سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان: ئه‌گه‌ر داواكارییه‌كانی خه‌ڵك جێبه‌جێ‌ نه‌كرێت، دووباره‌ دێنه‌وه‌ سه‌رشه‌قام

0

سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان: ئه‌گه‌ر داواكارییه‌كانی خه‌ڵك جێبه‌جێ‌ نه‌كرێت، دووباره‌ دێنه‌وه‌ سه‌رشه‌قام


دیمانه‌: رێبوار ره‌زا چوچانی


له‌م دیمانه‌یه‌دا كاردۆ محه‌مه‌د، سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان له‌په‌رله‌مانی كوردستان، تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر هه‌لومه‌رجی سیاسی ئێستای كوردستان و شێوه‌ی كاری فراكسیۆنه‌كه‌یان، كه‌ تازه‌ بایكۆتكردنی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مانیان شكاندووه‌، له‌باره‌ی خۆپیشاندانه‌كانیشه‌وه‌ پێیوایه‌ ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ ئه‌و كارته‌ له‌داهاتوودا، به‌هێزێكی تره‌وه‌ بێته‌وه‌ پێشه‌وه‌، پێشیوایه‌ كابینه‌ی شه‌شه‌م شكستی خواردووه‌ و سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌.

 


رێبوار: سه‌ره‌تا له‌بایكۆتكردنی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مانه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كه‌م، پێتانوابوو ئه‌وكات كه‌ سه‌روه‌ختی خۆپیشاندانه‌كان بوو، بڕیاره‌كه‌ی ئۆپۆزسیۆن له‌جێگه‌ی خۆیدا بوو، بۆ بایكۆتكردنی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان؟

كاردۆ محه‌مه‌د: ئێمه‌ له‌دۆخێكدا بایكۆتی دانیشتنه‌كانمان كرد، كه‌ سه‌ره‌ڕای بوونی كێشه‌كان، هه‌زاران هاووڵاتیش له‌سه‌ر شه‌قام بوون و داخوازییان هه‌بوو، په‌رله‌مانیش له‌به‌رانبه‌ر داخوازییه‌كانی خه‌ڵكدا، توانی چه‌ند دانیشتنێكی نائاسایی بكات و چه‌ند بڕیارێك ده‌ربكات، سه‌باره‌ت به‌چۆنێتی چاراسه‌ركردنی كێشه‌كان، له‌كاتێكدا ئه‌م واقیعه‌ت هه‌بێت، ئه‌ركی په‌رله‌مانه‌ كه‌ به‌دواداچوون بكات بۆ كێشه‌كان و ئه‌ركی به‌رپرسیارێتی هه‌ڵبگرێت و بێباك نه‌بێت له‌به‌رانبه‌ر كێشه‌ قوڵه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام په‌رله‌مان بڕیاره‌كانی خۆی جێبه‌جێ ناكات، ده‌شیه‌وێت دۆخه‌كه‌ وا وێنا بكات كه‌ زۆر ئاساییه‌، ئێمه‌ش كه‌ هێزێكی ئۆپۆزسیۆنین و خۆمان به‌داكۆكیكه‌ر له‌مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان ده‌زانین، ده‌بێت هه‌ڵوێستمان هه‌بێت، ئه‌م هه‌ڵوێسته‌شمان به‌یاداشت پێدان، دواتر ناڕه‌زاییمان ده‌ربڕی، به‌ڵام هه‌ر گوێیان پێنه‌دا، بۆیه‌ بایكۆتیشمان كرد وه‌ك شێوازێكی فشار له‌سه‌ر په‌رله‌مان، بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌ركی خۆی.

رێبوار: له‌دوای ئه‌و بایكۆتكردنه‌، پێتانوایه‌ په‌رله‌مان به‌كاری خۆی هه‌ستابێت، چونكه‌ ئێستا ئێوه‌ بایكۆتكردنه‌كه‌تان شكاندووه‌؟

كاردۆ محه‌مه‌د: نه‌خێر به‌ كاری خۆی هه‌ڵنه‌ستاوه‌، به‌ڵام دۆخه‌كه‌ گۆڕاوه‌، چونكه‌ كاتێك ئێمه‌ بایكۆتی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مانمان كرد، یه‌كێك بوو له‌خواسته‌كانی خۆپیشانده‌رانیش، دواتر ئێمه‌ بایكۆته‌كه‌مان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بوو، كه‌ پێویسته‌ به‌دواداچوون بكرێت بۆ بڕیاره‌كانی په‌رله‌مان، ئێستا ده‌ركه‌وت كه‌ په‌رله‌مان ئه‌م توانایه‌ی نییه‌، بۆیه‌ هێزه‌ سیاسییه‌كان گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، له‌م دۆخه‌دا كه‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر داواكارییه‌كانی خه‌ڵك و ئۆپۆزسیۆن و چاكسازی ده‌كرێت، پێموانیه‌ پاساوێك بمێنێته‌وه‌ بۆ فشاری تر.

رێبوار: بارودۆخ به‌چ لایه‌كدا گۆڕاوه‌، چونكه‌ سه‌رنجێك هه‌یه‌ كه‌ پێیوایه‌ ئۆپۆزسیۆن شكستی خواردووه‌ و ئه‌م هه‌نگاوه‌ی فراكسیۆنه‌كه‌ی ئێوه‌ش به‌شێكه‌ له‌و شكسته‌؟

كاردۆ محه‌مه‌د: ئۆپۆزسیۆن داوای چاكسازی بنه‌ڕه‌تی كردووه‌، ئێستا هه‌موومان له‌كوردستان كۆكین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كێشه‌ هه‌یه‌، سیسته‌می سیاسی و به‌ڕێوه‌بردن له‌وڵاتی ئێمه‌ پێویستی به‌چاكسازی بنه‌ڕه‌تی هه‌یه‌، به‌ڵام ئێمه‌ هه‌ر سوورین له‌سه‌ر ئه‌م داواكارییانه‌، راسته‌ له‌ڕووی شه‌قامه‌وه‌ توانرا به‌ هێز ده‌نگی شه‌قام كپ بكرێت، به‌ڵام ئێستا ئۆپۆزسیۆن به‌شێوازی گفتوگۆ، سووره‌ له‌سه‌ر داخوازییه‌كه‌ی خۆی و خۆپیشانده‌رانیش.

رێبوار: به‌ڵام پێتانوانیه‌ كۆتاییهاتنی خۆپیشاندانه‌كان، به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان كارتێكی به‌هێزی ده‌ستی ئێوه‌ش كۆتاییهات؟

كاردۆ محه‌مه‌د: وه‌ك بارودۆخ ئه‌مه‌ كاتییه‌، ئه‌ی ئه‌و مه‌ترسییه‌ نه‌ماوه‌ كه‌ جارێكی تر ئه‌گه‌ر داخوازی خه‌ڵك جێبه‌جێ نه‌كرێت، دووباره‌ ئه‌م كارته‌ به‌ هێزێكی تره‌وه‌ دێته‌وه‌ پێش؟

رێبوار: پێتانوایه‌ ئه‌و كارته‌ جارێكی تر بێته‌وه‌ ده‌ستان؟

كاردۆ محه‌مه‌د: به‌ڵێ، ئه‌گه‌ر كێشه‌كان چاره‌سه‌ر نه‌كرێت خه‌ڵك كه‌ له‌پێناوی داخوازییه‌كانی خۆی كه‌ هه‌موویان ره‌وان، دووباره‌ دێنه‌وه‌ شه‌قام، چونكه‌ ئه‌م سیسته‌مه‌ به‌م شێوازه‌ ناتوانێت به‌ڕێوه‌ بچێت.

رێبوار: ئایا له‌كاتی خۆپیشاندانه‌كاندا، گفتوگۆ بكرایه‌ زیاتر له‌به‌رژه‌وه‌ندی لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆندا نه‌ده‌بوو؟

كاردۆ محه‌مه‌د: به‌ڵام ئایا ده‌سه‌ڵات به‌كرده‌وه‌ ئیراده‌ی هه‌بوو، یان ده‌یویست كات بكوژێت، بۆئه‌وه‌ی خۆپیشاندانه‌كان كۆتایی پێبهێنێت؟

رێبوار: واته‌ ئێوه‌ گومانتان هه‌بوو؟

كاردۆ محه‌مه‌د: به‌ڵێ گومانمان هه‌بوو.

رێبوار: ده‌مانه‌وێت به‌ راشكاوی سه‌رنجی تۆ له‌سه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌ وه‌رگرین، كه‌ هه‌ندێكجار فراكسیۆنی گۆڕان به‌ فراكسیۆنێكی فه‌وزه‌وی له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت، كۆمێنتی تۆ چییه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بۆچوونه‌؟

كاردۆ محه‌مه‌د: فه‌وزه‌وییه‌ت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌موو شتێك ره‌ت بكرێته‌وه‌.

رێبوار: به‌ڵام ئه‌و دیده‌ له‌سه‌ر ئێوه‌ هه‌یه‌ كه‌ هه‌موو شتێك ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌؟

كاردۆ محه‌مه‌د: ئاخر ئه‌وه‌ دیدی ده‌سه‌ڵاته‌. من ئه‌و دیده‌ به‌ ناڕاست ده‌زانم، چونكه‌ ئه‌وكاته‌ ده‌توانرێت وامان پێبوترێت كه‌ پرۆژه‌مان نه‌بێت، یان روئیا و به‌ دیلی نه‌بێت، ئێمه‌ له‌ هه‌ر ته‌رحێك به‌دیلێكمان هه‌بووه‌ و به‌دیله‌كه‌شمان بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی به‌رانبه‌ر نه‌بووه‌.

رێبوار: به‌ڵام ئه‌م دیده‌ بۆ زیاتر له‌سه‌ر ئێوه‌ هه‌یه‌، هه‌تا دوو فراكسیۆنه‌كه‌ی تری ئۆپۆزسیۆن؟

كاردۆ محه‌مه‌د: كاریگه‌ری پێگه‌ی گۆڕان له‌ده‌ركه‌وتنی وه‌ك ئۆپۆزسیۆنێكی نوێ، به‌ هێزێكی جیاواز، بۆیه‌ ئه‌مه‌ وامان لێده‌كات كه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی تردا ئێمه‌ جیاوازیكاریمان هه‌بێت، له‌به‌رنامه‌ و هه‌ڵوێست و دیددا، شێوازی كاركردنمان جیاوازه‌.

رێبوار: ئایا ئه‌وان ناتوانن هه‌مان هه‌ڵوێستیان هه‌بێت؟

كاردۆ محه‌مه‌د: بۆ ناتوانن، به‌ڵام شێوه‌ی كارمان جیاوازه‌، ئه‌وان شێوه‌ی كاری خۆیان هه‌یه‌ و به‌رنامه‌ی خۆیان هه‌یه‌، ئێمه‌ دان به‌ جیاوازییه‌كی زۆری نێوان خۆمان و ئه‌واندا ده‌نێین، به‌ڵام شتی هاوبه‌شیشمان هه‌یه‌.

رێبوار: خاڵه‌ هاوبه‌شه‌كانتان زۆرن یان جیاوازییه‌كان؟

كاردۆ محه‌مه‌د: به‌ دڵنیاییه‌وه‌ جیاوازییه‌كان.

رێبوار: له‌سه‌ره‌تای ئه‌و قه‌یرانه‌ی كه‌ رووی له‌هه‌رێمی كوردستان كرد، لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆن داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حكومه‌تیان ده‌كرد، به‌ڵام ئێستا ئه‌م باسه‌ په‌راوێز خراوه‌، به‌ رای ئێوه‌ ئه‌م كابینه‌ پێویستی به‌هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ هه‌یه‌، یان له‌ئاستی ئه‌و به‌رپرسیارێتییه‌دایه‌ كه‌ له‌ ئه‌ستۆیدایه‌؟

كاردۆ محه‌مه‌د: هه‌ندێك ده‌سته‌واژه‌ هه‌یه‌، ده‌كرێت روونكردنه‌وه‌ی بۆ بدرێت، كه‌ ده‌ڵێیت هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ ره‌نگه‌ تۆزێك قورس بێت، به‌ڵام له‌ڕاستیدا ئێمه‌ پێمانوایه‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌، هه‌تا له‌و به‌رنامه‌یه‌ی كه‌ راشیگه‌یاندووه‌، چونكه‌ له‌سایه‌ی ئه‌م حكومه‌ته‌دا، بۆ نمونه‌ ئایا یه‌كخستنی دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت له‌یه‌ك دامه‌زراوه‌دا، ئایا ئه‌مه‌ پێویستییه‌كی حه‌یاتییه‌ ئه‌م حكومه‌ته‌یه‌ یان نا، هه‌موو لایه‌نه‌كانیش پێیانوایه‌ یه‌ك حكومه‌ته‌، به‌ڵام ئایا تا ئێستا یه‌كخراوه‌.

رێبوار: ئایا هه‌موو ئه‌و هۆكارانه‌ی كه‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی داواكاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ بكرێت، له‌ئه‌ستۆی كابینه‌كه‌یه‌، یان له‌ئه‌ستۆی هێزه‌ سیاسییه‌كاندایه‌؟

كاردۆ محه‌مه‌د: كاتێك داوا ده‌كرێت كه‌ حكومه‌تێكی نوێ بێت، چونكه‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ ناتوانێت كێشه‌كانی چاره‌سه‌ر بكات و حكومه‌تێكی شكستخواردووه‌، داوا له‌لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌كرێت، كاتێك گۆڕان پرۆژه‌كه‌ی خۆی خسته‌ڕوو، داوای له‌لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كرد، چونكه‌ پێكهێنه‌ری حكومه‌ته‌كه‌ ئه‌و هێزانه‌ خۆیان بوون.

رێبوار: پێتوایه‌ ئه‌م كابینه‌یه‌ شكستی خواردبێت؟

كاردۆ محه‌مه‌د: به‌ڵێ شكستی خواردووه‌.

رێبوار: له‌چیدا شكستی خواردووه‌؟

كاردۆ محه‌مه‌د: له‌به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م وڵاته‌ به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ یاسا تێیدا سه‌روه‌ر بێت.

رێبوار: كێ به‌رپرسی ئه‌و شكسته‌ی حكومه‌ته‌؟

كاردۆ محه‌مه‌د: به‌ پله‌ی یه‌كه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كه‌ حكومه‌تیان به‌رجه‌سته‌ كردووه‌.

رێبوار: هه‌موو جارێك ئێوه‌ ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌ ده‌گرن، كه‌ لایه‌نه‌كانی ده‌سه‌ڵات ده‌ست له‌كاروباری حكومه‌ت وه‌رده‌ده‌ن، به‌ڵام ره‌نگه‌ ره‌خنه‌ی لایه‌نه‌كانی ده‌سه‌ڵاتیش له‌ئێوه‌ ئه‌وه‌ بێت، كه‌ له‌كاتی خۆپیشاندانه‌كاندا، ده‌ستتان له‌كاروباری په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستی وه‌رداوه‌ وه‌ك كارتی فشار، له‌م حاڵه‌ته‌دا چ جیاوازییه‌كتان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی ده‌سه‌ڵات؟

كاردۆ محه‌مه‌د: ململانێ زۆرجار بۆ په‌كخستنی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی كه‌ پێتوایه‌ بێ مافی ده‌رهه‌قت ده‌كات، كه‌ داواكانی هاووڵاتیان پێشێل ده‌كات، هه‌موو شێوازێك كه‌ مه‌ده‌نییانه‌ بێت به‌ ره‌وای ده‌بینین.

رێبوار: به‌ڵام ئه‌وه‌ ده‌ستتێوه‌ردان نه‌بوو؟

كاردۆ محه‌مه‌د: ده‌ستێوه‌ردان وه‌ك شێوازێك له‌خه‌بات، نه‌ك ده‌ستێوه‌ردانێك به‌ مانای به‌رده‌وام بوون.

رێبوار: واته‌ ده‌ستێوه‌ردان بووه‌؟

كاردۆ محه‌مه‌د: من ناتوانم ئۆپۆزسیۆن له‌جه‌ماوه‌ر جیا بكه‌مه‌وه‌، به‌ڵام ئۆپۆزسیۆن به‌ڕاسته‌وخۆ داوای له‌كه‌س نه‌كردووه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ هه‌ڵسوڕاوه‌كانی چالاكی مه‌ده‌نی و هه‌ڵسوڕاوه‌كانی رێكخراوه‌ پیشه‌ییه‌كانن، كه‌ ئه‌و فه‌زایه‌ی سه‌را كاریگه‌ری هه‌بووه‌ له‌سه‌ریان.

رێبوار: واته‌ پێتوانییه‌ بڕیاری حیزبی و سیاسی هه‌بووبێت بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌؟

كاردۆ محه‌مه‌د: ئێمه‌ حیزب نین هه‌تا بڕیاری حیزبیمان هه‌بێت، پێشموانیه‌ به‌ راسته‌وخۆ بڕیارمان هه‌بووبێت.

رێبوار: به‌ ناڕاسته‌وخۆش بڕیارتان نه‌بووه‌؟

كاردۆ محه‌مه‌د: به‌ ناڕاسته‌وخۆ وه‌ك باسم كرد، ئه‌م خه‌باتی سه‌ندیكایی یان مه‌ده‌نییه‌ پێموانیه‌ دابڕاو بێت له‌ئۆپۆزسیۆن.

رێبوار: ئێوه‌ تاچه‌ند ئاگاداری ورده‌كاری كۆبوونه‌وه‌ پێنج قۆڵییه‌كانن؟

كاردۆ محه‌مه‌د: ئێمه‌ وه‌ك فراكسیۆن به‌شدارین له‌عه‌مه‌لییه‌كه‌دا، له‌پرۆسه‌ی وه‌رگرتنی بڕیاردا ئێمه‌ به‌شدارین، ئه‌مه‌ به‌ رۆژێك و دوو رۆژ نیه‌، واته‌ زۆربه‌ی ئه‌و پرۆژانه‌ی كه‌ ئێستا له‌كۆبوونه‌وه‌كاندا قسه‌یان له‌سه‌ر ده‌كرێت، ئێمه‌ به‌شدار بووین تێیدا.

رێبوار: به‌ڵام هه‌ندێك جار فراكسیۆنه‌كه‌ی ئێوه‌ وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت، ئاگاداری بڕیاره‌كانی سه‌ركردایه‌تیان نییه‌، له‌پرۆژه‌ 7 خاڵییه‌كه‌دا یه‌كێك له‌ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانتان، باسی ئه‌وه‌ی كرد ئاگادار نین، له‌م كۆبوونه‌وه‌ پێنج قۆڵییه‌شدا ئه‌ندامێكتان به‌هه‌مانشێوه‌ واده‌ڵێت، كه‌واته‌ بۆ ئاگادارنین؟

كاردۆ محه‌مه‌د: بۆ وه‌رگرتنی هه‌ر بڕیارێك مه‌رج نییه‌ هه‌موو جوڵانه‌وه‌كه‌ بتوانێت هه‌موو پرۆژه‌كانیان فه‌رز بكه‌ن به‌سه‌ر ئه‌مه‌دا، ئێمه‌ فراكسیۆنێكمان هه‌یه‌ لێره‌، فراكسیۆنێكمان هه‌یه‌ له‌به‌غدا، جوڵانه‌وه‌كه‌ خۆی، كه‌واته‌ بیروبۆچوونه‌كان هه‌موو پێكه‌وه‌ ده‌بێته‌ پرۆژه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ پرسمان پێكراوه‌، به‌ڵام پرس به‌مانای ئه‌وه‌نا كه‌ هه‌موو بیروبۆچوونه‌كانی ئێمه‌ ره‌نگڕێژ بێت له‌و پرۆژه‌یه‌دا، به‌ڵام هیچ ئه‌ندام په‌رله‌مانێك نییه‌ لێی بپرسیت ئایا په‌رله‌مان هیچی پێده‌كرێت، بڵێت به‌ڵێ هیچی پێده‌كرێت، ئێمه‌ خۆمان چووین به‌سه‌ركردایه‌تیمان وتووه‌، ئێمه‌ گه‌شتووینه‌ته‌ بنبه‌ست له‌گه‌ڵ ئه‌و براده‌رانه‌ی په‌رله‌مان، ناتوانین هیچ گۆڕانكارییه‌ك بكه‌ین، ئه‌مه‌ خۆی جۆرێكه‌ له‌به‌شداریكردن، له‌پرۆژه‌یه‌ك كه‌ داوا ده‌كرێت، ده‌بێت گۆڕانكاری بكرێت له‌سیسته‌می سیاسی له‌هه‌رێمی كوردستان.

رێبوار: پێتانوانییه‌ ئێوه‌ ته‌نها واجیهه‌یه‌كی لاوه‌كی گۆڕانن له‌په‌رله‌مانی كوردستان؟

كاردۆ محه‌مه‌د: دڵنیابه‌ ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان ئه‌كتیڤ بێت و به‌ڕۆڵی خۆی هه‌ستێت، ئێمه‌ به‌شێكی زیندوو و واجیهه‌ی سه‌ره‌كی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانین.

له‌ گۆڤاری (سڤیل)ه‌وه‌

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com