تەها بەرواری: پەیمانگای دادوەران هەنگاوێكی گرنگە لە تواناسازی سیستەمی داددا

0
تەها بەرواری وەزیری پێشووی وەزرش و لاوان

پەیمانگای دادوەران هەنگاوێكی گرنگە لە تواناسازی سیستەمی داد دا

تەها بەرواری

یەكێك لەخاڵە ستراتیژی و گرنگەكانی پرۆسەی چاكسازی، كە هێژا مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەستی پێكردووە، فەرمانی كردنەوەی پەیمانگای دادوەرانە، بۆ ئەوەی هەموو دادوەرێك دوای دەرچوون لەم پەیمانگایە پلەی دادوەری وەربگرێت. گومان لەوەدا نییە، گەر ئەم پەیمانگایە بەشێوەیەكی باش كاری بۆ بكرێت، دەبێتە سەرەتای هەنگاوێكی زۆر گرنگ بەرەو بە سەروەركردنی یاسا لەهەرێمی كوردستاندا، هەر بۆیەش ئەم كارە گرنگ و پیرۆزە جێی دەستخۆشیی و گەشبینیە بۆ سیستەمی دادوەریی كوردستان.
ئەم هەنگاوە پڕبایەخەی سەرۆكی هەرێم، وا دەكات بگەڕێمەوە بۆ قسەكردن لەهەوڵەكانی رابردوو و بیرهێنانەوەی پرۆژەیەكی گرنگ بۆ خزمەتی بوار و توێژێكی گرنگی كوردستان، كە بواری وەزش و لاوانی وڵاتە.
لەكاتی كاركردنم وەك وەزیری وەرزش و لاوان لەحكومەتی هەرێمی كوردستان، دوای ماوەیەكی كورت بۆم دەركەوت، كە بۆشاییەكی زۆر گەورە هەیە لەئاستی توانای دامەزراوەكانی كوردستان. لەوتاری پێشتریش كە لەگۆڤاری (سڤیل) لە ١٦/٤/٢٠١١ لەژمارە ٧٩ بڵاوبووەوە، باسی هەژاری پرۆفێشۆنالیزمی دامەزراوەكانی كوردستانم كرد.
هەستكردنمان بەو بۆشاییە لەتوانای دامەزراوەكان وایكرد، یەكێك لەكارە ستراتیژییەكانمان وەك وەزارەت، كاركردن بێت لەسەر تواناسازی لاوان كە لەهەمان كاتدا دەتوانرێت بە تواناسازی مرۆڤەكان ناوزەد بكرێت، هەر بەو ئامانجەبوو كە لەمانگی ١٢/٢٠٠٦ لەدەزگای ئاراس، بە ئامادەبوونی جەنابی سەرەكوەزیران رێزدار نێچیرڤان بارزانی، بەرنامەی تواناسازی لاوانمان بۆ ماوەی چوار ساڵ راگەیاند، ژمارەیەك فەرهەنگخانەمان لەسەرتاسەری كوردستان كردەوە و بەر لە تەواوبوونی كاری وەزارەت، كار كردن لەسەر هەمان بەرنامە بۆ چوار ساڵی تریش درێژكرایەوە، خۆشحاڵم كە لەبواری خوێندنی باڵادا كابینەی شەشەمیش، لەسەر هەمان بنەمای كار هەنگاوێكی تری ناوە و درێژە بەم سیاسەتە دەدات و بودجەی تایبەتی بۆ تەرخانكردووە، كە خۆی لەناردنی خوێندكارانی خوێندنی باڵادا دەبینێت بۆ وڵاتانی دەرەوە.
ئێمە لەوەزارەتی وەرزش و لاوان بڕوامان وابوو كاركردن بۆ لاوان ئەركی هەمووانە، بۆیە هەوڵی كاری هەرەوەزیمان دەدا لەخزمەتی لاوان لەدەرەوەی وەزارەت و لەو پێناوەشدا لەسەر داوای وەزارەتی وەرزش و لاوان، بە رەزامەندی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، كۆمیتەی هاوبەشی لاوان لەوەزارەتە پەیوەندیدارەكان پێك هات و لەچوارچێوەی ئەو كۆمیتە هاوبەشەشدا هەوڵی زۆرمان دا كارێكی سنوربەزێنی فرەسێكتۆری بكەین، بەڵام…..
وێڕای پێداویستی هەبوونی ئەو وەزارەتەو گرنگی كار و پلان و بەرنامەكانی، كاتێك تەرشیقی وەزارەتەكان دەكرا، بڕیاری لەناوبردنی وەزارەتی وەرزش و لاوان درا، من نەمویست بكەومە ناو گفتۆگۆكان، بۆ ئەوەی كەسانێك بە هەڵە لێك نەدەنەوەو وا تەسەور بكەن، كە مەبەستم پاراستنی پێگەی تایبەتی خۆمە وەك وەزیر. لێ زۆر باش دەمزانی ئەو بڕیارە كارێكی بە پەلەیەو هەڵقوڵاوی راستیەكانی ناو كۆمەڵگای كوردستان نییە و پێنەگەیشتووەو لەسەر بنەمایەكی هەڵە داڕێژراوە، بەڵام بڕیار درا و وەزارەتی وەرزش و لاوان نەهێڵرایەوە. ئێستا بەڕوونی دەبینرێت دوای نەهێشتنی وەزارەتی وەرزش و لاوان چ خەسارەتێكی گەورە بە سیاسەتی وەرزش و لاوان لەكوردستان گەییشت!.
لەكوردستان ئەگەر لەچالاكی و جوڵەی لاوان رامێنی، دەتوانی بەراوردی سێ قۆناغ بكەی: پێش دامەزراندنی ئەو وەزارەتەو كاتی دامەزراندن و دەستبەكاربوونی و دوای هەڵوەشاندنەوەی. دەبینی بەر لەدامەزراندنی وەزارەتی وەرزش و لاوان خۆپیشاندان لەناو لاواندا هەبوو، لەكاتی وەزارەتدا هەموو خۆپیشاندانەكان راوەستان، دوای نەمانی وەزارەتیش خۆپێشاندانەكان بەرفراوان بوون و لاوانیش بەشداری كارایان هەبوو، لێ جێی داخە تا ئێستا كەس لەكوردستان نەی پرسیوە هۆكاری ئەمە چی بوو؟!
ئەوكات پلانێكی ستراتیژی هەبوو كە خۆی لەنەخشەرێیی وەزارەتی وەرزش و لاواندا دەبینی، بۆ هەردوو بواری وەرزش و لاوان. ئەو نەخشەرێیە ببوە هیواو ئۆمێدی گشت لاوانی كوردستان. وەزارەت سیاسەتی حكومەتی رێچكەشكێنی پەیڕەو دەكرد، كە بە دیتنی من لاوازی فەرهەنگی حكومەتی بووە هۆكاری پەراوێزخستنی پیادەكردنی ئەو سیاسەتە ستراتیژییەی كە بەردی بناغەكەی لەكابینەی پێنجەم داندرا. ئەوكات وەزارەت بەبڕواوە كاری بۆ ئەو نەخشەڕێیە دەكرد، بەڵام لاوانی كوردستان لەكاتی راگەیاندنی ئەم نەخشەڕێیە وێڕای دڵخۆشیان گومان و ترسیان هەبوو لەوەی، كێ گەرانتی پیادەكردنی ئەم بەرنامەیە دەكات؟!. ئێمەش بەڕابینینمان لەدڵسۆزی و راستگۆییمان بۆ لاوان بەڵێنی جێبەجێكردنی ئەو نەخشەڕێیەمان دەدا، ئەم بەرنامەیە لەدوای بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بوو بە بەشێك لەپرۆگرامی حكومەت، بەڵام بەداخەوە لەئەنجامیش ترسەكەی ئەوان وەك راستیەك بەدەركەوت.
گەر بگەڕێمەوە بۆ باسی هەژاری پرۆفێشۆنالیزمی دامەزراوەكانی وڵات، كە لەنووسینی رابردووم پێداگریم لەگرنگی راهێنانی ئامانجداری بەردەوام و درێژخایەنی دامەزراوەكانی وڵاتم كرد لەگشت بوارەكاندا، وەك پێویستییەك بۆ بردنەسەرەوەی توانای دامەزراوەكان و توانای مرۆڤییەكان، لەبەر رۆشنایی دامەزراندنی پەیمانگەیەكی گرنگ و هیوابەخشی وەك پەیمانگای پێگەیاندنی دادوەران، كە ئەركی یەكێك لەكۆڵەكەكانی گرنگی پیادەكردنی سیاسەتی دادی وڵاتی لەسەرە و شایستەی پشتگیری و هەڵوەستە لەسەركردنە.
لەئێستادا كە پرۆژە چاكسازییەكانی جەنابی سەرۆكی هەرێم، لەگەرمەی كار لەسەركردنەو هیوای بۆ خەڵكی وڵات گێڕاوەتەوە، كە وێڕای ئەوەی پرۆسەیەكی درێژخایەنەو كاتی زۆری گەرەكە و چاوەڕوانی و هیواش هەیە ئەم سیاسەتە لەگشت بوارەكانی تردا پیادە بكات. من زۆر جار بیرم لەوە كردووە ئایا بە چ پێوانەیەك دەكرێت نەخشەڕێگای وەزارەتی وەرزش و لاوان كە هەمان لیست لەكابینەی پێنجەم و شەشەم دەسەڵاتدارە بخرێتە خانەی فەرامۆشییەوە؟ ئایا ئەم فەرهەنگە حكومەتیە كە بەردەوامیەتی تێدا لاواز بێت چ پێشكەوتنێك بۆ كوردستان دابین دەكات؟ ئایا ئیشی نوێنەرانی هەڵبژاردەی وڵات نیە كە لەم جۆرە پرسانە بكۆڵنەوە؟ ئایا ئەركی مێدیا و رێكخراوەكانی پەیوەندیدار نیە بە رەنگێكی زانستی بەدواداچوون بۆ كارێكی جددی لەم بارەوەیە بكەن؟. چی دەبێت گەر بەرەنگێكی بەرپرسانە مشتومڕێكی فكری بكرێت لەسەر نەخشەرێ بۆ ئەوەی ئەو بەرهەمە گرنگ و پڕ بایەخانە كاری پێبكرێت و كار و پلانە باشەكان ون نەبن، گەر كەموكورییەك هەیە لەسەری زیاد بكرێت، تا بەرژەوەندییە باڵاكانی كوردستان – رێنیشاندەری هەموو لایەكمان بێت.
لەم سەردەمەدا هەردوو بواری وەرزش و لاوان لەهەموو دنیا جێی بایەخی دەسەڵاتەكانەو زۆر كات خاڵی گرنگی گرەوی هەڵبژاردنەكانیش دەبن، نزیكترین نمونەش هەڵبژاردنی گشتی ١٢/٦/٢٠١١ توركیایە، كە بەر لەهەڵبژاردن سەرۆك وەزیرانی توركیا رایگەیاند كابینەكەی بەگوێرەی پێداویستییەكانی ئەمڕۆی توركیا دەبێت و وەزارەتی وەرزش و لاوانیش وەك وەزارەتێكی نوێ دادەنێت. ئەمەش گرنگی هەردوو سێكتەری لاوان و وەرزش پیشان دەدات، روونتریش دەیسەلمێنێت كە ئێمە بەر لەوڵاتانی دەوروبەرمان، كارمان بۆ ئەو بوارە كردووە و پلان و بەرنامە و بایەخمان بۆی هەبووە.
هەروەها لاوان داینەمۆی ئەو شۆڕشانەن، كە ئەم دواییانە لەوڵاتانی تونس و میسر و یەمەن و.. بەرپاكران و دەكرێن، لەخۆپیشاندانەكانی سلێمانیش گەنجان بەشداری و دەورێكی باڵایان بینی. هۆكاری سەرەكیش لەهەموو ئەم شۆڕش و خۆپیشانداندانە گەنجبوونی دانیشتوانانی ئەم وڵاتانەن و نەبوونی سیاسەتێكی ستراتیژییە لەبواری فێركاری، بازاڕی كار، لاوازی دادپەروەری كۆمەڵایەتی، دەرامەتێكی گونجاو و بەشداریەكی چالاكانە لەو بڕیارانەی كە پەیوەندیدارن بەگەنجان. هەموو ئەوانەش بێگومان دەرهاوێشتەی زۆری هەیە، بۆیە پێویست دەكات،لەكوردستان و لەچوارچێوەی سەرجەم هەنگاوە جدییەكان بۆ خزمەتی وڵات، بەرنامە و سیاسەتی كۆنكرێتیمان هەبێت لەخزمەتی ئایندەی لاوانی وڵات، گەڕانەوەش بۆ نەخشەڕێی وەرزش و لاوان، بەرهەمی هاوبەشی حكومەت و لاوانی كوردستان و بایەخ و گرنگیدانی رابردوومان بەو بوارانە، گەرانتی پێویستی و سیاسەت و بەرنامەیەكی كامڵی درێژخایەن دەكات.
جەنابی سەرۆكی هەرێم خۆیان بەشداری كرد لەكۆنفرانسی نێونەتەویی وەرزش، كە لەنیسانی ٢٠٠٩ لەهەولێری پایتەخت سازدراو تێبینی ئەو هەنگاوە گەورانەی كرد، كە لەماوەیەكی زۆر كورتدا وەزارەتی وەرزش و لاوان لەئاستێكی نێونەتەوەییدا بە ئەنجامی گەیاندن، بۆ پیادەكردنی فیدڕالیزم لەبواری وەرزش دا..
لەرێگای وەزارەتی وەرزش و لاوانەوە كوردستان بۆ یەكەم جار لەژێر ئاڵای كوردستاندا بەشداری كێبڕكێی ڤیڤای كرد لەوڵاتی سوێد و خۆشبەختانە ئێستا یەكێتی تۆپی پێی كوردستان، ئەندامە لەم ئۆرگانە گرنگەدا، هەروەها بۆ كاری هاوچەشن لەبواری لاواندا هەنگاوی جددی نرا، لەڕێگای رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و وڵاتانی تر.
بەتێگەشتنم لەدڵسۆزیی و خەمخۆری بەڕێزیان بۆ وڵات، ئومێدم هەیە ئەو پرۆسە گرنگەی لەخزمەتی چاكسازی لەسەر دەستی سەرۆكی هەرێم بەرپا كراوە، پەلبكێشێ بۆ سەرجەم بوارەكان، بۆیەش لەگەڵ خستنەڕووی گرنگی و پێویستی پەیمانگای پێگەیاندنی دادوەران، جارێكی تریش دەستخۆشی لەجەنابی مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردسان دەكەم، بۆ ئەم هەنگاوە حەكیمانە و هیوام وایە پرسی پێگەیاندنی بەردەوام و راهێنانی توانای مرۆڤی و دامەزراوەیی لەناو كوردستاندا گرنگی زیاتری پێ بدرێت لەگشت بوارەكاندا.
*وەزیری وەرزش و لاوان لەكابینەی پێنجەمی حكومەتی هەرێمدا.

لەژمارە ٨٩ ی گۆڤاری سڤیلدا بڵاوکراوەتەوە

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com