فازڵ میرانی: ئێمه له سه‌رده‌می حه‌زره‌تی مه‌سیحدا ناژین، خه‌ڵكانێك هێرشمان بكه‌نه سه‌ر و بێده‌نگ بین
دیدار: رێبوار ره‌زا چوچانی
له‌م دیداره‌دا فازڵ میرانی سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، له باره‌ی پرسگه‌لێكی تایبه‌ت به بارودۆخی سیاسی هه‌رێم و حیزبه‌كه‌ی خۆی ده‌دوێت، میرانی سه‌باره‌ت به لێدوانه تونده‌كه‌ی كه له ساته‌وه‌ختی خۆپیشاندانه‌كاندا نه‌یارانی حیزبه‌كه ئاگادار كردووه و وتی “هه‌ر كه‌سێك ده‌ستدرێژی بكاته سه‌ر باره‌گاكانی پارتی، ده‌ستی ده‌بڕین”، ده‌ڵێت “سروشتیشه له‌م ناوچه‌یه‌دا ئه‌وه‌ی ده‌ستی خراپه‌كاری بۆت درێژ بكات بیبڕی، مه‌به‌ست له‌بڕین ئه‌وه‌یه وانه‌كه‌ی بتگاتێ و زه‌ره‌رت لێ بدات، ئه‌م هه‌ڵوێسته توند نییه له‌م سه‌رده‌مه‌دا”.
رێبوار: دوای هه‌ڵپه‌ساردنی كۆبوونه‌وه پێنج قۆڵییه‌كان له‌لایه‌ن ئۆپۆزسیۆنه‌وه، بارودۆخی ئێستای هه‌رێم به‌ره‌و گرژی نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كان ده‌چێت، ئایا پێتانوایه توندوتیژی لێبكه‌وێته‌وه، چونكه له‌دوادیداری نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌وه‌ی راگه‌یاند، كه تا سه‌ر هێزه سیاسییه‌كان مل شۆڕ ناكه‌ن له‌به‌رانبه‌ر هێزدا؟
فازڵ میرانی: زۆرم پێ‌ناخۆش بوو برایانی ئه‌حزابی ئۆپۆزسیۆن دانوستانه‌كانیان هه‌ڵپه‌سارد، هه‌ڵپه‌ساردن ئه‌وه ناگه‌یه‌نێ كه دانوستانه‌كان بنبڕكراون، ئومێده‌وارم هه‌موو لایه‌نه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر مێزی كۆبوونه‌وه هاوبه‌شه‌كان، چونكه دایه‌لۆگ زمانی سه‌رده‌مه بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كان، ئه‌مه له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی تریشه‌وه میلله‌تی ئێمه چیتر ئه‌و زمانه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌یه‌كتر و باسی توندوتیژی به‌رامبه‌ر به‌یه‌ك قبوڵ ناكات. حه‌ق وایه به گیانی تۆڵه و ئینتیقام له‌گه‌ڵ یه‌كتر قسه نه‌كه‌ین و مفاوه‌زات له‌ژێر ته‌ئسیری ئه‌و هه‌سته‌شدا نه‌كه‌ین، بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێ هه‌ردوولامان میلله‌تێكین و خه‌ڵكی ئه‌م وڵاته‌ین و شه‌ریكی یه‌كترین، هیچ كاممان ئه‌وی تر لانه‌به‌ین، هیچ نه‌بێ ئێمه‌ی ده‌سه‌ڵات ئه‌و نیازه‌مان نییه و ناشبێ، كه‌واته ده‌بێ یه‌كتر قبوڵ بكه‌ین و پێكه‌وه بژین، به‌ڵێ خیلافیشمان هه‌یه و ده‌شبێت، به‌ڵام ئه‌و یه‌كتر قبوڵكردن و پێكه‌وه‌ژیان و خاڵه هاوبه‌شه‌كانمان كه زۆرن، ده‌بنه بنه‌مایه‌كی باش بۆ چاره‌سه‌ركردنی خیلافاتمان.
رێبوار: ئۆپۆزسیۆن ده‌ڵێت هه‌ندێ ئیجرائات گیراوه‌ته به‌ر، ده‌بوایه وه‌ك نیازپاكییه‌ك لایه‌نه‌كانی ده‌سه‌ڵات ئه‌و ئیجرائاتانه كۆتایی پێ‌بێنن، وه‌ك بڕینی بودجه‌ی لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆن، بۆچی ئه‌و بودجانه‌تان بڕی؟ بۆچی بۆیان ناگه‌ڕێننه‌وه؟ چونكه دكتۆر به‌رهه‌م رایگه‌یاندووه به‌بڕیاری هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسی پارتی و یه‌كێتی بڕیویانه؟
فازڵ میرانی: له‌ڕاستیدا به‌پێی ئه‌و چه‌ند كۆبوونه‌وه‌ی نێوان هه‌ردوولا زۆر شت رێكه‌وتنی له‌سه‌ر كراوه، ئه‌گه‌ر جێبه‌جێ كرابان زۆر باش ده‌بوو، لێره‌دا زه‌روره‌تی ئه‌و داخوازیه‌ی پارتی ده‌رده‌كه‌وێت، كه داوامان كردووه برایانی شیوعی كوردستانی و سۆشیالیست به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كان بن له‌قۆناغی یه‌كه‌م، چونكه هه‌م له‌په‌رله‌مان و هه‌م له‌حكومه‌تیش ئه‌وان ده‌یانتوانی شاهیدحاڵ بن له‌سه‌ر هه‌ردوولا. نه‌دانی بووجه‌ی حزبه‌كانیش، وایه، ئه‌گه‌ر رانه‌گیرابایه كاردانه‌وه به‌لای منه‌وه زۆر باشتر ده‌بوو، چونكه هه‌ر هه‌موومان شه‌ریكین له‌م وڵاته‌و له‌م ئه‌زموونه، ئه‌وجا شه‌ریكی مافین؟ شه‌ریكی ئه‌ركین؟ یا له‌هه‌ردووكیاندا شه‌ریكین؟ به‌ته‌ئكید له‌هه‌ردووكیاندا شه‌ریكین. به‌س وه‌كو من بزانم كاك د.به‌رهه‌م جێگری دووه‌می سكرتێری گشتی ی.ن.ك له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا ئاماده‌بوو.
رێبوار: ده‌گوترێت له‌سه‌ر ئه‌و په‌لامار و رفاندنانه‌ی له‌سلێمانی ئه‌نجام ده‌درێت نیگه‌رانن و یه‌كێتیتان ئاگادار كردۆته‌وه، ئه‌مه تاچه‌ند راسته؟ چۆن ده‌كرێت به‌بێ یاسا خه‌ڵك بڕفێنرێ و ئازار بدرێ و گفتوگۆش بكرێ؟
فازڵ میرانی: ئاگام لێ نیه برایانی ی.ن.ك ئاگادار كرابنه‌وه، ئێمه شه‌ریكین و په‌یمانێكی ستراتیجیمان له‌به‌یندایه، بۆیه نابێ مزایه‌ده له‌سه‌ر یه‌كتر بكه‌ین، ئێمه دژی هه‌ر كار و كاردانه‌وه‌یه‌كی نایاسایین، ئینجا گرتن و رفاندن بێ یاخود خۆپێشاندان به‌بێ ئیجازه و ئه‌زیه‌تدانی خه‌ڵك بێ، دڵنیا بن ئه‌گه‌ر هه‌موو لایه‌كمان میلله‌ت به‌گشتی و حزبه‌كان به‌تایبه‌تی په‌یڕه‌وی یاساكانمان بكه‌ین و رێزی یاسا و میلله‌ت بگرین، ئه‌م رووداوانه یان نایبینین، یانیش به‌ده‌گمه‌ن ده‌بن، ئه‌گه‌ر ئیراده‌ی چاره‌سه‌ری گرفته‌كان هه‌بێ، هیچ رێگرییه‌ك رێ له‌گفتوگۆكان ناگرێت.
رێبوار: سه‌رۆكی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ئۆباڵی دواكه‌وتنی كۆنگره‌ی بزووتنه‌وه‌كه‌ی خسته ئه‌ستۆی پارتی، چونكه به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان ده‌سه‌ڵاتی پارتی له‌هه‌ولێر و دهۆك وه‌ك ده‌سه‌ڵاتی به‌عسی جاران وه‌سف كرد‌و گوتی “ناكرێت كۆنگره له‌كاتێكدا ببه‌ستین كه هه‌ڵسوڕاوه‌كانمان وه‌ك سه‌رده‌می شاخ و كۆنفرانسه‌كانی كۆمه‌ڵه، له‌هه‌ولێر و دهۆكه‌وه بێن و به‌ماسكه‌وه به‌شداری كۆنگره‌ی گۆڕان بكه‌ن”، ئێوه ته‌علیقتان چییه له‌سه‌ر ئه‌و بۆچوونه؟
فازڵ میرانی: من نه‌مزانیوه به‌ڕێز كاك نه‌وشێروان پارتی به به‌عسی وه‌سفكردبێ، ئه‌گه‌ر واشیگوتبێت وه‌كو كاردانه‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌و زروفه زاتی و مه‌وزوعیه‌ی تێیدا ده‌ژی، یه‌كه‌م حه‌ق نییه، دووه‌م غه‌در له‌پارتی ده‌كات و له‌زۆر له‌وشه‌كانی خۆی پێشتر له‌ده‌رهه‌ق پارتی و خه‌باتی پارتی كردوویه‌تی، به‌هه‌رحاڵ مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه، ئه‌گه‌ر دواكه‌وتنی كۆنگره‌ی برایانی گۆڕان له‌سه‌ر به‌شداریكردنی نوێنه‌رانی دهۆك و هه‌ولێر و موسڵ وه‌ستاوه، ئه‌وه ئێمه له‌پارتی ئاماده‌یی خۆمان پێشان ده‌ده‌ین به‌بێ ماسك و له‌سه‌ر حیسابی خۆمان هه‌موو ئه‌ندامانی كۆنگره‌یان بۆ بگوازینه‌وه شوێنی كۆنگره و گه‌ڕانه‌وه‌شیان به ئه‌ستۆی خۆمان ده‌گرین.
رێبوار: به‌گشتی لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆن كه باس له‌خۆپیشاندان و چالاكی سیاسی ده‌كرێ، سنوری ده‌سه‌ڵاتی پارتی به‌سنورێكی نائازاد و ده‌سه‌ڵاتێكی سه‌ركوتكه‌ر وه‌سف ده‌كه‌ن، بۆچی ئه‌و وێنایه بۆ پارتی دروست بووه؟ پێتانوایه به‌ئامانجكردنی پارتی ره‌گێكی مێژوویی هه‌بێت، یان له‌به‌رئه‌وه‌یه كه پارتی ده‌سه‌ڵاته؟
فازڵ میرانی: پارتی شه‌ریكی ده‌سه‌ڵاته هه‌روه‌ك گوتم، ئه‌م وڵاته ئازادی تێدایه، ئینجا به‌لای هه‌ندێكیانه‌وه كه‌مه، به‌لای هه‌ندێكیانه‌وه زۆره، به‌ڵام بێ شك ئازادی هه‌یه، ئه‌مه ئۆپۆزسیۆن هه‌یه، رۆژنامه‌ی ئه‌هلی هه‌یه، خۆپێشاندان هه‌یه، ئه‌مانه سروشتین و بوونیان به‌یاسا له‌به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو لایه‌كدایه، به‌س ئه‌م تۆمه‌تانه هه‌مووی له‌پێناوی مه‌به‌ستێكدایه، ئه‌ویش به ئامانج گرتنی پارتیه، ئه‌ویش خه‌تای پارتی خۆیه‌تی، ئه‌گه‌ر به خه‌تا بژمێردرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پارتی قوتابخانه‌ی كوردایه‌تیه، پارتی شۆڕشی هۆشیاربوونه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی به‌رپاكرد، پارتی و شۆڕشی ئه‌یلولی مه‌زن كوردی كرده‌یه‌ك له زاخۆوه تا خانه‌قین، بۆ یه‌ك ئامانجی نه‌ته‌وایه‌تی، له‌ژێر ئاڵای یه‌ك سه‌ركرده و به خۆشه‌ویستی بۆ بارزانی نه‌مر، پارتی بۆ یه‌كه‌م جار ئۆتۆنۆمی به یاسا چه‌سپاند، پارتی سازش ناكات له‌سه‌ر مه‌سه‌له نه‌ته‌وایه‌تییه‌كان، …هتد. ئه‌مه زۆر له‌لایه‌نه‌كان پێی قه‌ڵس بوونه، دوژمنانی كوردیش هه‌ر پارتیان به‌سه‌ری ماره‌كه وه‌سف كردووه، ده‌یانگوت ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ مه‌سه‌له‌ی كورد نه‌هێڵین، ده‌بێ پارتی نه‌هێڵین، ده‌بێ بارزانی تیرۆر بكه‌ین، ده‌بێ بارزانی له‌جوگرافیا دوورخه‌ینه‌وه.. به‌س سوپاس بۆ خوا هی ئه‌وان سه‌رنه‌كه‌وت و ئه‌وه‌ی ئێستاش…..
رێبوار: جه‌نابت وه‌ك سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی، له‌سه‌ره‌تای خۆپیشاندانه‌كاندا لێدوانێكی توندتدا و هۆشداریت دایه نه‌یاره‌كانتان، كه هه‌ر كه‌سێك ده‌ستدرێژی بكاته سه‌ر باره‌گاكانی پارتی، ده‌ستی ده‌بڕنه‌وه، ئه‌مه‌ش به‌پێچه‌وانه‌ی سیاسه‌تی سه‌رده‌م لێكدرایه‌وه، له‌وكاته‌دا ئه‌و هه‌ڵوێسته تونده‌تان بۆچی ده‌گه‌ڕایه‌وه؟
فازڵ میرانی: له‌راستیدا ئه‌وه‌ی ئه‌وسا گوتم بڕوام پێ‌بوو، له‌و زروفانه‌دا زه‌روور بوو، یاسایه‌ك هه‌یه له‌ئیسلامدا، له‌یاسا دانراوه‌كانیشدا پارێزگاریكردن له‌خۆت مه‌سه‌له‌یه‌كی شه‌رعیه، من كه‌س به نه‌یاری خۆم نازانم، به‌ڵام سروشتیشه له‌م ناوچه‌یه‌دا ئه‌وه‌ی ده‌ستی خراپه‌كاری بۆت درێژ بكات بیبڕی، مه‌به‌ست له‌بڕین ئه‌وه‌یه وانه‌كه‌ی بتگاتێ و زه‌ره‌رت لێ بدات، ئه‌م هه‌ڵوێسته توند نییه له‌م سه‌رده‌مه‌دا، خۆ ئێمه له‌سه‌رده‌می گه‌وره‌مان (حه‌زره‌تی مه‌سیح) سه‌لامی خوای لێبێت نین، كه ده‌فه‌رموێ ئه‌گه‌ر كه‌سێك زلله‌یه‌كی له‌روومه‌تت دا، روومه‌ته‌كه‌ی تری بده‌یه تا شه‌قێكی ترت لێ بدات، ته‌نها له‌سه‌رده‌می ئه‌ودا ئه‌و شته هه‌بووه، یان پیاوێكی تورك خوالێخۆشبوو (پاپا پۆلی سێهه‌م)ی دایه به‌ر گولله، به‌ڵام ئه‌و چووه ناو زیندان و مواجه‌هه‌ی كرد و داوای كرد به‌ڕه‌ڵڵا بكرێت. به‌ڵام با نموونه‌یه‌كی تر له‌دنیادا بۆمان بێنن، خه‌ڵكێك بێت و بیه‌وێ بتكوژێت، تۆش بڵێیت فه‌رموو وه‌ره بمكوژه گه‌ردنت ئازاد بێت و من حه‌ز ناكه‌م بتكوژم. دیسانه‌وه ئومێدم وایه كاری خیلافاتمان نه‌گاته ئه‌و ئاسته و ئه‌و ره‌وشه‌ی دوژمنانمان ده‌یانه‌وێ به‌سه‌رماندا بیسه‌پێنن، یان بیكه‌نه كه‌لتوورێكی نامۆ له‌ناوماندا.
رێبوار: پارتی پێش كۆنگره زۆر باسی نوێبوونه‌وه و گۆڕانكاری ده‌كرد، كۆنگره‌ی به‌ست و گۆڕانێكی ئه‌وتۆ به‌سه‌ر پارتیدا نه‌هاتووه، ده‌گوترێ پارتی كێشه‌ی له‌گه‌ڵ كرانه‌وه و نوێبوونه‌وه‌دا هه‌یه، بۆچی ئه‌و به‌رنامانه‌ی پارتی كه له‌كۆنگره‌دا باسی ده‌كرد، تا ئێستا جێبه‌جێ نه‌كراوه؟
فازڵ میرانی: ئه‌وه‌ی له‌كۆنگره‌ی 13ی پارتیدا بڕیاری له‌سه‌ر درا، به‌بێ بڕوابوونی پارتی پێیان، مومكین نه‌بوو ببێته په‌یڕه‌و و پڕۆگرام، به‌ڵام هه‌ر حزبێك تا دروشمه‌كان و ئامانجه‌كانی له‌ڕووی تیۆرییه‌وه ده‌گوازێته‌وه بۆ مه‌یدانی پراكتیكی، پێویستی به كات هه‌یه، پێویستی به‌گونجانی زروفی زاتی و مه‌وزوعی هه‌یه، پارتی سه‌قفێكی زه‌مه‌نیشی دانه‌ناوه، كه ئه‌م هه‌موو نوێبوونه‌وه و گۆڕانكاریانه له‌م ماوه‌یه‌دا ئه‌نجام بدات، به‌ڵام به‌پێی یاسای كۆنگره‌كان هه‌ر حزبێك به‌رپرسیاره به‌رامبه‌ر جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كانی كۆنگره‌كانی له‌نێوان هه‌ردوو كۆنگره‌كه‌یدا.
رێبوار: بۆچی تا ئێستا كۆنفرانسه ناوخۆییه‌كانی پارتی ئه‌نجام نه‌دراوه؟ كه‌ی ئه‌نجام ده‌درێت؟ ئه‌ی بڕیاربوو ئه‌نجومه‌نێكی راوێژكاری دروست بكرێت، ئه‌وه به كوێ گه‌یشت؟
فازڵ میرانی: به‌كورتی و به‌كوردی هه‌م كۆنفرانسه‌كان و هه‌م ئه‌نجومه‌نی شاره‌زایان نه‌ك راوێژكاران، دواكه‌وتنیان له‌به‌ر زروفی زاتی و مه‌وزوعی عێراق و هه‌رێمه، كۆمه‌ڵێك رووداو هاتنه پێشه‌وه، كۆمه‌ڵێكی تریش له‌پێشن، جارێ ئه‌وله‌ویه‌ت دراوه به‌وانه، ئه‌مانه‌ی باسمانكرد هه‌ر ده‌بێ بكرێن، به‌ڵام له‌زروفی گونجاوتردا.
رێبوار: سلێمانی و گه‌رمیان دوو ده‌ڤه‌رن كه پارتی جه‌ماوه‌ری تێیاندا كه‌مه، پارتی باسی له‌به‌رنامه‌ی خۆی ده‌كرد بۆ به‌هێزكردنی پێگه‌كه‌ی له‌و ناوچانه. ده‌گوترێ ئه‌و رووداوانه‌ی دوای 17ی شوبات زیاتر پارتی له‌و ناوچه‌یه زه‌ره‌رمه‌ند كرد و له‌خه‌ڵكه‌كه‌ی دوورخسته‌وه. چیتان به‌ده‌سته‌وه‌یه بۆ چاره‌سه‌ری وه‌زعی پارتی له‌سلێمانی و گه‌رمیان؟
فازڵ میرانی: ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ی هه‌مانه له‌سلێمانی و گه‌رمیان له‌هه‌موو زروفێكدا بایی چه‌ند حزبێك هه‌یه، راسته چه‌ندایه‌تی له‌به‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كان گرنگه، به‌ڵام چۆنایه‌تی ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌مان جێگای سه‌رفرازی پارتیه، ئه‌مه هێزێكی خاوه‌ن بیروباوه‌ڕی نه‌گۆڕ و خۆڕاگره، به‌ڵێ پارتی به‌رنامه‌ی هه‌یه، هه‌م وه‌كو ده‌ڤه‌ر له‌رێگای حكومه‌ته‌وه، هه‌روه‌كو كاك نێچیرڤان بارزانی ده‌رگای پڕۆژه‌كانی نیشته‌جێبوونی كردۆته‌وه له‌گه‌رمیان و هه‌ڵه‌بجه، هه‌م له‌رووی سیاسی و رێكخستنه‌وه ئێمه له‌جه‌ماوه‌ری خۆمان رازی و مه‌منونین، به‌ئومێدی ئه‌وه‌ی ئه‌وانیش رازی بن.
رێبوار: ده‌گوترێت له‌كاتی كۆنگره‌دا نیگه‌ران بوویت، بۆچی نیگه‌ران بوویت؟ له‌كاتی كۆنگره‌دا باس له‌وه ده‌كرا كه پۆستی سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی نامێنێ، دوایی جه‌نابتان بوونه‌وه سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی، ئایا ئه‌وه په‌یوه‌ندی به‌نیگه‌رانییه‌كانی ئێوه‌وه هه‌بوو؟
فازڵ میرانی: له‌ژیانی سیاسی خۆمدا له‌هیچ كۆنگره‌یه‌ك بۆ خۆم وه‌كو فازڵ نیگه‌ران نه‌بوومه و نیگه‌رانیش نابم، به‌س بۆ حزبه‌كه‌م و بۆ هه‌ڤاڵانم نیگه‌ران ده‌بم، هه‌ر كادیره‌ك 44 ساڵ له‌حزبێك وه‌كو كادیر و 32 ساڵ وه‌كو ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی به‌رده‌وام بێ، ده‌كرێ نیگه‌ران نه‌بێ ئه‌گه‌ر هاتو ئه‌و هه‌سته‌ی لا دروست بوو كه له‌وانه‌یه هه‌ندێك له بۆچوون و ده‌ره‌نجامه‌كان له‌به‌رژه‌وه‌ندی حزبه‌كه‌دا نه‌بێ؟ جێگه‌ی داخه هه‌ندێكیان واده‌رچوون كه ته‌سه‌ورم ده‌كرد و پاشان هه‌موومان پێمان ناخۆش بوو، به‌ڵام كۆنگره‌كان هه‌ر شتی واشیان تێدا ده‌بێت، نه‌هێشتنی سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی نه باسكراوه، نه به‌لای منه‌وه وه‌كو تاكێكی حزبی ئه‌و گرنگیه‌ی هه‌یه بۆ خۆم، ئه‌گه‌ر ئه‌ركێكی حزبایه‌تی نه‌بێت.
رێبوار: ئایا له‌واده‌ی دیاریكراودا سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت له‌یه‌كێتی ده‌سێننه‌وه، چونكه رایه‌ك هه‌یه پێیوایه پارتی ئه‌گه‌ر ئه‌و پۆسته وه‌رنه‌گرێته‌وه، ده‌رده‌كه‌وێت كه ترسی هه‌یه له‌به‌رپرسیارێتی سه‌ره‌كی حكومه‌ت؟ ئه‌ی ئه‌گه‌ر پارتی ئه‌و پۆسته وه‌رنه‌گرێته‌وه، یه‌كێتی ده‌توانێ به‌رهه‌م ساڵح لاببات و كه‌سێكی تر دابنێ، یان ئێوه پۆسته‌كه بۆ د.به‌رهه‌م جێ‌دێڵن نه‌ك كه‌سێكی دیكه‌ی یه‌كێتی؟
فازڵ میرانی: ئێمه و برایانی ی.ن.ك په‌یمانێكی ستراتیجیمان هه‌یه، به‌پێی ئه‌و رێكه‌وتنانه پارتی ده‌توانێ له‌ماوه‌ی دیاریكراودا پۆستی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت وه‌رگرێته‌وه، ده‌توانێ وه‌ریشی نه‌گرێته‌وه، ئه‌مه‌ش وه‌كو ئیستیحقاق، ئه‌گه‌ر وه‌رمانگرته‌وه ئه‌وه مانای وانیه له‌برایانی یه‌كێتیمان ستاندۆته‌وه، هه‌روه‌كو له‌سیاغه‌ی پرسیاره‌كه‌تاندا هاتبوو، ئه‌گه‌ر وه‌ریشی نه‌گرین ئه‌وه مانای وانیه له‌ترسی مه‌سئولیه‌ته، پارتی حزبێكی خاوه‌ن ئه‌زموونه، له‌ناو خۆماندا دیراسه‌ی ده‌كه‌ین و له‌گه‌ڵ برایانی ی.ن.ك ئاڵوگۆڕی بیروڕا ده‌كه‌ینه‌وه، نایشارمه‌وه له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له‌هێزه سیاسیه‌كانی كوردیش باسمان كردووه‌و رای ئه‌وانیش گرنگه، چونكه ئه‌م حكومه‌ته هی هه‌موانه، ئینجا كێ سه‌رۆكایه‌تی بكات. دیاریشه كه جه‌نابی كاك نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی ده‌كرد، سیمای یه‌كبوون و رووخساری یه‌كترقبوڵكردن و پێكه‌وه‌ژیان و خزمه‌تكردن له چ ئاستێكدا بوو، ئینجا بۆ پارتی له‌مه‌سئولیه‌تی وه‌رگرتنه‌وه‌ی حكومه‌ت بترسێت؟
رێبوار: چاكسازییه‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم زۆر باس ده‌كرێت، باس له‌وه ده‌كرێت كه ئه‌و چاكسازییانه كه‌سه نزیكه‌كانی خۆیشی ده‌گرێته‌وه، ئێوه تاچه‌ند ئاگادارن؟ یاخود ده‌گوترێ چاكسازییه‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم زۆرتر ناوچه‌ی هه‌ولێر و دهۆكی گرتووه‌ته‌وه، ده‌گوترێ ده‌ركه‌وت گه‌نده‌ڵی زیاتر له‌سنوری ئیداری پارتیدا بووه، ئایا هۆكاره‌كه ئه‌وه‌یه، یان پارتی زیاتر هاوكاری سه‌ركه‌وتنی به‌رنامه چاكسازییه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمه؟.
فازڵ میرانی: چه‌ند ساڵه هه‌ر هه‌موومان باس له‌چاكسازی ده‌كه‌ین، جه‌نابی سه‌رۆكی هه‌رێم ئه‌و باسه‌ی هه‌موومانی كرده كرده‌وه‌و پراكتیكیشی ده‌كات، هه‌ڵبه‌ته قسه زۆره له‌سه‌ر ئه‌م چاكسازیه، به‌ڵام كاریگه‌ریه‌كی زۆر ئیجابی هه‌بووه له‌ناوه‌وه و ده‌ره‌وه، به‌س ئه‌وه‌ی ده‌گوترێ زۆرتر له‌ناوچه‌ی پارتیدایه، ئه‌وه راست نییه، مه‌به‌ستی سیاسی به‌دواوه‌یه، ده‌ركه‌وت هه‌رێم گشتی پێویستی به‌چاكسازی هه‌یه، چاكسازی بزاڤێكی پێویسته بۆ مانه‌وه و به‌رده‌وامبوونی هه‌ر وڵات و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی، جارێ وا جه‌نابی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌م ده‌ڤه‌ره ده‌ستی پێكردوه، به‌ئومێدی ئه‌وه‌ین بگاته هه‌موو ده‌ڤه‌ره‌كان، ئینجا كامه‌ی زۆره و كامه‌ی كه‌متره ئه‌وه كێشه نییه، گرنگ ئه‌وه‌یه چاكسازی له‌م وڵاته‌مان به‌چاكی جێگیر بێت تا میلله‌ته‌كه‌مان ئاسووده بێت و دادپه‌روه‌ری سێبه‌ری خۆی به‌سه‌ر كوردستاندا بكێشێت.
رێبوار: بۆچوونێك هه‌یه كه پێیوایه لێدوانه‌كانی كونسوڵی فره‌نسا له‌باره‌ی خۆپیشاندانه‌كانی سلێمانییه‌وه، گۆڕانكارییه له‌هه‌ڵوێستی وڵاته‌كه‌ی به‌رانبه‌ر به‌ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی كوردستان، ئێوه تاچه‌ند ئاگاداری ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ن؟.
فازڵ میرانی: ته‌سه‌ور ناكه‌م قسه‌كانی دكتۆر فریدریك تیسوو سه‌ركونسوڵی فه‌ره‌نسا له‌هه‌رێم گۆڕینی هه‌ڵوێستی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی بێ، تیسوو خۆی به‌گه‌نجی زۆر خزمه‌تی كورد و كوردستانی كردووه وه‌ك دكتۆرێك، له‌بواری سیاسیش‌دا زۆر لایه‌نگری كوردستان و كێشه ره‌واكه‌ی بووه، پاشان هه‌ر كه‌سێك ئازاده له‌ده‌ربڕینی بیروڕای خۆی، هه‌ر هه‌موومان داوای ئازادی و دیموكراسی و یه‌كترقبوڵكردن و پێكه‌وه‌ژیان و چی شتی باشتره ده‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر دوێنێ شتێكی باشت كردبێت، ئه‌مڕۆ باشتر بكه‌ی.
رێبوار: ده‌گوترێت پارتی و یه‌كێتی وه‌ك په‌رچه‌كردارێك به‌رانبه‌ر به‌پاڵپشتییه‌كانی ئێران بۆ لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆن رێگری ناكات له‌پژاك كه ئێستا له‌سنووره‌كانی ئێران شه‌ڕ ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌و حكومه‌ته، پێتانوایه ئه‌و په‌رچه‌كردارانه ئه‌نجامێكی ئه‌رێنی هه‌بێت؟
فازڵ میرانی: نه‌خێر ئه‌مه هیچ ئه‌ساسێكی نییه، نه كۆماری ئیسلامی ئێران پشتگیری ئۆپۆزسیۆنی كردووه له‌سه‌ر حیسابی یه‌كێتی و پارتی، نه پارتی و یه‌كێتی مه‌سڵه‌حه‌تیان له‌وه دایه خۆیان بخزێننه ناو هاوكێشه‌یه‌كی له‌م شێوه‌یه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه هاوكێشه‌ی هه‌رێم خۆی ئاڵۆزه له‌م باره‌وه، ئێمه له‌لایه‌ك دۆستی دراوسێكانی خۆمانین له‌توركیا و ئێران، به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شی زۆرمان هه‌یه له‌گه‌ڵ یه‌كتر، له‌لایه‌كی تریشه‌وه هێزه سیاسیه كوردیه‌كانیش برامانن، بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێت هه‌ر ته‌زامونمان هه‌یه له‌گه‌ڵ مه‌سه‌له نه‌ته‌وایه‌تیه‌كانی میلله‌ته‌كه‌مان و چاره‌سه‌ركردنی به رێگای ئاشتی و دیموكراتی، كه‌واته نه دژی ئه‌م وڵاتانه ده‌بین له‌سه‌ر حسابی مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تیمان و نه دژی براكانمان ده‌بین له‌پێناوی دۆستایه‌تیه‌كانمان، جاری واش هه‌یه ئه‌م هه‌ڵوێستانه گران وه‌ستاون له‌سه‌رمان.
له گۆڤاری سڤیله‌وه…..