لە فەیسبووک لەلایەن چەند کەسێکەوە هێرش کرایە سەر بارزانی. پسپۆڕێکی دەرونناسی:ئەو كەسانەی ئەو كارانە دەكەن، گرێی خۆ بەكەم زانینیان هەیە

0

لە فەیسبووک لەلایەن چەند کەسێکەوە هێرش کرایە سەر بارزانی… پسپۆڕێکی دەرونناسی:ئەو كەسانەی ئەو كارانە دەكەن، گرێی خۆ بەكەم زانینیان هەیە

نوچەنێت

ئەمشەو لاپەڕەی سەرۆکی هەرێم لە فەیسبوک، لەلایەن چەند کەسێکەوە بەر شاڵاوی هێرشی بڵاوکردنەوەی وێنەی نابەجێ و تەشهیرکردن کەوت، شارەزایەکی بواری ئایتی رایگەیاند، ئەوەی ئەو پەیجەی داناوە کەسێکی نەشارەزایە لەو بوارەو هۆکارێکە بۆ دروستکردنی ئەو هەموو تەشهیرەی لەوێدا کراوە، پسپۆڕێکی دەرونناسیش دەڵێت ئەوانەی ئەو تەشهیرانەیان کردووە گرێی دەورونیان هەیە، چالاکێکی کۆمەڵگەی مەدەنیش پێی وایە کردنەوەی ئەو پەیجەی سەرۆکی هەرێم بەو شێوەیە تێکەڵ بون نیە بەخەڵک، بەڵکو داخستنی دەرگاکانە.

دوای ئەوەی لاپەڕەیەک بەناوی لاپەڕەی سەرۆکی هەرێم لە فەیسبوک لە ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێمەوە پەخشکرا، لەلایەن چەندین کەسەوە هێرش کرایە سەر لاپەڕەکە، بە پەخشکردنی وێنەی ناشایستەو کۆمێنتی ناشیرن و نوسینی تەشهیر و شێواندنی وێنەی سەرکردەکانی کورد.

مامۆستا يوسف عثمان حمد خوشناو، پسپۆڕی دەرونناسی، لەبارەی خوێندنەوەی خۆی بۆ هێرشی ئەو کەسانەی کردیانە سەر لاپەڕەی سەرۆکی هەرێم لە فەیسبووک، تایبەت بەنوچەنێت وتی” ماوەیەكە فەیسبووك لەلایەن كەسانێكەوە، بەشێوەیەك بەكاردەهێنرێت، كە دەیانەوێت زیان لە كەسایەتی ئەوانی تر بدەن، لێرە یەك دوو شت هەیە ئەو كەسانەی ئەو كارانە دەكەن، گرێی خۆ بەكەم زانینیان هەیە، كۆمەڵگا و خێزان و دەوڵەت بەرپرسە لە دروستبوونی ئەو جۆرە بیركردنەوەو پەروەردەیە، هەروەها ئەوانە زۆریشیان تازە ئەو تەكنەلۆژیایە بەكاردێنن، بۆیە ماوەیەكی تر، وەكو گرتە ڤیدیۆییەكانی پێشووتر كە چەند ساڵێك لەمەوبەر بڵاو بوویەوە، زۆر كەم دەبێتەوە، بۆ بەرەنگاربوونەوەشیان، گرینگتر شت ئەوەیە فەرامۆش بكرێن، چونكە ئەوانەی ئەو كارانە دەكەن، چاوەڕێی پەرچەكردارن”.

ئەو پسپۆڕە دەرنناسە بۆ نوچەنێت لەهۆکاری دروستبونی ئەو گرێ دەرونیە لای ئەو کەسانە وتیشی”ئەو گرێییە لە پەروەردەوە لایان دروست دەبێت، خێزان لە ماڵەوە توندوتیژبوون لەگەڵیان، بواری ئازادی رایان كەم پێدراوە، بەهەمان شێوەش لە قوتابخانە و لەنێو كۆمەڵگا، ئەوانە زۆر شكێندراویشن لە پێشووتر، بۆیە وەكو تۆڵەكردنەوەیەك وا دەكەن، دەوڵەتیش بەرپرسە لەوە، فەیسبووك ئەگەر تەنها ئامرازێكیش نەبێت، یەكێكە لە ئامرازە بێ كێشەكان بۆ ئەو مەسەلەیە”.

هەر لەو بارەیەوە شارەزایەکی بواری ئایتی، کە لەهەمان کاتدا وەک رۆژنامەوانێک کار دەکات، بۆ نوچەنێت وتی”ئەوەی ئەمشەو لەو لاپەڕەی سەرۆکی هەرێم بڵاو کرایەوەو ئەو هێرش و تەشهیرانە، ئەوەندەی ئەنجامدەرانی ئەو کەسە بەرپرسە کە بەکردنەوەی ئەو لاپەڕە هەستاوە، چونکە کەسێک ئەگەر شارەزایی هەبێت لەو بارەوە، دەزانێ چۆن کۆنتڕۆڵی کۆمێنتەکان دەکات، یان چۆن ڕێگا لە بڵاوبونەوەی تەشهیر دەگرێ لە لاپەڕەکەیدا، بەڵام دیارە شارەزا نیە، هەرچەند دڵنیام ئێستا بە ناونیشانی مامۆستای شارەزاکانیش لە سەرۆکایەتی هەرێم کار دەکات، بۆیە دەبێت ئەوە بکرێتە بەڵگەی نەشارەزایی و لەکارەکەی دوری بخەنەوە، چونکە ئەوەی ئەمشەو لەو لاپەڕە دانرا شتێکی کەم نیە، هەموو تەشهیرو سوکایەتیە بەکەسێک، جابا سەرۆکی وڵاتێکیش نەبێ با کەسێکی ئاسایی بێت تەشهیرو هۆکاری بڵاوبونەوەی تەشهیریش بەرپرسن لێی”.

مامۆستا یوسف عوسمان حەمەد پسپۆڕی دەروناسیش پێی وایە کە دەکرێ لەڕێی شەخسەکانەوە رێگە لەو جۆرە کارە بگیردرێت و دەڵێت”ئەوەی تێبینیم كرد لەو پەیجەی بارزانی، ئەوەیە كە ئەو كەسەی دایناوە زانیارییەكی چاكی لە كردنەوەی لاپەڕەی فەیسبووك نییە، چونكە ئەگەر تێبینی بكەی، لاپەڕەكە بكەیتەوە، مۆست ریسێنت ئەكتیڤە، نەك مەسعود بارزانی، بەڵام ئەگەر بەپێچەوانەوە بێت، قسەی ئەو كەسانە هیچی دەرناچێت ئەوەش خۆی لەخۆیدا رێگرییەكە”

چالاکێکی کۆمەڵگەی مەدەنیش تایبەت بەنوجەنێت وتی”من پێم وایە کردنەوەی ئەو لاپەڕە، مەبەست تێکەڵبونی بارزانیە بە خەڵک، بەڵام رێگادان کە بە ئاشکرا خەڵک تەشهیر بکات، بەپلانی دەزانم بۆ ئەوەی بوترێت ئەوە عەقڵی کوردە، ئیتر چۆن سەرکردەکان بتوانن تێکەڵ بەخەڵک ببن، ئەوە تێکەڵ بون نیە داخستنی دەرگاکانە چونکە پاساوی داخستیان بۆ دروست دەکات، دەبوو بەشێوەو رێگایەکی تر بارزانی هەوڵی دروستکردنی پەیوەندی بدایە لەگەڵ خەڵک، نەک بەو شێوەیە”

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com