خاوەنی سایتی نووچە نێت
سڵاوی شیرین
کاکە رزگار گیان وەك خۆت ئاگاداریت، لە ئەنجامی هێرشی ئەو کەسەی بە ناوی کۆمۆنیستی عەمەلەییەوە کردبوویە سەر بیری نەتەوەیی کوردیی پیرۆز، هاوبیران هەر یەکە و پڕبە پێستی خۆیان و زیاتریش قەوارەی ئەم گرووپەی خستە روو.
بێگومان لە سایتەکەی بەڕێزتەوە نەبێت، خۆیان سەدەها چاوگە بکەنەوە، چارەکێکی ئەمەی بەڕێزت خوێنەریان نیە، بۆیە ئەوندەی پێیان بکرێت ئەنووسن و بە فرسەتی ئەزانن، خۆت ئاگاداریت هەر هاوبیرێك کە بابەتێك ئەنووسێت دە ئەوەندەی باشترین نووسەری ئەوان خوێنەری هەیە، بەهۆی ئەم نووسەرە بەرێزانەوە، ئەوەتا کۆمێنتی نەخوێندەوارەکانیشیان بازاڕیان گەرمە. بێگومان ئێستاش خەڵکێکی زۆر لە کوردوستان هەر نازانێت ئەمانە چێن، جا حەز ئەکەم ئەوە بڵێم ئەگەر لەبەر حورمەتی سایتەکەی بەڕێزتان نەبێت، هەزارەها نووسین دژی نەتەوەیی بوون بنووسن، هەر گەڕەکەکەی خۆیان ئەیخوێننەوە، ئەویش هەموویان نا. جا بۆیە نووسینەکانیان بە هەند وەرناگرین و وەڵامیشیان نادەینەوە.
کاتی خۆیشی یەکێك لە مانە هەمان چەلەحانێی لەگەڵ کاك عومەر فارسی کوردوستان نێت کرد، ئەوێش یەکسەر هەرچی نووسینیان هەبوو لە سایتەکەی خۆیدا هەمووی لابرد.
من وای بە باش ئەزانم لەمەولا هەرچییەکیان هەیە تۆش بیسڕیتەوە، چونکە وەك سەرەتا وتم لە حەکایەتی مێش تێر نابن و سایتەکەی ئێوەش بایەخی تایبەتیی خۆی هەیە. ئەوەتا هەرچی رەشەبایەکیان لە دژ هەڵکات لەوان وایە بای دێت و نایسەلمێنن چونکە بە سەلماندنی راستییەکان کاریان کۆتایی دێت، لە کاتێکدا ئەمان بۆ ئایندەیەکی دوورتریش کۆك کراون.
هەزار جار بۆیان بسەلمێنیت، ئەمرۆ لە کوردوستاندا حیزبی نەتەوەیی نیە، ئەمان بە زۆر بەرگی نەتەوەیی بوون ئەکەنە بەریان، ئەو حیزبانەی ئەمان بە نەتەوەیی ئەزانن، هەموو کەس بۆی دەرکەوتووە کە نەتەوەیی نین، خۆشیان ناڵێن نەتەوەیین، کەچی ئەمان بە فەلسەفەی حەکایەتی مێش پێیان ئەڵێن هەر ئەبێت نەتەوەیی بن، زۆر ئاسایی یە ئێستا نەتەوەیی بوون شی بکەمەوە، کردویشمەتەوە، بەڵام ئەمان ئەرکەکەیان ئەوەیە بە ماست بڵێن رەشە، کە وتیان سپییە ئیتر ئەبێت بارگە و بنەیان بپێچنەوە و( مانگا مرد و دۆ بڕا).
ئەگینا زۆر دەمێکە هەندێك بڵاوکراوەیانم لایە، داوای هەڵتەکاندنی خێزان و بەرەو هەڵدێر بردنی کۆمەڵگا ئەکەن. مایکاڤیلییەتی ئەمانە گەشتۆتە ئاستێك بە ریفڕاندومی درۆ بۆ سەربەخۆیی کوردستان ئەیانەوێت کەسانی نەتەوەیی
بەرە و ریزەکانیان بەرن، ئەوە دە ساڵە ئەڵێن ریفراندۆم، دە فەرموو دەست پێ بکەن، بزانم ئەم هێلکەیە چۆن ئەتروکێنن.
کۆمۆنیست داوای سەربەخۆیی بۆ کوردوستان بکات وەك ئەوە وایە، رۆژ بە پێچەوانەوە هەڵبێت و ئاوا بێت.
بڕوا بکە سایتەکەت لە بارستایی دێتە خوارەوە لە بەر ئەوە بژاری بکە و چی گیاکەڵەیە لە بێخەوە هەڵکێشە.
لەگەڵ رێزم.
حەمەڕەشید هەرەس
وەڵامی نوچەنێت.لەگەڵ سوپاسمان بۆ مامۆستا حەمەرەشید هەرەس، وەک وەڵام بۆ بەڕێزیان و سەرەنجەکانمان لەبارەی ئەو پرسەوە، نوچەنێت رونکاری خۆی ئامادە کردووەو لەم نزیکانە بڵاوی دەکاتەوە