردستاندا ده‌سه‌ڵاتێکی ئه‌وتۆی نیه که کار بکاته سه‌ر شێوه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی قوتابخانه‌که‌ی، ته‌نیا ده‌سه‌ڵات که هه‌یبێت به‌سه‌ر قوتابیدایه که هه‌ندێ جار به‌داخه‌وه له‌سه‌رکوتکردنی فیزیکی یا ده‌رونیدا خۆی ده‌بینێته‌وه. به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه له کوردستان ده‌سه‌ڵاتی زۆر که‌مه، خاوه‌ن بودجه‌ی تایبه‌تی خۆی نیه بۆ قوتابخانه‌که‌ی. بۆی نیه مامۆستا دابمه‌زرێنێت یا لایببات ئه‌گه‌ر پێویست بکات ئه‌و کاره بکات. بۆ هه‌موو کارێکی گرنگ ده‌بێت په‌یوه‌ندی به به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌که‌یه‌وه یا وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌وه بکات. له زۆربه‌ری کاته‌کاندا گوێی لێناگیرێت و یارمه‌تی نادرێت. له‌وه‌ش ناخۆشتر له کوردستان مامۆستا به ته‌زکیه‌ی حیزبی ده‌کرێت به به‌رێوه‌به‌ری قوتابخانه، نه‌ک به لێهاتویی و به توانایی ئه‌مه‌ش کارێکی زۆر نه‌گونجا و هه‌ڵه‌یه. له کوردستان به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتیکی وانیه که سه‌ربه‌ستانه به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه دابمه‌ز‌رینێت یا لای ببات ئه‌گه‌ر پێویستی پێی نه‌بێت. هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی نیه که بودجه‌ی قوتابخانه‌کان دیاری بکات و بودجه و ده‌سه‌ڵات بخاته به‌رده‌ست به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌کانیه‌وه.
ده‌رئه‌نجامی من له‌م باسه ئه‌وه‌یه که سیسته‌می ڕێکخستن و ڕێکخراوه‌یی په‌روه‌رده و خوێندن له سوید و کوردستان هه‌روه‌ک یه‌ک وایه به‌ڵام په‌یوه‌ندیه‌کانی ده‌سه‌ڵات دابه‌شکردن زۆر جیاوازن له‌یه‌ک.
له سوید سیسته‌می فێرکاری سیسته‌مێکی دیموکراتی و ناناوه‌ندیه به‌ڵام له کوردستان سیسته‌می فێرکاری سیسته‌مێکی زۆر توند ناوه‌ندیه و هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌کان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده و هیچ ده‌سه‌ڵات و سه‌ربه‌ستیه‌کی وا نه‌هێڵراوه‌ته‌وه بۆ به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌کان و کارمه‌نده‌کانی تری ناو سیسته‌مه‌که، ئه‌مه‌ش وایکردوه که سیسته‌مه‌که به زه‌حمه‌ت نوێخوازی و ڕیفۆرم وه‌ربگرێت. مامۆستایان له سیسته‌مه‌که‌دا هه‌ست ناکه‌ن سه‌ربه‌ستیان هه‌یه. هه‌ست ناکه‌ن ئه‌گه‌ر به‌توانا بن و به‌ته‌نگ کاره‌که‌یانه‌وه بێن ده‌توانن به‌رزببنه‌وه و ببن به به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه یا ورده ورده ببن به به‌رێوه‌به‌ری په‌روه‌رده.
به ناناوه‌ندی کردنی سیسته‌می په‌روه‌رده و خوێندن له کوردستان گرنگه بخرێته به‌رده‌م شه‌پۆلی نوێخوازی و ریفۆرمه‌وه له پێناوی نه‌وه‌یه‌کی بیرکه‌ره‌وه و خاوه‌ن ده‌نگ و ره‌نگی ئازاد و سه‌ربه‌خۆ له کوردستانێکی ئاڵا شه‌کاوه و ئاوه‌داندا.