له یادی په‌یمانی لۆزان دا
بارودۆخ له باره بۆ سه‌ر له نوێ داڕشتنه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی ناوچه‌كه و گۆڕانكاری و هه‌نگاوه‌كان به‌و ئاراسته‌یه‌ن، به‌ڵام ئایا سیاسه‌تمه‌دارانی كوردستان ئاماده‌ن بۆ ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان؟.
كه‌ریم چۆلی
ڕۆژی 24/7/2011 هه‌شتا شاڵ به‌سه‌ر په‌یمانی (لۆزان)دا تێپه‌ڕی، كه له دوایی په‌یمانه‌كانی (سایكس ــ بیكۆ 1916) و به‌رنامه‌ی سه‌رۆك (ولسن) سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ ئاشتی له ساڵی 1918 و په‌یمانی (سیڤه‌ر) له ساڵی 1920ئیمزاكرا و به‌رنامه‌ی پێكهێنانی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ر به‌خۆی بۆ كورد كه له ناو په‌یمانی سیڤه‌ردا هه‌بوو له‌ناوبرد.
له مێژووی هاوچه‌رخی كورد دا گه‌لێك په‌یمان بۆ دژایه‌تی كردنی كورد له نێوان داگیركه‌رانی كوردستان و وڵاته زلهێزه‌كاندا به‌ستراون و زۆربه‌ی جاریش كورد كراوه به قوربانی، له په‌یمانی (سایكس ــ بیكۆ) دا كه له نێوان (فره‌نسا و به‌ریتانیا و ڕوسیای قه‌سری)دا به‌سترا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی روسیا (سازانۆف) له نامه‌یه‌كدا بۆ بالیۆزی فره‌نسا له (پترۆگراد) كه له مانگی نیسانی ساڵی 1916 ناردوویه‌تی، به ئاشكرا باسی ئه‌وه ده‌كات كه ڕوسیا خوازیاره ده‌ست به‌سه‌ر به‌شێكی گرنگی كوردستاندا بگرێت.
به‌ڵام به پێی به‌رنامه‌كه‌ی سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ ئاشتی مافی پێكهێنانی ده‌وڵه‌تیش دراوه به كورد، ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی ئاشتی كه له ساڵی 1918 ڕاگه‌ندرا و له (12) به‌ند پێكهاتبوو له بهندێكدا ده‌ڵێ (كه‌مه نه‌ته‌وه‌كانی غه‌یره تورك كه له ناو ئیمپراتۆریه‌تی ئوسمانلیدان ده‌بێت ده‌رفه‌تێكی دروست و ئازادانه‌یان پێ بدرێ بۆ به‌ده‌ست هێنانی سه‌ربه‌خۆی دوور له هه‌موو ده‌ست تێوه‌ردان و كاریگه‌ریه‌ك).
دوای ئه‌وه به دوو ساڵ و له رۆژی 10 ی مانگی ئابی ساڵی 1920 كاتێك په‌یمانی (سیڤه‌ر) به ئاماده‌بوونی وه‌فدی كوردی به سه‌رۆكایه‌تی (شه‌ریف پاشا) ده‌به‌سترێ و بڕیار له سه‌ر دابه‌شكردنی میراتی ئیمپراتۆره نه‌خۆشه‌كه‌ی توركیا ده‌درێ له مادده‌كانی (62 و63) ئه‌و مافه به كورد ڕه‌وا ده‌بینرێ كه ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆیان پێكبهێنن و ئه‌گه‌ر میلله‌تی كورد بڕیار له سه‌ر بدات ده‌وڵه‌تی كوردی پێكبهێنرێ و لیژنه‌ی تایبه‌تیش دروستكرا و بڕیار درا له ماوه (6) مانگیشدا لیژنه‌كه ڕاپۆرتی خۆی له‌و باره‌یه‌وه پێشكه‌ش بكات، به‌ڵام ئه‌مه زۆری نه‌خایاند و ئه‌و به‌ندانه‌ی په‌یمانی سیڤه‌ر كه تایبه‌ت بوون به كورد جێبه‌جێ نه‌كران و له مانگی (7)ی ساڵی 1923 توركه‌كان توانیان له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا و وڵاتانی تر بگه‌نه ئیتیفاق و په‌یمانی (لۆزان) ببه‌ستن كه سه‌رجه‌م به‌نده‌كانی په‌یمانی (سیڤه‌ر)ی تایبه‌ت به كورد پوچه‌ڵكرانه‌وه و كوردستان كرایه چوار پارچه به‌ڵام سوریا له ژێر ده‌سه‌ڵاتی فه‌ره‌نسا و ئێراقیش له ژێر ده‌سه‌ڵاتی به‌ریتانیا بوون.
بێگومان به به‌ستنی په‌یمانی لۆزانیش كێشه‌ی كورد و دابه‌شكردنی كوردستان كۆتایی نه‌هات و له ساڵی 1926 كێشه‌ی ویلایه‌تی موصل كه باشووری كوردستان ده‌كات، له به‌رژه‌وه‌ندی به‌ریتانیا شكایه‌وه و له ڕۆژی (5/6/1926) به‌ریتانیا و توركیا و ئێراق په‌یمانێكیان به‌ست و به‌شی باشووری كوردستان له باكور جیا كرایه‌وه و به ده‌وڵه‌تی ئێراقه‌وه لكێنرا و باشووری كوردستان بووه پشكی به‌ریتانیا.
له‌م دابه‌شكردنه‌ی كوردستان و لكاندهوهی به توركیا و ئێراقه‌وه به هیچ شێوه‌یه‌كی ڕای كورد گرنگی پێنه‌درا و ته‌نها چاوی به‌ریتانیا و وڵاته داگیركه‌ره‌كان له به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان بووه و ته‌نانه‌ت گوێیان له ناڕه‌زایی و شۆڕشه‌كانی كوردیش نه گرت، كه هه‌م له باشوور و هه‌م له باكوریش به‌رده‌وام بوون و داوای سه‌ربه‌خۆی كوردستانیان ده‌كرد، به‌پێچه‌وانه‌وه له باشوور هێزه‌كانی به‌ریتانیا هه‌وڵیاندا شۆڕشه‌كه‌ی شێخ مهمحمودی نه‌مر به ئاگر و ئاسن له ناوبه‌رن و له باكوریش توركه‌كان ڕاپه‌رینی كوردیان به كۆمه‌ڵكوژی له‌ناو ده‌برد و به‌ریتانیا و فره‌نسا و وڵاتانیتریش بێده‌نگ بوون، سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش له ساڵی 1937 توركیا و ئێراق و ئێران و ئه‌فغانستان له ژێر چاودێری به‌ریتانیا په‌یمانی (سه‌عد ئاباد)یان به‌ست و له به‌شێكی په‌یمانه‌كه ده ده‌ڵێن (پێویسته ئه‌وانه‌ی پهیمانهكهیا ئیمزاكردووه ڕێوشوێنی توند بگرنه‌به‌ر، بۆ ڕێگرتن له سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی جموجۆڵی چه‌كداری و پاراستنی ئه‌من و ئارامی له سه‌ر سنووره‌كانیان)، به‌م شێوه‌یه پیلانه‌كان به‌رده‌وام بوون تاگه‌یشته په‌یمانی جه‌زائیر له ساڵی 1975 و هه‌ره‌س پێهێنانی گه‌وره‌ترین شۆڕشی چه‌كداری كورد.
كاتێك ئێمه سه‌یری مێژووی ڕابردووی كورد ده‌كه‌ین ده‌بینین هه‌میشه به‌هۆی چه‌ند هۆكارێكه‌وه شۆڕشه‌كانی كورد بۆ ڕزگاری نه‌گه‌یشتوون به ئامانج و هه‌ندێكیان هه‌ر له سه‌ره‌تاوه و هه‌ندێكیشیان له ناوه‌ڕاستی ڕێگا له ناوبراون، هۆكار و فاكته‌ری ده‌ره‌كی ئه‌گه‌ر كاریگه‌ریه‌كی زۆریان هه‌بووبێت بۆ شكست پێهێنانی شۆڕشه‌كان، ئه‌وه فاكته‌ره ناوخۆیه‌كانیش كاریگه‌ریان كه‌متر نه‌بووه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌راوردێكی بارودۆخی ئێستا و سه‌ده‌ی رابردوو بكه‌ین بێگومان جیاوازییه‌كی زۆر به‌دی ده‌كرێ، نه‌ك ته‌نها له كوردستان به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستی جیهانیش سیسته‌می سیاسیی و به‌ڕێوه‌بردنی ململانی گۆڕانكاری گه‌وره‌ی به‌سه‌رداهاتووه و ئه‌گه‌ر جاران هه‌وڵی وڵاته زلهیزه‌كان به ئاشكرا بۆ داگیركردنی گه‌لانی تر بووبێت، ئه‌وا ئێستا به پێچه‌وه‌انه‌وه هه‌وڵی گۆڕینی ڕژێمی ئه‌و وڵاتانه ده‌ده‌ن كه میلله‌ته‌كانیان ده‌چه‌وسێننه‌وه، له كوردستانیش هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و مه‌سه‌له‌ی پێكهێنانی دوڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردی ئه‌گه‌ر له ناو به‌شێك له سیاسه‌تمه‌دارانی كوردیش بوونی نه‌بێت ئه‌وه بێگومان له ناو زۆربه‌ی ڕۆشنبیران و لاوانی كورد ئاواتی پَیشینه و سه‌ره‌كییه.
ئێستا له كاتێكدا كه ئێمه یادی په‌یمانی (لۆزان) ده‌كه‌ینه‌وه، له باكوری كوردستان سیاسه‌تمه‌دارانی كورد (ئۆتۆنۆمی دیموكراتیك) ڕاده‌گه‌یه‌نن، هه‌ر چه‌نده ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌په‌رستی تورك له سه‌ر زاری خودی (ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان)ی سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه به توندی ئه‌و هه‌نگاوه‌ی كورد ڕه‌ت ده‌كاته‌وه، به‌ڵام بێگومان ناتوانێت هه‌روه‌كو چۆن له سه‌ده‌ی رابردوودا توركه‌كان هێرشیان ده‌كرده سه‌ر شۆڕشه‌كانی كورد و بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی و دیاریكراو بێده‌نگی ده‌كردن، ئێستاش گشت ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه ده‌سگیر بكات كه (ئۆتۆنۆمی دیموكراتیك)یان ڕاگه‌یاندووه، چونكه جگه‌له‌وه‌ی كه یه‌كێك له مه‌رجه سه‌ره‌كییه‌كانی به‌ئه‌ندام وه‌رگرتنی توركیا له یه‌كیتی ئه‌وروپادا چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورده، له ماوه‌ی (30) ساڵی رابردوودا ده‌وڵه‌تی تورك نه‌یتوانیوه بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد به‌ڕێگای شه‌ڕ و چه‌ك و كوشتار له ناوببات، به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌وه شۆڕش و خه‌باتی چه‌كداری كورد بووه له‌و ماوه‌یه‌دا ده‌وڵه‌تی توركی ناچاركردووه، دان به بوونی كورد و كێشه‌ی كورد دابنێت.
هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌م یاده‌دا ئێستا بارودۆخی هه‌رچوار وڵاتی داگیركه‌ری كوردستان گۆڕانكاری زۆر گه‌وره‌ی به‌سه‌ردا هاتووه و ئێراق وه‌كو ده‌وڵه‌ت ته‌نها ناوی هه‌یه و ئه‌وه‌ی تا ئێستاش ئه‌م ناوه‌ی ڕاگرتووه، به داخه‌وه خودی كورده، چونكه ماوه‌ی (20) ساڵه باشووری كوردستان نیمچه ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆیه و وه‌كو واقیعێك وڵاتانی دراوسێ ناچارن ته‌عامولی له‌گه‌ڵ دا بكه‌ن، له هه‌مان كاتدا ڕژێمی سوریاش بهرهوڕوخانه و ڕژێمی ئێرانیش ڕۆژ به ڕۆژ زیاتر له كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی داده‌بڕێ، بۆیه ده‌كرێ له ڕوی داڕشتنی نه‌خشه‌ی تازه‌ی ناوچه‌كه‌وه بارودۆخی ئێستا به بارودۆخی سه‌رده‌می به‌ستنی په‌یمانی (لۆزان) به‌راورد بكرێ و ئاماژه‌كان وا پیشانده‌ده‌ن كه هه‌وڵه‌كان به ئاراسته‌ی دابه‌شكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌ن.
ئه‌گه‌ر كاتی خۆی ئه‌مه‌ریكا به‌رانبه‌ر به چه‌وساندنه‌وه‌ی كوردی باكور بێده‌نگ بووبێت، ئه‌وا ئێستا داوای چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كوردهكات، سه‌باره‌ت به باشووری كوردستانیش سه‌ره‌ڕای دروستكردنی ناوچه‌ی ئارام و دژه فڕین له ساڵی 1991، له ساڵی 1996 (جو بایدن) كه ئه‌و كاته سیناتۆر بووه و ئێستاش جێگری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكایه، پێشنیاری كردووه ئێراق به سه‌ر سێ ناوچه‌ی (كوردی و عه‌ره‌بی شیعه و عه‌ره‌بی سونه)دا دابه‌ش بكرێ و له ساڵی 2007 دا ئه‌م پێشنیاره‌ی جو بایدن به (76) ده‌نگی به‌ڵێ به‌رانبه‌ر به (24) ده‌نگی نه‌خێر له ئه‌نجومه‌نی پیرانی ئهمهریكاپهسهند كراوه.
له كۆتایدا ده‌ڵێم بارودۆخ له باره بۆ سه‌ر له نوێ داڕشتنه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی ناوچه‌كه و گۆڕانكاری و هه‌نگاوه‌كان به‌و ئاراسته‌یه‌ن، به‌ڵام ئایا سیاسه‌تمه‌دارانی، به تایبه‌تی له باشووری كوردستان ئاماده‌ن بۆ ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان؟.