سنوره‌کانی هه‌رێمی کوردستان پێویستان به پاسه‌وانی زیاده هه‌یه نه‌ک ئه‌ندام په‌ڕله‌مان
میدیا شێخ عبدووڵا
به‌پێی بنه‌مای جیاکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کان له سیسته‌می حوکمرانی لە هه‌ر ده‌وڵه‌تێکدا په‌رله‌مان ناوەندی یاسادانانه و سەرۆکایەتی ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان ئه‌کات، ئەندامەکانی له پڕۆسه‌ی ده‌نگدان و له‌لایه‌ن هاونیشتنمانیانه‌وه هەڵدەبژێردرێن، به‌و ڕێگه‌یه‌ش له‌وڵاتێکدا که‌ده‌ستوور به‌رقه‌رار بێت، پەڕلەمانتاران ئه‌بنه نوێنه‌ری خه‌ڵک و ده‌نگی خه‌ڵک.
من قسه‌م له‌سه‌ر ده‌ستوری کوردستان نی یه، که به هه‌ڵواسراوی ماوه‌ته‌وه و بۆته قوربانی کێبه‌رکێ سیاسی یه‌کان، ڕه‌نگه پێویستیش نه‌بێ له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا که ئه‌رک ومافی خۆی به ته‌واوه‌تی نه‌زانێت و چاوه‌ڕی لە ده‌رگای به‌خت بێت، که ده‌سه‌لاته‌کان لێ ی بکه‌نه‌وه، چونکه وافێر کراوه هاوسۆزی بۆ ده‌سه‌ڵات هاوسۆزی یه بۆ نیشتمان، وا په‌روه‌رده‌ی سیاسی کراوه، که په‌یوه‌ندی نێوان ده‌سەڵات و هاوڵاتیان، په‌یوه‌ندی باوک و نه‌وه‌کانێتی، نه‌ک په‌یوه‌ندی له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌رک و ماف، هه‌ر بۆیه ئه‌بێت هه‌میشه سوپاس گوزار بێت نه‌ک داواکار .
لێره‌دا ئه‌وه‌ی لای من مه‌به‌سته، ده‌سه‌ڵاتی په‌ڕله‌مانه، که ئه‌رکی سه‌ره‌کی له‌هه‌ر وڵاتێک‌دا بریتییه له‌یاسادانان و چاودێریکردنی ده‌سه‌ڵاته‌کانی جێبه‌جێکردن، له‌ڕایی کردن وجێ به‌جێکردنی یاسا دانراوه‌کان، له‌پێناو خزمه‌تکردنی هاوڵاتیان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی داخه، په‌رله‌مانه‌که‌ی لای خۆمان له‌به‌ر کێشه‌ی ناو حزبەکانیان کێشەی پەڕلەمانتارەکان خۆیان ناتوانن ئه‌رکی په‌رله‌مانتارێتی خۆیان جێبه‌جێ بکه‌ن، به‌و واتایه‌ی له‌بری ئه‌وه‌ی نوێنه‌ری خه‌ڵک بن، نوێنه‌ری حیز‌به‌کانی خۆیانن، له‌کاتێکدا ئه‌وان به ده‌نگی خه‌ڵک چوونه‌ته په‌رله‌مان، به‌درێژی گۆڕانکاری و ڕووداوه‌کانی ئه‌م دوایه‌ی کوردستان، که‌خۆی له‌زنجیره خۆپیشاندان وناڕه‌زاییه‌کاندا بینیه‌وه، به‌ئاشکرا ڕووی ڕوونی په‌رله‌مان ده‌رکه‌وت، که‌چه‌ند بێ توانا بوون، له‌چاودێرکردن و به‌ده‌نگه‌وه چوونی داواکاری هاوڵاتیان، به‌جۆرێک هه‌ر خۆیان له‌ناو هۆ‌ڵه‌کانی په‌رله‌مان سه‌نگه‌ری دژ به‌یه‌کیان دروستکرد، تا کار گه‌یشته سوکایه‌تی و ده‌ست دریژی کردنه سه‌ر یه‌ک، به‌جۆرێ ئه‌وه‌نده‌ی من تێبینم کردبێ به‌رده‌وام نه‌گونجاندێک هه‌بوو، له‌نێوان ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌کانی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێ سه‌رنجه له‌کۆتایدا و له‌به‌ر خاتری به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆیان، ئه‌و ناکۆکییه گۆڕا بۆ هاوڕاییه‌کی سه‌ره‌نج ڕاکێش، له جێ به‌جێ کردنی پڕۆژه یاسای پاسه‌وان، که به‌جۆرێ بۆ هه‌ر ئه‌ندام په‌رله‌مانێ (4) چوار پاسه‌وانی هه‌بێت، دوای خانه‌نشینکردنیان (2) پاسه‌وان.
به‌ڕاستی من توانای کارکردنی په‌ڕله‌مانی کوردستان وا نابینم، که شایسته‌ی‌مووچه‌ی له‌هه‌شت ملیۆن دینار زیاتر و‌دابینکردنی ئوتۆمبێل و زه‌وی و خانه‌نشینش به له (80%) مووچه‌وه بن، وه باوه‌ڕیش ناکه‌م ژیانیان له مه‌ترسیدا بیت، به تایبه‌ت ترسی ده‌سترێژی کردنیان هه‌بێ له لایه‌ن هاوڵاتیانێکه کە پشتر بۆئه‌وه‌ی ده‌نگیان پێ بده‌ن ئه‌چوونه بازاره‌کان و ته‌نانه‌ت ماڵه‌کانیشان.
ئه‌بێ چی وای کردبێ ئه‌م ئه‌ندام په‌ڕلەمانتارانە ترسا بن، تۆ بڵێی بینای په‌رله‌مان بگوێزنه‌وه بۆ سه‌ر سنووره‌کانی هه‌رێم نزیک ئێران و تورکیا ترسی به‌رکه‌وتنی تۆپارانیان هه‌بێت؟.
یا ره‌نگه مانگانه سه‌ردانی که‌رکوک بکه‌ن، ناحه‌قیان نییه له‌وێ ژیان له‌مه‌ترسیدایه، نه‌خێر ئه‌وه‌ش نی یه، چونکه که‌رکوک نه بووه به ناوچه‌یه‌کی کورد و نه له سنوری ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمشدایه.
ڕاستی کاتێ ئه‌م هه‌واڵم بیست تووشی شۆک بووم، خۆ ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌کانی ئێمه ئه‌وه‌نده پڕۆژه‌ی گرنگیان بۆ کوردستان نه‌کردوه تا ناحه‌زانی کوردیان ترساند بێ و ئێستا هه‌وڵی کوشتیان بده‌ن. راستێ بەڵکو ئەوەی مه‌ترسی هه‌یه بۆ سه‌ر ژیانی ئه‌وان ته‌نها ئه‌وه شه‌ڕه ده‌مه و ده‌به‌ی ناو په‌ڕله‌مانه، بۆیه ئه‌توانن داوای بنکەی پۆلیس بکه‌ن له هۆڵی په‌ڕله‌مان، تا کێشه‌کانیان چاره‌سه‌ر بکات.
به هه‌رحاڵ من داواکارم له‌سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، ئه‌و پڕۆژه یاسایه ئیمزا نه‌کات، به‌ڵکو ئه‌و پاسه‌وانانه بنێردرینه سه‌ر سنووره‌کانی هه‌رێم، بۆ پاراستنی خه‌ڵکی بێ دیفاع و خاک و سنووره‌کانی هه‌رێم کوردستان.