هەشتا وهەشت ساڵە کورد، لە پەیمانی لۆزان تێنەپەڕیوە
کورد بە درێژایی مێژوو سیاسەتی نەکردووە، هەمیشە پاشکۆ و تەواوکەری ئەو هێزانە بوون کە لە رووخانی مادەکانەوە کوردوستانیان داگیرکردووە و دابەشیان کردووە
حەمەڕەشید هەرس
(هەر نەتەوەیەك رابوردوو لە بیرکات، پاشەڕۆژیش ئەدۆڕێنێت) ئەمە قسەی وینستۆن تشەرشلە کە سەرۆك وەزیرانی بەریتانیابوو لە کاتی جەنگی جیهانی دووەمدا. کەواتە ئەو نەتەوەیەی رابوردووی بیر نەمێنێت، هەمان هەڵەکانی رابوردووی دووبارە و سەد بارە ئەکاتەوە.
ئەمرۆ ٢٤ ی ئەم مانگە هەشتا و هەشت ساڵ بە سەر پەیمانی لۆزان دا تێپەر ئەبێت. بێگومان هەموو کوردێك ئەزانێت ئەو پەیمانە چۆن گرێ دراو، چۆن پەیمانی سیڤەر کە لە بڕگەی ٦٢، ٦٣ دا باس لە سەربەخۆیی و بوونی دەوڵەتێکی کوردی ئەکات، بەم پەیمانی لۆزانە زیندەبەچاڵ کرا.
من پێم وایە پەیمانی سیڤەر لە سیاسەتێکی کاتی زیاتر هیچی تر نەبووە، ئەویش بۆ ترساندنی تورکە کەمالییەکانی ئەو سەردەمە پیادە کراوە، بۆ ئەوەی ناچاریان بکەن دەستبەرداری ویلایەتی موسڵ بن. ئەوەبوو کاری خۆی کرد و سەریان بۆ بڕیارەکانی فەرەنسا و ئینگلیز نەوی کرد، کە شەش ساڵ پێش ئەوە لە پەیمانی سایکس بیکۆدا ئەو دابەش بوونەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست وەک ئەم نەخشەیەی ئێستا بڕابووەوە. لەوەش بەولاوە ئەگەر چەند مانگێک بگەڕێینەوە بۆ پێش سایکس بیکۆ و باس لە پەیمانی پترۆسبیرگ بکەین کە لە نێوان روسیا و ئینگلیز و فەرەنسادا مۆرکرا ئەو کاتە هیچ ئەژمارێك بۆ تورکیا نەکرابوو کەوەك ئێستا بمێنێتەوە. بە پێی پەیمانی پترۆسبێرگ هەموو تورکیا دابەش کرابوو، لە رۆژهەڵاتەوە درابوو بە روسیا و ئەوی تریشی لە نێوان ئینگلیز و فەرەنسادا مابۆوە، تا گرێدانی پەیمانی سایکس بیکۆ.
ئا لێرەدا رۆڵی سیاسەت و هێز هەر هەموو هاوکێشەکانی سەروبن کرد. بێگومان بە هەڵکشانی یەکێکی وەك کەمال ئەتاتورك و بوونی بە گەورەترین فەرماندەی سوپایی و، لەهەمان کاتیشا سیاسییەکی بێ وێنە و لێزانترین تەڵەکەبازی ئەو کاتە لە هەڵخەڵەتاندنی روسیا و هاوپەیمانەکان لە دەرەوە و کورد لە ناوەوە، توانی ئەم تورکیای پاشماوەی عوسمانییە بە پێوە رابگرێت و بەم شێوەیەی ئێستا بمێنێتەوە.
کەمال ئەتاتورك بە سەرکەوتن بەسەر یۆناندا ( کە ئەیویست ئەستنبوڵ و ئەزمیر بخاتەوە سەر وڵاتەکەی) و دەرپەڕاندنی، ئەوە کێشەی گەرمی کۆنگرەی لۆزان بوو، باسکردنی کێشەی کورد لەو کۆنگرەیەدا ئەگەڕێتەوە بۆ هەوڵ و کۆششی جەنەراڵ شەریف پاشای خەندان، کە وەك سیاسەتمەدارێکی ئەو کاتە توانی ببێتە جێگای مەترسی بۆ تورکە کەمالییەکان و لە هەوڵی سەرنەکەوتنی شەریف پاشادا بۆ هێنانەدی دەوڵەتێکی کوردیی، کەمالیستەکان بە هەموو توانایانەوە بەرەنگاری بوونەوە.
بەرامبەر هەوڵەکانی شەریف پاشا کەمالیستەکان چەند کوردێکی خۆفرۆشی وەك عیسمەت ئینۆنۆ و، ساوێلکەی وەك زیاب ئاغا و حەسەن خەیرییان هێنایە ئاراوە و بروسکە و نامەیان بۆ لۆزان ئەنارد و ئەیان وت: ئێمە لە دەوڵەتی تورکدا بە برایەتی ئەژین و جیابوونەوەمان ناوێت. ئاوا رەنجە پیرۆزەکەی شەریف پاشای خەندانیان بە با دا.
لە لایەکی تریشەوە کەمال ئەتاتورك، لینینیشی هەڵخەڵەتاندبوو بەوەی بزووتنەوەی پانتورکیزمی وەك حیزبێکی سۆشیالیست و بزووتنەوەی کوردیشی وەك ئاغا و دەرەبەگ لە قەڵەمدا بوو، لای هاوپەیمانانیش کوردی کردبوو بە مەترسی کە دەستیان لەگەڵ لینین تێکەڵ کردووە بۆ داگیر کردنی وڵاتەکەی. هەر لە نێوان ساڵەکانی سایکس بیکۆ و کۆنگرەی لۆزاندا کەمال ئەتاتورك توانی بە چاووڕاوێکی سیاسیانەی بێ وێنە کورد و ئەرمەن و یۆنانییەکانیش پەراوێز بخات و هەرچی بڕیارێکی دژ بە تورکیا بوو هەڵیوەشانەوە.
ئەوەی لەسەرەوە باسم کرد کورتەیەکی ئەو هەلومەرجە بوو کە پەیمانی لۆزانی تێدا مۆرکرا و زوو بە زووش جێبەجێ کرا، بە پێچەوانەی پەیمانی سیڤەرەوە کە لە ماوەی سێ ساڵدا یەك هەنگاوی بەرەو جێبەجێ کردن نەنا، بۆیە ئەڵێم: لە سیاسەتێکی کاتیی هیچی تر نەبوو و دڵی پێ خۆش نەدەکرا.
ئەوە هەشتا و هەشت ساڵ بەسەر پەیمانی لۆزانا تێپەڕی و، هەر کوردێك بدوێنیت زوخاو لە دڵی ئەتکێت بۆ لە دەستدانی مافی کورد. بەڵام ئەگەر ئێمە بمانەوێت سوود لە رابوردوومان وەرگرین ئەبێت ئەژمار بۆ زۆر لە پێشتر بکەین. هەر لە دوای مادەکانەوە ئێمە نین و هەبوونمان نیە، کورد بە درێژایی مێژوو سیاسەتی نەکردووە، هەمیشە پاشکۆ و تەواوکەری ئەو هێزانە بوون کە لە رووخانی مادەکانەوە کوردوستانیان داگیرکردووە و دابەشیان کردووە.
ئەم پاشاگەردانییەی کورد ئەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی ویست و پێداگرتن لە پێناوی بێگانەی داگیرکەردا، هەر لە هێرشی جاهیلییەوە، تا شەڕی مەزهەبەکان و شەڕی شۆڤێنییەکانی چوار دەور و تا ئەوەی ئەمڕۆش کە رۆژانە بە چاوی خۆمان ئەیبینین هەر هەمووی کوردی تێدا پاشکۆیە.
ئەگینا دابەشبوونی کورد بە تەنیا لە ئەنجامی پەیمانی لۆزان نەبوو، دابەشبوونی پشتشکێنی کورد یەکەمجار لە شەری چاڵدێرانەوە بوو، کە لە نێوان سوڵتان سەلیمی عوسمانی و شا ئیسماعیلی یەکەمی سەفەوی لە ٢٣ی ئۆگەستی ساڵی ١٥١٤ روویدا ئەو کاتەی کورد بووە پاشکۆی سونە مەزهەبەکانی تورك دژی سەفەوییە شیعەکان جەنگان و ئەو بەشە گەورەیەیان لە کوردستان کردەوە و خرایە سەر دەوڵەتی عوسمانی، ئەویش بە فیتی مەلا ئیدریسی بەتلیسی. کوردیان ئەبردە ناو شەڕەکەوە و دوای سەرکەوتنیان ئینجا بیگانە بە خۆیان چارەنووسیانی دەستنیشان ئەکرد و قوڕەکەیان بۆ خەست ئەکردنەوە. ئەوان لەژێر ناوی مەزهەبا شەڕی پانتورکیزم و پان ئێرانیزمیان ئەکرد کوردیش بەهەشتی بۆ خۆی مسۆگەر ئەکرد!!!!!!!
ئێستاش هەر هەمان شانۆگەرییە، هەرچی ئیسلامی سیاسی کوردە یەك تاکە حیزبیان نیە هەڵقوڵاوی ویست و پێداگرتنی کورد بێت، هەر هەمووی یان قاعیدەکەی ئوسامە بن لادنن، یان پاشکۆی جەماعەتی حەسەن بەننان، یان دەروێشەکانی حیزبەکەی سەید قوتب و کێ و کێن. مەبەستم لەوەیە ئەو کاتە کورد چۆن بەهۆی مەزهەب و ئەم میر و ئەو ئاغا ئەو شێخەوە، هەرگیز یەك نەبوون هەمیشە دابڕ بوون ئێستاش هەروایە. ئەگینا ئەی چۆن هەموو تورکیا بۆ کەمال ئەتاتورك تەخت بوو، بە هەوەسی خۆی تورکیای بۆ رزگاری ڕا ئەدا و هەر هەموو تورکیش پشتیان گرت، نە تورکی ئیسلام دژی بوون نە تورکە چەپەکان و نە هیچ چین و توێژێکی نەتەوەکەی، هەر هەموو پشتیان گرت و ئێستاشی لەسەر بێت هەر لە سەر رێبازی شۆڤێنانەی ئەو ئەڕۆن بە ڕێوە، ئیتر بە چەپ و راستەوە لە پێناوی پانتورکیزما رەگەزپەرستیی بڵاو ئەکەنەوە و پیادەی ئەکەن. ئێمەش هەرچی نەتەوەیی هەیە مێشکی لە گیزە گیزی دژە کورد چووە، کە بەرگری لە مانەوەی خۆمان ئەکەین و خاکی کەسمان داگیر نەکردووە و کلتووری کەسیشمان قەدەغە نەکردووە. کەچی ئێستاش کوردی وا هەیە لە پێناوی فەتوای عەرەبێکدا ئامادەیە لایەك لە کورد سەربڕێت، یان لە پێناوی دوژمنێکی بێگانەی چەپا مێژووی کورد و کوردوستان بکاتە قوربانیی بۆ مێژووی ئەوی رەگەزبەرست.
ماوەتەوە ئەوەی بڵێم: لەم بۆنە دژوارەی میژووی کوردا، هەزاران دروود بۆ گیانی پاکی جەنەراڵ شەریف پاشای خەندان، کە لە پێناوی نەتەوەکەیدا سەر و ماڵی کردە قوربانی و بۆ ئەو مەبەستە پیرۆزە هەرچی پلە وپایە و سامان هەبوو خستییە ژێر پێیەوە و، لەو رێیەدا وەك ئەڵێن بە هەژاری سەری نایەوە.
ئەوەش بەسە بۆ پەند و وانە وەرگرتن، کە یەکێکی وەك حەسەن خەیریش لە پاش ئەوەی وەك نوێنەرێکی کورد لە پەڕلەمانی تورکیا ناپاکی بە نەتەوەکەی کرد و بەجلی کوردییەوە داوای لێکرا قسە بۆ ئاژانسەکان بکات، کە کورد دەوڵەتی ناوێت و بۆ ئەو مەبەستەش بروسکەی بۆ لۆزان نارد. دوای ئەوە لەسەر پۆشینی جلی کوردی لە پەڕلەمانی تورك، دادگایی کراو فەرمانی لە قەنارەدانی بۆ دەرچوو. پێش لە قەنارەدانی پێیان وت دوا داوات چییە؟ ئەویش وتی: داوام ئەوەیە گۆڕەکەم لەسەرەڕێی کوردەکان بێت بۆ ئەوەی هەر کەس تێپەڕی تفێك بکاتە سەر گۆڕەکەم. چونکە ناپاکیم بەرامبەر نەتەوەکەم کرد.
وەك خۆی وتی گۆڕەکەیان لەسەر رێی خەڵکەکە دانا. کابرایەکی کوردی دیاربەکر بۆی گێڕامەوە کە گۆڕەکەی تفی لەسەر وشك نەدەبووەوە بیستوچوار سەعاتە هەر تف تەڕی ئەکردەوە. هەتا لە دواییدا کە دەوڵەتی تورك زانی ئەو گۆڕە ئەبێتە دروشمێك بۆ ناپاك و لە هەمان کاتا ئەبێتە پەندێك کە کەس چاوی لێ نەکات، دیسانەوە گۆڕەکەیان هەڵکەندەوە و لە دووری ئاوەدانی ناشتیانەوە.
شایانی باسە نووسەری ئەم دێڕانە بابەتێکی درێژی لەسەر حەسەن خەیری نووسی، تایتڵی نووسینەکەم هەر هاوارەکەی حەسەن خەیری خۆی بوو کە پەتەکە ئەکەنە ملی هاوار ئەکات و ئەڵێت( هۆۆۆ شێخ سەعید، کەر حەسەنیش بوو بە شەهید).