عوسمان بانیمارانی: له‌وه‌ته‌ی پارتیم دیووه، نه توركێكی كوشتووه نه عه‌ره‌بێك، نه فارسێك
زۆرم هه‌وڵدا كۆسره‌ت بكه‌م به گۆڕان، به‌ڵام نه‌یتوانی
كۆسرە‌ت ئۆتۆمبێلی بۆ سه‌فین كڕیووه، به‌ڵام بۆ منی نه‌كڕیووه
هه‌ر لایه‌نێك هه‌ولێر فه‌رامۆش بكات له‌سیاسه‌ت ده‌دۆڕێـنێت
دیدار: رێبوار ره‌زا چوچانی
عوسمان بانیمارانی، سه‌ركرده‌یه‌كی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له هه‌ولێر، له‌م دیمانه‌یه‌دا، باس له دۆخی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌هه‌ولێر ده‌كات و وه‌ك په‌یامێكی ناراسته‌وخۆش بۆ سه‌ركردایه‌تی بزووتنه‌وه‌كه‌ی، باس له گرنگی ئه‌و شاره له یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ململانێیه سیاسییه‌كان ده‌كات و ده‌ڵێ هه‌ر لایه‌نێك هه‌ولێر فه‌رامۆش بكات، له‌سیاسه‌ت ده‌دۆڕێنێت.
رێبوار: ورده ورده له‌یادی راگه‌یاندنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان نزیك ده‌بینه‌وه، ده‌بینین له‌ئێستادا بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌ندێك گیروگرفتی هه‌یه، به‌تایبه‌ت له‌شاری هه‌ولێر هیچ چالاكیه‌ك و جموجوڵێكی نییه، یاخود فه‌رامۆش كراوه، ئه‌مه هۆكاری چیه؟
بانیمارانی: هه‌ولێر مه‌سه‌له‌یه‌كی حه‌یاتیه، نه‌وه‌ك هه‌ر بۆ گۆڕان، به‌ڵكو بۆ هه‌موو حزب و پێكهاته‌یه‌ك بیه‌وێت له‌كوردستان گه‌شه بكات و خۆی بسه‌لمێنێت و له‌رووی سیاسیه‌وه بڕیار به‌ده‌ست بێت، ده‌بێ گرنگی به‌هه‌ولێر بدات، هه‌ر كه‌سێك هه‌ولێر فه‌رامۆش بكات له‌سیاسه‌ت ده‌دۆڕێنێت، ئه‌وه گومانی تێدا نیه، بۆیه به‌عه‌كسه‌وه ئێمه هه‌ولێرمان زۆر به‌لاوه گرنگه، پێمانوایه جگه له‌وه‌ی ئێستا بۆته ناوه‌ندێكی گرنگی وڵاتانی ده‌وروبه‌ر و جیهان، له‌رووی نه‌ته‌وایه‌تیشه‌وه شوێنێكی گرنگه، كورده‌كانی هه‌موو پارچه‌كانی تر له‌ڕۆژهه‌ڵات و باكوور و رۆژئاوا شانازی به‌هه‌ولێره‌وه ده‌كه‌ن، به‌م جۆره هیچ هێزێك ناتوانێت هه‌ولێر فه‌رامۆش بكات، به‌ڵام ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی له‌هه‌ولێر حوكم ده‌كات ده‌سه‌ڵاتێكی شه‌ریسه، رای جیاوازی قبوڵ نیه، ئه‌وه‌ی له‌هه‌ولێر به‌ڕێوه ده‌چێت شێوازی حوكمی پاشایه‌تیه، ته‌حه‌مولی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ناكات، باره‌گاكانی سوتاند و له چه‌ندین چالاكوانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به په‌رله‌مانتاره‌كانیشه‌وه، كه هی په‌رله‌مانی كوردستان و عێراق بوون و حه‌سانه‌یان هه‌بووه، (محه‌مه‌د كیانی) ئاسایش لێیاندا و سه‌روچاویان شكاند، (شێخ قادر) هه‌ڵسوڕاوێكی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بوو، شه‌وێ چوونه‌ته سه‌ری به‌ناوی وه‌ره‌قه‌ی كاره‌با هه‌موو له‌شیان شكاندوه، (هێمن فه‌ریق) چالاكوانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیه لێیانداوه، چه‌ندین كه‌سی تر، ئه‌مانه وایكرد شێوه‌ی كاركردنی خۆمان له‌هه‌ولێر بگۆڕین.
رێبوار: بۆ چ شێوه‌یه‌ك بیگۆن؟
بانیمارانی: به‌و شێوه عه‌له‌نیه خه‌ڵك ناتوانن ئیش بكه‌ن، ئێمه باره‌گاشمان نیه و پارتی قبوڵ ناكات باره‌گامان هه‌بێت، كه باره‌گاشمان نه‌بێت، ده‌بێ شێوازی كارمان بگۆڕین بۆ رێكخستنی نهێنی، من خۆم حیمایه‌م هه‌یه، ته‌قه‌یان له‌ماڵه‌كه‌ی منیش كرد، جا ئیش وا ده‌كرێ؟ له‌گه‌ڵ ئه‌م ئه‌قڵه كاری سیاسی ده‌كرێت؟
رێبوار: به‌ڵام به‌رپرسانی پارتی ده‌ڵێن رێگریمان نیه له‌كردنه‌وه‌ی باره‌گا و هیچ حزبێكیش له‌هه‌ولێر قه‌ده‌غه نیه؟
بانیمارانی: جا ئێمه هه‌ر بیكه‌ینه‌وه و ئه‌وان بیسوتێنن؟!! بوجه‌مان ناده‌نێ، پاره‌مان ناده‌نێ، ده‌توانین ئێمه هه‌موو جار ته‌ئسیسی بكه‌ینه‌وه و پارتی بچێ بیسوتێنێ و تاڵانی بكات؟! كه‌وابێت بۆچی باره‌گا دابنێین؟ زه‌مانه‌ت چیه نایسوتێنن و تاڵانی ناكه‌ن؟ چونكه پارتی حاكمه له‌هه‌ولێر، كه له‌ناخه‌وه باوه‌ڕی به حزبی تر نه‌بێت، ئێمه بۆچی باره‌گا دابنێین؟ ئه‌وه گوتمان هه‌ولێرمان فه‌رامۆش كردووه، ئه‌ی بۆ له‌دهۆك داینانێین؟ له‌دهۆك كه‌ناڵێكی KNN هه‌بوو تاڵانیان كرد. پارتی ره‌نگه له‌گه‌ڵ حزبه ئۆپۆزسیۆنه‌كانی تر بتوانێت وتووێژ و راوێژ بكات، به‌ڵام تا ئێستا نه‌گه‌یشتۆته ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی گۆڕان قبوڵ بكات، واده‌زانێت گۆڕان موئامه‌ره‌ی لێده‌كات، گۆڕان چیه؟ نه هێزی هه‌یه له جه‌یشی هه‌یه، نازانم پارتی بۆچی وا له‌گۆڕان ده‌ترسێت؟
رێبوار: ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی ده‌ڵێت ئێمه به‌شێوه‌ی واقیعیانه مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ كردوون و چه‌ندین جار لێیان چووینه پێشه‌وه، به‌ڵام گۆڕان خۆی وتووێژی ناوێت له‌گه‌ڵ ئێمه، تۆش ده‌ڵێی ئه‌وان گۆڕانیان قبوڵ نیه؟
بانیمارانی: له‌گه‌ڵ رێزم بۆ رای ئه‌و براده‌ره، به‌ڵام ده‌بێ ته‌ماشای مامه‌ڵه‌ی رابردوو بكه‌ین، ئه‌وان له 25/7 ته‌قه‌یان لێ كردین، كاك نێچیر هات داوای لێبوردنی خواست، دیاره كاك جه‌عفه‌ر ئه‌وه‌ی ئاگا لێنیه، دوای ئه‌وه له 7/3 باره‌گاكانیان سوتاندین، نازانم كامه‌یان بڕوا بكه‌م؟ له‌كوێ ویستویانه موجامه‌له‌ی ئێمه بكه‌ن؟ ئێمه موجامه‌له‌ی ئه‌وانمان كردوه، به‌ر له‌و رووداوانه و دوای ئه‌وانه‌ش، نه‌مانویستووه ململانێ له‌گه‌ڵ پارتی دروست بكه‌ین، له‌كاتی شه‌هیدكردنی زه‌رده‌شت عوسمان كه گۆڕان بووه، ئێمه ناكرێت له‌سه‌ر كه‌سێك كه گۆڕان بووه، ده‌نگی داوه به گۆڕان قسه نه‌كه‌ین، پاشان ئێمه نه‌مانگوتوه پارتی كوشتویه‌تی، ده‌ڵێین ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی پارتی له‌وێ به‌رپرسه له‌دۆزینه‌وه‌ی بكوژانی زه‌رده‌شت عوسمان، پارتی به‌هۆی ئه‌وه‌وه له‌گه‌ڵ ئێمه پچڕاندی.
رێبوار: به‌ڵام هۆكار چیه كه هیچ چالاكیه‌كتان له‌هه‌ولێر نابیندرێت؟ تۆ گوتت فشاری زۆرتان له‌سه‌ره؟ به‌ڵام خۆ له‌سه‌رده‌می به‌عسدا فشاره‌كان زۆرتر بوون، به‌ڵام حزبه‌كان چالاكیان زیاتر بوو، له‌ئێستادا بۆچی ئه‌م توانایه نه‌ماوه؟
بانیمارانی: ئێستا خه‌ڵكی كوردستان هه‌مووی پێیوا نیه، كه ئه‌م ده‌سه‌ڵاتی كوردیه له‌گه‌ڵ به‌عس فه‌رقی نیه، هێشتا خه‌ڵك نه‌گه‌یشتۆته ئه‌و قه‌ناعه‌ته، به‌ڵكو پێیانوایه ده‌كرێ فشار بخرێته سه‌ر ده‌سه‌ڵات و به‌ڕێوه‌بردن و ئیداره به‌سیسته‌م بكات، كه سیسته‌م هه‌بوو ترس نامێنێت، كه یاسا سه‌روه‌ر بێت ترس نابێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و بێت قۆرغی ده‌سه‌ڵات بكات و به زۆرینه‌ی خۆی كه نازانم چۆن به‌ده‌ستی هێناوه ئه‌و یاسایانه ده‌ربكات، كه دژی ده‌نگی ناڕه‌زا بێت، له‌و ره‌فتارانه خه‌ڵك بێده‌نگ نابێت، چونكه ئه‌و زۆرینه‌یه گوزارشت له به‌رژه‌وه‌ندی گشتی ناكات، بۆ نمونه پڕۆژه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستانیان تێپه‌ڕاند، كه په‌رله‌مان ماوه‌ی به‌سه‌رچووبوو، ئه‌وه خۆی جێگای پرسیاره. خاڵێكی تر ئه‌و پڕۆژه ده‌ستووریه ناكرێت بۆ كاك مه‌سعود بنوسرێت، ده‌بێ بۆ گه‌لی كورد بنوسرێت، چونكه ئه‌وه په‌یوه‌ندی به داهاتووی گه‌لی كورده‌وه هه‌یه. ناكرێ ده‌ستوور بۆ شه‌خس بنوسرێت، ده‌بێ بۆ نه‌ته‌وه بنوسرێت، ناشبێ كاك مه‌سعود پێداگیری له‌سه‌ر ئه‌وه بكات كه ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆكی هه‌رێم زۆرتر بێت، چونكه هه‌ر خۆی سه‌رۆكی هه‌رێم نابێت، ره‌نگه كه‌سێكی تر ببێته سه‌رۆكی هه‌رێم ئه‌و ده‌سه‌ڵاته زۆره‌ی هه‌بێت بۆ كاك مه‌سعود و بنه‌ماڵه‌كه‌ی خراپ بێت. بۆیه ئێمه ده‌بێ پێكه‌وه ده‌سه‌ڵات و سه‌رۆكی هه‌رێم پڕۆژه‌ی ده‌ستوورێك ته‌به‌نی بكه‌ین، كه له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان بێت.
رێبوار: ئێوه وه‌ك بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان پێتان وایه ده‌بێ چۆن بێت؟
بانیمارانی: پێمانوایه سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردنی ئیداره‌ی كوردی بێ قه‌ید و شه‌رت ده‌بێ په‌رله‌مانی بێت، پێمان وایه سه‌رۆكایه‌تی هه‌ر شتێكی زیاده، پێمانوایه كوردستان سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی ناوێت، حكومه‌ت و په‌رله‌مان و ده‌سه‌ڵاتی قه‌زائی به‌سه.
رێبوار: بۆچی كوردستان سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی ناوێت؟
بانیمارانی: هیچ پێویستی پێ نیه، په‌رله‌مان ده‌توانێت رۆڵی سه‌رۆكی هه‌رێم ببینێت.
رێبوار: بۆچی تا ئێستا بازنه‌كانی هه‌ولێر ته‌واو نه‌كراوه به به‌راورد له‌گه‌ڵ سلێمانی؟ بۆ نمونه له‌وێ باژێڕوان دانراوه، به‌رپرسی مه‌كۆ و پله‌ی كادیره‌كان دانراوه، له هه‌ولێر بۆ ئه‌مه نه‌كراوه؟
بانیمارانی: له هه‌ولێر ئه‌مه كراوه، زۆر له‌مێژه هه‌موو بازنه‌كان ته‌واو بوونه، ته‌نیا ئه‌نجومه‌نی باژێڕوانمان نیه، ئه‌گه‌رنا بازنه‌كان كاری خۆیان ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی به‌و بارودۆخه‌ی هه‌ولێره‌وه هه‌یه.
رێبوار: به‌ڵام ده‌گوترێ ئه‌مه په‌یوه‌ندی به كێشه‌ی ناوخۆی گۆڕانه‌وه هه‌یه؟
بانیمارانی: نه‌خێر هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به كێشه‌ی ناوخۆی گۆڕانه‌وه نیه، له‌و ماوه‌یه‌شدا دایده‌نێین، ئێمه چاوه‌ڕوانی زروفێكی ئاراممان ده‌كرد خۆمان بێینه هه‌ولێر ئه‌و ته‌شكیلاتانه بكه‌ین. به‌ڵام ره‌نگه دیسان بارگرژی دروست ببێته‌وه و رێگریمان لێ بكرێت بێینه هه‌ولێر. ئێمه بازنه‌كانمان و خوێندكارانمان كاری خۆیان ده‌كه‌ن زۆر به رێكوپێكی و هیچ گرفتێكیشیان نیه، سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو فشارانه‌ش، ته‌نانه‌ت یه‌ك بازنه‌ش له‌هه‌موو بازنه‌كانی گۆڕان له‌هه‌ولێر نه ته‌سیلم به‌یه‌كێتی نه به‌پارتی نه‌بوونه‌ته‌وه. له‌و ماوانه باژێڕوانیش بۆ هه‌ولێر داده‌نێین، بڕیاربوو هه‌فته‌ی رابردوو بێینه هه‌ولێر، به‌ڵام ئه‌و بارودۆخه و وه‌ستاندنی كۆبوونه‌وه‌كان وایكرد دیسان هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك بكه‌ین.
رێبوار: كێ ده‌كرێته باژێڕوانی هه‌ولێر؟
بانیمارانی: له‌و گه‌نجانه داده‌نێین، ئه‌وانه‌ی له هه‌ولێر كار ده‌كه‌ن. كه بڕیارماندا كێیه رایده‌گه‌یه‌نین.
رێبوار: كۆنگره دیاری نه‌كراوه كه‌ی ده‌به‌سترێت؟
بانیمارانی: دیاری نه‌كراوه، چاوه‌ڕێی بارودۆخێكی له‌وه باشتر ده‌كه‌ین، تا بتوانین كۆنگره ببه‌ستین.
رێبوار: باس له‌ململانێی نێوان تۆ و كاك سه‌فینی مه‌لا قه‌ره ده‌كرێت، هه‌ندێك ده‌ڵێن په‌یوه‌ندی به‌ڕێكخستنه‌وه‌ی شێوه‌ی كاركردنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه هه‌یه، هه‌ندێكی تریش ده‌ڵێن په‌یوه‌ندی به‌هه‌ڵوێستی هه‌ردووكتانه‌وه هه‌یه سه‌باره‌ت به‌كۆسره‌ت ره‌سوڵ؟ گوایه تۆ تا راده‌یه‌ك له‌كۆسره‌ت ره‌سوڵ نزیكیت؟
بانیمارانی: من و كاك سه‌فین هیچ كێشه‌یه‌كمان نیه، مه‌سه‌له‌ی كۆسره‌ت ره‌سوڵیش، كۆسره‌ت خزمی منه، به‌ڵام ره‌نگه سوودی بۆ كاك سه‌فین زیاتر بووه وه‌ك له من، ره‌نگه سه‌یاره‌ی بۆ كاك سه‌فین كڕیبێت، قه‌ت سه‌یاره‌ی بۆ من نه‌كڕیوه. ره‌نگه هه‌ندێك ئه‌وه‌ی پێ ئاسایی نه‌بێت بڵێن گۆڕانه و ده‌چێ له‌گه‌ڵ كاك كۆسره‌ت داده‌نیشێت، من ئه‌وه‌م زۆر پێ ئاساییه، گۆڕانم و ده‌چم له‌گه‌ڵی داده‌نیشم.
رێبوار: به‌و مانایه‌ی له ئاستی خزمایه‌تی تێپه‌ڕی نه‌كردوه؟
بانیمارانی: ئێمه خزمین، ئه‌و یه‌كێتیه و من گۆڕانم، زۆر جاریش پێم گوتوه وه‌ره ببه به گۆڕان، ئه‌ویش زۆرجار به‌منی گوتوه وه‌ره ببه‌وه به یه‌كێتی، ئه‌و گفتوگۆیه‌مان هه‌بووه.
رێبوار: رای چی بووه كه پێت ده‌گوت ببه به گۆڕان؟
بانیمارانی: نه‌یتوانیوه ببێته گۆڕان. من زۆر هه‌وڵم له‌گه‌ڵی داوه، نه‌یكردووه. به‌ڵام ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌مان هه‌ر ئاساییه، هه‌م خزمین و هه‌م ره‌فیقین. نه‌وه‌ك هه‌ر له‌گه‌ڵ كاك كۆسره‌ت، له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی براده‌رانی پارتی و یه‌كێتی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵی هه‌بووبێت، به‌هۆی گۆڕانه‌وه تێكم نه‌داوه و قه‌تیش تێكی ناده‌م.
رێبوار: به‌ڵام پێتوانیه له‌ناو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌تایبه‌تی له‌سنوری شاری هه‌ولێر، گه‌ر ساردییه‌ك هه‌بووبێت له‌نێوان تۆ و كاك سه‌فیندا، ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بووبێت له‌سه‌ر چالاكی گۆڕان له‌هه‌ولێر؟ چونكه باس له‌وه ده‌كرێ به‌شێك له‌پاسه‌وانه‌كانی جه‌نابت له‌لایه‌ن فه‌وجی پاسه‌وانه‌كانی كاك كۆسره‌ته‌وه موچه‌یان پێ ده‌درێت؟ ئه‌مه تا چه‌ند راسته؟
بانیمارانی: هه‌ندێك له پاسه‌وانه‌كانی من كاتی خۆی لای فه‌وجێكی كاك كۆسره‌ت بوون، دره‌نگتر مووچه‌كه‌یان بڕا نه‌وه‌ك پێیان بدرێت، ئێستا بڕاوه، به‌ڵام دره‌نگتر له‌وانه‌ی تر كه له‌سه‌ر ئیداره‌ی گشتی بوون و یه‌كسه‌ر بڕیان. ئه‌وانه‌ی لای كاك كۆسره‌ت دره‌نگتر بڕیان. پاشان كاك كۆسره‌ت له‌رووی ئه‌خلاقی و براده‌رایه‌تیه‌وه مامه‌ڵه‌كه‌ی جیاواز بوو، تا یه‌كێتی فشاری لێنه‌كرد، پاسه‌وانه‌كانی من و كاك عوسمان و كاك مسته‌فا له فه‌وجه‌كه‌ی كاك كۆسره‌ت بوون، ئه‌و په‌له‌ی نه‌كرد له بڕینی موچه‌كانیان.
رێبوار: خۆپێشاندانه‌كان زۆربه‌ی شار و شارۆچكه‌كانی گرته‌وه، به‌تایبه‌ت له‌سنوری سلێمانی، به‌ڵام تۆ له نێو خۆپێشاندانه‌كاندا نه‌بینرای، ئه‌مه هۆكاره‌كه‌ی چی بوو؟
بانیمارانی: پێموانییه هیچ كامێك له‌وانه‌ی پێشتر ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی بووبێت، له‌نێو خۆپێشاندانه‌كان وتاری دابێت.
رێبوار: له‌كۆیه‌ش؟
بانیمارانی: له‌وێش من به‌شداریم نه‌كرد.
رێبوار: هۆكاره‌كه‌ی چی بوو؟ بڕیاری سه‌رووی خۆتان بوو؟
بانیمارانی: بڕیاری سه‌ره‌وه نه‌بوو، هه‌ر خۆمان بڕیارمان دا.
رێبوار: پلانی داهاتووتان بۆ كاركردن له شاری هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ری چی ده‌بێت؟
بانیمارانی: په‌یوه‌ندی به سیاسه‌تی ده‌سه‌ڵاته‌وه هه‌یه، ده‌سه‌ڵات چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆن ده‌كات، ئێمه به‌رامبه‌ر به‌وه هه‌ڵوێستی خۆمان دیاری ده‌كه‌ین.
رێبوار: له دواین چاوپێكه‌وتن نه‌وشیروان مسته‌فا مه‌سه‌له‌یه‌كی وروژاند و وتی تاسه‌ر لایه‌نه‌كانی تر به‌رامبه‌ر به به‌ركاهێنانی هێز مل شۆڕ ناكه‌ن، باسی له‌وه كرد كه پارتی و یه‌كێتی به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان شه‌ڕی ناوخۆیان دژ به گۆڕان راگه‌یاندوه، پێتان وانیه ئه‌مه هۆشدارییه‌ك بێت كه ئه‌گه‌ری روودانی شه‌ڕێك له ئارادایه؟
بانیمارانی: ئاخر شه‌ڕ له‌گه‌ڵ كێ؟ گۆڕان به چی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ پارتی بكات؟ پارتی ده‌بابه و جه‌یشی هه‌یه، بودجه‌یه‌كی زه‌به‌لاحی ناوخۆیی هه‌یه، نه‌وت ده‌فرۆشێت، بودجه‌ی 17%ی هه‌یه، هێنده‌ی سێ چوار وڵاتی بچووكی ده‌وروبه‌ر ئیمكانیه‌تی له‌به‌رده‌سته، گۆڕان چۆن ده‌توانێت به كۆمه‌ڵه رۆشنبیرێك شه‌ڕی ئه‌م هێزه بكات، كه چه‌ك و حیمایه‌یه‌كت نه‌بێت؟ ئه‌وه ده‌كرێت و مه‌نتیق قبوڵی ده‌كات؟ ئێمه ده‌مانه‌وێ شه‌ڕی سیاسی بكه‌ین، ده‌مانه‌وێ كوردستان ببێته مه‌یدانی ململانێی سیاسی.
رێبوار: به‌ڵام گه‌ر رێگرییه‌كانی به‌رده‌متان هه‌ر زیادی كرد؟
بانیمارانی: رێگریشمان بكه‌ن، تا له‌سه‌رمان ده‌ده‌ن بێده‌نگ نابین، لێمان بده‌ن هێز بێننه سه‌رمان، بمانكوژن، ئێمه چی پێمان راسته هه‌ر له‌سه‌ری به‌رده‌وام ده‌بین، به‌ڵام هیوادارین ده‌سه‌ڵات گوێ له ئۆپۆزسیۆن بگرێت، نه‌وه‌ك بمانكاته شه‌ریك له ئیمتیازاته‌كانی خۆی، به‌ڵكو بێ سیسته‌مێك بۆ وڵاته‌كه‌مان و داهاتووی گه‌نجه‌كانمان دابنێت، چونكه كه سیسته‌م هه‌بوو و وڵات به یاسا به‌ڕێوه‌چوو، كه‌س كێشه‌ی نابێت، سیسته‌م كاری خۆی ده‌كات، هه‌ركه‌س به‌رپرس بێت، كێشه نابێت. به‌ڕێوه‌بردنی سیسته‌می حوكمڕانی له كوردستان سه‌قه‌ته.
رێبوار: له‌وكاته‌ی ئێوه و كاك نه‌وشیروانیش له نێو یه‌كێتی بوونه، له دانانی ئه‌و سیسته‌مه به‌شدار نه‌بوونه؟
بانیمارانی: به‌ڵێ، به‌ڵام كار به سیسته‌مه‌كه نه‌كراوه، ئێمه ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریمان دانا، به‌ڵام كار به سیسته‌مه‌كه ناكرێت، وه‌ك هه‌یكه‌ل و بینا سیسته‌مه‌كه هه‌یه، وه‌ك كاركردن نیه. ئێستا ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌یه، به‌ڵام به‌كاغه‌زی به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندێك یا به‌رپرسی لقێك حوكم له ئیعدامه‌وه ده‌كاته 5 ساڵ حوكم، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه یاسا سه‌روه‌ر نییه.
رێبوار: باس له‌وه ده‌كرێت كه عوسمان بانیمارانی له‌هه‌ڵوێسته‌كانیدا زۆر توند نیه به‌رامبه‌ر به‌یه‌كێتی، بۆچی؟
بانیمارانی: پێموایه یه‌كێتی له‌و كاته‌دا ده‌سه‌ڵات نییه، بۆیه توند نیم، پێموایه پارتی ده‌سه‌ڵاته.
رێبوار: به‌ڵام باس له‌وه ده‌كرێت عاتیفه‌یه‌كت هه‌ر هه‌یه بۆ یه‌كێتی؟
بانیمارانی: ئه‌یچۆن عاتیفه‌م نییه؟، خۆ من دژی كه‌س نیم، من یه‌كێتی بوومه، ته‌مه‌نێكی زۆر پێكه‌وه بووین، وه‌ك یه‌كێتی عه‌تفم بۆی نیه، پێموایه یه‌كێتی نه‌ماوه، پێم وایه پارتی ده‌سه‌ڵاته و یه‌كێتی پاشكۆیه.
رێبوار: به‌ڵام زۆربه‌ی خۆنیشاندانه‌كان له سنوری ئیداره‌ی سلێمانی بوون و نه‌تانتوانی بیگوازنه‌وه بۆ هه‌ولێر، تۆ باسی ئه‌وه‌ت كرد تا نه‌ده‌ن له‌سه‌رمان هه‌ر بێده‌نگ نابین؟
بانیمارانی: ئاخر پێمان نه‌كرا له‌هه‌ولێر، ئاخر له‌سه‌ریان داین، ته‌قه‌یان له ماڵی من كرد، مه‌قه‌ره‌كه‌یان سوتاندین، له محه‌مه‌د كیان و ئه‌و هه‌ڵسوڕاوانه‌یاندا، پێمان نه‌كرا.
رێبوار: مام رۆسته‌م كه سه‌ركرده‌یه‌یه‌كی گۆڕانه، جارێك هۆشداریه‌كی له‌م شێوه‌یه‌ی دا و گوتی گه‌ر ئه‌م فشارانه به‌رده‌وام بن، مه‌فره‌زه سه‌ره‌تاییه‌كان دروست ده‌بنه‌وه، پێتوایه گه‌ر فشاره‌كان له‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌رده‌وام بێت، گۆڕان ناچار بێت په‌نا بۆ چه‌ك ببات؟
بانیمارانی: ئێمه تا پێمان بكرێت باوه‌ڕمان به چه‌ك نیه و ناشمانه‌وێ په‌نا به‌ینه به‌رچه‌ك، گه‌ر ببێته شه‌ر قه‌زیه‌كه‌مان له‌ده‌ست ده‌ده‌ین. چونكه ئه‌و چه‌كه ته‌نیا بۆ یه‌كتری به‌كار ده‌هێنین، قه‌ت بۆ دوژمنی به‌كار ناهێنین، له‌وه‌ته‌ی من پارتیم دیوه نه توركێكی كوشتوه نه عه‌ره‌بێك نه فارسێك، یه‌كێتیش ماوه‌یه‌كی زۆره هه‌ر وایه، ته‌نها یه‌كتر ده‌كوژین، كه‌واته ئه‌و چه‌كه‌مان نه‌مێنێت هیچ كێشه‌یه‌كمان نابێت.
له گۆڤاری سڤیلەوە