ئایا پارتی توانای خۆ گونجاندنی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا؟

0

  به‌ڵێ‌ پارتی ده‌توانێت له‌ ئاستێكدا گۆڕان له‌خۆیدا بكات و له‌ هه‌ندێك ڕوه‌وه‌ خۆی له‌گه‌ڵ به‌شێ له‌  ژیانی حیزبایه‌تی سه‌رده‌م بگونجێنێت

  نوچه‌نێت: كۆنگره‌ی 13 ی پارتی تاچه‌ند ده‌توانێت، گۆڕانكاری به‌سه‌ر ئه‌و حیزبه‌دا بهێنێت، تا له‌گه‌ڵ بارودۆخی ئێستای سه‌رده‌مدا بگونجێنێت؟

ئه‌بو به‌كر عه‌لی: پارتی ده‌بوو ئێستا به‌ره‌وگرتنی كۆنگره‌ی شانزه‌هه‌مینی خۆی بڕۆیشتایه‌, هه‌رچۆنێك بێت گرتنی كۆنگره‌كه‌ ئاماژه‌یه‌ به‌ ئاسایی بونه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه‌و لاوازبونی ئه‌و پاساوانه‌ی ئه‌م حیزبه‌، به‌ناوی ئه‌وانه‌وه‌ بۆماوه‌یه‌كی دوورو درێژ كۆنگره‌ی خۆی دواخست، گرنگیشه‌ ئه‌م نه‌ریته‌ له‌ناو حیزبی كوریدا واته‌ پابه‌ند نه‌بوون به‌ماوه‌ی دیاری كراوی به‌ستنی كۆنگره‌ كۆتایی پیّبێت, چونكه‌ به‌شێكه‌ له‌ پێداویستی زیاتر به‌ دیموكراتیزه‌ كردنی ژیانی حیزبی له‌ هه‌رێم و كوردستاندا.

له‌ ڕویه‌كی تره‌وه‌ به‌ستنی كۆنگره‌كه‌ به‌وئاماده‌كاریی و بایه‌خ پێدان وسه‌یركردنه‌وه‌ ئاماژه‌یه‌ به‌تێڕوانینی سه‌ركردایه‌تی حیزبه‌كه‌, كه‌پێی وایه‌ قۆناغێكی نوێ له‌ كوردستاندا له‌حاڵه‌تی وه‌ده‌ركه‌وتن و شكڵ گرتندایه‌و, ده‌بێت ئه‌وان پێشتر خۆیانی بۆ ئاماده‌ بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن پارێزگاری له‌ ڕۆڵ و كاریگه‌ری حیزبه‌كه‌ بكه‌ن و گه‌ر بتوانن زیاتریشی بكه‌ن, چونكه‌ ده‌زانن بێ ده‌ستكاری كردنی حیزبه‌كه‌و ستافه‌ سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌ی، ئاسان نیه‌ بتوانن به‌ره‌و ڕوی شایانێتی (استحقاق)ی قۆناغی ئاینده‌ ببنه‌وه‌, هه‌رچی په‌یوه‌سته‌ به‌ پرسی توانای خۆ گونجاندن له‌گه‌ڵ بارودۆخی سه‌رده‌مدا  له‌ناو پارتی و, له‌م كۆنگره‌یه‌دا ده‌بێت هه‌ڵوێسته‌یه‌ك له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ بارودۆخی ئێستادا بكه‌ین وه‌ك له‌ پرسیاره‌كه‌دا هاتووه‌، چونكه‌   ئه‌و دارشتنه‌ ده‌كرێت به‌مه‌وداو ڕه‌هه‌ندو ڕه‌نگدانه‌وه‌ی جۆراو جۆر، بارگاوی بكرێت پێش ئه‌وه‌ی وه‌ڵامیش بده‌یته‌وه‌ باسی ئاماده‌یی پارتی یاخود هه‌ر حیزبێكی تر له‌م ڕوه‌وه‌ بكه‌ین, ده‌بێ بپرسین داخۆ مه‌به‌ست له‌بارودۆخی ئێستا چیه‌ و ناوه‌رۆك و خه‌سڵه‌ت وپێداویستی و سیماكانی چین و چۆن بزانین هێزێك توانیویه‌تی یاخود نه‌یتوانیوه‌ خۆی له‌گه‌ڵ گونجاندوه‌ یاخود نه‌خێر؟.

چونكه‌ به‌بێ ئه‌م دیاری كردنه‌ مه‌نهه‌جیه‌ وه‌ڵامه‌كانمان سنوردارو نازانستی ده‌بن, هه‌ر چۆنێك بێت لێره‌دا كاتی ئه‌وه‌مان نیه‌ بچینه‌ ناو ئه‌م باسه‌ فیكری و دورو درێژه‌وه‌ و مه‌سه‌له‌كه‌ له‌ژێر ناونیشانی گوڕان و خۆ نوێكردنه‌وه‌دا ده‌خه‌ینه‌ ڕوو, كه‌ له‌ خواستی سه‌ره‌وه‌ش نزیكمان ده‌كاته‌وه‌، پێموایه‌ هه‌ركه‌سێك ئاماده‌كاریه‌كانی كۆنگره‌كه‌ و بابه‌ته‌ ته‌رحكراوه‌كانی ناوی و هه‌ندێ‌ له‌ ئاراسته‌ی لێكدانه‌وه‌ فه‌رمیه‌كانی سه‌ركردایه‌تی حیزبه‌كه‌و, چاوه‌ڕوانی و خوێن گه‌رمی به‌شێ له‌ نوخبه‌كه‌ی ناوی بۆ فۆرمێكی تری حیزبایه‌تی له‌ناو خودی فۆرمه‌ نه‌ریتیه‌كه‌دا, موتابه‌عه‌ كرد بێت، له‌وه‌ تێده‌گات به‌ڵًێ‌ پارتی له‌م كۆنگره‌یه‌دا ده‌توانێت له‌ ئاستێكدا گۆڕان له‌خۆیدا بكات و له‌ هه‌ندێك ڕوه‌وه‌ خۆی له‌گه‌ڵ به‌شێ له‌ پێداویستیه‌كانی ژیانی حیزبایه‌تی سه‌رده‌م بگونجێنێت، لانی كه‌م له‌ڕوی تێۆریه‌وه‌.

چونكه‌ ئێمه‌ هه‌ندێ كاتمان ده‌وێت تائه‌وه‌ ڕون بكه‌ینه‌وه‌، داخۆ ئه‌و هێزه‌ له‌ پراكتیزه‌ كردندا تاچه‌ند ده‌توانێ خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌وگۆڕاوه‌ تیۆریانه‌دا بگونجێنێت، به‌ڵكو ڕه‌هه‌ند و ئاسۆی نوێشیان بخاته‌ سه‌ر به‌ گوێره‌ی پێویست، چونكه‌ ده‌شێ هێزێك له‌به‌ر كۆمه‌ڵێك (اعتبار) له‌هه‌ندێ‌ ڕوی تیۆریه‌وه‌ نه‌توانێ‌ خۆی نوێ بكاته‌وه‌ و ناو له‌شته‌كان بنێت، به‌ڵام به‌ كرده‌وه‌ به‌شێ‌ له‌و ئه‌ركه‌ ئه‌نجام بدات,  هه‌رچه‌ند تێگه‌یشتن له‌م هاوكێشه‌یه‌ و به‌م خه‌ستیه‌ بۆ هه‌ندێ‌ كه‌س قورسه‌ و كاڵكردنه‌وه‌ و ڕونكردنه‌وه‌ی ده‌وێت, هه‌موو ئه‌وانه‌ی هه‌ڵگری خه‌می چاكسازی و نوێبونه‌وه‌شن له‌م هێزه‌دا, ده‌كرێت له‌ میانه‌ی تێكۆشانی خۆیاندا له‌ قۆناغی داهاتوودا ئه‌وباری سه‌رنجه‌ له‌به‌رچاو بگرن و  به‌شێ له‌ ئه‌ركه‌ ته‌واو نه‌كراوه‌ و ناولێ نه‌نراوه‌كان، له‌ مه‌یداندا فۆڕم پێ ببه‌خشن، ئه‌و كاره‌ش له‌قازانجی خودی حیزبه‌كه‌و ژیانی سیاسی هه‌رێمدا ده‌بێت، چونكه‌ هه‌موو چاكسازیه‌كی ڕاسته‌قینه‌ی سیاسی له‌ هه‌رێمدا چاكسازیه‌كی ڕاسته‌قینه‌ی حیزبی ده‌وێت و ده‌خوازێت، له‌ كاتێكدا كه‌ هێشتا حیزبه‌كان ماویانه‌ له‌و ئاسته‌ قوڵه‌دا پرسی چاكسازی حیزبی مه‌تره‌ح بكه‌ن و ئاسۆكانی نوێبوونه‌وه‌ ده‌ستنیشان بكه‌ن

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com