گۆران ئەدهەم:پێش ده‌ستبه‌كاربوونی ئازاد تۆفیق له‌لایه‌ن هه‌ندێك لایه‌نه‌وه دژایه‌تی ده‌كرێت

0

گۆران ئەدهەم قایمقامی هەڵەبجە:

هه‌ستده‌كه‌ین پێش ده‌ستبه‌كاربوونی ئازاد تۆفیق له‌لایه‌ن هه‌ندێك لایه‌نه‌وه دژایه‌تی ده‌كرێت

ڕێگه‌ ناده‌ین به‌ هیچ كه‌س و لایه‌نێك کە له‌ ژێر كۆمه‌ڵێك دروشم‌ ئارامی ناوچه‌كه‌ بشێوێنن
حه‌مله‌ی ئیمزا كۆكردنه‌وه‌كه‌ له‌ دژی من زۆر به‌شێوه‌یه‌كی نا راستگۆیانه‌ بوو

كه‌ هاتوومه‌ته‌ ئێره‌ وه‌كو قایمقام ده‌ست به‌كاربووم مه‌به‌ستم خزمه‌تكردنی خه‌ڵكی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ بووه‌ به‌و پۆسته‌ فه‌قیر بووم ده‌وڵه‌مه‌ند نه‌بووم

به‌ختیار ره‌زا چوچانی

گۆران ئه‌دهه‌م قایمقامی قه‌زای هه‌ڵەبجه،‌ لەم ‌دیدارە تایبه‌تەی ‌نوچه‌نێت، ورده‌كاری بریاری سه‌ربه‌خۆکردنی ئیداره‌ی هه‌ڵه‌بجه گرنگ باس ده‌كات و لەپرسی خۆپیشاندانەکان ئەدوێت.

بەختیار رەزا چوچانی: ئایا فەرمانی کارگێری ئیدارەی سەربەخۆی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌فه‌رمی دەرچووە؟.

گۆران ئەدهەم: هه‌تا ئه‌م له‌حزه‌یه‌ به‌ره‌سمی نوسراوه‌كه‌ نه‌گه‌‌شتوه‌ته‌ ئێمه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ من ئاگام لێ بێت، ئه‌و نوسراوه‌ له‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌رچووه‌و موافه‌قه‌تی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی ماوه‌، تائێستا هیچ شتێكی ره‌سمی نه‌گه‌شتووه‌ته‌ ده‌ست ئێمه‌ وه‌ك ره‌سمیات، به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی بگات ئێمه‌ كارئاسانی خۆمان كردووه،‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌بریاره‌ دابنرێت، بۆ ئه‌وه‌ی كار ئاسانی ته‌واوی بۆ بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی زووده‌ست به‌كار بێت.
بەختیار رەزا چوچانی: له‌گه‌ڵ ده‌رچوونی ئه‌وبریاره،‌ چاوەڕێی چی ئایندەیەکی باش دەکەی بۆ هەڵەبجە؟. پێت وایە چی دەکرێت زیاتر لەوەی کەئێستا کراوە؟.
گۆران ئەدهەم: به‌نیسبه‌ت ئه‌و بڕیاره‌وه.‌ دیاره‌ كاریگه‌ری زۆری ده‌بێت ،
یه‌كه‌م له‌رووی ئیدارییه‌وه‌ دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵێك ده‌سه‌ڵاته‌، چونكه‌ ئه‌و ئیداره‌ی كه‌ داده‌نرێت هاوشانی پارێزگایه‌ و ده‌سه‌ڵاته‌كانی پارێزگای ده‌بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌م خه‌ڵكی هه‌له‌بجه‌و هه‌م خه‌ڵكی ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری له‌بری ئه‌وه‌ی بچن سه‌ردانی سلێمانی بكه‌ن و مه‌سره‌فێكی زۆر بكه‌ن، ده‌كرێت له‌چوارچێوه‌ی شاری هه‌له‌بجه كاره‌كانی خۆیان ته‌واو رایی بكەن، كه‌وایه‌ گەڕانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتییه‌، بۆ ناوچه‌كه‌، واته‌ جوڵه‌یه‌كی ئابووری و رۆشنبیری ده‌كه‌وێته‌ ناوچه‌كه‌، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی ئێستا زانكۆ له‌ دروست كردندایه‌و كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت. بۆیه‌ من پێم وایه‌ بوونی ئیداره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆو بوونی زانكۆی تایبه‌ت به‌ هه‌ڵه‌بجه،‌ بووژانه‌وه‌یه‌كه‌ بۆ شاری هه‌ڵه‌بجه‌و ناوچه‌كانی ده‌ورووبه‌ری.
بەختیار رەزا چوچانی: یانی دەکرێت بڵێین، جیابونەوە لە ئیدارەی سلێمانی و هەبونی ئیدارەی سەربەخۆ، وەک دەستکەوتێکی گەورە دەبینی، کەوایە دەبێت پێشتر رێگری لەکارەکانتان کرابێت لەسلێمانی؟ ئەگەرنا بۆچ ئەوکات شتی گرنگ نەکراوە، کە ئێستا پێتان وابێ زیاتر دەکرێت؟.
گۆران ئەدهەم: مه‌به‌سته‌كه‌ رێگری نییه‌، مه‌به‌سته‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ زه‌ختێكی زۆر هه‌یه.‌ له‌سه‌ر فه‌رمانگه‌و ده‌وائیره‌كانی سلێمانی، چونكه‌ نزیكه‌ی دوانزه‌ قه‌زا به‌مه‌ركه‌زه‌وه‌ له‌سه‌ر پارێزگای سلێمانییه،‌ ئه‌مانه‌ هه‌موو كاره‌كانیان ده‌چێته‌وه‌ سلێمانی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ زه‌ختێكی زۆر هه‌یه‌ له‌سه‌ر شاری سلێمانی، دابه‌ش كردنی ئه‌و زه‌خته‌و ده‌سه‌ڵاته‌كانی بێگومان ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره‌یه بۆشاری سلێمانی و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری.
بەختیار رەزا چوچانی: ئازاد تۆفیق ئه‌ندامی مه‌كته‌بی راگه‌یاندنی یەکێتی‌، وه‌ك به‌رپرسی ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌ستنیشانكراوه‌، ئەوەیان بۆچی؟ بۆچی هەر لەبەرپرسانی شارەکە کەسێک دیاری نەکرا؟ شایەن تر نەبوو؟ یان ئەوەش پۆستێکی سیاسیە؟.

گۆران ئەدهەم: وه‌ڵا ئه‌و خۆی خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌یه‌و كه‌سێكه‌ له‌ دڵه‌وه‌ ئیش ده‌كات و كه‌سێكی ناسراوی ناوچه‌كه‌یه‌ و كه‌سێكه‌ به‌ڵێنی داوه‌، به‌ دڵسۆزی كار بۆشاری هه‌له‌بجه‌ بكات و من چه‌ند جار خۆشم له‌گه‌ڵ به‌ریزیدا دانیشتووم و به‌رنامه‌یه‌كی باشی هه‌یه‌، بۆ شاری هه‌ڵه‌بجه‌، ئێمه‌ هه‌ست ده‌كه‌ین پێش ده‌ستبه‌كاربوونیشی، دژایه‌تی ده‌كرێت له‌لایه‌ن هه‌ندێك لایه‌نه‌وه،‌ به‌ڵام حه‌ق وایه‌ ئه‌و كه‌سه‌ ده‌ست به‌كاربێت و ئه‌گه‌ر زانرا ئه‌و كه‌سه‌ ئیشه‌كانی بۆ نابرێت به‌رێوه‌، مه‌فرووز وایه‌ ئه‌وكات دژایه‌تی بكرێت، ئه‌و تائێستا ده‌ست به‌كار نه‌بووه‌و ئیشه‌كه‌شی وه‌ر نه‌گرتووه،‌ تا بڵێین تاچه‌ند سه‌ركه‌وتووه‌، به‌ڵام له‌ هه‌موو حاڵه‌تێكدا هه‌ركه‌سێك دابنرێت چ خه‌ڵكی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ بێت، چ خه‌ڵكی ده‌ره‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ بێت، ئێمه‌ پشتگیری ده‌كه‌ین و هاوكاری ده‌بین، چونكه‌ ئێمه‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی ناوچه‌كه‌مان له‌لا گرنگه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌راستی بچوك كردنه‌وه‌ی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ بۆكه‌سێك، كه‌ ده‌بێ‌ له‌ناو شاری هه‌ڵه‌بجه‌ بێت، ئه‌وه‌ شتێكی باش نییه‌، چونكه‌ له‌ هه‌موو كوردستان به‌تایبه‌تی لێپرسراوه‌كان چ له‌ سلێمانی چ له‌ هه‌ر شوێنێكی تری كوردستان مه‌رج نییه‌ خه‌ڵكی ئه‌و شوێنە بێت، یاخوود دانیشتووی ئه‌و شوێنه‌ بێت،گرنگ ئه‌وه‌یه‌ كه‌سێكی دڵسۆزبێت و بتوانێت ئیش بۆ شاره‌كه‌ بكات، ئه‌وه‌ مه‌رجی یه‌كه‌مه‌.
بەختیار رەزا چوچانی: باسی ئه‌وه‌ت كرد. كه‌ هه‌ندێك لایه‌ن هه‌ست ده‌كرێ‌ رێگری ده‌كه‌ن ،ئه‌لایه‌نه‌ كێن؟.
گۆران ئەدهەم: ئه‌وه‌ بابمێنێ‌ بۆكاتێكی تر، ئێستا ناكرێت و حه‌ز ناكه‌م ناوی كه‌س ببه‌م.

بەختیار رەزا چوچانی: بچینە سەر پرسی خۆپیشاندانەکان، ئۆپۆزیسیۆن داوای دادگایی بکوژان دەکات، ئێوە بۆ پۆلیسە کوژراوو بریندارەکانی شارەکەتان چی دەڵێن؟. هه‌رچه‌ند رای جیاواز هه‌یه‌ له‌نێوان ئۆپۆزیسیۆن و ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر كوشتن و بریندار بونی پۆلیس و خۆپیشانده‌ران؟.
گۆران ئەدهەم: ئه‌وه‌ به‌ڵگه‌ هه‌یه،‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌و به‌ڵگه‌كانیش ته‌سلیمی دادگا كراوه‌و ئیفادات وه‌رگیراوه‌، بۆیه‌ من ناتوانم پێش دادگا بكه‌وم، ئێمه‌ دوو حاڵه‌تمان هه‌بووه‌ حاڵه‌تێكیان دیاره‌و ئاشكرا كراوه‌، ئیجرائاتی یاسایی به‌رامبه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ كراوه‌ كه‌ته‌قه‌ی كردووه‌و ئێستا له‌ دادگایه‌و ئێمه‌ چاوه‌روانی ئه‌نجامی كۆتایی دادگاین، بۆ حوكمدانی ئه‌و كه‌سه‌، به‌نسبه‌ت حاڵه‌تێكی تریانه‌وه‌ شه‌هید كردنی حاڵه‌تی یه‌كه‌م، ئێمه‌ گه‌شتینه‌ كۆمه‌ڵێك ئه‌نجام كه‌ له‌ لایه‌ن كه‌سێكه‌وه‌ ته‌قه‌ی لێكردووه‌و شه‌هید كراوه،‌ به‌ڵام ئه‌و كه‌سه‌ ناسراو نییه‌ به‌ ده‌م و چاو له‌ لایه‌ن ئێمه‌و خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌ ئه‌وراقی یاسایی بۆ كراوه‌ته‌وه‌.
ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌مێنێته‌وه‌ له‌سه‌ر دادگایی كردنی بكوژان، یان ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ تاوانێكی كردبێت، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یان هه‌ركه‌سێك كه‌ تاوانێكی كردبێت چ خۆ پیشانده‌رێك بێت تاوانی كردبێت، یان كه‌سێك تاوانێكی كردبێت به‌رامبه‌ر خۆپیشانده‌ران ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یان دادگایی بكرێت و دادگا خۆی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ یه‌كلایی بكاته‌وه‌، به‌نیسبه‌ت ئێمه‌ وه‌ك قایمقامیه‌تی قه‌زای هه‌ڵه‌بجه‌، وه‌كو ناوچه‌كه‌ لیژنه‌یه‌ك دروست كرا له‌ حكومه‌ت بۆ به‌دواداچوونی كێشه‌كانی پاش 17\2، ئه‌و لیژنه‌یه‌ گه‌یشته‌ بروایه‌ك كه‌ سوپاس و پێزانینی بۆ لیژنه‌ی ئه‌منی هه‌ڵەبجه‌ ده‌ركرد، چ قایمقامییه‌ت چ براده‌رانی پۆلیسی فریاكه‌وتن، چونكه‌ ئه‌وان سوپاسی ئه‌وه‌یان كرد ئێمه‌ له‌كاتی خۆپیشاندانه‌كاندا دوو شه‌هیدمان داوه‌ و زیاتر له‌ حه‌فتاو پێنج پۆلیس و ئه‌فسه‌رمان برینداربووه،‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌جێگای خۆش حاڵییه‌ ژیانی ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ خۆپیشانده‌ره‌ پارێزراوه‌ و توانراوه‌ به‌كه‌مترین زیان دابنێرێت. بە پێی ئه‌و سه‌رژمێرییه‌ی لای ئێمه‌یه‌ نزیكه‌ی هه‌شت كه‌س له‌ناو خۆپیشانده‌ران بریندار بووه،‌ ئه‌ویش به‌ برینداری ئاسایی نه‌ك وه‌ك به‌گووله‌و فیشه‌ك و ئاسان بوون، مایه‌ی شانازییه‌ بۆ ئێمه،‌ توانیمان پارێزگاری له‌ ژیانی خه‌ڵك و بازاروو دام و ده‌زگاكان بكه‌ین.
بەختیار رەزا چوچانی: له‌ ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی خۆپیشاندان دا، ئێوه‌ هه‌ڵویستتان چۆن ده‌بێ‌؟، یاخوود له‌مه‌ودوا رێگه‌ به‌ خۆپیشاندانی بێ‌ مۆڵه‌ت ده‌ده‌ن؟.
گۆران ئەدهەم: ئه‌وه‌ ماوه‌ته‌وه‌ سه‌ر ته‌علیماتی حكوومه‌ت، ئێمه‌ خۆمان پارێزگامان هه‌یه‌ و وه‌زاره‌تی ناوخۆمان هه‌یه‌ و مه‌سه‌له‌یه‌كی عه‌ره‌بیش هه‌یه‌ ده‌ڵێت(لكل حادث حدیث)، ئه‌وه‌ ئەو كاته‌ بریا ده‌درێت، شێوازی خۆپیشاندانه‌كه‌ ئایا كێ‌ به‌رێوه‌ی ده‌بات، ئایا مه‌به‌سته‌كه‌ دیاریكراوه‌ و مه‌رجی یاسایی هه‌یه‌، به‌پێی یاسای خۆپیشاندانه‌كان، ئه‌و خۆپیشاندانه‌ش كه‌ده‌ستی پێكرد هه‌ر بێ‌ مۆڵه‌ت بوو و مۆڵەتیشمان نه‌دابوو، به‌ڵام سه‌ره‌ ڕای ئه‌وه‌ ئێمه‌ له‌سه‌ره‌تادا هیچ ڕێگرییه‌كمان نه‌كرد، كاتێك كه‌ كۆمه‌لێك له‌و خۆپیشانده‌رانه‌ به‌ناوی خۆ پیشاندانه‌وه‌ هێرشیان كرده‌ سه‌ر لقی پارتی و دواتر هاتن بۆ سه‌ر فه‌رمانگه‌ حزب و حكومییه‌كان، ئێمه‌ ناچار بووین رێگری بكه‌ین و زۆریش نه‌رمیمان نواند به‌رامبه‌رییان، به‌ڵام به‌شێك له‌خۆیشانده‌ران ئه‌و هێمنییه‌ی ئێمه‌یان قۆسته‌وه‌و هه‌وڵیاندا هێمنی ناوچه‌كه‌ بشێوێنن، به‌ تایبه‌ت دوای شه‌هید كردن و بریندار كردنی ئه‌و خۆپیشانده‌رو برایانی پۆلیسی فریاكه‌وتن، ئێمه‌ هه‌ر به‌هه‌مان نه‌فه‌سی پێشوو، نه‌رمیمان نواندو به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ هه‌ر كه‌سێك له‌ خۆپیشانده‌رانیش بریندار كرابێت، ئێمه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ی برایانی پۆلیس كه‌ بریندار كران ته‌عامولمان له‌گه‌ڵ كردووه،‌ چونكه‌ هه‌مووی رۆڵه‌ی كوردو حكومه‌تن و جیاوازیمان نه‌كردووه‌، به‌ڵام پێویسته‌ ئه‌وه‌ش بزانرێت كه‌ كۆمه‌ڵێك كه‌س به‌ناوی خۆپیشاندان و له‌ ژێر كۆمه‌ڵێك دروشم ده‌یانه‌وێ‌ ئارامی ناوچه‌كه‌ بشێوێنن، بۆیه‌ ئێمه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ڕێگه‌یان پێناده‌ین.

بەختیار رەزا چوچانی: کاتی دیاری کردنت بە قایقام، هەوڵدرا کێشەی دینی بکەنە ڕێگرت، ئەوە کێشەی سیاسی بوو؟ یان کێشەی شەخسی بوو لەگەڵ تۆ؟.

گۆران ئەدهەم: ئه‌وه‌ مه‌سه‌له‌یه‌كه‌ به‌راستی زۆر حه‌ز ناكه‌م، قسه‌ی زۆری له‌سه‌ر بكه‌م، ده‌توانم بڵێم كه‌من زۆر گرنگیم به‌و مه‌سه‌له‌یه‌ نه‌داوه‌، من له‌گه‌ڵ ئه‌و مامۆستا به‌رێزه‌دا دانیشتووم و قسه‌مان كرد، دیاربوو ووتی ئه‌وه‌ هه‌ڵوێستی خۆم نه‌بووه،‌ به‌ڵام له‌وانه‌یه‌ له‌ژێر كاریگه‌ری لایه‌نێكا ئه‌وه‌ كرابێت، ئه‌و مه‌وزوعه‌ به‌لای منه‌وه‌ كۆتایی پێهات، له‌گه‌ڵ ئه‌و مامۆستا به‌رێزه‌یا زۆر قسه‌مان نه‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی كۆتایی به‌و كێشه‌یه‌ بێت.
بەختیار رەزا چوچانی: له‌كاتی خۆپیشاندانه‌كان، كه‌ زۆر باسی تۆ ده‌كرا و حه‌مله‌ی ئیمزا كۆكردنه‌وه‌یان دروست كرد له‌ دژی تۆ، پێت وانییه‌ هه‌مان كێشه‌ی رابروو بوو زیندوو كرایه‌وه‌و تەواوکەری هەمان حەملەبوو کەکاتی دیاری کردنت بە قایقام بەرپاکرا؟.
گۆران ئەدهەم: من له‌و بروایه‌دام به‌ره‌وه‌ڵا كاریگه‌ری زۆر بوو،كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكی تر به‌ ئامانجێكی تر ده‌یان ویست ته‌شویدی كاره‌كانی ئیمه‌ بكه‌ن. یان ته‌شویدی مه‌واقیفه‌كانی ئێمه‌ بكه‌ن، ئێمه‌ ده‌مانزانی له‌ چ بنه‌مایه‌كه‌وه‌ ئه‌و قسانه‌ ده‌كه‌ن و ئیمزا كۆ ده‌كه‌نه‌وه،‌ بۆیه‌ ئێمه‌ زۆر گوێمان پێنه‌دا و حه‌مله‌ی ئیمزا كۆكردنه‌وه‌كه‌ش زۆر به‌شێوه‌یه‌كی نا راست گۆیانه‌ بوو، چونكه‌ براده‌ری خۆم له‌وێ‌ هه‌بووه،‌ ده‌ڵێ‌ كه‌سی وا هه‌بووه‌ شه‌ش حه‌وت ئیمزای كردووه‌، له‌وكاته‌شدا كۆمه‌ڵێك گه‌نج ورۆشنبیری هه‌ڵه‌بجه‌ هاتن له‌ناو بازار و هه‌ندێك شوێنی تری هه‌ڵه‌بجه،‌ ئه‌وه‌ی من ئاگام لێیان بێت، نزیكه‌ی شه‌ش هه‌زار ئیمزایان كۆ كردووه‌ته‌و له‌ راستیدا كه‌سیش داوای نه‌كردووه‌ ئه‌و كاره‌ بكه‌ن و هاتنه‌ لای من باسیان كرد، به‌ڵام من ووتم پێویست ناكات، به‌س دیاربوو ئه‌و به‌رێزانە سوور بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ و ئه‌و ئیمزایانه‌ هه‌یه‌ مه‌وجودی هه‌یه‌، بۆ دوا رۆژ ئه‌گه‌ر پێویستی كرد من به‌باشم نه‌زانی له‌م كاته‌دا باس بكرێت و را بگه‌یه‌نرێت چونكه‌ وه‌زعه‌كه‌ هێور بووه‌ته‌وه‌، ئه‌و ئیمزایانه‌ش له‌دژی من كۆ كرانه‌وه‌ زۆربه‌یان مناڵ ئیمزای كردوون و ته‌مه‌نیان له‌نێوان پانزه‌ بۆ شانزه‌ ساڵه‌و مافی ده‌نگدانیان نییه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌راستی به‌لامه‌وه‌ گرنگ نه‌بوو.
بەختیار رەزا چوچانی: بەهۆی تۆمەتی تەزویرو ئیختلاس قایقامی پێشوی هەڵەبجە، دادگا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکرد، ئایا بۆچی بەدواداچونی بۆ نەکرا زیاتر لەوە؟ بۆ نەهێنرایە بەردەم دادگا؟.
گۆران ئەدهەم: به‌نیسبه‌ت ئه‌وه‌وه‌ خۆتان ده‌زانن، قه‌زا ده‌زگایه‌كی سه‌ربه‌خۆیه‌و ده‌سه‌ڵاتێكی سه‌ربه‌خۆیه‌، ئێمه‌ بۆمان نییه‌ ته‌داخول له‌ ده‌سه‌ڵاتی قه‌زائیدا بكه‌ین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی قانوونی كراوه‌و ئه‌وراق هه‌یه‌و مه‌حكه‌مه‌ خۆی بریاری ئه‌وه‌ ده‌دات، ئه‌یهێنێ‌ یاخوود چۆن حازری ئه‌كات، من به‌باشی نازانم هیچ شتێك له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بڵێم، ته‌نهائه‌وه‌ ئه‌ڵێم ئه‌و مه‌وزوعه‌ وازی لێهێنراوه‌ بۆ قه‌زا و دادوه‌ری قه‌زا خۆی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ یه‌كلایی ده‌كاته‌وە.

بەختیار رەزا چوچانی: زانیاریتان هه‌یه‌ ئێستا له‌كوێ‌ ده‌ژی؟.
گۆران ئەدهەم: زانیارییه‌كی ئه‌وتۆمان نییه،‌ ته‌نها هه‌ندێك قسه‌و باس هه‌یه‌ و هیچی تر.

بەختیار رەزا چوچانی: به‌ دیار نه‌بوونی شوێنی دانیشتنی نابێته،‌ كێشه‌ بۆ راپێچ كردنی بۆ به‌رده‌م دادگا؟.
گۆران ئەدهەم: ئه‌وه‌ش ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ئه‌جیزه‌ی ته‌نفیزی پۆلیس و ئاسایش و ئه‌ولایه‌نه‌ ته‌نفیزیانه‌ی كه‌ ئه‌و ئه‌مره‌ جێبه‌ جێ‌ ده‌كه‌ن و به‌دواداچوونی بۆ ده‌كه‌ن، دیاره‌ ده‌زگای تایبه‌ت هه‌یه‌ بۆ به‌دوا داچوون بۆ ئه‌و مه‌سه‌لانه‌، ئه‌گه‌ر له‌ناو عێراق بێت پۆلیس و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندداره‌كان به‌وكاره‌ هه‌ڵده‌ستن و ئه‌گه‌ر له‌ده‌ره‌وه‌ی عێراقیش بێت، كاری تر هه‌یه ئه‌كرێت له‌سه‌ری بكرێت دوای ده‌رچونی بریاری دادگا.
بەختیار رەزا چوچانی: تۆ وەکو قایمقام زۆر خۆت لەو باسە لا ئەدەی، هۆی ئەوەیە کە جێگەی ئەوتان گرتۆتەوە یان چی؟.

گۆران ئەدهەم: نه‌خێر، ئه‌وكه‌سه‌ سه‌ره‌ رای ئه‌وه‌ی ئه‌و مه‌وزوعانه‌ی لێ ده‌ر كه‌وتوه‌و تا ئێستاش مه‌حكه‌مه‌ یه‌كلایی نه‌كردووته‌وه‌، به‌ڵام له‌ هه‌مانكاتیش با ئه‌وه‌ بڵێین ناكرێت بڵێین هه‌موو ئیشه‌كانی خراپ بووه‌، هه‌ندێك ئیشی باشی كردووه‌، له‌وانه‌یه‌ ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌شی كردبێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌راستی من به‌ جوانی نازانم من كه‌ هاتوومه‌ته‌ ئێره‌و ئیشه‌كان ده‌كه‌م وه‌كو قایمقام، بێم ئێستا قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پێش خۆم بكه‌م،به‌ڵام له‌ هه‌مانكاتیشدا وه‌كو باسم كرد ئه‌و بابه‌ته‌مان واز لێهێناوه‌ بۆ دادگا و دادگا خۆی یه‌كلایی ده‌كاته‌وه،‌ ئه‌گه‌ر تاوانبار بێت ئه‌وه‌ ئیجرائاتی به‌پێی یاسا له‌گه‌ڵ ده‌كرێت و ئه‌گه‌ر بێتاوانیش بێت، ئه‌وه‌ دادگا له‌كۆتاییدا بریار ده‌دات، مه‌سه‌له‌ ئه‌وه‌نییه‌ كه‌من خۆم لاده‌م له‌و باسه،‌ بەڵکو‌ ئه‌وه‌ ئیشی من نییه‌.

بەختیار رەزا چوچانی: سوپاس بۆ ئەو دەرفەتە، ئەگەر شتێک مابێت باسی بکەن؟.
گۆران ئەدهەم: زۆر سوپاس من سوپاسی ئێوه‌ ده‌كه‌م، سوپاسی گرنگیدانتان ده‌كه‌م، من ته‌نها ئه‌وه‌م هه‌یه‌ حه‌ز ده‌كه‌م باسی بكه‌م، من كه‌ هاتوومه‌ته‌ ئێره‌ وه‌كو قایمقام ده‌ست به‌كاربووم، به‌راستی له‌وانه‌یه‌ وازم له‌زۆر ئیمتیازات و ئیشی خۆم هێنابێت وه‌ك پارێزه‌ر، ته‌نها مه‌به‌ستم خزمه‌تكردنی خه‌ڵكی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ بووه‌ و به‌و پۆسته‌ش كه‌ ئێستا تێیدام پێی فه‌قیر بووم، پێی ده‌وڵه‌مه‌ند نه‌بووم، ئه‌و پۆسته‌م ئیستیغلال نه‌كردووه‌ بۆهیچ مه‌به‌ستێكی شه‌خسی به‌كارم نه‌هێناوه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ زۆر كێشه‌و مه‌شاكیلمان بۆ دروست دەكه‌ن، به‌ڵام به‌راستی من گوێم پێنه‌داوه‌، بۆ نمونه‌ لێره‌ كه‌سێك هه‌یه‌ خۆی به‌ رۆژنامه‌نووس ده‌زانێ‌ و ناوی (خه‌بات نه‌وزاد)ه‌ له‌ دائیره‌ی كاره‌با ده‌وام ده‌كات، پاش ئه‌وه‌ی سه‌یری سجیلاتی ده‌وامیم كردووه‌، ئه‌م كه‌سه‌ ناچێته‌ ده‌وام زۆر غائب ده‌بێت و ئیلتیزام به‌ده‌وامه‌وه‌ ناكات، به‌رێوه‌به‌ره‌كه‌یم ئاگادار كرده‌وه‌ و وتم كه‌ ئه‌و كه‌سه‌ ده‌وام ناكات، داواكارم موراقه‌به‌ی بكه‌ن و ئاگاداری بكه‌نه‌وه‌ و پێی بڵێن نابێت تۆ كارمه‌ندی فه‌رمانگه‌یه‌كی حكومه‌ت بیت، ئیلتیزامت به‌ ده‌وامه‌وه‌ نه‌بێت و بچیت له‌ شوێنێكی تر كار بكه‌یت، ئه‌مه‌ خۆی له‌ خۆیدا ئه‌و گه‌نده‌ڵییه‌ یه‌ كه‌ باسی ده‌كه‌یت دەیكه‌یت، بۆیه‌ ووتم پێی بڵێن ناكرێت كه‌ پاره‌ی حكوومه‌ت ئیستیغلال بكه‌یت و ده‌وام نه‌كه‌یت، سه‌یر ده‌كه‌یت حه‌مله‌یه‌ك له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكه‌وه‌ یان له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ دژی من ده‌كرێت زۆر به‌ شێوازێكی نا ئینسانییانه‌، ده‌ڵێن رێگری ده‌كرێت له‌و كه‌سه‌ بچێت بۆ فڵان شوێن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ زۆر جار پیشه‌ی رۆژنامه‌نوسی ئیستیغلال ده‌كرێت بۆ هه‌ندێك شتی خراپ، كه‌ من له‌و باوه‌ره‌دام ئه‌وه‌ هه‌ڵسوكه‌وت و ئه‌خلاقی رۆژنامه‌وانی نییه‌، چونكه‌ رۆژنامه‌نووس پێویسته‌ زۆر به‌حه‌زه‌ره‌وه‌ ته‌عاموول له‌گه‌ڵ ئه‌و رووداوانه‌ بكات، كه‌ دێته‌ به‌ر ده‌ستی، زۆر جار هه‌یه‌ مه‌به‌ستی تایبه‌تی له‌پشت هه‌ندێك هه‌واڵ و بابه‌ت هه‌یه‌، زۆربه‌ی زۆری ئه‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ی كه‌ لامانن له‌ هه‌ڵه‌بجه،‌ به‌شێوه‌یه‌كی راست خه‌ریكی گواستنه‌وه‌ی راستییه‌كانن بۆ خه‌ڵك.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com