سه‌ردار عه‌زیز: گۆڕان هێشتا نه‌یتوانییوه خۆی له‌نه‌ریتی پێشووی یه‌كێـتی داببڕێت، چونكه له‌هه‌ناوی كێشه‌كانی ئه‌و هێزه‌وه هاتۆته ده‌ر
**********
گۆڕان قه‌یرانی شوناس و قه‌یرانی په‌له‌یی و قه‌یرانی خۆ رێكخستنه‌وه‌ی هه‌یه
**********
یه‌كێتی پێیوایه گۆڕان له كاتی به‌ستنی كۆنگره‌دا رووبه‌ڕووی قه‌یران ده‌بێته‌وه
**********
ئه‌گه‌ر گۆڕان ببێته پارتێك و له‌سه‌ر كاریزمای نه‌وشیروان مسته‌فا بونیات بنرێته‌وه، كێشه‌یان بۆ درووست ده‌بێت
**********
خۆپیشاندانه‌كانی سه‌را ده‌ریان خست، كه كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه ئاماده نیه بۆ جه‌نگ و شۆڕش
**********
دیدار: رێبوار ره‌زا چوچانی
نووسه‌ر و رۆشنبیر سه‌ردار عه‌زیز له‌م دیمانه‌یه‌دا تیشك ده‌خاته سه‌ر سیاسه‌ته‌كانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ماوه‌ی درووست بوونیدا، وه‌ك بزووتنه‌وه‌یه‌كی سیاسی جه‌ماوه‌ری ئۆپۆزسیۆن، كه به بِوای ئه‌و، ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه له هه‌ناوی كێشه ناوخۆییه‌كانی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستانه‌وه، هاتوونه‌ته‌ده‌ر و ئه‌و جیاوازییه ناوخۆییانه‌ش كه هه‌ندێكجار سه‌ر بۆ ململانێ ده‌كێشن، وه‌ك میراتێك له یه‌كێتییه‌وه بۆیان ماوه‌ته‌وه، هاوكات ئه‌وه‌ش به‌بیر بزووتنه‌وه‌كه ده‌هێنێته‌وه، كه ئه‌گه‌ر ئه‌و پارته سیاسییه له‌سه‌ر كاریزمای نه‌وشیروان مسته‌فا بونیات بنرێت، له داهاتوودا رووبه‌ڕووی كێشه ده‌بێته‌وه.
رێبوار: بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان پێینایه ساڵی سێهه‌می ته‌مه‌نی خۆی، پێتوایه له‌م ماوه‌یه‌دا، چ كاریگه‌رییه‌كی هه‌بووه له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی هه‌رێم؟
سه‌ردار عه‌زیز: گۆڕان وه‌ك هێزێك كه هاته ناودنیای سیاسه‌تی كوردییه‌وه، وا هاته ناوه‌وه كه هێزكی جودا بێت له‌وانی تر، به‌ڵام سه‌رباری ئه‌و ره‌گوڕیشه‌ی كه په‌یوه‌سته به سیاسه‌تی كوردییه‌وه، له هه‌ندێك بواردا شتی نوێی هێنا كه ئۆپۆزسیۆنێكی كارایه، چونكه له پێش گۆڕاندا پارتمان هه‌بووه ده‌چوونه خانه‌ی ئۆپۆزسیۆنه‌وه، به‌ڵام گۆڕان ویستی نه‌ریتی ئۆپۆزسیۆن بوون، واته هه‌ستان به كاری ئۆپۆزسیۆن، بهێنێته ناو سیاسه‌تی كوردییه‌وه، به‌ڵام گۆڕان له خه‌ون و واقیعیدا پانتاییه‌ك هه‌یه له دابڕان، واته كێشه‌یه‌ك هه‌یه كه خه‌ونی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه چییه و ئه‌و گرێ و كۆسپ و كێشانه چین كه تووشی ده‌بن، چونكه ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه له ململانێ و كێشه‌كانی هه‌ناوی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانه‌وه هاتۆته ده‌ره‌وه و هێشتا نه‌یتوانیوه به‌شێوه‌یه‌كی ئاسان خۆی له‌و نه‌ریته داببڕێت، یان نایه‌وێت خۆی له‌و پاشخانه داببڕێت و ببێته هێزێكی جودا و سه‌ربه‌خۆ، یان زه‌مینه نه‌خولقاوه، له هه‌مانكاتدا بارودۆخی ناوچه‌كه وای كرد، ئه‌م هێزه به‌خێرایی بێته ئاراوه و به‌خێرایی بیه‌وێت ببێت به‌هێزێكی كاریگه‌ر، ئه‌مانه هه‌مووی قسه‌ی زیاترییان ده‌وێت و تایبه‌تمه‌ندیی گۆڕانن كه واده‌كه‌ن بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به كاریگه‌ری ئاماده بێت، به‌ڵام قه‌یرانی زۆریشی هه‌بێت.
رێبوار: به‌ڵام پێتوایه كۆسپه‌كانی بهردهمییانه كه ناتوانن خۆیان له‌و پاشخانه داببڕێنن و فۆرمێكی سیاسی جیاوازیان هه‌بێت، یان كۆسپییان بۆ درووست ده‌كرێت؟
سه‌ردار عه‌زیز: دیاره تێكه‌ڵه‌یه‌كه له هه‌ردووكیان، هه‌موو هێزێك له ناو خۆیدا كێشه‌ی هه‌یه و رووبه‌ڕووی كێشه‌ش ده‌بێته‌وه، واته پانتایی ناوخۆ هه‌یه و هێزی تریش هه‌یه له ده‌ره‌وه ده‌یه‌وێت به‌شێوه‌یه‌كی تر له قاڵب بدرێت و به‌شێوه‌یه‌كی تر ده‌ركه‌وێت و به‌شێوه‌یه‌كی تر بێته ناو ململانێكانه‌وه، هه‌موو هێزه‌كان ئه‌م دوو ئاسته‌یان هه‌یه له كێشه و ململانێ، وه‌ك ململانێی ناوخۆیی و ململانێ له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تردا، گۆڕانیش به هه‌مان شێوه ئه‌و ململانێیه‌ی هه‌یه له ناو خۆیدا، ئه‌و كێشه ناوخۆییانه‌ی هه‌یه كه به میرات بۆی ماوه‌ته‌وه یان له‌گه‌ڵیدا هاتووه، له ده‌ره‌وه‌ش كێشه‌ی تری هه‌یه وه‌ك زۆربه‌ی هێزه‌كانی تری ناو دنیای سیاسه‌تی كوردی، قه‌یرانی شوناسی هه‌یه، قه‌یرانی خۆ رێكخستنه‌وه‌ی هه‌یه، قه‌یرانی په‌له‌یی هه‌یه، قه‌یرانی ناڕونی سیاسه‌تی هه‌یه، ئه‌مانه وایكردووه كه بڵێم ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه له هه‌ردوو ئاسته‌كه‌دا كێشه‌ی هه‌یه.
رێبوار: ناڕونی سیاسه‌تی گۆڕان له چیدایه، ئایا نه‌بوونی شوناسێكی دیاری كرا‌و، یان نه‌خستنه‌ڕووی سیاسه‌تی روون له بواره جواربهجۆرهكاندا، به‌شێكی ئه‌ساسی گرفته‌كانی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه؟
سه‌ردار عه‌زیز: ره‌نگه له سه‌رجه‌م سیاسه‌تی كوردیدا ناڕوونییه‌ك هه‌بێت، چونكه نازانین ئێستا خه‌باتی ئێمه له پێناو سه‌ربه‌خۆییدایه، یان له پێناوی فیدراڵیدایه، یان له پێناوی چیدایه، كه ئه‌مه به‌شێكه له كێشه‌ی گشتی سیاسه‌تی كوردی، له هه‌مانكاتدا گۆڕان له نێوان لیبرالیزم و عه‌لمانییه‌ت و نیشتیمانییهت و نه‌ته‌وه‌گه‌رایی و سۆسیال دیموكراتدا، ئێمه نازانین به‌ڕوونی خه‌تی ئه‌م حیزبه چییه و ئه‌گه‌ر سبه‌ینێ بێته سه‌ر حكوم ئه‌یه‌وێت به چ شێوازێك حكومه‌ت به‌ڕێوه ببات، ئه‌مه واده‌كات كه بۆ لێكدانه‌وه‌ی سیاسی قه‌یران بێت، كه نه‌توانرێت ئه‌م حیزبه پۆلێن بكرێت، یان ئه‌م حیزبه نه‌توانێت خۆی پۆلێن بكات و به‌پێی ئه‌و پۆلێنه‌ی كه خۆی ره‌چاوی ده‌كات، خوێندنه‌وه‌ی بۆ بكرێت، گۆڕان خۆیشی نایشارێته‌وه، چونكه تا ئێستا نه‌به‌ستنی كۆنگره، نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه كه ئه‌م حیزبه به‌شێوه‌یه‌كی كۆنكرێتی سیاسه‌تی خۆی دانه‌ڕشتووه و جاڕی نه‌داوه، هێشتا له قۆناغی ئه‌وه‌دایه كه خۆی فۆرمه‌له بكات.
رێبوار: نه‌به‌ستنی كۆنگره پێتوانییه ببێته یه‌كێك له گرفته‌كانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، چونكه ئه‌وان به‌پێی ده‌ستوورێك كارده‌كه‌ن، كه هێشتا ده‌نگی زۆرینه‌ی خۆیانی پێنه‌دراوه، له‌دواین دیداری به‌ڕێز نه‌وشیروان مسته‌فاشدا باسی ئه‌وه‌ی كرد، كه خۆیی و هه‌ندێك له كه‌سه كۆنه‌كانی ناو یه‌كێتی، بڕیاری كۆتایی ده‌ده‌ن، خوێندنه‌وه‌ی تۆ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته چییه؟
سه‌ردار عه‌زیز: ئێمه چاوه‌ڕێی ئه‌وه ده‌كه‌ین گۆڕان كۆنگره ببه‌ستن، چونكه گۆڕان ناتوانێت بێ كۆنگره بێت، نه‌بوونی كۆنگره‌ی گۆڕانیش وه‌ك فشارێك به‌كار دێت له‌لایه‌ن هێزه‌كانی تره‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی فشار بخرێته سه‌ر گۆڕان بۆ به‌ستنی كۆنگره، وا داده‌نرێت كه ئه‌گه‌ر گۆڕان كۆنگره ببه‌ستێت، توشی كۆمه‌ڵێك قه‌یران ده‌بێت، به‌هۆی ململانێی نێوان ئه‌و پێكهاتانه‌ی كه له ناو گۆڕاندا هه‌ن، ئایا كێ پله‌و پایه و شوێنه‌كان وه‌رده‌گرێت، كێ ناوه‌كان وه‌ر ده‌گرێت، ئه‌مانه هه‌مووی به‌لای یه‌كێتییه‌وه وا سه‌یر ده‌كرێت كه قه‌یرانی ناوخۆیی بۆ گۆڕان درووست ده‌كات، بۆیه فشاری زیاتر ده‌خرێته سه‌ر گۆڕان بۆ ئه‌وه‌ی كۆنگره ببه‌ستێت.
به‌ڵام دره‌نگ كه‌وتنی كۆنگره خۆی له خۆیدا نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه، كه گۆڕان له ناو خۆیدا له كۆمه‌ڵێك هێز پێكدێت، ئه‌مه‌ش وه‌ك نه‌ریتێك له یه‌كێتییه‌وه بۆی ماوه‌ته‌وه، چونكه یه‌كێتی كۆمه‌ڵێك هێز پێكی هێنابوو، ئه‌مه‌ش شتێكی ده‌گمه‌ن نیه له دنیادا، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه چۆن ئه‌م هه‌موو جیاوازییانه پێكه‌وه گرێدهدیتهوه، به‌شێوه‌یه‌ك كه نه‌بێته هۆی ئاڵۆزی و په‌رتبوون و ململانێ و لاوازی، ئه‌مه ئه‌ركێكی گه‌وره‌یه كه ده‌كه‌وێته سه‌ر ئه‌وانه‌ی ئیداره‌ی ئه‌م بزووتنه‌وه ده‌كه‌ن، له رووی سیاسی و ئیداری و كارگێڕییه‌وه، من وای ده‌بینیم ئه‌وانه هه‌مووی كێشه‌ن بۆیه كۆنگره‌كه‌یان دوا كه‌وتووه، ئێستاش كه زیاتر بۆته فشار له‌سه‌رییان، زیاتر هه‌ست ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر كۆنگره بێت، ده‌بێت به‌شێوه‌یه‌ك بێت كه نه‌بێته هۆی زیان گه‌یاندن به‌و بزووتنه‌وه‌یه، یان ململانێی و باڵباڵێنی تێبكه‌وێت، بۆیه زیاتر حهزهرییان بۆ درووستبووه ده‌رباره‌ی كۆنگره.
رێبوار: به‌ڵام ئه‌م نه‌ریته‌ی كه تۆ پێتوایه له یه‌كێتییه‌وه بۆیان ماوته‌وه و گۆڕانی زیاد له هێزێك پێكهێناوه، ئایا سه‌ره‌نجامه‌كه‌ی به ئاراسته‌ی ئێستای یه‌كێتی نابات؟
سه‌ردار عه‌زیز: هیچ پارتێكی سیاسی نیه به‌بێ ململانێی ناوخۆیی، به‌ڵام ئایا گۆڕان ده‌توانێت له ئه‌زموونی یه‌كێتییه‌وه فێر ببێت كه چۆن ئه‌و لایه‌ن و گرووپه جیاوازانه‌ی ناوخۆی رێكبخاته‌وه، له‌سه‌ر ئه‌وه كه‌وتووه كه ئایا كه‌مێك فێر بوون له ئه‌زموونی یه‌كێتییه‌وه وا بكه‌ن، تا ئێستا كه‌سێكی كاریزمی هه‌یه له ناو گۆڕاندا، كه نه‌وشیروان مسته‌فایه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌مه ببێته هۆكارێك، پارته‌كه‌ی ببێته پارتێك له‌سه‌ر كاریزمای ئه‌و بونیاد بنێرێته‌وه، ئه‌وه به دڵنیاییه‌وه كێشه درووست ده‌بێت، له‌به‌ر ئه‌وه ده‌بێت پارتێك بێت له‌سه‌ر بونادێكی فراوانتر درووست ببێت، كه پێكهاته‌ی جیاواز له خۆی بگرێت، ئینجا گۆڕان نوێنه‌رایه‌تی كۆمه‌ڵێك كه‌س ده‌كات كه په‌یوه‌ندییان نیه به بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه، گۆڕان ده‌بێت ئه‌وه له‌به‌رچاو بگرێت، كه خه‌ڵكێكی زۆر هه‌ن ده‌یانه‌وێت چاكسازی بكرێت له كوردستاندا، ده‌یانه‌وێت سیسیته‌می حوكم به‌شێوه‌یه‌كی تر بێت، ئه‌م خه‌ڵكه ته‌نها له‌م خاڵه‌دا په‌یوه‌ندییان به گۆڕانه‌وه هه‌یه، ره‌نگه گۆڕان خۆی خه‌ونی هه‌بێت، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌مانه هه‌مووی ئاگادار بێت، چونكه ئه‌و كاته‌ی گۆڕان كه خۆی فۆرمه‌له ده‌كات و ناو له خۆی ده‌نێت، رووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵێك سه‌ره‌داوی دیار و نادیار ده‌بێته‌وه، ده‌بێت زۆر به ووردی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكات.
رێبوار: بۆ نموونه وه‌ك چی؟
سه‌ردار عه‌زیز: وه‌ك ئه‌وه‌ی كه خه‌ڵكێك هه‌یه بۆ ئه‌وه ده‌نگ به گۆڕان ده‌دات كه وه‌ك هێزێكی چاكسازیخواز و فشار له كوردستاندا ده‌رده‌كه‌وێت، ئایا گۆڕان ده‌توانێت ببێته ئه‌و هێزه، ئایا گۆڕان چۆن وه‌ڵامی ئه‌وانه ده‌داته‌وه، له‌لایه‌كی تره‌وه ئومێدێكی زۆر هه‌یه له‌لایه‌ن گه‌نجه‌كانه‌وه به تایبه‌تی، به‌وه‌ی كه گۆڕان بتوانێت جۆرێك له جیاوازی درووست بكات له سیسته‌می حكومڕانیدا، ئایا گۆڕان به چ شێوه‌یه‌ك ده‌توانێت ئه‌وه ئه‌نجام بدات، ئایا ئه‌وه ده‌بێته فشارێك بۆ ئه‌وه‌ی گۆڕان به په‌له هه‌ڵسوكه‌وت بكات یان ئه‌وه ده‌كاته شێوازێكی سیاسه‌ت كردنێكی درێژخایه‌ن.
رێبوار: یه‌كێك له‌و ره‌خنانه‌ی كه رووبه‌ڕووی گۆڕان ده‌كرێته‌وه، په‌روه‌رده‌ی لایه‌نگرانییه‌تی، كه به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان په‌روه‌رده‌یه‌كی توندوتیژه، پێتوایه ئه‌م په‌روه‌رده توندوتیژه‌ی هه‌یانه، ده‌رخه‌ری راستییه‌كی شاراوه بێت كه زۆرجار هێزه سیاسییه‌كان له هه‌ناوی خۆیاندا هه‌ڵی ده‌گرن و كاتێك ده‌گه‌نه ده‌سه‌ڵات، ئه‌و راستییه شاراوه خۆی دیار ده‌خات، ئه‌ویش مه‌یله به‌ره‌و رژێمی تۆتالیتاری؟
سه‌ردار عه‌زیز: راسته جۆرێك له هه‌ڵچوون هه‌یه، به‌ڵام ره‌نگه چه‌ند فاكته‌رێك هه‌بێت كه وا ده‌كات ئه‌م هه‌ڵچوونه رۆڵی هه‌بێت.
یه‌كه‌م: روونه‌دانی گۆڕان به‌و خێراییه‌ی كه ده‌خوازرێت.
دووه‌م: گروپێكی زۆر له هه‌وادارانی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه گه‌نجن، ره‌نگه شێوازێكی جیاوازییان هه‌بێت بۆ ده‌ربڕین، به‌ڵام له هه‌مانكاتدا ده‌بێت له‌وه ئاگادار بن كه سیاسه‌ت پێویستی به كۆمه‌ڵێك شتی زۆر تریش هه‌یه، نه‌ك به هه‌ڵچوون و گوڕوتین، به‌ڵكوو پێویستی به بیركردنه‌وه و سازشیش هه‌یه، ئه‌مه واده‌كات كه ئایا ئه‌م پارته ده‌باته مه‌یلی تۆتالیتاری، یان نا، ئه‌مه له‌سه‌ر پارته‌كه كه‌وتووه.
من باوه‌ڕ ناكه‌م شتێكی وا له توانای پارتێكی سیاسی وه‌ك گۆڕاندا هه‌بێت، ته‌نانه‌ت پێموانییه له توانای هیچ پارتێكی سیاسی كوردیدا هه‌بێت، چونكه كۆمه‌ڵگای كوردی زۆر جیاوازه، ئه‌مه وای ده‌بینم كه پێانوایه رێگا نیه بۆ ئه‌وه‌ی كه به‌و شێوه‌یه‌ی ده‌یخوازن، گۆڕان درووست ببێت، به‌هۆی هه‌بوونی ئاسته‌نگ و به‌ربه‌ستی زۆر، ئه‌مه وا ده‌كات كه هه‌ڵچوون و په‌رچه كردار درووست ببێت، كه جۆرێك له سیاسه‌تی گه‌نجانه درووست ببێت، چونكه بۆ ئه‌وه‌ی سیسته‌مێكی سه‌رتاسه‌ری درووست بكه‌یت، پێویستت به ئایدیۆلۆژیایه‌كی تۆكمه‌یه، پێویستت به سیسته‌مێكی رێكخستنی ئاڵۆزتره، من ئه‌وانه له گۆڕاندا نابینم، بۆیه وای نابینم ئه‌گه‌ر گۆڕان خه‌ونی وه‌هاشی هه‌بێت، بتوانێت كاری وا بكات، من وای ده‌بینم كه له كهف و كوڵێك و هه‌ڵچوونێك و هه‌بوونی به‌ربه‌ست كه له‌به‌رده‌میاندا درووست بووه، نه‌ك ئه‌وه‌ی كه به‌شێوه‌یه‌كی سیسته‌ماتیك داڕێژرابێت، كه بیه‌وێت خه‌ونێكی تۆتالیتاریزمییانهی هه‌بێت.
رێبوار: به‌ڵام كۆی ئه‌م هه‌ڵچوون و په‌له‌په‌لییه، چ به‌ره‌نجامێكی نه‌رێنی ده‌بێت بۆ بزووتنه‌وه‌كه؟
سه‌ردار عه‌زیز: ده‌بێت ده‌سه‌ڵات وا سه‌یری بزووتنه‌وه‌كه بكات كه هه‌ن و زۆربه‌ی ههوادارهكانییان گه‌نجن، ئه‌و گه‌نجانه‌ش فشار ده‌خه‌نه سه‌ر ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه كه به‌و شێوه‌یه هه‌ڵسوكه‌وت بكات، چۆن به‌ربه‌ست نه‌گیرێت له‌به‌رده‌میاندا و بێهیوا نه‌بن، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ره‌و ئاقاری توندوتیژ نه‌چێت، ئه‌مه شتێكه ده‌بێت ده‌سه‌ڵات به باشی بیری لێبكاته‌وه، چونكه ئه‌گه‌ر به‌ره‌و توندوتیژی بچێت، ئاسایش تێك ده‌چێت، كه تێكچوونی ئاسایش واته تێكچوونی ئازادی‌و هه‌موو شته‌كانی تریش، بۆیه ده‌بێت ئه‌مه له‌به‌رچاو بگیرێت كه ئه‌م هێزه بێ ئومێد نه‌بێت و به‌شدارێكی چالاك بێت له سیاسه‌ت و حكومه‌ت و په‌رله‌مان، بێهیوایانه رێگه‌ی لێنه‌گیرێت، چونكه فشارێكی زری له‌سه‌ره چونكه جۆرێك له نا ئومێدی درووستبووه له گۆڕانی سیسته‌می كوردی، له هه‌مانكاتدا بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان خۆیشی ده‌بێت نه‌كه‌وێته ژێر كاریگه‌ری ئه‌و هه‌ڵچوونه، هه‌رچه‌نده وا هه‌ست ده‌كه‌م كه گۆڕان ئه‌وه وه‌ك فشارێك به‌كاری ده‌هێنێت له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات.
رێبوار: له دوا دیداری نه‌وشیروان مسته‌فا، باسی ئه‌وه‌ی كرد، كه لایه‌نه سیاسییه‌كان تاسه‌ر بێده‌نگ نابن و ملشۆڕ ناكه‌ن له‌به‌رانبه‌ر به‌كارهێنانی هێزدا، هه‌ندێك كه‌س ئه‌مه‌یان وه‌ك هۆشدارییه‌ك له قه‌ڵه‌مدا بۆ لایه‌نه‌كانی ده‌سه‌ڵات، كه ئه‌مه زه‌نگێكه و ره‌نگه شه‌ڕی ناوخۆی به‌دوادا بێت، پێتوایه به‌ره‌نجامه‌كانی ئه‌م دۆخه به‌چی ده‌گه‌ن؟
سه‌ردار عه‌زیز: گۆڕان ره‌نگه ئه‌زموونیشی كردبێت له خۆپیشاندانه‌كانی سه‌را، چونكه كاتێك گه‌شته توندوتیژی گۆڕٍان هێزێكه قازانجی لێناكات، بردنی كۆمه‌ڵگا به‌ره‌و توندوتیژی گۆڕان زیانمه‌ندی یه‌كه‌م ده‌بێت تێیدا.
رێبوار: بۆچی؟
سه‌ردار عه‌زیز: چونكه كاتێك ده‌گاته توندوتیژی، ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه شه‌رعییه‌تی ئه‌وه‌ی نامێنێت كه بڵێت راپه‌ڕینێكی جه‌ماوه‌رییه، به‌ڵكو یه‌كسه‌ر ده‌بێته شه‌ڕی ناوخۆ و ململانێ حیزبی، له‌مه‌شدا ده‌سه‌ڵات به تواناتره له رووی خۆ رێكخستن و هێزه‌وه، بۆیه ئه‌گه‌ر ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه به‌ره‌و توندوتیژی بڕوات، كارێكی خۆ كوژی ده‌كات، ره‌نگه ببێته هۆی دامركانه‌وه‌ی كف و كوڵی بڕێكی كه‌م له گه‌نجی توڕه، به‌ڵام ئه‌نجامی نابێت، چونكه ئێمه ئه‌و راستییه‌مان بۆ ده‌ركه‌وتووه له ئه‌نجامی شه‌ڕی ناوخۆ، هیچ هێزێكی سیاسی كوردی ناتوانێت هێزێكی تر له ناو ببات، گۆڕان ئه‌گه‌ر به‌و ئاقاره بڕوات، ناتوانێت هیچ به‌ده‌ست بهێنێت، خۆپیشاندانه‌كانی سه‌راش ئه‌وه‌ی پیشاندا، كه كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه ئاماده نیه بۆ جه‌نگ و شۆڕش، به‌ڵكو ئاماده‌یه بۆ فشار كردن و خۆپیشاندان، به‌ڵام ئاماده‌نییه له پێناو شۆڕش چه‌ندین هه‌زار كه‌س بمرێت.
لە سڤیلەوە