کۆمۆنیستی عەمەلەیی تووشی هەناوی نەتەوەکەم بۆتەوە
حەمەڕەشید هەرەس __ کەنەدا
له وهڵامی پرسیارێكی نوچهنێتدا، كه دهڵێت ئایا بڕوای نهتهوهیی دهبێته هۆكار بۆ درووستبوونی مافییا و میلیشیا وەک ئەوەی شەماڵ عەلی یەکێک لە سەرکردەکانی حزبی کۆمۆنیست دەڵێت؟. داوام لێكراوه، وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە کە لەسەر قسەکانی کابرایەی کۆمۆنیستی عەمەلەیی رووبەڕوی من کرابووەوە، کە لە رێگەی ئاسۆس هەردییەوە هێرشی کردۆتە سەر نەتەوەیی بوون و بە هەوەسی خۆی ترشاندوویەتی، منیش لە بەر ئەوەی کاتی خۆی هەندێك شتم لەسەر نووسیون، ئێستا تاقەتی ئەوەم نیە بێم زانستیانە بیاندەمە بەر خامەی رەخنە، چونکە ئەمانە زیاتر عەوداڵی حەکایەتی مێشن و گرووپێکی کۆمێدیئامێزن لەوەی پشتیان بە بیروباوەڕی لۆجیکی و زانستی بەستبێت، لەبەر ئەوە هەر بە شێوەی تەنزئامێز وەڵامیان ئەدەمەوە، هەندێك وشەگەلی خۆیشیان بەکاردێنم وەك ( جەرەیان، خەفەقان، بوحران، بەرعەلەیهی) کە بە خۆشی کۆمۆنیستە فارسە سەردەستەکەیان بەکاری دێنن.
* ئەم حیزبە مارکسیە عەلمانیە، لە جەرەیانی ئەم دواییەی کوردوستاندا، بۆ خەفەقانی هەلومەرجەکە و بەرعەلەیهی دەسڵاتی کوردیی ئەچوون لەبەردەرکی سەرای سلێمانی لە پشت ئیسلامە توندرەوەکانەوە نوێژیان ئەفەرموو. خوای ئیسلام لێتان قوبوڵکات ئینشائەڵڵا.
- وەک لە نووسینێکی لە مێژما نووسیبووم یەکێك لەم کۆمۆنیستانە لە دژم نووسیبووی: من لەناخیا ئەژیم و ئەزانم چ شۆڤێنییەکە. گوایە منێکی بێ وڵات شۆڤێنیم و وڵاتانم داگیر کردووە! منیش لە دەمامکەکاندا بۆم نووسیبوو: وامزانی بە گاڵتە ئەڵێت لە ناخیا ئەژیم، کەچی لەم رۆژانەدا چووم بۆ لای دکتۆر وتی کرمت هەیە، کەواتە کاکی کۆمونیستی عەمەلەیی راستی کرد لە ناخما ئەژیا، منیش بە کەوچکێک دەرمان ناردم بۆ جێگای شیاوی خۆی.
- وا ئێستا وازیان لە ناخی من هێناوە، کەچی لە رێی ئاسۆس هەردییەوە، ئەیانەوێت بێنە ناخی نەتەوەکەمەوە، پاسۆک بە جڕوجانەوەر ئەچوێنن و بیری نەتەوەیی قوتابخانەی پەروەردەکردنی میلیشیا و مافیایە لای ئەوان. ئەوەی میلیشیاو مافیای درووست کرد قوتابخانەکەی مەنسور حیکمەت بوو، کە شۆڕشی کوردوستانی رۆژهەڵاتی بە ناوی شۆڕشی ئێرانەوە لە باربردوو، هەرچی خەفەقان و بوحرانی ئێران هەیە هەمووی لە کوردستان کۆکردەوە و، بەهۆی چەند کوردێکی گەوجاوی وەک جەنابتەوە جەرەیانێکی دروست کرد کوردستانی کرد بە گۆمی خوێن و یەک دانە فارس خوێن لە لووتی نەهات.
- ئەم حیزبە کۆمیدییە لە سەرەتای درووستبوونیانا، رۆژنامەیەکیان دەرئەکرد بە ئاشکرا لە سەری سەرەوەی رۆژنامەکە ئەیاننووسی: رۆژنامەیەکی تەحریزییە. مانای گێرەشێوێنە و هانی پەشێویی ئەدەین، جا ئیتر چیتان بۆ من هێشتۆتەوە لە دژتان بینووسم؟
- ئەم گێرە شێوێنانە، سەیریان کرد لە هەموو کوردستاندا کارگە و عەمەلە نەماوە، لە لاکۆڵانێکدا پیرێژن و پیرەمێردێک کە لەسەر پنە نانەقەیسییان درووست ئەکرد و دوو کەسیان بەکرێ گرتبوو یارمەتیان بدات چونکە خۆیان پیربووبوون، ئەمانە چوون ئەو دوو کەسەیان هاندا داوای پارەی زیاتر بکەن، دەنا مان بگرن ئەوانیش پارەی زیاتریان نەدا و ئەمانیش مانیان گرت و رۆژنامەکەی ئەم حیزبە کۆمێدییە بەرعەلەیهی ئەو پیرێژن و پیرەمێردە، بە مانشێتێکی گەورە لەسەر رۆژنامەکەیان نووسیبوویان: کرێکارانی کارگەی نانەقەیسی مانیان گرت!
- کابرایەکی دەوڵەمەندی کورد لە سەرەتای نەودەکانا هەندێک دەواجنی لە بەغا هەبوو، وتی بۆچی من ئەو دەواجنانە نەهێنمە هەولێر و کرێکاری کوردی بخەمە سەر، با خێرەکە بۆ شارەکەی خۆم بێت، کەچی ئەم بەڕێزانە هانی کرێکارەکانیان دا مان بگرن، بە فیتی ئەمان مانیان گرت و دایکتان چاک باوکتان چاک سوودی نەبوو، کابرای دەوڵەمەند نەیکردە نامەردی هەموویانی دەرکرد و لەو بوحران و خەفەقانی ئابوورییەی لە جەرەیانی رەوشەکەدا، بە هەرزانتر کرێکاری عەرەبی خستە جێگایان، ئەوانیش دەستیان لە بنی هەمانەکەوە دەرچوو.
- خۆ ئەگەر مەبەستم بێت تا خامەکەم بڕ بکات نوکتەیان لەسەر ئەنووسم بەڵام لەبەر خاتری نوچەنێت ئەوەندەش خۆم پێوە خەریک کردن. ئیتر کرمێک چۆتە ناخی ئاسۆس هەردییەوە هەر ئەوندە ئەهێنێت وەڵامی بدرێتەوە.
ئەم بابەتەی مامۆستا هەرەس، وەڵامە بۆ لێدوانی سەرکردەیەکی حزبی کۆمۆنیست، بۆ خوێندنەوەی کلیک لینکە بکە…