کوردایەتی لای من یەکێک لە کۆنەپەرستترین جوڵانەوە نەتەوییەکانە!!!
شەماڵ عەلی
………….
دۆشاوی مارکسیزم لە دیدەی شەماڵ عەلی یەوە
دکتۆر کارزان خانەقینی
بەشی یەکەم
زۆر سەیرە کە جارو بار سەفسەتە ئەکرێ بە فەلسەفەی ڕاستەقینە!.
هەرچەندە زۆر لە فەیلەسووفە ناودارەکان ئەوانەی لە بواری فەلسەفەی کۆمەڵایەتیدا دەستی باڵایان هەیە ئەکەونە نێو پەتی جاڵجالۆکەی بیرکردنەوەدا، بەڵام ئەو چەشنە سەفسەتەیە ناچێتە نێو ڕووباری قازانجی میللەتێکی تر جگە لەوەی کە ئەو فەیلەسوفە پەیوەندی پێ وە هەیە، ڕەنگە سەیر بێت کە هەندێک لەوانە میللەتی خۆیان ئەخەنە بەر ڕەخنەوە بۆ قازانجی دووا ڕۆژیان بەڵام ناچێتە دەرەوەی سوودمەندی ئەو میللەتە، بە پێچەوانەی کورد!! ناڵێم هەموو بەڵام گەر پوختەیەکی ڕۆشنبیر ئەوانەی ئێستا خۆیان بە فەیلەسۆفی ئەم چەرخە زانیوە بەم شیوەیە بدوێن!!! ئەوە خۆی لەخۆیدا شیرپەنجەیەکی کوشندەیە لە نێو جەرگەی ئەم میللەتەدا.
لە دیدەی مارکسیزم بە هیچ شیوەیەک نەتەوە ناسین و بەڵکو پەرەستنیش بە و شێوەیە باس نەکراوە کە ئەمرۆ هەندێ کەس باسی ئەکات. مارکسیزم هەمیشە باس لە مافی گەلانی کردووە ئەگینا نەی ئەتوانی ئەوەندە بەردەوام بێت ، ئەگەروا نەبوایە هەرگیز نەی ئەتوانی ئەو هێزە پەیدا کات، کە واتە بە هیچ شێوەیەک مارکسیزم خۆیی نەداوە لە قەرەی دوژمنایەتی کردنی هیچ گەلێک.
گرنگە لێرە بابەتێک باس کەین کە مارکسیزم دژ بە بەکارهێنانی ئایینە بۆ بەڕێوەبردنی ژیانی گەلان نەک دژ بە خودی ئایینەکە، جا دەتوانین بڵێین کە ئەوەی خۆی بە مارکسیست داناوە ئەبێت بڕوای هەبێت بە سەرخۆبوونی گەلان با لە نێو چوارچێوەی دەوڵەتێکیشدا بێت!.
بۆ نموونە لە یەکێتی سۆڤێت بە سەدەها میللەتی جۆراو جۆر هەبوو ، لەوانە تەتار و لاز و ئۆزبەک و گۆرج و تورکمان و تاجیک و کورد و سلاڤ و هتد،،.بەڵام هەر هەموویان لەژێر سایەی یەک دەوڵەتی عیلمانیدا ژیانیان بە ڕێوە دەچوو ،بەڵام کە پرسیارت کردبا لە ئەسڵ و فەسڵی هەرکەسێک، یەک سەر ئەی وت یان تەتارە یان لازە یان ئازەرە، ئەمەش خۆی لە خۆی دا فاکتێکە بۆ ئەوەی لەرێگایدا بسەلمێنین کە مارکسیزم هیچ کاتێک دژ بە هیچ میللەتێک نەبوو.
ئەمڕۆ مشت و مڕ لەسەر ئەوە هەیە کە گوایە داوا کردنی کورد بوون وەکوو ئینتیمائێک پیسترین شێوەو کۆنە پەرەست ترین شیوەی نەتەوایەتی یە!!! زۆر سەیرە ئەمەش ئەکەوێتە قاڵبێکی (double stander) ی نەک کارێکتەری بەڵکو مێشکی.
شایەنی زانینە کە نەتەوایەتی یەکێکە لە بابەتە هەرە گرنگەکان کە سەدو پەنجا ساڵە بیری مارکسیستەکانی جەنجاڵ کردووە ،مارکس ،ئەنگلس بە خەستی و دوور و درێژی باس لەو بابەتەیان کردووە، بە تایبەت لە شۆڕشەکانی ١٨٤٨ کە هەموو ئۆرۆپای گرتەوە و زۆر بایەخیان دا بە بابەتی پەیوەندی نێوان گەلان و سەرهەڵدانەکانی بە شۆڕشی کۆمەڵایەتی. هەر وەها خەباتی گەلی ئێرلاندا و پۆلاندا.
بایەخ دان و گفت و گۆ لە سەر ئەم بابەتە گەیشتە ڕادەیەکی زۆر گەرم لە نێوان مارکسیستەکان لە ئۆرۆپای ناوەڕاست ئۆرۆپای ڕۆژ هەڵات لە سەرەتای چەرخی بیستەمدا و ئەوانەی کە بەشداری یان کرد لەم گفت و گۆیانەدا: کاوتسکی ئەڵمانی و بنکێکی هۆڵەندی و کاڕڵ ڕێنەر وئۆتۆ باوەری نەمساوی و ڕۆزا لۆکسمبۆرگی پۆڵەندی و لینین ڕووسی و شتالینی جۆرجی. لە هەمووی گرنگتر بە پێی قوولایی فیکری و گرنگی مێژوویدا ئەو ململانی یەی نێوان لینین و ڕۆزا لۆکسمبۆرگ لە نیوان١٩٠٨-١٩٠٩.
کە دوای شەری جیهانی دووەم دا دووبارە بابەتی نەتەوەیی سەری هەڵدایەوە تا گەیشتە لووتکە لە بیری مارکسی دا، هۆی ئەوەش ئەگەڕایەوە بۆ کاریگەری سەرهەڵدانی جموجۆڵی بزووتنەوەی رزگاریخوازی نەتەوەیی و ئەو سەرکەوتنە گەورانەی کە کە دژ بە ئیمپریالیزم بەدەستیان کەوت. جا لەبەر ئەوە زۆر قۆتابخانەی جیاواز سەری هەڵدا بۆ ئەو مەبەستە وبۆچوونی لینینی ئەوەندەی تر گەورەو قووڵتر بووەوە کە لەسەرەتای چەرخی بیستەم باسی کرد.
ئەتوانین هەندێک لەو قۆتابخانانە بناسرینین: وەکوو قۆتابخانەی پیشکەوتنی سەرمایەداری سۆڤیەتی و قۆتابخانەی ماوی و قۆتابخانەی (تەبەعیە) لە ئەمەریکای لاتین.
لە بەر کاریگەری ئەو قۆتابخانانە چەند قۆتابخانەیەکی نەتەوەیی تر سەریان هەڵدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: سەمیر ئەمین و مەهدی عامل و ئەلیاس مەرقس لە چەپی شیۆعی، مونیف ڕەزازو یاسین ئەلحافز لە لایەنی بەعسەوە.
لە کۆتایی چەرخی بەستەمدا دوبارە بۆچوونی ڕۆزا لۆکسمبۆرگ زیندوو بووەوە بەڵام ئەم جارە بەشە شۆڕشگێڕیەکەی لێ ی دوور خرایەوە لە لایەن مارکسیستە ئینگلیزەکان وەکوو: بڵ وارن و ئەریک هۆبزیۆم و تۆم نێرن.
بە بڕوای من ئەم لایەنانە کاریگەرییەکی سیلبی یان هەبوو لەسەر ڕۆڵی چەپ لە نێو جموجۆڵی نەتەوایەتیدا. ئەمەش دەرگایەکی گەورەی واڵا کرد بۆ تەیارە سەلەفی و ئسووڵی یەکان ئەوانەی کە دەرگایان لێ داخرا بوو نەک تەنها دزە بکەنە نێویانەوە بەڵکوو ببنە بەشێک لێیان.
ئەگەر بەراوەردێک بکەین لە نێوان ئەو کاتەو ئەمڕۆدا، ئەبینین زۆر لەو چەشنە کەسایەتیانە ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی کوردیدا هەمان ڕۆڵ ئەبینن، کە لە ڕاستیدا هیچیان کەم نین لە نە لە چەشن نە لە بیر کردنەوە نەش لە گێلی، لە هەوڵدان بۆ دژایەتیکردن یان هەوڵدان بۆ دوورخستنی گەلی کورد لە ڕێ ی ئازادی و سەربەخۆیی و مافی بوون بە دەوڵەت.
تیۆری مارکسیزم تیۆرێکی مێژویانەیە، جا لەبەر ئەوە بروای نییە بە (موتلەق وناوەڕۆک) کە نەگۆڕ بێت، لای ئەم هەموو شتێک ئەگۆڕێت و دروستیش ئەبێتەوە، ئەمەش لەسەر نەتەوە و گەل هەمان شتە. لەبەر ئەوە لەسەریەتی کە وەڵامی ئەم پرسیارانە بداتەوە بە وەڵامێکی دروست: چۆن کۆمەڵگا کۆمەڵایەتی یە مێژوییەکان دروست ئەبن کە ناومان لی ناوە نەتەوە؟ ئایا هەموویان بە یەک جۆر دروست ئەبن؟ چۆن گەشە ئەکەن یەک داگیر ئەکەن و دوا ئەکەون یان تێک ئەچن نامێنن؟. چۆن نەتەوەکان زیندوو ئەبنەوە دووبارە و چۆن یەکیتی خۆیان ئەپارێزن؟.
ململانی نەتەوەیی ڕەگەزی و جمووجۆڵی ئازادی نەتەوەیی چۆنە؟. پەیوەندی لەگەڵ ململانی چینایەتی و چینە کۆمەلایەتی یەکان چین؟ پەیوەندی نێوان رەگەز بە ئومەمیەتی کرێکاری چی یە؟. ئایا ئەتوانین بڵێین کە ململانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی نەتەوەیی دژ بە ئیمپریالیست جۆرێکە لە جۆرەکانی ململانی چینایەتی؟. ئایا مانای جینۆسایدی نەتەوەیی چی یە؟. مەبەست لەوە چی یە و چۆنە ونیازی چی یە؟. ئەم هەموو پرسیارانە کە مارکسی یەکان بایەخیان پێ داوە و بە پێ ی تیۆرەکەیان و بە پێ ی تێکەڵ بوونیان لەگەڵ مێژووی کۆمەڵایەتیدا.
لینین گۆرانێکی بنەڕەتی دروست کرد لە بۆچوونی مارکسی بەرامبەر بە بابەتی نەتەوەیی ، چۆنکە دەرکی بە مەسەلەی سەرمایەداری کرد کە تەنها بە کارهێناننی شێوەی کلاسیکی نی یە کە مارکس لە کتێبی سەرمایەدا باسی کردبوو، دەوڵەتی سەرمایەداری مەرکەزی هەوڵ ئەدات هەمیشە سەرکوتی گەلە بێ تواناکان بکات لەبەر ئەوەی دەست بگرێت بە سەر بازاری جیهانیدا،کە شانۆیەکی راستەقینەیە بۆ چالاکیە کانی ، هەروەها وەدەست هێنانی قازانجی زۆر لە ڕێگای بە کارهێنانی هێز و چەک و سوپاوە، جا ئەمە هەڵبەتە ئەبێتە هۆی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی نەتەوەیی، بۆ بەرگریکردن دژ بە دزی و زۆرە ملی و بۆ دووبارە دروستکردنی کۆمەڵگای نەتەوەیی، لەسەر بنەمایەک کە ژێرخانی گەل بپارێزێت بۆ بە کار هێنانی لە خزمەتی خودی گەلدا.
جا لەمەوە لینین زانی کە ململانی نەتەوەیی خۆی لە ناوەڕۆکدا ململانیەک چینایەتییە پێک هاتووە لە یەکگرتوویەکی چینایەتی دژ بە چینی سەرمایەداری ئیمپریالی دەسەڵاتدار، هەروەها دەرکیکرد کە ململانی نەتەوەیی ئازادیخواز تەواوکەری ململانێی کرێکاری کلاسیکی و ئەو بزووتنەوەیانە بەرگریکەری سەرەکیان لە کرێکارانی ناوەندی سەرمایەداری، بە هۆی ئەمەوە لینین توانی پەیوەندی یەکی جەدەلی لە نێوان بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی و ئومەمیەتی کرێکاری بدۆزێتەوە.
لیرە بە باشی ئەزانم کە هەندێک باس لە بیرکردنەوەی کەسانێک بکەم ئەمڕۆ خۆیان بە فەیلەسووفی ئەم چەرخە ئەزانن و هەزار و یەک بوختان بە نەتەوەی کوردا هەڵئەواسن و، شووتی بە ناو ( مارکسیزمی )لێ دەدەن بۆ ئەوەی پێ یان بووترێت ڕۆشنبیر، کەوتوونەتە گێژاوی دژایەتی نەتەوەی کورد و فیتفیتەی تواناو هێزی زمان لێ ئەدەن تاکوو خەڵک بە چاوێکی ڕێزەوە سەیریان بکات. بەڵام بە داخەوە، ئەمانە تەنها ئازایەتی و هێزی بازوو ودژ بە گەلەکەیان پشان ئەدەن. ئەگینا چۆن ئەبێت کەسێک بە مافی سەرکەوتنی میللەتکەی خۆی بڵێت ( کوردایەتی یەکێک لە پیسترین جۆری نەتەوایەتی یە).
ئاخر چی ئازایەتی یەک و چی جۆرە ڕۆشنفکرییەک قبووڵی ئەو مەنتیقە ئەکات؟.
من نازانم ناوی لێ بنێم چی!!
گێلی؟ ساوێلکەیی؟.
نەزان؟.
دۆژمن پەرەست؟.
یان خۆ نەناس؟ وا بزانم ئەمەیان راست ترە چونکە فەیلەسووفەکان ئەڵین ٩ ئەوەی خۆی نەناسێت ناتوانێت کەسێکی تر بناسێت).
بەشی دووەم ( ساوێلکەیی لە بیرکردنەوەدا) چاوەڕوان بن.