مام رۆستەم: بەڵێ ١٠ ملیۆن دۆلارمان لە مام جەلال وەگرتووە، رۆژی حەق و حسابیش دێت و حەق و حسابیان لەگەڵ دەکەین
نوچەنێت/ نالیا تیڤی
مام رۆستەم لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی نالیا رایدەگەیەنێت، ئامادەن گردەکە تەسلیم بکەنەوە، بەو مەرجەی یەکێتی و پارتیش هەرچیان هەیە بیگێڕنەوە بۆ میللەت، مام رۆستەم پشت راستی ئەکاتەوە کە ١٠ ملیۆن دۆلاریان لەکاتی جیابونەوە لەمام جەلال وەرگرتووە، بەڵام دەشڵێت ئەو پارەیان بەخێر وەرنەگرتووەو پارەی باوکی مام جەلال نیە، تەنها هەقی ئەو ١٠٠ ملیۆن دۆلارەو رۆژی حەق و حسابیشیان لەگەڵ یەکێتیدا دێت.
هەر لەو چاوپێکەوتنەدا کە بەدوو بەش پەخشکرا، مام رۆستەم لەبارەی تەسلیمکردنەوەی گردەکە دەڵێت”ئێمە ئامادەین بەیانی گردەکە بدەینەوە بەڵام ئەوانیش هەرچیان هەیە بیدەنە خەڵک، ئەوان هەر ئەوەیان ماوە شارەکان تەلبەن بکەن بڵێن ئەوە شاری یەکێتی و ئەوە شاری پارتیەو ئەوە شاری فڵانە مەسولە، ئەگەر دوو پیاوی باش بکەونە نێوان و سەروەتی سامانی پارتی و یەکێتی بگێڕنەوە، تۆ وەرە من کلیل و قوفڵی گردەکەت ئەدەمێ”.
مام رۆستەم رەتی دەکاتەوە گۆڕان بەپارەی یەكێتی لە یەکێتی دابێت و وەک وەڵامێک بۆ ئەو قسەی تاڵەبانی کە نەوشیروان مستەفا، بەناوی پەیمانگای ستراتیژی ١٠ ملیۆن دۆلاری لە یەکێتی وەرگرتووەو بەکاری هێناوە بۆ لێدانی یەکێتی، دەڵێت “پارەی یەکێتی نیە، پارەی خۆمانە ١٠ ملیۆن دۆلار چییە؟ هەر من ١٠٠ ملیۆن دۆلارم ئەکەوێ، بایی ١٠٠ ملیۆن دۆلار شەقم لەبەرد هەڵداوە، خوێنم رژاوە، دوو برام شەهید بووە، خۆم ٦ کەرەت بریندار بووم، پارەی خۆمانە، خۆ مام جەلال وا ئەزانێ سەروەتی باوکیەتی بۆی ماتەوە، ئەمانداتێ و خێرمان پێ ئەکا، مام جەلال لە قاسمە رەش بوو، دوو هۆدەو هەیوانێکی هەبوو، کاک مەسعودیش لە راژان بوو دوو ژوورو هەیوانێکیان هەبوو، ئێستا ولاتێکیان داگیر کردووە، خۆ گردەکەی ئێمە بەقەد خانووەکەی مام جەلال نابێ لە دەباشان، ئەی ئەمەی کۆیەی، ئەی ئەمەی رانیەی، ئەی ئەمەی وڵاتانی دەرەوەی، ئەوەی بەرلین، ئەوەی فەرەنسا، ئەوەی لەندەن، بۆیە باسی سەروەت و پارە بکەن خۆیان زەرەر دەکەن، ئێمە هەمانەو نیمانە گردێکە، ئەویش نەمان شاردۆتەوە، یانی ئەو وەختە بیوتایە مام جەلال ١٠ ملیۆن دۆلارم بدەرێ، ئەم تەنزیمە دروست دەکەم ئەیکەم بەگژی خۆتا ١٠ دۆلاری دەدا؟، بەڵێ وەرمان گرتووەو هێشتا قەرزارمانە، رۆژی حەق و حسابیش دێت و حەق و حسابیان لەگەڵ دەکەین”.
بۆ بینینی چاو پێکەوتنەکەی مام رۆستەم کلیک بکە………………