چەتۆ حەوێزی : جیابوونەوەی هەندێ لەبرادەران زیانێكی گەورەی لەیەكێـتی دا، بەڵام زیانی گەورەی لەگەلەكەمان نەدا

0

چەتۆ حەوێزی ئەندامی پێشووی سەركردایەتی یەكێتی:

جیابوونەوەی هەندێ لەبرادەران زیانێكی گەورەی لەیەكێـتی دا، بەڵام زیانی گەورەی لەگەلەكەمان نەدا

رزگار رەزا چوچانی ــ سوید

نوچەنێت: گۆڤاری سڤیل

“من خەڵكی شاری كۆیەم، ساڵی1951 لەدایك بووم، سەرەتای كاركردنی سیاسیم لەساڵی 1964دەستپێدەكات، بەبەردەوامی لەگەل باڵی مەكتەبی سیاسی ئەو سەردەمە بووم، بێ دابڕان، بە زۆر هەوراز و نشێو تێپەڕمكردوە، ئەوەش وای كردووە لەسەرەتای دروستبوونی یەكێتی ئاگاداری هەندێ كار و جموجۆڵەكان بم، لەناو ریزی شۆرشیش زۆر پۆستم بڕی، تا پلەی ئەندامی سەركردایەتی، وەكو رێكخستنیش لەریزەكانی یەكێتی شۆرشگێرانی كوردستان بووم، یەكێك بووم لەدەستەی دامەزرێنەرانی یەكێتی شۆرشگێران”. چەتۆ حەوێزی ئاوا پێناسەی خۆی كرد، لەم دیمانەیەدا وەڵامی چەند پرسیارێكی سڤیل دەداتەوە.
سڤیل: یەكێتی شۆڕشگێڕان لەخەتی گشتی و بزوتنەوەی سۆسیالست پێك هات، تۆ لەكام بەرەیان بووی؟ بۆچی ئەو كات كۆمەڵێك لەكادرانی سۆسیالست جیابوونەوە؟.

لە راستەوە...فەرەنسو هەریری. چەتۆ حەوێزی. کۆسرەت رەسوڵ. مەسعود بارزانی.نەوشیروان مستەفا. شێخ عەلی. فازل میرانی. ملازم عومەر. شێخ عەبدولکەریم

چەتۆ حەوێزی: من لەبزوتنەوەبووم، جیابوونەوەی بزوتنەوە لەیەكێتی زۆر پێش دروستبوونی شۆڕشگێران بوو، بۆ جیابوونەوە گەلێ هۆ هەبوو، دەتوانن لەو برادەرانە بپرسن كە لەگەڵ جیابوونەوەكە بوون. ئێستاش رای جیا جیا هەیە لەسەر جیابوونەوەكە،‌ بەڵام زیاتر ناكۆكی ناوخۆ بوو، چونكە لەسەرەتاوە یەكێتی لەلایەن و تەوژم و خەڵكی فرە راو بۆچوون دروست بوو، ئەنجامی رووداوی هەكاری یەكێك بوو لەوانەی كاریگەری هەبوو، زۆریشی لەسەر نوسراوەو گوتراوە،‌ پێویست بە دوپاتكردنەوەی قسەكانی رابردوو ناكات، زۆر رووداوی تر روویان دا..
سڤیل: دوای ئەوەی دوو باڵ لەناو یەكێتی بەباڵی سەرەكی دادەنران، یەكێتی شۆڕشگێران و كۆمەڵە، هێشتا گرژیی و یەكتر نەخوێندنەوە بەردەوام بوو، هۆی چی بوو سەركردەكانی یەكێتی بەو شێوە تەعامولیان لەگەڵ یەك دەكرد، كە دیارترینیان كێشەی ئاڵای شۆڕش بوو؟.
چەتۆ حەوێزی: راستە لەسەر هەندێ مەسەلە رای جیا جیا هەبووە،‌ بەڵام لەسەر مەسەلە گشتیەكان كۆك بوون، دیارە تەرازووی هێزیش كاریگەری زۆری هەبووە لەمەیدانەكە،‌ بەڵام لەخۆبوردەی و خەمخۆری شۆڕشگێران و سوودوەرگرتن لەئەزمونی جیابوونەوەی ناو بزوتنەوەو هەستكردنی هەموو لایەك بەلێپرسراویەتی مێژویی و رۆڵی گرنگی مام جەلال و لەبەرچاو گرتنی بەرژەوەندی باڵای گەلەكەمان كاریگەری زۆری هەبوو لەسەر هاوخەباتی و بەیەكەوەژیان، لەو سەردەمەش مەبادیئ كاریگەرتربوو لەمەساڵح، بۆ مەسەلەی ئاڵای شۆرش لەناو حزبی ماركسیدا تێڕوانینی جیا هەیە بۆ هەموو مەسەلەكان، بەڵام لێرەش دەتوانین بڵێین میكانیزمی كاركردن كاریگەری هەبوو، من زیاتر رێگە بەخۆم نادەم لەسەر مەسەلەیەك بدوێم، كە خاوەنەكانی هەموو لەئارادان و لەهۆكار و كەلەبەرەكان شارەزاترن، هەر ئەوەندە دەڵێم هەموو پارچەپارچەبوون و لێكدابرانێك، زیانی هەبووەو ئاسەواری خراپ لەدوای خۆی جێدەهێڵێ.
سڤیل: بۆچی دوای ئەو هەموو بەرپرسیارەتیەی كە لەناو یەكێتی هەتان بووە، ئێستا وەك هاوڵاتیەك خۆت دەناسێنی؟ ئەسڵەن بۆچی لەكاری سیاسی لەناو یەكێتی دوور كەوتیتەوە؟.
چەتۆ حەوێزی: من لەدوای كۆنگرەی دووەمی ی.ن. ك. كاری حزبیم نەما، چومە حكومەت و پەرلەمان، دوای ئەوە خانەنشین كرام، هەرچەندە پێش كۆنگرەی سێ لەئەنجومەنی ناوەند بووم، ماوەیەكە دوای كۆنگرە هیچ كاری حزبی و حكومیم نیە،‌ ئەی هاووڵاتی نیم چیم؟ باوەڕم بە ئەلقاب و ئەوانە نیە تا بۆم بكرێ، قسەی چاك بۆ نەتەوەكەم دەكەم لەكاری حزبی دوور كەوتومەتەوە، بەڵام هەتاكەی؟ نازانم.
سڤیل: بۆ كێشەكانی ناوخۆی یەكێتی، وتت پێشتر مام جەلال رۆڵی بەرچاوی هەبوو لەڕاگرتنی هاوخەباتی، بەڵام دواجار هاوخەباتی نێوان باڵەكانی یەكێتی نەما، ئایا مام جەلال ئەو رۆڵەی نەما یان چی؟
چەتۆ حەوێزی: لەدوای كۆنگرەی یەكەوە،‌ شێوەی كاركردن گۆڕا، پێش ئەوە لەهەموو ئۆرگانەكان هەرلایەنە نوێنەری هەبوو، دوای كۆنگرە ئەوەنەما، هەموو بوو بە ئۆرگانی یەكێتی، بەڵام مام جەلال قورسایی خۆی زیاتر بوو نەك كەمتر، بەپێچەوانەوە ‌ئەركی قورستربوو. لەمەودای تەمەنی خەباتی دوورودرێژی هێزێكی گەورەی وەك یەكێتی، كە زۆر قۆناغی جیاجیای بەخۆوە دیوە، هەر لەخەباتی شاخ و پێشمەرگانەو سیاسیەوە تا خەباتی شاری جەماوەری و مەدەنیانەو وەرگرتنی دەسەڵات، ئەو ئەگەرەی ئەوەی لێ رەچاو دەكرێ، كە هەڵوێست و رای ناكۆك بەیەكی لێ بەدیار بكەوێ و هەندێ جار ببێتە هۆی دابڕان و ترازان لەیەكتری، هەندێ لەو برادەرانەی لەیەكێتی جیابوونەتەوە،‌ دەمێكە مشتومڕ و ناڕەزاییان هەبووە لەسەر مەسەلەگەلێكی كاركردن لەناو یەكێتی، لەزۆر جاریش دەریان بڕیوەو نەیان شاردۆتەوە تا ئەو رۆژەی بەباشیان زانی لەیەكێتی جیا ببنەوە، راستە ئەو جیابوونەوەیە زیانێكی گەورەی لەیەكێتیدا، بەڵام خۆشبەختانە نەگەیشتۆتە كاری توندوتیژیەكی وا زیانی گەورە لەگەلەكەمان بدا، جۆرێك لەجۆرەكانی كاركردنی مەدەنیانەی لەخۆ گرتوە، كە من ئومێد دەكەم ئاراستەكان زیاتر بەرەو ململانێی شارستانیانە بێت و بناغەكەی خزمەتكردنی زیاتری گەلەكەمان بێ و هەموو ئاڵوگۆڕیەك سندوقەكانی دەنگ دان لابەلای بكاتەوەو هەروەك جاران بەرژەوەندی گەل و نیشتمان لەسەرووی بەرژەوەندی حزبی و تاك دابنرێ.
سڤیل: وتت ئەو برادەرانە دەمێكە مشتومڕ و ناڕەزاییان هەبووە لەناو یەكێتی، یانی پێتوایە لەناو یەكێتی كەس گوێی لەسەرنج و ناڕەزاییەكانیان نەگرتووە، بۆیە جیا بوونەوە؟
چەتۆ حەوێزی: ئەو برادەرانەی جیابوونەتەوە،‌ لەمەركەزی بڕیار بوون، لەزۆر بڕیاری چارەنووسساز خاوەنی بڕیاردانەكە بوون، زیاتر مەبەستم ئەوەیە كە مەسەلەكە تازە نەبووە،‌ ئەی گەر هیچ كێشەیەك نەبوایە بۆ جیابوونەوە؟‌ خۆ لەشێوازی جیابوونەوەكە دیار بوو، كە پێشینەی هەبووە، پێویست بەدرێژە پێدان ناكا لەناو هیچ حزبێك نیە كە هەموو شت بەدڵی تۆ بێ، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە؟ ئەو كێشانە لەناو یەكێتی چارە دەكران یان نا، گەلێكمان دەڵێین بەڵێ ئەوان رایان وایە، نەخێر.
سڤیل: سەركردەكانی یەكێتی و گۆڕان زۆر كات قسەی پێچەوانەی یەكیان هەیە، بەڵام ئێوە لەقسەكانتدا دەتەوێ باڵانس رابگری، ئەمە رەچاوكردنی هاوخەباتیتە لەگەڵ هەردوو لا، یان چی تر؟
چەتۆ حەوێزی: هەر یەكێك شێوازی تایبەتی خۆی هەیە لەئاخاوتن، هەتا لەناو ئەو برادەرانەی كە باسیان دەكەی، چ لەناو یەكێتی، یا لەناو گۆڕان، هەریەكەیان بەشێوازی تایبەتی خۆیان قسە دەكەن و داكۆكی لە بیروبۆچوونی خۆیان و حزبەكەیان دەكەن، من ئەوە شێوازمە و هیچ بۆ بالانس راگرتن نییە، دژی بەكارهێنانی زوبانی زبرم، دژی مهاتەراتم، باوەڕم بە بیركردنەوەو رای ئازاد هەیە،‌ هەریەك ئازادە چ حزب و لایەنێك هەڵدەبژێرێ بۆخەباتكردن تێیدا، گرینگ لای من ئەوەیە لەخزمەتی كێشە رەوایەكەی نەتەوەكەمان و پرۆسەی سەقامگیركردنی دیموكراتیەت و بەرەو پێشبردنی كۆمەڵگاكەمان بێ، بەدڵنیاییەوە هاوخەباتی و مێژووی هاوبەشم لەگەڵ تاكەكانی هەردوولاش كاریگەری هەیە لەسەرم.
سڤیل: ئەگەر خۆت خانەنشین نەبویتایە، لەكام بەرە دەبووی یەكێتی یان بزووتنەوەی گۆڕان؟
چەتۆ حەوێزی: من ئێستاش هەر یەكێتیم، بۆنابێ هاووڵاتی بیروڕای لەگەڵ هیچ حزبێ هەبێ؟، هەردەبێ پۆست یان لێپرسراوەتی حزبی هەبێ؟ من گوتومە هاووڵاتیم، نەمگوتوە یەكێتی نیم، وەكو زۆر لەهەڤاڵانی ترم رای تایبەتی خۆشم هەیە.
سڤیل: كەوایە وەك یەكێتییەك وەك ئەوەی سەركردایەتی یەكێتی باسی دەكەن، پێتوایە بزوتنەوەی گۆران ناهەقیەكی لەحزبەكەت كردبێت؟ یان مافی خۆیانە؟
چەتۆ حەوێزی: من پێم باشتربوو هەرچی هەیان بوو لەناو ریزەكانی یەكێتی چارە بكرابایە، دیارە رای ئەوان وانەبوو، ئەوەی بوو بوو. رای خۆیانە من رێزی دەگرم. ئێستاش خاڵی هاوبەش لەنێوان گۆڕان و یەكێتی هەیە، دەكرێ لەبەر رۆشنایی ئەو خاڵانە زۆر كاری هاوبەش بكەن و جۆرێك لەپەیوەندی و هاوكاری لەنێوانیان دروستبكەن.
سڤیل: كامە خاڵی هاوبەشی نێوان یەكێتی و گۆڕانە؟ گوتت ئاساییە هاوخەباتیت لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان ڕەچاو بكەی، كەوایە وەكو خۆت چیت كردووە تاگرژی نێوانی هاوڕێكانت نەمێنێ لەهەردوو بەرە؟.
چەتۆ حەوێزی: من باسم لەهاوسەنگی نێوان یەكێتی و گۆڕان نەكردووە،‌ گوتومە مێژووی هاوبەشم لەگەڵ تاكەكانی هەردوولا كاریگەری لەسەر چۆنیەتی ئاخاوتنم هەیە،‌ من لەپاراستنی برایەتیم لەگەل هەڤاڵە دێرینەكانم پەشیمان نیم و پێشموایە ‌قازانجی هەیە نەك زیان، بۆئەوەی كە چیم كردووە ‌لەنێوان هەردوولا خۆمن هیچ پۆستم نیە تا بەرەسمی كار لەو نێوانەدا بكەم، هیچ لایەكیشیان رایان نەسپاردووم، ئەگەر لەگەڵ هەندێ لەهەڤاڵانی ترم قسەیەكی خێریشمان كردبێ لەبەپەرۆشی و دڵسۆزیمان بووە بۆبەرژەوەندی گەلەكەمان، هەردەم را و داوامان ئەوە بووە كە هەموو لایەك دوور كەوێتەوە لەتوندوتیژی، ئەو دانیشتنەی كە لەگەڵ بەڕێز مام جەلال ئەنجامماندا زۆر پێشنیار و رای باش لەبارەیەوە پێشكەش كرا و شاهیدی ئەو قسەیەشمە.
كاتی خۆی یەكێتی لە سێ باڵ پێك هاتبوو، هەریەكەیان لەئەنجامدانی كاری حزبی خۆی ئازاد بوو، لەگەڵ ئەوەش لەنێوان یەكتر لەسەر خاڵە هاوبەشەكان رێك كەوتبوون بۆخەباتكردن، لەچوارچێوەی یەكێتی، ئێستاش هەندێ خاڵی هاوبەشی نەتەوەیی كە مەسەلەكانیان چارە نەبووە،‌ لەگەڵ خاڵی تری شێوازی حوكمڕانی و كاركردن بۆ چاكسازی لەناو كۆمەڵگاكەمان بەنیازی بەرەو پێشبردنی هەیە،‌ لەو نێوانە دەتوانن رێك بن، با لەوبارەوەوە هەر یەكەشیان دیدی تایبەتی خۆی بپارێزی و ئازاد بێ لە بڵاوكردنەوەی بیروڕای، مەرج نیە ئەگەر لەسەر هەندێ مەسەلە مشتومڕ هەبوو، لەسەر هیچ شتێ رێكنەكەوی، كە كاریش گەیشتە ئاستی لێك نزیكبوونەوە،‌ خوردكردنەوە و دانانی میكانیزمی كاركردن ئاسانە.
سڤیل: دواتر ئێوە بە نزیكی كۆسرەت رەسوڵ دەبینران، تاچەند بڕوات بەوە هەیە كە كۆسرەت رەسوڵ پێگەكەی جارانی نەماوە لەناو یەكێتی؟
چەتۆ حەوێزی: راستە پەیوەندی من و كاك كۆسرەت دەگەڕێتەوە بۆ پێش یەكتر دیتنەوەمان لەناو یەكێتی و دواتریش بۆ كاركردنی بەیەكەوە،‌ لەمەڵبەندی چواری یەكێتی لەساڵی 1986 كە بەڕێزیان لێپرسراوی مەڵبەند بوون و منیش لەگەڵ كۆمەڵە هەڤاڵێك وەكو ئەندام مەڵبەند كارمان دەكرد، بە یەكەوە تاكو ئێستاش ئەو هەڤاڵەتیەو خۆشەویستیەی جارانمان بوونی ماوە، هەرئەوەیە نەك ئەوەی تری كە باوە لەناومان، من فەخر بەو هەندە برایەتیەوە ‌دەكەم، چونكە رێزی زۆری لەگەڵدایە،‌ كاك كۆسرەت پیاوێكی تێكۆشەر و خەباتگێڕ و فیداكارە،‌ لەزۆر كاتی چارەنووسسازدا بۆ یەكێتی جێدەستی دیارەو رۆڵی كاریگەری بووە،‌ جێگەو پێگەی تایبەتی خۆی هەیە، كە شیاوی ئەو هەموو ماندووبوون و فیداكاریەیەتی، هەر بۆیەش هەموو دەم راو بڕیارەكانی جێگەی رێزەو لەناو یەكێتی و كاری پێ دەكرێ.
سڤیل: بەڵام ڕایەك هەیە بەهۆی ئەوەی هەندێك لەنزیكەكانی كۆسرەت رەسوڵ چونە ناو بزوتنەوەی گۆڕان و هەندێكیشیان لەكۆنگرەی یەكێتی سەرنەكەوتن، ئێستا ئەوەی كە پێی دەوترا باڵی كاك كۆسرەت لاوازتر لەجارانە لەناو یەكێتی؟. ئەوانەشی لەكۆنگرە دەرنەچوون پێیان وابوو، لەكۆنگرە لیستی تایبەت و رێگری هەبووە؟
چەتۆ حەوێزی: كێن ئەوانە؟ بۆ لەكات و شوێنی خۆی نەیان دەگوت، زۆر قسەی تر كراوە دوای كۆنگرە هەر یەك بەجۆرێ، راستە لەبەر خۆ لێكگرێدان زۆر لەبرادەرانی شایستەو لێهاتوو دەرنەچون، بۆ بەتەنها لەسەر كاك كۆسرەتیان حساب دەكەن، بۆ لەسەر هەموو یەكێتی حسابیان ناكەن، خۆ هیچ كەس لەناو یەكێتی باڵ و مینبەری نییە، بیستوتە بەناوی هیچ كەس و باڵ و لایەن لەسەر مەسەلەیەك بەیانێك، راگەیاندنێك هەبێ، لەوانەیە كۆمەڵە برادەرێك زیاتر لەگەڵ یەك دەگونجێن لەئێستادا لەوانەیە سبەی بگۆڕێ، مانای وایە باڵ و مینبەر و شتی لەو جۆرە نییە، بۆ كاك كۆسرەت هەمووی یەكە، ئەوەی رۆیوەو ئەوەی ماوەتەوە، بۆیە من وەكو هەندێ خەڵكی تر سەیری مەسەلەكان ناكەم، وەكو خۆی سەیری دەكەم كە هەیە.
سڤیل: یانی لێرەوە دەڵێی لەناو یەكێتی شتێك نیە بەناوی باڵی كۆسرەت رەسوڵ؟
چەتۆ حەوێزی: من دەڵێم هەتا بەروون و ئاشكرا راو بۆچونی خۆیان دەرنەبڕن لەسەر مەسەلە جیاجیاكان باڵ و هێزنیە،‌ بەڵكو برادەرایەتی و گونجاوی و لێكنزیكی و بەرژەوەندی تایبەتی و كاتیە.
سڤیل: ئەگەر لێت بپرسین ئایندەی كێشەكان بەرەو كوێ دەبینی چارەسەر یان ئاڵۆزی زیاتر؟
چەتۆ حەوێزی: ئیمە ئاڵۆزی و گرژی و شەڕی ناوخۆمان تاقی كردۆتەوەو لەئازار و زیانەكانی دەگەین، بۆیەمن وای بۆدەچم بوبێتە ئەزمونێك بۆمان كە بیر لەم ریگەیە نەكەینەوە جاری مێزی گفتوگۆ لەگۆڕێیە،‌ بزانین ئەنجامی چی دەبێ، بۆهەر رووداوێك قسەی خۆمان دەبێت، هەردەم لەنێوان حكومەت و ئۆپۆزسیۆن مشتومڕ دەبێت بەبەردەوامی، هەندێجار توندیش دەبێ، گرنگ ئەوەیە كاری توندوتیژی لێ نەكەوتەوە.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com