ستیڤان شه‌مزینانی: ئاسۆس هه‌ردی و شه‌ماڵ عه‌لی هه‌ردووكیان سه‌ر به‌ مه‌دره‌سه‌ی نه‌فیكردنی به‌رامبه‌رن

0

ئاسۆس هه‌ردی و شه‌ماڵ عه‌لی هه‌ردووكیان سه‌ر به‌ مه‌دره‌سه‌ی نه‌فیكردنی به‌رامبه‌رن

ستیڤان شه‌مزینانی

قسه‌كانی ئاسۆس هه‌ردی، له‌و دیدگا كلاسیكیی و باوه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌، كه‌ ئه‌زموونی سۆڤێتی ته‌عمیم ده‌كات به‌سه‌ر كۆی فه‌لسه‌فه‌ و بیری ماركس و ماركسیزمدا. به‌ بڕوای من ئاسۆس هه‌ردی له‌و جێگه‌یه‌وه‌ پارتی وه‌ك حزبێكی ماركسیی وه‌سف ده‌كات، تا به‌بیری بهێنێته‌وه‌، پارتی حزبێكه‌ له‌ مۆدیلی حزبه‌ چه‌په‌ ستالینیی و ماركسییه‌كانی سه‌رده‌می بلۆكی رۆژهه‌ڵات. به‌ڵام ئه‌م چوواندنه‌ بۆ خۆی هه‌ڵگری ئیشكالییه‌تێكی گه‌وره‌ی فكرییه‌. ناكرێت مادام تۆ رقت له‌ پارتییه‌ به‌ حزبێكی ماركسیی وه‌سفی بكه‌یت، یان مادام رقت له‌ ماركسیزم و پارتییه‌ به‌ یه‌كه‌وه‌، هه‌ردووكیان به‌یه‌ك بچووێنیت و بۆ ئه‌وه‌ش نموونه‌ی ستالینیزم ده‌رخواردی خه‌ڵك بده‌یت.

من نازانم كاك ئاسۆس هه‌ردی به‌پشت به‌ستن به‌كام فاكت و به‌ڵگه‌ی میتۆدیی، پارتی وه‌ك حزبێكی ماركسی پێناسه‌ كردووه‌؟، خۆ ئه‌م جۆره‌ پێناسه‌كردنانه‌ كه‌وایه‌ك نییه‌كێت ویست بیخه‌یته‌ به‌ری، پارتی له‌ كوێ و ماركسیزم له‌ كوێ؟. ئه‌سڵه‌ن ئه‌م به‌راوورده‌ به‌لای منه‌وه‌ مایه‌ی پێكه‌نین و گاڵته‌جاڕییه‌كی گه‌وره‌یه‌. من پرسیار ده‌كه‌م، ئه‌گه‌ر پارتی ماركسیی بێت، “كه‌ هیچ عه‌یبی تێدا نییه‌”، ئه‌ی كه‌واته‌ حزبی شیوعی چییه‌؟. ئه‌گه‌ر به‌پێی ئه‌و لۆجیكه‌ بێت له‌وانه‌یه‌ كاك ئاسۆس حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی پێ شتێكی زیاتر بێت له‌ ماركسیی.

من ده‌مه‌وێ داكۆكی له‌ دوو شت بكه‌م. یه‌كه‌م، ده‌مه‌وێ داكۆكی له‌ ماركس بكه‌م، چوونكه‌ ئه‌و فه‌یله‌سووفه‌ یه‌كێكه‌ له‌وانه‌ی رۆشنبیری كورد به‌ ناهه‌ق، له‌په‌نا هیتله‌ر و مۆسۆلینی و ستالین و پۆلۆپۆتدا دادگایی ده‌كات، كاك “ئاسۆس هه‌ردی”ش یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سانه‌ی هه‌روا بیر ده‌كاته‌وه‌، چوونكه‌ ئه‌وه‌تا وه‌ك تاوانێك و سكانداڵێك تۆمه‌تی ماركسیبوون ئاڕاسته‌ی پارتی ده‌كات. دووه‌م: ده‌مه‌وێ داكۆكی له‌وه‌ بكه‌م به‌ راستی پارتی حزبێكی ماركسیی نییه‌، مه‌به‌ستیشم له‌مه‌ ئه‌وه‌ نییه‌ چوونكه‌ ماركسییبوون تاوانه‌، بۆیه‌ هه‌وڵده‌ده‌م پارتی له‌و بۆته‌یه‌ بهێنمه‌ ده‌ره‌وه‌. نه‌خێر چه‌نده‌ ره‌وایه‌ حزبێكی ئیسلامی به‌ چه‌پ و ماركسی هه‌ژمار بكرێت، بۆ پارتیش هه‌مان شته‌. به‌هه‌رحاڵ كاك ئاسۆس هه‌ردی ماركسیزم وه‌ك دێوه‌زمه‌یه‌ك ده‌بینێت، خۆ ئه‌گه‌ر وا نه‌بووایه‌ هه‌رگیز ئاماده‌ نه‌بوو بیداته‌ پاڵ پارتی. خۆ ئه‌گه‌ر كاك ئاسۆس پارتی وه‌ك حزبێكی باڵی راست و نه‌ته‌وه‌یی پێ ماركسیی بێت، ئه‌ی ده‌بێت كاك نه‌وشیروان چۆن ببینێت كه‌ یه‌ك چاره‌گه‌ سه‌ده‌ شۆڕه‌سواری مه‌یدانه‌كه‌ بوو و ئاڵای ماركسیزمی نه‌ده‌دا به‌هیچ كه‌سی تر و ته‌نانه‌ت ئاماده‌بوو سه‌ری “ته‌حریفییه‌كان” پان بكاته‌وه‌؟.

ئه‌گه‌ر بێینه‌ سه‌ر وه‌ڵامه‌كه‌ی شه‌ماڵ عه‌لی بۆ ئاسۆس هه‌ردی، دیسانه‌وه‌ ئه‌ویش هه‌ڵگری هه‌مان ئیشكالیه‌تی نه‌فیكردنه‌وه‌ی به‌رامبه‌ره‌، زمانی وه‌ڵامدانه‌وه‌كه‌ له‌ به‌لاغی عه‌سكه‌ریی ده‌چێت تا وه‌ڵامێكی بابه‌تی، من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌م بۆچوونه‌كه‌ی ئاسۆس هه‌ردی بێڕه‌حمانه‌ بخرێته‌ ژێر نه‌شته‌ری ره‌خنه‌وه‌، به‌ڵام نابێت له‌ ره‌خنه‌ ته‌جاوز بكات و ببێته‌ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی شه‌خسیی و ده‌ستبردن بۆ مافه‌ تاكه‌كه‌سییه‌كانی ئه‌ویتر. من وا بیر ده‌كه‌مه‌وه‌، ئاسۆس هه‌ردی و شه‌ماڵ عه‌لی له‌ هه‌موو شتێكدا له‌گه‌ڵ یه‌كتر ناكۆك بن له‌وێدا به‌یه‌ك ده‌گه‌نه‌وه‌ كه‌ هه‌ردووكیان سه‌ر به‌ مه‌دره‌سه‌ی نه‌فیكردنی به‌رامبه‌رن. حزبی كۆمۆنیستی كرێكارییه‌كه‌ی شه‌ماڵ عه‌لی و كولتووره‌ سیاسییه‌كه‌ی ئاسۆس هه‌ردی كه‌ بریتییه‌ له‌ فكری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، وه‌ك دوو هێزی رادیكاڵ له‌وێدا به‌یه‌ك ده‌گه‌نه‌وه‌ كه‌ هه‌ردوولا باوه‌ڕیان به‌ چاره‌سه‌ری ریشه‌خوازیی و نه‌فیكردنه‌وه‌ی ئه‌ویتر هه‌یه‌ وه‌ك میكانیزمێك بۆ ئیسپاتكردنی بوونی چالاكانه‌ی خۆیان.

من پێم سه‌یره‌ ئه‌و جۆره‌ وه‌ڵام و شه‌ڕه‌ ده‌ندوكه‌ له‌نێوان باڵی راست و چه‌پی هێزه‌ رادیكاڵه‌كانی كوردستان بوونی هه‌بێت، چوونكه‌ هێنده‌ی ئه‌وان له‌یه‌كتر ده‌چن، هیچ هێزێكی تر نییه‌ به‌ چاره‌گی ئه‌وان وه‌ك یه‌ك بیر بكه‌نه‌وه‌، خۆ ئه‌گه‌ریش له‌ پوخته‌ترین ده‌ربڕیندا بۆچوونه‌كانم كورت بكه‌مه‌وه‌، ئه‌وه‌یه‌: هێنده‌ی بزووتنه‌وه‌ گۆڕانه‌كه‌ی دۆستی ئاسۆس هه‌ردی و حزبه‌كه‌ی كاك شه‌ماڵ له‌ نموونه‌ی حزبه‌ ستالینییه‌كانی سه‌رده‌می دونیای دوو جه‌مسه‌ریی ده‌چن، نیو هێنده‌ پارتی ته‌نانه‌ت یه‌كێتی ئه‌و سیما ستالینییه‌یان پێوه‌ دیار نییه‌. ئیتر ئه‌م هه‌رایه‌ بۆچی؟.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com