غه‌فور هیرانی: كۆمۆنیزمی كارگه‌ری و نه‌ته‌وه ‌”ئه‌گه‌ر نه‌ته‌وه‌ هیچ نییه‌ بۆچی به‌ ئینگلیزی قسه‌ ده‌كه‌ی”(كارل ماركس)

0

كۆمۆنیزمی كارگه‌ری و نه‌ته‌وه

‌”ئه‌گه‌ر نه‌ته‌وه‌ هیچ نییه‌ بۆچی به‌ ئینگلیزی قسه‌ ده‌كه‌ی”

(كارل ماركس)

غه‌فور هیرانی

كێشه‌ی به‌شێكی رۆشنبیران و ره‌خنه‌گرانی دۆزی سیاسی و ناوخۆمان له‌ حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زۆر نه‌ته‌وه‌یی نین، چونكه‌ ئه‌گه‌ر نه‌ته‌وه‌ بوون به‌ مانا فراوانه‌كه‌ی كه‌ ئه‌وپه‌ڕی پێداگرییه‌ له‌ پاراستنی كه‌رامه‌تی مرۆڤه‌كان و خاكه‌كه‌ی له‌دیدی ره‌خنه‌گرانه‌وه‌ لای ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی كه‌ حزبی كۆمۆنیست پێی ده‌ڵێت”ناسیۆنالیست” غائیب بووه‌.

ئه‌مه‌ جه‌وهه‌ری ئه‌و پرسیاره‌یه‌ كه‌ حزبی كۆمۆنیستی له‌ عێراقدا گه‌یاندووه‌ به‌و قه‌ناعه‌ته‌و له‌ ئێرانیش هه‌مان ته‌رحیان هه‌یه‌(ناسیۆنالزم شه‌رمه‌زراییه‌ بۆ به‌شه‌ریه‌ت-منصور حكمت).

روئیای كۆمۆنیسته‌كانی لای خۆمان ئه‌و ره‌وته‌ی كه‌ شانازی به‌ رادیكالیه‌تی خۆی ده‌كات له‌ نه‌هج و جیهانبینی و كرداری خۆیدا..!، ده‌ركه‌وته‌و مێژووی نه‌ته‌وه‌یان باش دیراسه‌ نه‌كردووه‌، ده‌نا كاتێك قسەیان له‌ نه‌ته‌وه‌ ده‌كرد، زانستیانه‌ بۆیان شیده‌كردینه‌وه‌ كه‌ ئاخۆ ئه‌وان چۆن له‌ ناسیۆنالزمی په‌ڕگیرو (نه‌ته‌وه‌) ده‌ڕوانن. جێگه‌ی داخه‌، هه‌میشه‌ نه‌ته‌وه‌بوون تێكه‌ڵ به‌ فاشیزم و نازیزم و به‌عسیزم ده‌كه‌ن. بێگومان منصور حكمت رابه‌ری ره‌وتی كۆمۆنیزمی كارگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ لێكدانه‌وه‌ی خۆی ڕواڵه‌تیانه‌ له‌ ژێر رۆشنایی بیروبۆچوونه‌كانی كارل ماركس و به‌یان كردووه‌و حزبی كۆمۆنیستی لای خۆشمان هه‌مان دیدو بۆچوون ته‌رجوومه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، واته‌ چه‌مكه‌كان تێكه‌ڵ ده‌كه‌ن و له‌ سیاق و مه‌غزای خۆیان ده‌یانترازێنن، هه‌روه‌ك چۆن منصور حكمتیش لێكدانه‌وه‌ی خۆی له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ له‌ مانا زانستیه‌كه‌ی ترازاندو گرێی دایه‌وه‌ به‌ كۆمه‌ڵێك ده‌ركه‌وته‌ی سه‌ده‌ی بیسته‌م و هه‌ندێ سیسته‌می ستمه‌كاری و فاشیستی له‌ ناوچه‌كه‌و دونیاشدا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر نیگه‌ران نه‌بن، ده‌توانم بڵێم منصور حیكت هیچی له‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌ پێنه‌گوتین، جگه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك ده‌سته‌واژه‌و رسته‌ كه‌ مانایه‌كیان نییه‌و ده‌شێت وه‌كو دیدێكی گه‌نجانه‌ی ناو جیهانی كۆمۆنیستی ئه‌و پیاوه‌ سه‌یری بكه‌ین. من بڕوام وایه‌ ئیشكالیه‌تی گه‌وره‌ی به‌رده‌م ئه‌و هێزه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ر چه‌مكی ناسیۆنالزم به‌رچاوروونیه‌كی زانستی پشتڕاسكراوه‌ی له‌به‌رده‌ستدا نییه‌، كه‌ بتوانێت له‌ ژێر رۆشنایی دیده‌كانی ماركس واقعی ئێستای پێ بخوێنێته‌وه‌ چ جای ئه‌وه‌ی قسه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ بكه‌ن..نه‌ته‌وه‌ چ وه‌كو زمان، چ وه‌ك سیاق، چ وه‌كو ده‌رهاویشته‌یه‌كی مێژوویی و كۆمه‌ڵایه‌تی جوگرافی.

ئێمه‌ ده‌بینین ره‌خنه‌ی ئه‌م هاوڕێیانه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌، چڕ ده‌بێته‌وە له‌ قاپ و مسی كۆن و گۆزه‌ی كه‌له‌پووری، له‌ ئه‌ده‌بیاتیشدا له‌ شیعری به‌رگری نیشتیمانی و چڕینی گۆرانی به‌ باڵای خاك و ئاوه‌كه‌یدا، له‌ سیاسه‌تیشدا پارتی و یه‌كێتی…! بۆنه‌یه‌كی باشه‌ راگه‌یاندنه‌كان گرنگی به‌و جیهانبینیه‌ی ئه‌وان بده‌ن كه‌ بۆ نه‌ته‌وه‌و ناسیۆنالزم هه‌یانه‌، له‌ پێناو هیچ نا، ته‌نها ئه‌وه‌ نه‌بێت هێزێكی سیاسیی بۆچوونی خۆی راستبكاته‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌م چه‌مكانه‌، بۆ ئه‌وه‌نا داوایان لێبكه‌ین لیبڕال بن، بۆئه‌وه‌ی ماركسیانه‌ سه‌یری نه‌ته‌وه‌و زمان بكه‌ن و جیای بكه‌نه‌وه‌ له‌ ناسیۆنالزمی مۆدیله‌ نازی و به‌عسیه‌كه‌ی و وه‌كو ده‌ركه‌وته‌كه‌یه‌كی مێژووی و سروشتی سه‌یری بكه‌ن و په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی له‌ رێڕه‌وی مرۆڤایه‌تی ببینن و بیخوێننه‌وه‌، هه‌روه‌كو چۆن ماركس په‌رسه‌ندنه‌كانی ئابووری ته‌نانه‌ت بورژوازیشی وه‌كو قۆناخێكی مێژوویی و حه‌تمی ئیعتراف پێكردوو له‌ناویدا ژیا. له‌پێناو ئه‌وه‌ی چیتر ئینكاری ده‌رماگیرانه‌ به‌رچاومان لێڵ نه‌كات له‌ شیكاری چه‌مكه‌كان و واتاكانیان…

ئەم بابەتە وەڵامە بۆ لێدوانی سەرکردەیەکی کۆمۆنیست کەپێی وایە کوردایەتی سەرچاوەی دروستبونی مافیایە کلیک بکە……

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com