عه‌لی حوسێن: خۆپیشاندانه‌كان هه‌ڵقوڵاوی ناخی جه‌ماوه‌ر نه‌بوون و بۆ ده‌ستكه‌وتی سیاسی بوون
دیمانه: رێبوار ره‌زا چوچانی
له‌م دیمانه‌یه‌دا عه‌لی حوسێن ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی و به‌رپرسی لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان، باس له كێشه و گیروگرفته‌كانی هه‌رێم ده‌كات و پێیوایه “خۆپیشاندانه‌كان هه‌ڵقوڵاوی ناخی جه‌ماوه‌ر نه‌بوون و بۆ ده‌ستكه‌وتی سیاسی بوون”.
رێبوار: ئه‌م قه‌یرانه سیاسیه‌ی ئێستا له كوردستان له‌ئارادایه، له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌وڵانه‌ی بۆ چاره‌سه‌ركردنی ده‌درێن چۆن ده‌بینی؟ پێت وایه هه‌نگاوه‌كانی چاره‌سه‌ری به‌رهه‌مدار بێت؟
عه‌لی حوسێن: ئه‌و بارودۆخ و قه‌یرانه‌ی ئێستا كوردستانی تێدایه، له‌گه‌ڵ باسكردنی گه‌نده‌ڵی و چاكسازی و كه‌موكوڕی ئیداره، من ئه‌وانه به شتێكی ئاسایی ده‌زانم، چونكه ئه‌زموونی میلله‌تانی دونیا هه‌مووی وابووه، كه‌س نه‌بووه له خه‌باتی شاخه‌وه بێت ده‌سه‌ڵات به‌ده‌سته‌وه بگرێ و وڵاتێكی دیموكراتی موئه‌سه‌ساتی بێ كه‌موكوڕی دابمه‌زرێنێت، شتی وا له دونیادا نیه، هه‌موو ئه‌زموونه‌كانی دونیا به‌و قۆناغانه‌دا تێپه‌ڕیون، رووبه‌ڕووی ئه‌و كه‌موكوڕیانه‌ش بوونه‌ته‌وه، ئێمه‌ش میلله‌تێكین ئه‌گه‌ر 20 ساڵی دوای راپه‌ڕین، یا 8 ساڵی دوای 2003 حیساب بكه‌ین، هه‌ردووكیان بۆ تاریخ هه‌ناسه‌یه‌كه، زۆر نیه. به رای من هه‌م ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ئیداری كه‌م ئه‌زموونه و ئۆپۆزسیۆنیش سه‌ره‌تایه‌كی تازه‌یه له كوردستان، بۆیه هه‌ندێك جار له‌جیاتی ئه‌وه‌ی هاوكاری یه‌كتر بكه‌ن، به كار و كاردنه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ یه‌ك ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش ره‌نگه هه‌ندێك جار به سلبی به‌سه‌ر ئه‌زموونه‌كه‌دا بشكێته‌وه. به دیدی من ئه‌مڕۆ له كوردستان مادام سندوقی هه‌ڵبژاردن و بواری رای ئازادا هه‌یه، زۆر ئاساییه ئۆپۆزسیۆن ده‌توانێت گه‌ر بیه‌وێت به‌شداری حكومه‌تی بنكه‌فراوان بكات، ئه‌مه ئاساییه و ده‌بێ ده‌سه‌ڵاتیش رێگای پێبدات به‌پێی ئیسحتیقاقی ئینتخابی به‌شداری بكات. ئه‌گه‌ر هه‌لومه‌رجی تازه هاتۆته پێش و ئۆپۆزسیۆن پێی وایه پێویستی به هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته هه‌یه، له‌و حاڵه‌ته‌شدا ده‌سه‌ڵاتیش ئاماده‌یی ده‌ربڕیوه به‌تایبه‌ت سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له گه‌ڕانه‌وه‌ی له ئیتاڵیا له یه‌كه‌م وتاری خۆیدا ئاماده‌یی نیشاندا كه هه‌ڵبژاردن بكرێت.
رێبوار: به‌ڵام ئۆپۆزسیۆن ده‌ڵێت به‌م حكومه‌ته‌ی ئێستاوه كه حزب كۆنتڕۆڵی كردوه، ناكرێ هه‌ڵبژاردنێكی پاك و بێگه‌رد ئه‌نجام بدرێت؟
عه‌لی حوسێن: له هه‌موو دونیادا حزب حكومه‌ت دروست ده‌كات، كه له هه‌ڵبژاردن ده‌یباته‌وه و نوخبه‌ی كادیره‌كانی خۆی راده‌سپێرێت. ئه‌مه له روانگه‌ی ئۆپۆزسیۆن وایه، به‌ڵام له روانگه‌ی ده‌سه‌ڵات وانیه، ئێمه لقین ناچین ئیشی قایمقام و وه‌زیر و پارێزگار بكه‌ین، به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه ئێمه‌ش حزبین، وه‌ك تۆ چۆن وه‌ك رۆژنامه‌نوسێك رای خۆت له‌باره‌ی حكومه‌ته‌وه ده‌ده‌ی، ئێمه‌ش حه‌قی خۆمانه پێشنیار پێشكه‌ش بكه‌ین. به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌و وڵاتانه‌ی خاوه‌ن ئه‌زموون و بوون به وڵاتی موئه‌سه‌ساتی، چه‌ندین ساڵه ده‌وڵه‌تن، ئه‌زموونی ئه‌وان له هی ئێمه پێشكه‌وتووتره، شێوه‌ی مامه‌ڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتیشیان له هی ئێمه باشتره. ره‌نگه لێره‌ش كه‌موكوڕی هه‌بێت، به‌ڵام هه‌وڵه‌كانیش به‌رده‌وامن. گه‌ر رابردوو له‌گه‌ڵ ئێستا به‌راورد بكه‌ین، باشتر بووین.
رێبوار: پێت وایه تا چه‌ند ئیراده‌یه‌كی جدی و به‌هێز هه‌یه بۆ چاكسازی؟ چونكه یه‌كێك له ره‌خنه‌كانی ئۆپۆزسیۆن له ده‌سه‌ڵات ئه‌وه‌یه، كه سه‌رۆكی هه‌رێم دوای 11/3 به‌ڵێنی دا چاكسازی بكرێت و وتیشی گه‌ر دوای 3 مانگ ئه‌م چاكسازیه نه‌كرێت، ئاماده‌یه ده‌ست له‌كار بكێشێته‌وه. ئێستا ده‌ڵێن چاكسازیه‌كان به‌م شێوه‌یه نین. به رای تۆ ئه‌م چاكسازیانه چین كه كراون؟
عه‌لی حوسێن: به‌رای من بۆ چاكسازی ده‌بێ هه‌وڵ بده‌ین سیسته‌م دروست بكه‌ین، ئه‌و ئه‌زموونه‌ی خۆمان بكه‌ین به ئه‌زموونێكی موئه‌سه‌ساتی. نه‌بوونی سیسته‌م كه‌سی باشیش خراپ ده‌كات، كه سیسته‌میش هه‌بوو كه‌سی خراپیش ناتوانێت خراپه بكات. ده‌بێ كایه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ته‌شریعی به موئه‌سه‌سات بكه‌ین. من باسی پارتی ده‌كه‌م، پارتی وه‌ك حزبێك وه‌سیله‌یه‌ك بووه شۆڕشی كردوه تا كوردستان رزگار بكات، ئه‌مڕۆش وه‌سیله‌یه‌كه كه ده‌سه‌ڵات بگرێته ده‌ست، تا هه‌م ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان زیاتر بباته پێش و بۆ ئاینده ئاماده‌تری بكات، هه‌میش به‌و ده‌سه‌ڵاته بتوانین خزمه‌تگوزاری باشتر پێشكه‌ش به میلله‌تی خۆمان بكه‌ین. ئێمه باوه‌ڕمان به‌وه هه‌یه، به‌ڵام پێشمان وایه چاكسازی هه‌ر له كایه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ئیداریدا نیه، به‌ڵكو ده‌بێ له كه‌لتووری كۆمه‌ڵگاشدا كاری له‌سه‌ر بكرێت، جا گه‌ر له په‌روه‌ره‌ده و خوێندنه، یا له هه‌ر بوارێكی تر كه په‌یوه‌ندی به سه‌رتاپای كۆمه‌ڵگاوه هه‌یه.
رێبوار: به‌ڵام ئه‌م چاكسازیه‌ی تۆ باسی ده‌كه‌ی ماوه‌یه‌كی درێژی پێویست نیه؟
عه‌لی حوسێن: به‌ڵێ به دڵنیاییه‌وه.
رێبوار: ئه‌ی بۆچی سه‌رۆكی هه‌رێم به‌ڵێنی دا له ماوه‌ی سێ مانگدا ئه‌م چاكسازیانه ئه‌نجام بدرێن؟
عه‌لی حوسێن: نه‌خێر له ئه‌نجامی ئه‌و قه‌یرانه‌ی دروست بوو، ئێمه ده‌زانین داخوازی گه‌لی كوردستان باشتربوون و جوانتربوونی حكومه‌ته، به‌ڵام هه‌ندێك شت هه‌یه مه‌رامی سیاسی له پشته. به‌تایبه‌ت ئه‌م خۆنیشاندانانه‌ی ئه‌نجام دران، هه‌ڵقوڵاوی ناخی خه‌ڵك نه‌بوون، به‌ڵكو مه‌رامی سیاسی له‌پشت بوو و بۆ ده‌سكه‌وتی سیاسیش بوو.
رێبوار: كه‌واته پێتان وانیه له پێناو جێبه‌جێكردنی داخوازیه‌كانی خه‌ڵك بووبێت؟
عه‌لی حوسێن: به‌دڵنیایی هه‌ندێك كه‌موكوڕی هه‌یه و ده‌خوازرێت باش بكرێت، به‌ڵام زیاتر مه‌به‌ستی سیاسی له پشته، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر بشكێنێت و خۆی پێ ده‌ربخات بۆ مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵبژاردن. ئه‌گه‌ر وا نه‌بێت بواری گفتوگۆ هه‌یه و ده‌توانرێت له‌و رێگایه‌وه به زۆر ئه‌نجام بگه‌ین، چونكه به‌ر له‌وه‌ی ئه‌و قه‌یرانه دروست بێت، جه‌نابی سه‌رۆك هه‌موو حزبه‌كانی كۆكرده‌وه به ئۆپۆزسیۆنیشه‌وه، پێی گوتین چ پڕۆژه‌یه‌كتان هه‌یه بۆ چاكسازی، به چ ئالیه‌تێك و شێوازێك جێبه‌جێ بكرێت، تا منیش هاوكارتان بم بۆ جێبه‌جێكردنی. به‌ڵام تا جه‌نابی سه‌رۆك له ئیتاڵیا گه‌ڕایه‌وه ئه‌و قه‌یرانه‌یان دروست كرد، كه بینیمان.
رێبوار: ئێوه له‌سه‌ر ئاستی پارێزگای هه‌ولێر په‌یوندیتان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان چۆنه؟ به‌تایبه‌ت له‌دوای رووداوه‌كانی 17 شوبات كه چه‌ند باره‌گاكانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان لێره نه‌ماوه؟
عه‌لی حوسێن: خۆی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان پێده‌چێت هه‌م خه‌ڵكه‌كه‌یان و هه‌م خۆشیان ئه‌و ره‌غبه‌ته‌یانن تێدانه‌بێت باره‌گانیان بكه‌نه‌وه. به‌ڵام ئه‌م موبه‌ریره‌یان بۆ خۆیان دۆزیه‌وه، كه باره‌گایه‌كیان له هه‌ولێر سوتێندرا، كه ئه‌وان له‌و شاره یه‌ك ملیۆنیه هه‌ر یه‌ك باره‌گایان نه‌بووه، گه‌ر ئه‌و باره‌گایه شتێكیشی به‌سه‌ر هاتبێت، به‌ڵام به ده‌یان باره‌گای تری هه‌بووه بۆ نایكاته‌وه؟ كه‌س رێگریان نیه و پارێزگاریشان لێ ده‌كرێت.
رێبوار: به‌ڵام وه‌ك ئه‌وان ده‌یڵێن له سنوری ده‌سه‌ڵاتی پارتیدا گرفت بۆ هه‌ڵسوڕاوه‌كانیان دروست ده‌كرێت؟
عه‌لی حوسێن: گرفت بۆ هه‌ڵسوڕاوانی پارتیش دروست كراوه له سلێمانی و گه‌رمیان.
رێبوار: به‌ڵام ئه‌وان وه‌ك ده‌سه‌ڵات سه‌یری پارتی ده‌كه‌ن؟
عه‌لی حوسێن: ئاخر ئێمه باره‌گای حزب بووین، ئه‌وان نه‌چوونه سه‌ر فه‌رمانگه‌كانی حكومه‌ت.
رێبوار: مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه، ئه‌وان پێیان وایه له‌م سنوره‌دا پارتی وه‌ك ده‌سه‌ڵات گرفتیان بۆ دروست ده‌كات؟
عه‌لی حوسێن: نه‌خێر، به‌راستی ئه‌مه بێویژدانیه، ده‌سه‌ڵات گه‌ر مه‌به‌ستی بایه ئیجرائاتی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكه‌كانیان ده‌كرد. گه‌ر مه‌به‌ستی بایه هه‌موو باره‌گاكانی گۆڕان رووبه‌رووی په‌لامار ده‌بوونه‌وه، به‌ڵام زۆربه‌ی باره‌گاكانیان پارێزراون و ئێستاش ده‌پارێزرێن.
رێبوار: تۆ وه‌ك به‌رپرسێكی پارتی پێت وایه دوای ته‌واوبوونی ماوه‌ی ئه‌و 3 مانگه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم به‌ڵێنی دابوو، ئه‌و چاكسازیانه ده‌ره‌نجامێكی ئومێدبه‌خشیان بۆ خه‌ڵك هه‌بێت؟
عه‌لی حوسێن: به‌رای من له ئێستاوه چاكسازیه‌كان ده‌ستیان پێكردوه.
رێبوار: وه‌كو چی؟
عه‌لی حوسێن: تا ئێستا سێ باره‌گای لقی 2 ئاگادار كراونه‌ته‌وه، كه چۆڵی بكه‌ن و ته‌سلیمی حكومه‌تی بكه‌نه‌وه.
رێبوار: به‌ڵام یه‌كێك له‌و باره‌گا تازانه‌ش كه دانراوه‌ته‌وه بۆ لقی دوو، پێم وایه هه‌ر موڵكی حكومه‌ته؟ ئه‌وه‌ی جێگای زێره‌ڤانی.
عه‌لی حوسێن: نه‌خێر، ئێمه هیچ باره‌گایه‌كی نوێمان دانه‌ناوه‌ته‌وه، سێ باره‌گامان موڵكی حكومه‌ته، دوویان قوتابخانه‌ن، یه‌كێكیشان بنكه‌ی پۆلیسه، ئاماده كراون و حه‌فته‌ی داهاتوو ته‌سلیم به حكومه‌تی ده‌كه‌ینه‌وه.
رێبوار: ئه‌ی باره‌گای تازه‌ی لقی دوو، شوێنی باره‌گای زێره‌ڤان، هی حكومه‌ت نیه؟
عه‌لی حوسێن: نه‌خێر ئه‌وێ نیه، باره‌گای تازه‌ی لقی دوو زه‌ویه‌كی ئاساییه، له حكومه‌ت وه‌رگیراوه، هێشتا بیناكه‌ی هه‌ر دروست نه‌كراوه. من تازه هاتوومه و زانیاریم زۆر نیه، به‌ڵام ره‌نگه ئه‌و بینایه‌ی ئێستا ئێمه تێیداین، بیده‌ینه‌وه به ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران.
رێبوار: به‌ڵام دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر باره‌گای زێره‌ڤان له جیاتی ئه‌م باره‌گایه‌ی ئێستای لقی دوو، درا به لقی دوو؟ پێم وایه ئه‌وێ موڵكی حكومه‌ته و ئێستا تابڵۆی لقی دووی به‌سه‌ره‌وه‌یه؟
عه‌لی حوسێن: نه‌خێر، خۆ هه‌موو زه‌ویه‌كانی كوردستان موڵكی حكومه‌ته، به‌ڵام ئه‌م باڵه‌خانه‌یه موڵكی حكومه‌ت نیه، ئه‌و شوێنانه‌ی موڵكی دائیره‌ی خه‌ده‌مین، زیاتر مه‌به‌ست ئه‌و شوێنانه‌یه. ئه‌و بینایانه‌ی باره‌گای حزبی به‌عس بووه، بینای خه‌ده‌می نه‌بووه. زیاتر مه‌به‌ست له‌و بینایانه‌یه، كه موڵكی ته‌ربیه و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیه، یا ئه‌و شوێنانه‌ی سرف موڵكی حكومه‌ته. به‌ڵام جۆره‌كه‌ی تریان ره‌نگه حزبه‌كانی تریش به ئۆپۆزسیۆنیشه‌وه له‌و جۆره بینایانه‌دا هه‌بن جگه له پارتی و یه‌كێتی، ده‌توانم به نمونه‌ش پێت بڵێم، هه‌ر له سنوری هه‌ولێر گه‌ر پێویست بكات ناوی ئه‌و جۆره باره‌گایانه و هی خه‌ده‌میش ده‌هێنم، كه لایه‌نی ئۆپۆزسیۆنی تێدایه، هه‌ر له‌سه‌ر حیسابی پاره‌ی حكومه‌تی نۆژه‌ن كراونه‌ته‌وه.
رێبوار: له‌باره‌ی ئه‌و پڕۆسه‌ی داتا به‌یسه‌ی پارتی له رێكخستنه‌كانی ده‌ستی داوه‌تێ، تا ئێستا ته‌نیا له سنوری لقی 2 و لقی مه‌خمور ئه‌م كاره به‌ڕێوه ده‌چێ. ده‌گوترێ به‌شێكی زۆری ناوی ئه‌ندامه‌كانی حزب وه‌همی بوونه، ئه‌مه تا چه‌ند راسته؟
عه‌لی حوسێن: نه‌خێر، ناوه‌كان وه‌همی نه‌بوونه، به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه حزبێكی وه‌ك پارتی دیموكراتی كوردستان كه مێژوویه‌كی هه‌یه، خه‌ڵكێكی زۆر ره‌نگه پێشتر له ناوچه‌یه‌ك ناوی تۆمار كرابێت، كه بووه به فه‌رمانبه‌ر له ناوچه‌ی فه‌رمانبه‌رانیش ناوی تۆمار كردوه، یا قوتابی زانكۆ بێ و له ناوچه‌ی زانكۆ ناوی هه‌بێت، كه ده‌ریشده‌چێت، ده‌چێ له ناوچه‌یه‌كی تریش ناوی خۆی تۆمار ده‌كات، ره‌نگه شتی له‌م بابه‌ته هه‌بووبێت، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ناوانه ته‌سفیه بكرێت، ئه‌م سیسته‌می داتابه‌یسه داندرا، لیژنه‌ی بۆ پێكهات، كه هه‌مووی ده‌وره‌یان بینیبوو، تا ئێستا رێژه‌یه‌كی باشی خه‌ڵكیش ئاماده بووه.9+
رێبوار: دوای ئه‌و پڕۆسه‌یه رێژه‌ی ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی له سنوری هه‌ولێر هه‌تانبووه كه‌می نه‌كردوه؟
عه‌لی حوسێن: له هه‌ندێك شوێن گه‌یشتۆته‌وه ئاستی خۆی و یا زیادیشی كردوه، ره‌نگه هه‌بووه ئه‌ندامی پارتی بووه له شوێنێك ناوی سڕاوه‌ته‌وه، چووه ناوی خۆی له ناوچه‌یه‌كی تر تۆمار كردۆته‌وه. ره‌نگه له‌هه‌ندێك شوێنیش كه‌می كردبێت، به‌ڵام رێژه گشتیه‌كه‌ی هێشتا دیار نیه، هێشتا ته‌واو نه‌بووه. لای ئێمه كه‌م و زۆر گرنگ نیه، گرنگ ئه‌وه‌یه حه‌قیقه‌تی خۆمان بزانین؟
رێبوار: زۆرجار ئۆپۆزسیۆن ته‌علیقێكی هه‌یه له‌سه‌ر پارتی و یه‌كێتی، به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر پارتی، كه له هه‌ڵبژاردنی ئه‌م دواییه‌ی په‌رله‌مانی عێراق، په‌نجه‌ی تۆمه‌تی ئه‌وه بۆ پارتی درێژ ده‌كه‌ن، كه ئه‌م ده‌نگانه زۆربه‌ی ته‌زویرن، هه‌ندێك جار ده‌ڵێن پارتی به‌م ده‌نگه زۆره‌ی توشی غرور بووه، تۆ ته‌علیقت چیه له‌سه‌ر ئه‌مه؟
عه‌لی حوسێن: من له لقی 10 بوومه، نزیكه‌ی زیاتر له 30 هه‌زار ئه‌ندام و لایه‌نگری پارتیمان هه‌بووه، نزیكه‌ی 90 هه‌زار ده‌نگمان هێناوه، له ئه‌رشیفیش ئێستا مه‌وجوده، چاوپێكه‌وتنی ته‌له‌فزیۆنی له 8ی به‌یانی له 12ی نیوه‌ڕۆ، 2ی پاش نیوه‌ڕۆ و 4ی ئێواره، له كاتی داخستنی سندوقیش، زیاتر له 10 كه‌س له نوێنه‌ره‌كانی سه‌ر سندوق چاوپێكه‌وتیان له‌گه‌گه‌ڵ كراوه، له گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی و یه‌كگرتووی ئیسلامی و بزووتنه‌وه، هه‌موویان ده‌ڵێن هه‌ڵبژاردنێكی پاك بوو، كاسێته‌كه‌ش مه‌وجوده، حه‌ز ده‌كه‌ن ده‌تانده‌مێ بیبینن.
رێبوار: پێت وایه قسه‌ی ئه‌وان به‌س بێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان به پاك و بێگه‌رد وه‌سف بكرێت؟
عه‌لی حوسێن: به‌س ئه‌وان خۆیان باسیان كردوه، ئه‌وان ده‌توانن وه‌ڵامی قسه‌كانی خۆیان بده‌نه‌وه، به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه ئه‌وانیش و ئێمه‌ش ده‌ڵێین، كه كه‌موكوڕی هه‌بووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كۆمسیۆن هی به‌غدا بوو، چاودێری رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان هه‌بوون، هه‌موویان گه‌واهیده‌ری هه‌ڵبژاردنه‌كان بوون، باشتر بووه له هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشوو. ساڵ به‌ساڵیش باشتر ده‌بێت.
رێبوار: ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی پارتی ده‌ڵێت، له‌نێو پارتی و یه‌كێتیشدا ده‌نگێك دروست بووه، كه پێیان وایه بوونی رێككه‌وتنامه‌ی ستراتیجی بۆ هه‌ردوولا زیانی هه‌بووه، تۆ تاچه‌ند له‌گه‌ڵ ئه‌م بۆچوونه‌یت؟ پێت وایه ئه‌م ده‌نگه كه دروست بووه، ببێته به‌شێك له سیاسیه‌تی هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌ڵاتدار؟
عه‌لی حوسێن: ئه‌و ده‌نگه نه له‌نێو پارتی و نه له نێو یه‌كێتی، ده‌نگێكی ستراتیجی نیه، ده‌نگی سه‌ره‌كی له ئاستی سه‌ركردایه‌تی له نێو پارتی و یه‌كێتی باوه‌ڕی ته‌واوی به‌و رێكه‌وتنه هه‌یه و قه‌ناعه‌تیشمان وایه ئه‌م رێكه‌وتنه له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستانه، نه‌وه‌ك له به‌رژه‌وه‌ندی پارتی یا یه‌كێتی.
رێبوار: ئه‌ی وه‌ك حزب تا چه‌ند له به‌رژه‌وه‌ندی پارتی بووه؟
عه‌لی حوسێن: وه‌ك حزب كێشه نیه تا چه‌ند له به‌رژه‌وه‌ندی ئێمه‌دا بووه یان نا، ئێمه وه‌ك حزب هیچ كێشه‌مان نیه، گه‌ر زیانیشی بۆ ئێمه هه‌بووبێت، به‌ڵام له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌زموونه‌كه‌ماندا بووبێت، چونكه ئێمه له 30-40 ساڵی رابردوو له براكوژی و ناته‌بایی زیانمان لێكه‌وتووه، ئه‌مڕۆ ئێمه به‌و رێكه‌وتنه توانیمان له به‌غدا له‌سه‌ر ئاستی عێراق و له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمایه‌تی و جیهانیش سه‌نگێمان هه‌بێت، بۆیه كێشه نیه، با هه‌ندیك جار پارتی و یه‌كێتی زه‌ره‌ر بكه‌ن، چونكه ئێمه وه‌سیله‌ین، غایه‌كه ئه‌زموونه‌كه‌یه، كه ئه‌زموونه‌كه سه‌ركه‌وتووبێت، با ئێمه زه‌ره‌ر بكه‌ین، كێشه نیه.
رێبوار: بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان پارتی و یه‌كێتی به یه‌ك لیست به‌شداری ده‌كه‌ن؟ چونكه ده‌گوترێ ره‌نگه پارتی ترسی هه‌بێت له‌وه‌ی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی به یه‌ك لیست به‌شداری بكات؟
عه‌لی حوسێن: هێشتا بڕیاری ئه‌وه نه‌دراوه، ئێمه پابه‌ندین به رێكه‌وتنی ستراتیجی، له نێوان ئێمه و یه‌كێتی، ئه‌گه‌ر به‌یه‌ك لیست دابه‌زین، گه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ش دانه‌به‌زین. چۆن به‌رژه‌وه‌ندی بێت وا رێك ده‌كه‌وین.
رێبوار: به‌ڵام ئه‌م ده‌نگه‌ی له سه‌ركردایه‌تی پارتیدا هه‌یه و زاڵه، زیاتر به كام ئاڕاسته دایه؟
عه‌لی حوسێن: له‌به‌رئه‌وه‌ی هێشتا دانیشتنه‌كانی ئێمه و یه‌كێتی له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆن ئه‌نجام نه‌دراون، ئه‌نجامی ئه‌م دانیشتنانه زیاتر ده‌ریده‌خه‌ن، ئه‌وكات به‌پێی ده‌ره‌نجامه‌كان ئێمه و یه‌كێتی پێكه‌وه بڕیاری كۆتایی ده‌ده‌ین.
رێبوار: واته چاره‌نوسی به‌شداریكردن له هه‌ڵبژاردنه‌كان به یه‌ك لیست یا به جیاواز په‌یوه‌سته به ئه‌نجامی ئه‌م دانیشتنانه‌وه؟
عه‌لی حوسێن: ره‌نگه به‌شێكی په‌یوه‌ندی به‌مه‌وه هه‌بێت، بۆیه ئێمه حه‌ز ده‌كه‌ین هه‌موو لایه‌نه‌كان خاڵی هاوبه‌شمان هه‌بێت و له‌یه‌ك نزیك بین، مه‌رج نیه یه‌ك لیست بین، به‌ڵام مه‌رجه خاڵی هاوبه‌شمان هه‌بێت، ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆنیش.
رێبوار: زۆرجار باس له‌وه ده‌كرێت له په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان پارتی و یه‌كێتیدا به‌رزی و نزمیه‌ك، یا جۆرێك له یه‌ك دووركه‌وتنه‌وه رووده‌دات، بۆ نمونه كه به‌رپرسێكی پارتی باس له سه‌ندنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆكی حكومه‌ت له یه‌كێتی ده‌كات، جۆرێك له ساردی له په‌یوه‌ندیه‌كانیان دروست ده‌بێت. له ئێستادا په‌یوه‌ندی نێوان پارتی و یه‌كێتی چۆنه؟
عه‌لی حوسێن: په‌یوه‌ندی ئێمه له‌وپه‌ڕی باشی دایه.
رێبوار: ئه‌ی بۆ له چه‌ند رۆژی رابردوو رێگری له كۆسره‌ت ره‌سوڵ كرا، كه بگه‌ڕێته‌وه هه‌ولێر؟
عه‌لی حوسێن: په‌یوه‌ندیمان له‌وپه‌ڕی باشی دایه، زۆریش ئاساییه هه‌ندێك جار سستی له په‌یوه‌ندیه‌كاندا هه‌بێت، چونكه ئێمه دوو حزبی جیاوازین، به‌ڵام خاڵی هاوبه‌شمان هه‌یه، ئێمه له‌و خاڵه هاوبه‌شانه كۆكین. كه لێره و له‌وێش شتێك ده‌بێت، ئه‌مه‌ش حاڵه‌تێكی ئاساییه، چونكه ئێمه دوو حزبی جیاوازین. رێگریش له كاك كۆسره‌ت نه‌كراوه، ئه‌وێ سه‌یته‌ره بووه، ره‌نگه جۆرێك له لێكتێنه‌گه‌یشتن له‌گه‌ڵ چه‌ند چه‌كدارێكی ئه‌وێ روویدابێت.
رێبوار: ده‌گوترێ دوای ئه‌م رووداوه جێگری سه‌رۆكی پارتی به‌خۆی چۆته ئه‌وێ و كۆسره‌ت ره‌سوڵی له‌گه‌ڵ خۆی هێناوه‌ته هه‌ولێر؟
عه‌لی حوسێن: نه‌خێر ئه‌مه لێكتێنه‌گه‌یشتن بووه، كه حاڵه‌تی واش رووده‌دات، ئاساییه داوای لێبوردن له‌یه‌كتر بكرێت. كاك كۆسره‌تیش پیاوێكی تێكۆشه‌ره و رێی لێناگیرێت.
رێبوار: به‌ڵام ده‌گوترێ پارتی تۆڵه‌ی 17ی شوباتی كردۆته‌وه، كه هێزێكی زێره‌ڤانی چۆته سلێمانی و پێشمه‌رگه‌كانی یه‌كێتی رێگایان لێ‌گرتوون؟
عه‌لی حوسێن: شتی وا نیه كاكه، هێزه‌كانی زێره‌ڤانی كه چۆته سلێمانی، هێزی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بووه، سه‌ر به وه‌زاره‌تی ناوخۆ بووه، به ئه‌مری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چووه. بۆیه شتی وانه‌بووه و تۆڵه‌كردنه‌وه نه‌بووه.
رێبوار: یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ی باس ده‌كرا له دروستكردنی سه‌ركردایه‌تیه‌كی پارتی له‌سه‌ر ئاستی پارێزگاكان، له‌به‌ر ئه‌وه بوو، كه ناوچه‌كانی سلێمانی و كه‌ركوك له سه‌ركردایه‌تی پارتیه‌وه دوورن، به‌ڵام له هه‌ولێر نزیكتره. پێتان وانیه دروستكردنی ئه‌م جۆره سه‌ركردایه‌تیه ببێته هۆی له‌یه‌كتر دووركه‌وتنه‌وه‌ی زیاتری جه‌ماوه‌ری پارتی و سه‌ركردایه‌تیه سه‌ره‌كیه‌كه‌ی پارتی؟
عه‌لی حوسێن: زۆرجار خه‌ڵك گله‌یی ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن سه‌ركردایه‌تی دووره له خه‌ڵك، ئه‌مه جۆرێكه له لامه‌ركه‌زی حزبی، كه ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی له پارێزگایه‌ك ده‌بێت، چه‌ند ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی له‌گه‌ڵی ده‌بێت، به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ لقه‌كان، واته به‌رپرسی لقه‌كانیش ده‌بنه ئه‌ندامی ئه‌م سه‌ركردایه‌تیه له‌م پارێزگایه، واته ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی له‌گه‌ڵ 5-6 ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی له‌م پارێزگایه ده‌بن، نزیك ده‌بن له جه‌ماوه‌ر، شێوه‌یه‌ك له لامه‌ركه‌زی حزبی دروست ده‌بێت، كه‌متر شته‌كان ده‌ڕۆنه‌وه بۆ مه‌كته‌بی سیاسی، هه‌ر له‌وێ زۆربه‌ی ئه‌و كارانه‌ی په‌یوه‌ستن به‌و سنوره‌وه، له‌و سه‌ركردایه‌تیه چاره‌سه‌ر ده‌ركرێن، جگه له‌و مه‌سه‌لانه‌ی په‌یوه‌ندیان به هه‌موو كوردستانه‌وه هه‌یه. ئه‌مه ئاسانكارییه‌كه بۆ لقه‌كان و بۆ خه‌ڵك به گشتی، من ئه‌وه به كارێكی زۆر ئیجابی ده‌زانم، له كۆنگره‌ش زۆر گفتوگۆمان له‌باره‌وه كرد، له ئه‌نجامدا گه‌یشتینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه به كارێكی باشی بزانین.
رێبوار: یه‌كێك له‌و تێگه‌یشتنیانه‌ی له‌باره‌ی پارتیه‌وه هه‌یه، پێی وایه پارتی حزبێكه زیاتر مه‌ركه‌زیه‌ت تێیدا زاڵه، پێتان وانیه ئه‌م لامه‌ركه‌زیه كێشه‌تان بۆ دروست بكات؟
عه‌لی حوسێن: پارتی مه‌ركه‌زیه‌ت و دیموكراتیه‌تی ته‌واوكه‌ری یه‌كه، دیموكراتیه‌تی تا ئه‌و ئه‌ندازه‌یه نه‌بێت به به‌ڕه‌ڵایی، مه‌ركه‌زیه‌تیش ئه‌وه‌نده‌یه، كه نه‌بێت به دكتاتۆریه‌ت. واته نه مه‌ركه‌زیه‌ت ببێ به دكتاتۆریه‌ت و نه دیموكراتیه‌تیش به‌و شێوه‌یه بێت، كه بگاته ئاستی به‌ڕه‌ڵڵایی، كه ئیستیغلالی مه‌فهومی دیموكراسی بكرێت، بگاته ئاستی گوێنه‌دان و ئیهمالی، واته ئینزیباتی حزبی هه‌بێت.
رێبوار: بۆ ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ی له حزب و حكومه‌تدا ئه‌نجام ده‌درێن زۆر به سستی به‌ڕێوه ده‌چن؟
عه‌لی حوسێن: پێكهاته‌ی پارتی هه‌ر خۆی وایه، پارتی هێنده‌ی گرنگی به ستراتیجیه‌ت ده‌دات، كه‌متر به ته‌كتیكی ده‌دات، پارتی له رووی مێژووییه‌وه حزبێكه خاوه‌ن ستراتیجه، بۆیه ئه‌و لایه‌نه‌ی به ستراتیجیش كار ده‌دات، كاره‌كانی به‌په‌له نابن، له‌سه‌رخۆ ده‌بن، مێژوو و كه‌لتووری پارتی هه‌ر وابووه. جگه له‌وه‌ش هه‌ندێك جار قه‌یران دێته پێشه‌وه و ده‌بنه كۆسپ، ئه‌م ماوه‌یه كه ئه‌م قه‌یرانانه دروست بوون، ئێمه شتی گرنگترمان له‌به‌رده‌م بوو، كه هه‌وڵ بده‌ین ئیحتیوای ئه‌و ئه‌زمه‌یه بكه‌ین، ئینجا به‌رنامه‌ی گۆڕانكاری ئه‌نجام بده‌ین.
رێبوار: ئه‌ی كه‌ی كۆنفڕانسی لقه‌كان ئه‌نجام ده‌درێت؟
عه‌لی حوسێن: ئه‌مه‌ش په‌یوه‌سته به هه‌لومه‌رجی سیاسی كوردستانه‌وه، ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له كاتی دیاریكراوی خۆی ئه‌نجام بدرێت، كه ئێمه ئاماده‌ین گه‌ر خه‌ڵكی تر ئاماده بێت، ئه‌وكات به دڵنیاییه‌وه ئه‌و هه‌موو هه‌ڵبژاردنانه پێكه‌وه ناكرێن، خه‌ڵك بێتاقه‌ت ده‌بێت، بۆیه كۆنفرانسی حزبه‌كان ده‌كه‌وێته دوای ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه.
رێبوار: به‌ڵام ئه‌مه پاساو نیه بۆ دواخستنی؟
عه‌لی حوسێن: نه‌خێر به‌ڵام كات نیه، چی بكه‌ین، كه كۆنفراس ده‌كرێت ده‌بێ كات هه‌بێت، سیسته‌می حزبایه‌تیش و ئه‌زموونی ئێمه‌ش له حزبایه‌تی هه‌ر وابووه. بۆیه گه‌ر بزانین هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكان له‌كاتی خۆی ده‌كرێت، ئه‌وا هه‌ڵبژاردنی حزبی ده‌كه‌وێته دوای ئه‌مه‌وه.
رێبوار: دوا پرسیار، باس له‌وه ده‌كرێت سه‌رۆكی هه‌رێم، كه سه‌رۆكی پارتیشه، لێپرسینه‌وه له‌گه‌ڵ سه‌دان به‌پرس ده‌كات، له‌سه‌ر ئه‌و كه‌موكوڕی و گه‌نده‌ڵیانه‌ی كه هه‌یه، پێتان وایه هیچ به‌رپرسێكی باڵای پارتی هه‌بێت به‌هۆی ئه‌م لێپرسینه‌وانه‌وه رووبه‌ڕووی دادگا بكرێته‌وه؟
عه‌لی حوسێن: هێشتا زووه بڕیاری پێشوه‌خته‌ی له‌سه‌ر بده‌ین، به‌ڕای من هه‌ر به‌رپرسێك له هه‌ر پێگه‌یه‌ك بێت، پارتی بێت یا غه‌یری پارتی، گه‌ر به‌ڵگه له‌سه‌ری هه‌بوو، به قه‌ناعه‌تی من جه‌نابی سه‌رۆك لێی دوودڵ نابێت كه لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بكات، به‌ڵام ئینسان ناتوانێت به‌بێ بنه‌ما و به‌ڵگه قسه بكات. گه‌ر حاڵه‌تێكی له‌م شێوه‌یه هه‌بێت، پارتیبوونی ئه‌و به‌رپرسه نابێته كۆسپ له‌به‌رده‌م لێپرسینه‌وه‌ی، گه‌ر پێویستی به دادگا بوو رووبه‌ڕووی دادگا ده‌كرێته‌وه، گه‌ر ئیجرائاتی تریش پێویست بێت، له به‌رامبه‌ریدا ئه‌نجام ده‌درێت.
به‌شێك له‌م دیمانه‌یه، له گۆڤاری سڤیل بڵاو كراوه‌ته‌وه…