ئۆپۆزسیۆن وگه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ناو هۆڵی په‌رلمان!

0

ئۆپۆزسیۆن وگه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ناو هۆڵی په‌رلمان!

 

خه‌سره‌و سایه‌

سه‌ره‌نجام لیستی فراکسیۆنه‌کانی ئۆپۆزسێون بڕیاری گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ نێو هۆڵی په‌رلمـاندا. ئه‌م بڕیاره‌ به‌دوای ده‌وره‌یه‌ک له‌بایکوتکردنی دانیشتنه‌کانی پارلماندا دێت، که‌لایه‌نه‌ ئۆپۆسزێۆنه‌کان، گوایه‌ وه‌ک هه‌ڵوێستێک بۆ خواسته‌کانی شه‌قام له‌سه‌روبه‌ندی خۆپیشاندانه‌کاندا گرتیانه‌به‌ر. به‌ڵام ئایا هه‌ڵوێستی ئۆپۆزسێون چ له‌بایکۆتکردنی په‌رلمان وچ له‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆی، به‌واقعی هه‌ڵوێستێکه‌ له‌ڕاستای خواسته‌کانی شه‌قامدا؟.

بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ باسه‌ره‌تا له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی به‌یکوته‌کایان ڕابوه‌ستین: ئۆپۆزسیۆن به‌دوای ده‌وره‌یه‌ک له‌پڕوپاگه‌نده ‌کردن سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که‌په‌رلمان حزبی بۆته‌وه‌ وهیچ یاسایه‌ک به‌ویستی ئه‌وان پاسه‌ند ناکرێ، به‌دوای نیگه‌رانی له‌باسی“ئه‌قه‌له‌یه‌ت وئه‌کسه‌ریه‌ت“ومیزکوتان وشه‌ڕو ئاژاوه‌کانی ناو هۆڵی په‌رلمان، به‌دوای نیشاندانی ناکارامه‌یی وقۆرغ کردنی په‌رلمان له‌لایه‌ن یه‌کیه‌تی و پارتییه‌وه‌، بێئومێدی خۆیان به‌په‌رلمان ڕاگه‌یاند ووتیان که‌ئه‌م په‌رلمانه‌ کارتۆنییه‌ وڕێگایه‌ک بۆ‌رۆڵی ئۆپۆزسیۆن ناهێلێته‌وه‌، تابه‌رنامه‌ی چاکسازی تیا به‌ڕێوه‌ببرێت. کاتێکیش خۆپیشاندانه‌کان ده‌ستیان پێکرد وهاوکێشه‌ی نێوان خه‌ڵک وده‌سه‌لات گۆڕدرا وشه‌قام خرۆشا، ئه‌وان بۆ به‌ده‌سته‌وه ‌گرتنی ئه‌م فاکتۆره ‌وه‌ک کارتێکی فشار هه‌ڵوێستی بایکوتی دانیشتنه‌کانی په‌رلمانیان ڕاگه‌یاند. که‌دیاره‌ ئه‌مه‌شیان به‌دوای ڕاگه‌یاندنی خواستی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی حکومه‌ت وپه‌رلمان له‌لایه‌ن شه‌قامه‌وه‌ هاته‌ پێشه‌وه‌. به‌تایبه‌تی که‌ئه‌نجومه‌نی ئازادی سه‌را وه‌ک ده‌نگی شه‌قام به‌ڕه‌سمی داوای ده‌ست له‌کارکێشانه‌وه‌ی لێکردن. به‌ڵام ئۆپۆزسیۆن بۆئه‌وه‌ی په‌تی په‌ه‌یوه‌ندیه‌کانی خۆی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌لات وپه‌رلمان نه‌پچڕێنێ، وه‌ڵامی ئه‌نجومه‌نی سه‌رایان به‌بایکۆت دایه‌وه‌. ده‌لیلی ئه‌م هه‌ڵوێسته‌شیان له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی ده‌گرت که‌نه‌کا خۆپیشاندانه‌کان به‌سه‌ره‌نجام نه‌گا وبتوانن ڕێگای گه‌ڕانه‌وه‌ له‌به‌رده‌م خۆیاندا به‌یه‌کجاری دانه‌خه‌ن. ئه‌م هه‌لوێسته‌شیان به‌و پۆزه‌وه‌ بوو که‌گوایه‌ تا بکوژانی 17ی شوبات وڕۆژانی دواتر نه‌درێن به‌دادگا هه‌ر له‌سه‌ر بایکۆته‌که‌یان به‌رده‌وام بن. له‌م هه‌ڵوێسته‌دا ئه‌و ڕاستیه‌ به‌رچاوه‌ که‌شه‌قام داوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی په‌رلمان وکۆتایی هاتنی ده‌سه‌ڵاتی ده‌کرد. به‌دیاریکراویش داوای کشانه‌وه‌ی ئۆپۆزسیۆنی له‌په‌رلمان وه‌ک هه‌نگاوێک بۆ ئه‌م خواسته‌ هێنرایه‌کایه‌وه‌، که‌چی ئه‌وان له‌ئاستی بایکۆتدا مانه‌وه!!‌. ئایا ئه‌مه‌ وه‌لامه‌ به‌خواستی شه‌قام یان پێچکردنه‌وه‌یه‌ به‌ده‌وری خواستی شه‌قامدا؟.

به‌ڵام له‌باره‌ی هه‌ڵوێستی دووباره‌ گه‌ڕانه‌وه بۆ نێو هۆڵی په‌رلمان، عوزر له‌قه‌باعه‌ت خراپتر ده‌ردێنێ وئه‌م هه‌ڵوێسته‌یان ڕۆشنتر له‌بایکۆته‌که‌یان له‌دژی شه‌قام خۆی ده‌نوێنێ. به‌تایبه‌تی که‌له‌ئێستا ‌هاوکێشه‌کان گۆڕدراوه‌، ونه‌خۆپیشاندان له‌ئارادایه‌ ونه‌شه‌قام داوا له‌ئۆپۆزسیۆن ده‌کات له‌په‌رلمان بکشێته‌وه‌، ته‌نانه‌ت نه‌ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ ده‌بینری که‌بکرێنه‌ کارتی فشار به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌وه‌، ئیتر بۆ ڕێگای په‌رلمان له‌سه‌ر خۆیان دابخه‌ن!!. به‌تایبه‌تیش که‌یه‌کیه‌تی و پارتی مه‌یلی دانوسان ودانی ئیمتیازاتی به‌ئۆپۆزسیۆن نیشانداوه‌ و ئاماده‌یه‌ بۆکپکردنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیه‌کان ودورخستنه‌وه‌ی مه‌ترسی خرۆشانی جه‌ماوه‌ری ده‌ستبخاته‌ نێوده‌ستی لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌کانه‌وه‌… وه‌ک وتراویشه‌ دوای هه‌ر شه‌ڕێک، دانوسان وشێوه‌یه‌ک له‌ڕێکه‌وتنی نێوان لایه‌نه‌کان دێنێته‌ ئاراوه‌. گه‌ڕانه‌وه‌ی ئۆپۆزسێۆنێش بۆ نێو په‌رلمان گۆشه‌یه‌کی ئه‌م دانوسان وڕیکه‌وتنه‌یه‌ له‌سه‌ره‌تای خۆیدا، که‌به‌دوای شه‌رێ نێوان ده‌سه‌لات و لایه‌نه‌ ئۆپۆزسێۆنه‌کانه‌وه‌ هاتۆته‌کایه‌وه‌. ئاشکراشه‌ هه‌ر هه‌ڵوێستێک ده‌بێ ته‌بریر بکرێ بۆئه‌وه‌ی له‌ئاست خه‌ڵکدا په‌سه‌ند بکرێ. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ هێنانه‌ پێشه‌وه‌ی باسی خواستی شه‌قام له‌په‌یوه‌ند به‌گه‌ڕانه‌وه‌وه‌ بۆ نێوپه‌رلمان، دووباره‌ کردنه‌وه‌ی قسه‌کانی پێشووی ئۆپۆزسیۆنه‌ له‌ڕابردوودا. له‌یه‌ک ووته‌دا ”ئه‌وان په‌رلمانیان جێهێشت له‌به‌ر خواستی شه‌قام وئێستاش ده‌گه‌ڕینه‌وه‌ له‌به‌ر هه‌مان هۆ!!“ ئه‌مه‌یه‌ ئه‌و سیاسه‌ته‌ زیکزاکیه‌ی که‌ڕیشه‌ی له‌باوه‌ڕبوون به‌حکومه‌ت وسیسته‌می ئێستادایه‌. ئه‌مه‌ ئه‌و سیاسه‌ته‌یه‌ که‌هیچ په‌یوه‌ندێکی به‌خواستی خه‌ڵکه‌وه‌ نییه‌ وبگره‌ بۆشه‌ریک بون له‌ده‌سه‌لات ووه‌رگرتنی ئیمتیازات به‌ناوی شه‌قامه‌وه‌ خه‌ڵکی به‌چاکسازی خۆشخه‌یاڵ کردووه‌.

به‌ڵام مه‌سه‌له‌که‌ به‌مه‌نده‌ ته‌واو نابێت. کاتێک که‌هه‌قی خوێنی ڕژاوی لاوانی کوردستان نه‌سه‌ێندرابێت وئه‌سه‌رێکیش له‌دادگایی بکوژان دیار نه‌بێت، کاتێک که‌شاره‌کان چه‌ک به‌سه‌ر سه‌ریه‌وه‌ ڕاگیرابێت وئازادی خۆپیشاندان له‌خه‌لک زه‌وتکرابێت وحوکمی عورفی میلیشیا ژیانی هاوڵاتیانی له‌قاڵب دابێت. ته‌نانه‌ت کاتێک که‌ده‌سه‌ڵاتداران وه‌ڵامیان به‌تاقه‌ خواستێکی خه‌ڵک نه‌دابێته‌وه‌… گه‌ڕانه‌وه‌ی ئۆپۆزسیۆن بۆ نێو هۆڵی په‌رلمان، ئه‌توانی ج خواستێکی شه‌قام به‌دیبهێنێ، ئه‌وێش به‌و ڕابردووه‌وه ‌که‌په‌رلمان هه‌یه‌تی وخودی ئۆپۆزسیۆنیش ته‌جروبه‌ی کردووه‌. ئایا له‌چاوی خه‌ڵکی ناڕازی کوردستانه‌وه‌ که‌بۆئازادی ونان ویه‌کسانی وخۆشگوزه‌رانی هاتنه‌مه‌یدان، له‌چاوی دایکان وباوکانی قوربانیه‌کانی 17 شوباته‌وه‌ که‌تائێستاش بۆبه‌سزا گه‌یاندنی بکوژانی ڕۆڵه‌کانیان ڕوو له‌به‌رده‌رکی سه‌را ده‌که‌ن، له‌چاوی هه‌مو ئه‌و گه‌نجانه‌ی که‌بۆژیان وئازادی سنگیان به‌گوله‌ی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ نا… گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ نێو په‌رلمان هیچ شه‌رافه‌تمه‌ندیه‌کی سیاسی به‌ناوی شه‌قامه‌وه‌ بۆ لایه‌ن ئۆپۆزسیۆنه‌کان دێڵێته‌وه‌؟ ئایا ئه‌م ڕیاکاری وهه‌ڵوێسته‌ پوچه‌ی ئۆپۆزسیۆن به‌س نییه‌ بۆئه‌وه‌ی که‌ئیتر که‌س فریوی ئه‌م لایه‌نانه‌ نه‌خوا وله‌سبه‌ی هه‌ستانه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیه‌کاندا ئومێدی پێنه‌به‌ستێت؟

ئه‌مانه‌ ئه‌و پرسیارانه‌ن که‌وه‌ڵامه‌کانیان هه‌رئێستا هه‌ڵوێستی هوشیارانه‌و به‌کرده‌وه‌ی جه‌ماورێکی ده‌وێت که‌توڕه‌یه‌ له‌سه‌رتاپای ئه‌زمون ده‌سه‌ڵاتداڕیتی بۆرژوازی کورد که‌خودی ئۆپۆزسیۆن له‌دامه‌زراندنیدا شه‌ریکه‌و سه‌رچاوه‌ی هه‌موو به‌دبه‌ختیه‌کانی هاوڵاتیانه‌.

Saya.xasraw@yahoo.co.uk

14/6/2011

 

 

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com