پەیمانی لۆزان … لۆزانی 2005
بێستون بەرواری
بەداخەوە ھەر لە دێر زەمانەوە تا ئێستاش لەكومەڵگە كانی روژھەڵاتدا كەم كەس ھەیە دان بە ھەڵەی خۆی بدا، یان ئۆباڵی كارێكی خراپی خۆی لە ئەستو بگرێ. جا كارێكی بچوك بێت یان روداوێكی زور گرنگ. ئێمەی كوردیش دەستێكی باڵامان ھەیە لە دۆزینەوەی قوربانی بۆ كردەوە خراپەكانمان، تا ئەو راددەیە كە بووە دیاردەیەك لە ژیانی ئێمەدا. ئێمە بۆ ھەمو دواكەوتنەكانمان پاساو دێنین، بۆ شكەستەكانمان پاساو دێنین، بەڵام كەم جار راستیەكان دەپێكین.
زیاتر لە ھەشتا ساڵە گەلی كورد نەفرین لە زلھێزەكانی براوەی شەڕی جیھانی دووەم دەكەن و بەتایبەتیش ئینگلیزەكان، گوایە ئەوان پەیمانی لۆزانیان بەستووە و بوونەھۆی دانەمەزراندنی دەوڵەتی كوردی. لەكاتێكا لە پەیمانی سیڤەر ھەر ئەو زلھێزانە مافی دامەزراندنی دەوڵەتێكی كوردیان بە كورد دابوو، ئەگەر گەلی كورد بەویستی خۆی بریاری دامەزراندنی بدات. بەڵام لەو كاتەدا تەنھا سیاسەتمەداری زانای كورد جەنەرال شەریف پاشا بۆ ئەو ئارمانجە پیروزە تێدەكۆشا و خۆفروشەكانی كوردی وەكو زیاب ئاغا و حەسەن خەیری و چەندین ئاغاو دەرەبەگی تر بە ھاندانی شێخ ومەلاكان لەدژی سەربەخۆیی كوردستان وەستان. كەوابێ ھەر كورد بەخۆی دەستی ھەبوو لەو چارەنوسە رەشەی، بە بەستنەوەی بەشێكی گەورەی كوردستانەكەمان بە عیراقی عەرەبیەوە لە ئەنجامی پەیمانی لۆزان. كەم كەس لە گەنجانی كورد رۆڵی پیروزی شەریف پاشا وخیانەتی ئاغا و دەرەبەگەكانی ئەو سەردەمە دەزانێت. چونكە لەوانەكانی مێژو دا كورد تەنیا باسی دوژمنان و زلھێزەكان دەكات و ئەمە زیاتر لە ھەشتا ساڵە رۆڵەكانمان ئەو ھێزانە نەفرین دەكەن وھەر ھەمومان ھاوارمان دەكرد كوردستان بەبێ پرسینەوە لە كورد بە عیراقەوە نوسێنراوە. ھەرلەبەر ئەو نەریتە خراپەی دۆزینەوەی پاساو بۆ شكەستەكانمان پێداچونەوەیەكی راستیانەمان بە بە سەرھاتەكانماندا نەكردووە و دەرسی پێویستمان لێ وەرنەگرتووە، بۆیە ھەڵەكانمان دوبارە و سێ بارەش دەبنەوە.
پەیمانی لۆزان لە ساڵی 1923 بەسترا، لەو سەردەمەدا كورد لە ژێر دەستی داگیركەران دا دەژیا و لە ئاستێكی دواكەوتوودابوو و ھەستی نەتەوەیی لە پلەیەكی نزم دابوو، كورد ھێزێكی رێكخراوو چەكداری نەبوو، لە پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكاندا سەنگی نەبوو، بۆیە دوژمنانی كورد لە پیلانەكانیاندا سەركەوتن. بەڵام داخی گەورەم كە ساڵی 2003 لە دوای 80 ساڵ لە كاتێكا كە ویلایەتی موسڵی ئەو كاتە(دھوك و ھەولێروسلێمانی)لەژێر دەستی كورد دا بوو، كورد حكومەت و پەرلەمانی دەساڵەی ھەبوو، سەدان ھەزار پێشمەرگەی چەكداری ھەبوو، بەھێزترین پەیوەندی و پشتیوانی نێونەتەوەیی ھەبوو. لەولاشەوە رژێمی بەغدا روخابوو، ھێزی لەشكرو پارێزگاری لەسەرانسەری عیراقی عەرەبی ھەڵوەشابوو، شەڕی عەرەبی سوننی و شیعە لەو پەری گەرمیدابوو. سەركردایەتی كورد لەباشوری كوردستان ھەموو ھێزو توانای كوردیان خستە گەڕ بۆ بەھێزكردنەوەی عیراق ولە ساڵی 2005 داوایان لە خەڵكی كوردستان كرد، كە دەنگ بە دەستوری عیراقی بدەن. لەكاتێكدا كە ھەمو كورد و دۆستانی گەلی كورد ھاواریان دەكرد، كاتی راگەیاندنی سەربەخۆیی گەییوە و دەبێ ئەو دەرفەتە زڕرینە بقوزرێتەوە. بزوتنەوەیەكی مەدەنی لە كوردستان كەوتنە كۆكردنەوەی نزیكەی دوو ملیۆن ئیمزا بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی و لەكاتی دەنگدان بۆ دەستوری عیراقی سندوقی تایبەتیان بۆ سەربەخویی دانا و لەئەنجامدا 98% ی كوردان دەنگیان بۆ سەربەخویی كوردستان دا. سەركردەكانی كورد حسابیان بوئەو ھەمو دەنگانە نەكرد و بە كردەوە بەڵگەی رەزامەندی كوردی تومار كرد كە كوردستان بەشێكە لە عیراقی عەرەب. من وای دەبینم كە ئەگەر دوژمنان و زلھێزان بە بەستنی پەیمانی لۆزان لە سالی 1923 بەزۆر كوردستانی باشوری بە عیراقی عەرەبەوە نوساندبێت ئەوەتە سەركردەكانی كوردستانی باشور كوردستانیان ئارەزومەندانە بەعیراقەوە بەست و ئیتر گەلی كورد دەبێت لە جیاتی پەیمانی لۆزان گللەیی لە لۆزانی 2005 ھەبێت و ئەوانەی دەنگیان بۆ دەستوری عیراق كۆ كردەوە ئیتر باسی لۆزانی 1923 نەكەنەوە.
سوید 29/7/2011