دكتۆر زانا ره‌ئوف: نیگه‌ران نین له‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتی به‌ پاره‌ ده‌یانه‌وێت خه‌ڵك بگێڕنه‌وه

0

دكتۆر زانا ره‌ئوف: گۆڕان پارتێكه‌ ته‌نها به‌ دوای ده‌نگده‌ردا ده‌گه‌ڕێت، نه‌ك كادیر و موچه‌خۆر


نیگه‌ران نین له‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتی به‌ پاره‌ ده‌یانه‌وێت خه‌ڵك بگێڕنه‌وه‌، چونكه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئێمه‌ نابێت


ديدار: رێبوار ره‌زا چوچانی


دكتۆر زانا ره‌ئوف سه‌رپه‌رشتیاری ئه‌نجومه‌نی شاری سلێمانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، له‌م دیمانه‌یه‌دا تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر شێوه‌ی كاری رێكخستنی بزووتنه‌وه‌كه‌یان و پێیوایه‌ ئه‌وان له‌ “شێوازی كلاسیكی” كاری رێكخستن كه‌ حزیبه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێم كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، ته‌جاوزییان كردووه‌، ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت، كه‌ بزووتنه‌وه‌كه‌یان به‌ پێچه‌وانه‌ی لایه‌نه‌كانی تر، به‌تایبه‌ت هه‌ردوو لایه‌نه‌كه‌ی ده‌سه‌ڵات، موچه‌یان به‌ كه‌س نه‌داوه‌ و ده‌نگده‌ری باشیشیان هه‌بووه‌، بۆیه‌ ره‌تی ده‌كاته‌وه‌، كه‌ پاره‌ دابه‌شكردن له‌لایه‌ن پارته‌كانی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌، كاریگه‌ری هه‌بێت له‌سه‌ر ده‌نگده‌ره‌كانییان.

 

رێبوار: حیزبه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، له‌سه‌ر شێوازێك كاری رێكخستنی خۆیان دامه‌زراندووه‌، كه‌ ئێوه‌ به‌ شێوازێكی كلاسیكی ده‌زانن، ئایا له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و شێوازه‌ كاری حیزبایه‌تییه‌، ده‌توانن به‌بێ‌ گرفت مۆدێلێكی تری رێكخستن درووست بكه‌ن؟

د. زانا ره‌ئوف: بێگومان ده‌رچوون له‌و شێوازه‌ كۆنه‌ی كاری حیزبایه‌تی و به‌ تایبه‌تی دوای ده‌رچوونی یاسای حیزبه‌كان ژماره‌ (17) له‌ ساڵی (1993)ی په‌رله‌مانی كوردستان، ره‌نگه‌ كارێكی ئه‌وه‌نده‌ ئاسان نه‌بێت، به‌ڵام ئێمه‌ وه‌ك بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان دوو هه‌ڵبژاردنمان له‌ ژێر سایه‌یه‌كدا كردووه‌ كه‌ حیزب نه‌بووین، به‌لًَكو ته‌نها قه‌واره‌یه‌ك بووین كه‌ مولزه‌مبووین به‌ رێنماییه‌كانی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان، ئه‌مه‌ ده‌ستپێكێكی زۆر باش بوو بۆمان، له‌ دوای ئه‌مه‌وه‌ له‌ كۆتایی مانگی (5)ی ساڵی (2010)، بووین به‌ حیزب، له‌و ماوه‌یه‌شدا كه‌ بریتییه‌ له‌ ماوه‌ی نێوان هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و بوون به‌حیزب، ئێمه‌ توانیمان بنامه‌یه‌كی باش دابنێین، كه‌ بزووتنه‌وه‌ی خۆڕسكی جه‌ماوه‌ری بین و پشت نه‌به‌ستین به‌ درووستكردنی كادیر وه‌ك حیزبه‌كانی تر بۆ رێكخستنه‌كانی خۆمان، هاوكات ئۆرگانه‌كانی خۆیشمان پۆلێن كرد، له‌سه‌ر بنچینه‌ی بازنه‌كانی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان، كه‌ بووین به‌ حیزب بیرمان له‌وه‌ كرده‌وه‌ په‌یڕه‌وێكی ناوخۆ دابنێین، به‌ڵام په‌یڕه‌وه‌كه‌ ناچار پشتی به‌ست به‌و قۆناغانه‌ی كه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی تێدا كرا، راسته‌ ئه‌م شێوازه‌ هێشتا تۆكمه‌ نه‌بووه‌، به‌ڵام له‌ ناو گۆڕاندا ئه‌وه‌نده‌ی كه‌ره‌سته‌ تێدا هه‌یه‌ بتوانێت ئه‌م شێوازه‌ نوێیه‌، به‌شێوه‌یه‌ك په‌خش بكه‌ین، كه‌ ببێته‌ جێگره‌وه‌ی ئه‌و شێوازه‌ كۆنه‌ی رێكخستنی حیزبه‌كان.

رێبوار: تۆ باسی ئه‌وه‌ ده‌كه‌یت ئێستا وه‌ك حیزبێك كار ده‌كه‌ن، به‌ڵام به‌شێك له‌ سه‌ركرده‌كانی پێشووی یه‌كێتی كه‌ ئێستا له‌ ناو گۆڕاندان، ره‌تی ده‌كه‌نه‌وه‌ گۆڕان حیزب بێت، ئایا پێتوانییه‌ ئه‌مه‌ گرفتێك بێت و تا ئێستا ساغتان نه‌كردبێته‌وه‌؟

د. زانا ره‌ئوف: ئێمه‌ كه‌ مۆڵه‌تمان وه‌رگرتووه‌ له‌ (31/5/2010)دا، وه‌ك پارتێكی سیاسی رێگه‌ پێدراو مۆڵه‌تمان وه‌رگرتووه‌، ئه‌مه‌ش له‌ رووی یاساییه‌وه‌یه‌، به‌ڵام بۆ كار راپه‌راندنی خۆمان، ئێمه‌ هه‌وڵمان داوه‌، ته‌جاوزی ئه‌م حیزبه‌ ته‌قلیدییانه‌ی خۆمان بكه‌ین، ئه‌مه‌ش سیسته‌مه‌ یاساییه‌كه‌ رێمان پێنادات و گێچه‌ڵمان پێكرا له‌ رووی یاساییه‌وه‌، بۆیه‌ ئێستا مۆڵه‌تی یاساییمان هه‌یه‌ له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ، بۆ كاروباری خۆیشمان هه‌وڵ دراوه‌ له‌سه‌ر دوو ئاست كار بكرێت، یه‌كه‌مییان ئاستی بازنه‌كانه‌ كه‌ له‌ شاره‌كاندایه‌ و به‌پێی رێنماییه‌كانی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌، له‌ هه‌ر شوێنێكدا وێزگه‌ی ده‌نگدان هه‌بێت، گۆڕان ئۆرگانێكی خۆی هه‌یه‌، واته‌ گۆڕان پارتێكه‌ ته‌نها به‌ دوای ده‌نگده‌ردا ده‌گه‌ڕێت، نه‌ك به‌ دوای كادیر و موچه‌خۆردا.
ئاستی دووه‌میش كاركردنه‌ له‌سه‌ر ئه‌نجومه‌نه‌ رایه‌ڵه‌یی و پیشییه‌كان، نه‌ك له‌ رێگه‌ی درووستكردنی رێكخراوی جه‌ماوه‌رییه‌وه‌، به‌ڵكو له‌ رێگه‌ی ئه‌و ئۆرگانانه‌وه‌ خاوه‌ن پیشه‌ جیاوازه‌كانی كوردستان خۆیان بتوانن داكۆكی له‌ خۆیان بكه‌ن، به‌ڵام له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌فكاره‌كانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕاندا، كه‌واته‌ ئێمه‌ پارتێكی سیاسین، به‌ڵام ئۆرگانه‌كانی ئیش كردنمان به‌شێوه‌یه‌كه‌، كه‌ ته‌جاوزی كردنه‌وه‌ی باره‌گای زۆرمان كردووه‌، ته‌جاوزی درووستكردنی كادیری موته‌فه‌ریخمان كردووه‌، بۆیه‌ ده‌توانین بڵێین زۆرینه‌ی هه‌ره‌ زۆری هه‌ڵسوڕاوه‌كانی گۆڕان، سه‌رقاڵی كاری تایبه‌تی خۆیانن و خۆبه‌خشانه‌ش دێن، به‌شێكی تری ئه‌ركه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌گرنه‌ ئه‌ستۆ، له‌و كاته‌شدا پێویستمان به‌وه‌ نابێت كه‌ موچه‌ خۆرمان هه‌بێت، رێكخستنه‌كانی ئێمه‌ به‌شێكن له‌ ده‌نگده‌ر، له‌ رێگه‌ی كه‌سایه‌تی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ دێنه‌ ناو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، كار ده‌كرێته‌ سه‌ر ده‌نگده‌ران تا ده‌نگمان بده‌نێ‌، بۆیه‌ من پێم سه‌یره‌ كه‌ هه‌ندێك كه‌س باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، گۆڕان لایه‌نگره‌كانییان كه‌می كردووه‌، یان زۆرییان كردووه‌، چونكه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ ته‌نها له‌ ده‌نگداندا یه‌كلایی ده‌بێته‌وه‌.

رێبوار: به‌ڵام به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كان پارتی و یه‌كێتی له‌ ناوچه‌كانی جێنفوزی ئێوه‌ كار له‌سه‌ر هه‌ڵسوڕاوه‌كانتان ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت له‌ رێگه‌ی ئیمتیازاته‌وه‌ بیانگێڕنه‌وه‌ بۆ ناو خۆیان، پێتانوانیه‌ ئه‌مه‌ كێشه‌ بۆ رێكخستنه‌كانتان یان ده‌نگده‌ره‌كانتان درووست بكات؟


د. زانا ره‌ئوف: ئێمه‌ نیگه‌ران نین له‌وه‌، چونكه‌ ئه‌زموونی ئه‌و دوو هه‌ڵبژاردنه‌ی رابردوو ئه‌وه‌ی سه‌لماند، كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر خه‌ڵك هه‌بووه‌، كادیری یه‌كێتی و پارتی بوون، به‌ڵام ده‌نگده‌ری گۆڕان بوون، ئێمه‌ جیاوازیمان كردووه‌ له‌ نێوان ئه‌و كه‌سه‌ی موچه‌خۆری حیزبه‌ و ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ ده‌نگده‌ری حیزبه‌، وه‌ك وتم كه‌س هه‌بووه‌ موچه‌ خۆری ئه‌و دوو حیزبه‌ بووه‌، به‌ڵام ده‌نگی به‌ ئێمه‌ داوه‌، هه‌روه‌ها كاتێك په‌یام ئاراسته‌ی خه‌ڵك ده‌كه‌ین ناڵێین ئه‌گه‌ر بێته‌ ناو گۆڕان پله‌ و پۆستت پێده‌ده‌ین، یان پاره‌یه‌كی زۆرت پێده‌ده‌ین، به‌ڵكو ده‌ڵێین ئه‌گه‌ر گه‌شتینه‌ ئه‌نجومه‌نێكی هه‌ڵبژێردراو، هه‌وڵ ده‌ده‌ین بۆ چه‌سپاندنی عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی، نه‌ك ته‌نها بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ هه‌ڵسوڕاو و لایه‌نگری گۆڕانه‌، به‌ڵكو له‌سه‌ر بنه‌مای مافی هاووڵاتی بوون، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ گۆڕانیش نه‌بێت، مافێكی هه‌یه‌ له‌م وڵاته‌دا، ئێمه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ین داكۆكی له‌و كه‌سه‌ش بكه‌ین كه‌ گۆڕانیش نیه‌ پێش ئه‌وه‌ی كه‌ گۆڕانه‌.
له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆشدا ئێمه‌ ده‌سته‌واژه‌یه‌كمان هه‌یه‌ به‌ ناوی پشتیوان، واته‌ كه‌سێك ئه‌گه‌ر خاوه‌ن كه‌سایه‌تییه‌كی سه‌ركه‌وتوو بێت له‌ سنووره‌كه‌ی خۆیدا، یان خاوه‌ن پیشه‌یه‌ك بێت له‌ ناو پیشه‌وه‌ر و هاوپیشه‌كانی خۆیدا جێگه‌ی متمانه‌ بێت، مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ داوا له‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بكات، كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنێكدا كاندیدی بكات، یاخود بۆ گرتنه‌ ده‌ستی پۆستێك ئه‌گه‌ر لێهاتووی هه‌بوو، پشتی بگرێت، ئه‌گه‌ر ئه‌وان بیانه‌وێت كادیر و هه‌ڵسوڕاوه‌كان به‌لای خۆیاندا راكێشن، مادام له‌ كۆتاییدا ئێمه‌ پێویستمان به‌ ده‌نگی ئه‌وان هه‌یه‌، بۆیه‌ هیچ گرفتێكمان بۆ درووست نابێت، ئه‌وان ته‌ئكید له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ده‌نگێكی لایه‌نگرانی گۆڕان به‌لای خۆیاندا راكێشن، به‌ڵام ره‌نگه‌ هه‌زاران موچه‌ خۆری خۆیان هه‌بن، به‌ڵام ده‌نگده‌ری ئێمه‌ بن، ئه‌مه‌ ئه‌و په‌یامه‌یه‌ كه‌ ره‌نگه‌ تا ئێستا نه‌یاره‌كانمان له‌ كاتی ململانێكاندا تێینه‌گه‌شتبن، ئه‌وان ئه‌و هه‌ڵه‌ تێگه‌شتنه‌یان هه‌یه‌ كه‌ هه‌میشه‌ كار له‌سه‌ر ژماره‌ ده‌كه‌ن، پێیانوایه‌ چه‌ند موچه‌خۆرییان هه‌بێت ئه‌وه‌نده‌ ده‌نگده‌رییان هه‌یه‌، به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئێمه‌ موچه‌شمان نه‌داوه‌ به‌ كه‌س و له‌ هه‌مانكاتیشدا ده‌نگده‌رێكی زۆریشمان هه‌یه‌.

رێبوار: شێوه‌ی كاری رێكخراوه‌یی حیزبایه‌تی و به‌رز بوونه‌وه‌ی پله‌ی حیزبایه‌تی لای ئێوه‌ چۆنه‌؟

د. زانا ره‌ئوف: ئێمه‌ تا ئێستا له‌ قۆناغێكی راگوزه‌رداین، چونكه‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆشمان ته‌نها پرۆژه‌یه‌كه‌ و ناومان ناوه‌ پرۆژه‌ی ده‌ستووری گۆڕان بۆ كار كردن، تا بتوانین له‌ نزیكترین كاتدا ده‌رفه‌ت بڕه‌خسێت و كۆنگره‌ ببه‌ستین، له‌و په‌یڕه‌وه‌دا چه‌ند ده‌سته‌واژه‌یه‌كمان هه‌یه‌، وه‌ك (بنكه‌وان، بازنه‌وان، باژێروان) هه‌ر یه‌ك له‌مانه‌ خاوه‌نی ئه‌نجومه‌نێكن، ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ش خۆیان سه‌ربه‌خۆیی خۆیان هه‌یه‌ له‌ بڕیارداندا.

رێبوار: به‌ڵام بۆچی تا ئێستا كۆنگره‌تان نه‌به‌ستووه‌؟

د. زانا ره‌ئوف: ئێمه‌ له‌ (25/7/2009) یه‌كه‌مین ئه‌زموونی هه‌ڵبژاردنمان ئه‌دائ كرد، له‌ دوای ئه‌و رێككه‌وته‌وه‌ دیسانه‌وه‌ هه‌ڵبژاردنی (7/3/2010)مان هاته‌ پێش كه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، له‌ دوای تیرۆركردنی شه‌هید سه‌رده‌شت عوسمان قۆناغێكی تر بوو به‌ نیسبه‌ت ئێمه‌وه‌، چونكه‌ هه‌میشه‌ فشارمان له‌سه‌ر بووه‌، دوای ئه‌وه‌ش په‌سه‌ند كردنی یاسای خۆپیشاندان هاته‌ پێشه‌وه‌ و خۆپیشاندان له‌ شارو شارۆچكه‌كاندا كرا، له‌ دوای هه‌موو ئه‌و رووداوانه‌ش، رووداوه‌كانی (17ی شوبات) و رۆژانی دوایی هاتنه‌ پێشه‌وه‌، ئه‌گه‌ر خوێندنه‌وه‌ بۆ هه‌موو ئه‌و رووداوانه‌ بكه‌ین، ده‌بنین ئه‌و قۆناغانه‌ فشاری زۆر له‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بووه‌، چونكه‌ له‌ هه‌ر یه‌كێك له‌و رووداوانه‌دا، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان یه‌كێك بووه‌ له‌ لایه‌نه‌ ئه‌ساسییه‌كان له‌سه‌ر ساحه‌ی سیاسی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مانه‌ هه‌موویان كاریگه‌رییان هه‌بووه‌، به‌ڵام ئێستاش ئه‌و قۆناغانه‌ی كه‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان پێیدا تێده‌په‌ڕێت له‌ رێكخستنه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی شاره‌كاندا، له‌ قه‌زاكاندا، هه‌نگاوی زۆر باشمان ناوه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌شمان له‌ بیر نه‌چێت، كه‌ به‌پێی ئه‌و مۆڵه‌ته‌ بێت وه‌رمان گرتووه‌، ساڵێك و مانگێكه‌.

رێبوار: پێتانوانیه‌ ئه‌و بۆچوونه‌ راست بێت كه‌ نه‌به‌ستنی كۆنگره‌ و دوا خستنی، په‌یوه‌ندی به‌ ململانێی كۆنه‌ سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی كه‌ ئێستا له‌ ناو گۆڕانن، له‌گه‌ڵ گه‌نجه‌كانی ناو ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ بێت؟

د. زانا ره‌ئوف: به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك هه‌ستم به‌و گرفته‌ نه‌كردووه‌ له‌ ناو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕاندا، ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌ ته‌نها بریتییه‌ له‌ دابه‌ش كردنی رۆڵ، له‌ پێناو ئاماده‌كاری بۆ به‌ستنی كۆنگره‌، ئێمه‌ ئێستا توانیومانه‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانیش ته‌شكیل بكه‌ین، له‌ دوای ئه‌وه‌مانه‌ش دێینه‌ سه‌ر به‌ستنی كۆنفرانسی شاره‌كان و دوای ئه‌وه‌ش به‌ره‌و به‌ستنی كۆنگره‌ی گشتی هه‌نگاو ده‌نێێن.

رێبوار: به‌ڵام ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌تان لێ ده‌گیرێت كه‌ ئێوه‌ كار به‌ په‌یڕه‌وێكی سه‌پێنرلو ده‌كه‌ن، چونكه‌ كۆنگره‌ نه‌به‌ستراوه‌ تا كۆ ده‌نگی له‌سه‌ر بكرێت و ده‌نگی پێ بدرێت، به‌و پێیه‌ بێت ئایا هه‌موو ئه‌و پۆستانه‌ی كه‌ هه‌یه‌، له‌ بچوكترین پۆسته‌وه‌ تا گه‌وره‌ترین پۆست كه‌ هی نه‌وشیروان مسته‌فایه‌، تا چه‌ند شه‌رعین، چونكه‌ كۆنگره‌ نه‌به‌ستراوه‌ تا ده‌نگ له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و شتانه‌ بدات؟

د. زانا ره‌ئوف: ده‌بێت قۆناغێكی راگوزه‌ر هه‌بێت، چونكه‌ یاساش رێگه‌ ده‌دات، كه‌ له‌و قۆناغه‌ راگوزه‌ره‌دا، ده‌سه‌ڵات به‌و ده‌سته‌ دامه‌زرێنه‌ره‌ ده‌دات، كه‌ ئاماده‌كاری بكات، من نه‌مبیستووه‌ حیزبێك به‌ر له‌وه‌ی درووست ببێت كۆنگره‌ ببه‌ستێت، ئێمه‌ یه‌كه‌مین پارتین له‌ هه‌رێمی كوردستاندا، كه‌ له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ هاتبین، حیزبه‌ كلاسیكییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان، هه‌موویان شه‌رعییه‌تییان له‌ شتێكی تره‌وه‌ وه‌رگرتووه‌، دوای چوونه‌ته‌ ناو هه‌ڵبژاردنه‌وه‌، به‌ڵام ئێمه‌ به‌ هه‌ڵبژاردن هاتووین، تا ئێستا په‌یڕه‌وه‌كه‌شمان پرۆژه‌یه‌ و هه‌ر به‌ پرۆژه‌ بڵاومان كردۆته‌وه‌، هه‌تا خۆشمان رێكنه‌خه‌ین، ئه‌سته‌مه‌ بتوانین ئه‌ندامانی كۆنگره‌ ده‌ستنیشان بكه‌ین.

رێبوار: ئێوه‌ هه‌میشه‌ ده‌ڵێن حیزبی ده‌نگده‌رین، به‌ڵام ئایا هه‌ر خۆ رێكخستنه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌ك حیزبێكی سیاسی، كه‌ له‌ ناو هه‌موو حیزبه‌كانیشدا پله‌و پۆست هه‌یه‌، له‌ رووی جه‌ماوه‌رییه‌وه‌ نه‌بۆته‌ كێشه‌ بۆتان؟
د. زانا ره‌ئوف: ره‌نگه‌ هه‌ندێكجار به‌هۆی به‌دحاڵی بوون له‌م په‌یامه‌، ئه‌وه‌ رووبه‌ڕووی ئێمه‌ش كراوه‌ته‌وه‌، كه‌ ئایا خۆ رێكخستنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ مانای په‌راوێزخستنی خه‌ڵك دێت؟، ئێمه‌ ده‌ڵێین نه‌خێر، چونكه‌ كاتێك گۆڕان خۆی رێكده‌خاته‌وه‌ و ئاماده‌سازی ده‌كات بۆ درووستكردنی ئه‌نجومه‌نه‌كان، ده‌وێت ده‌سته‌یه‌ك دابنێت بۆ به‌ڕێوه‌بردن، كه‌ په‌یامه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و ئه‌و ده‌نگانه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ئاراسته‌ بكات، بۆیه‌ ئه‌م خۆ رێكخستنه‌وه‌یه‌ بۆ په‌راوێزخستن نیه‌ به‌ڵكو بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانه‌.

رێبوار: واته‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ گرفتتان تووش بووه‌؟

د. زانا ره‌ئوف: ره‌نگه‌ به‌دحاڵی بوونێك هه‌بووبێت، له‌وه‌ی كه‌ هه‌ندێك كه‌س پێیانوابووه‌، كاتێك گۆڕان خۆی رێكده‌خاته‌وه‌، مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ بێت كه‌ هه‌ندێك كه‌س پشتگوێ‌ بخات.

رێبوار: هه‌ندێكجار وا بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌كرێت، كه‌ هێزێكه‌ ئه‌وه‌نده‌ی پشت به‌ وروژاندنی راگه‌یاندن ده‌به‌ستێت، ئه‌وه‌نده‌ پشت به‌ ستراتیژییه‌تی سیاسی نابه‌ستێت، كۆمێنتی ئێوه‌ چییه‌ له‌سه‌ر ئه‌م وێنایه‌؟

د. زانا ره‌ئوف: گۆڕان له‌ درووستبوونیدا بۆته‌ یه‌كه‌مین ئه‌زموونی ئۆپۆزسیۆنێكی مه‌ده‌نییانه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا، توانیویه‌تی به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان ده‌نگه‌ ناڕازییه‌كان فۆرمه‌له‌ بكات و كۆیان بكاته‌وه‌، چونكه‌ هه‌ر ئه‌وانه‌ گۆڕانییان درووست كردووه‌، ئه‌و ده‌نگه‌ ناڕازییانه‌ی سه‌ر شه‌قام له‌ شار و شارۆچكه‌كاندا گۆڕانییان درووست كردووه‌، بزووتنه‌وه‌ی گۆرانیش كه‌ كه‌ بزووتنه‌وه‌یه‌كی ئۆپۆزسیۆنه‌، له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك ئاستی جیاواز كار ده‌كه‌ین، وه‌ك خه‌باتی سه‌ر شه‌قام و خه‌باتی مه‌ده‌نی و خه‌باتی سیاسی و راگه‌یاندنیش ئاستێكی تری خه‌باتی ئێمه‌یه‌، كه‌واته‌ به‌شێك له‌ ئاسته‌كانی خه‌باتی ئێمه‌، په‌یوه‌ندی به‌ راگه‌یاندنه‌وه‌ هه‌یه‌، چونكه‌ خۆی راگه‌یاندن به‌شێكه‌ له‌ اری ئۆپۆزسیۆن، چونكه‌ ده‌بێت ئه‌و پرۆژانه‌ی كه‌ هه‌مانه‌، له‌ رێگه‌ی راگه‌یاندنه‌وه‌، بیگه‌یه‌نینه‌ خه‌ڵك و ده‌نگی شه‌قام بخه‌ینه‌ڕوو.

له‌ گۆڤاری سڤیله‌وه‌

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com