کوردێک لە خانەی بێ سەرپەرشتانی روسیاوە بۆ گەورەترین شەریکەکانی دنیا

0

کوردێک لە خانەی بێ سەرپەرشتانی روسیاوە بۆ گەورەترین شەریکەکانی دنیا

د.هۆگر فاتیح رەسوڵ لەسویدەوە چیرۆکی ژیان و ئەزمونی دەگێڕێتەوە

داوا لە حکومەتی کوردستان دەکات پرۆژەی ستراتیژی هەبێت و پشت بەنەوت نەبەستێت

ئامادەیە بچێتەوە وڵاتەکەی بۆ خزمەت و فێرکردنی گەنجان

رزگار رەزا چوچانی/ سوید

نوچەنێت/ گۆڤاری سڤیل

بۆ بەگەورەیی بینینی وێنەکان، کە مێژووی قۆناغە جیاجیاکانی ژیانی دکتۆر هۆگر دەگێڕنەوە، کلیک لەسەر وێنەکان بکە.

د.هۆگر فاتیح رەسوڵ، لەمنداڵیدا زیندانەکانی بەعسی بینیوە لەهەولێر، بەهۆی ئەوەی کوڕی فاتیح رەسوڵ سەرکردەی دیارو کۆچکردووی حزبی شیوعی بووە، ئەو هەر لە تەمەنی مناڵیدا، لەدایک و باوکی دەبڕێت و دەنێردرێتە خانەیەکی مناڵانی بێ سەرپەرشت لە روسیا، دواتر لەگەورەترین کۆمپانیا بەناو بانگەکانی دنیا خۆی دەبینێتەوە، لەم دیمانەی گۆڤاری سڤیل ئەزموونەکانی ژیانی دەگێڕێتەوە.

رزگار رەزا چوچانی: چۆن بوو لە کوردستانەوە بەرەو روسیا بەڕێکەوتن و لەوێ لەخانەیەکی بێ سەرپەرشتان گرسانەوە؟.

د. هۆگر: وەک دەزانن باوکم کاری سیاسی دەکرد لە بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان، باوکم هەر لەمنداڵییەوە خەریکی کاری سیاسی بووە، ئەوەتەی بیرم دەهات لەکوردستان هەر خەریکی راکەڕاکە بووین و لەناو وڵاتی خۆمان بەردەوام دەربەدەر بوین، ئێمە مناڵ بوین بەهۆی ئەو دۆخە نالەبارەی هەمان بوو، من و خۆشک و براکانم زۆر مەکتەبمان گۆڕیوە، چونکە بەردەوام خەریکی ماڵگواستنەوە بوین، لەم شار بۆ ئەو شار، ساڵی ١٩٨١ بوو کە لەهەولێر بوین و باوکیشم لەشاخ پێشمەرگە بوو، خەبەری نارد کە دەیەوێ ئێمە رزگار بکات، لەوکاتە چەند جارێک پۆلیس و موخابەرات و ئەمن دەهاتنە سەرماڵمان، بیرمە رۆژێک هاتنە مەکتەب من و براکەمیان برد، دواتر دایک و خوشک و براکانمان هەموومانیان خڕکردەوە بردینیانە دائیرەی ئەمن، کە لەلای نقڵیاتی کۆنی هەولێر و پێش ناوەندی جمهوری بوو، لەوێ خێزانێکی زۆر لەمناڵ و ژن و کچ و کوڕ کۆکرابونەوە، ئەوەی یەک کەسی لەشاخبوایە لەوێ خر کرابووەوە، شەوو رۆژێک ئێمە لەوێ بوین، دوواتر خزمەکانمان بە وەکالەت و کەفالەت ئێمەیان ئازاد کرد، دوای ئەوە کاتێک باوکم ئەو هەواڵەی بیستبوو، وتی دەبێ رزگارتان بکەم، هاوینی ١٩٨١ چوینە کۆیە، بۆ ماڵی خزمێک لەوێوە چوینە رانیە، لە ڕانیە چوینە دۆڵەرەقێ، لەوێوە بەرەو وەرتێ و لەوێوە بەرەو پشت ئاشان چوین، لەوێوەش بەرەو ناوزەنگ، لەوکاتەش شەڕی براکوژی بوو، لەناو زەنگ هەندێ ماینەوە، دواتر دایکم لەوێ مایەوە و باوکم وتی ئەتان نێرمە مەکتەبێک لە روسیا، ئەو مەکتەبە تایبەت بوو بە مناڵانی بێ سەرپەرشت. من و براکانمی بەرەو ئێران برد، ئەو سنورانەمان هەمووی بە پێ بڕی زۆر سەخت بوو، هەتا لە وەرتێ کە بەرەو ناو زەنگ چوین، ئێمە لەناو شەڕەکەی نێوان یەکێتی و حزبی شیوعی بوین”پێکەنین” ئێمە چوین لەدەستی سەدام رزگارمان بێت، لەوێ کەوتینە ناو شەڕەکەوە. چوینە کوردستانی ئێران و دواتر رەزاییە، دوو سێ مانگ لەتاران ماینەوە، ئێمە لەوکاتە هەموو مناڵ بوین، من تەمەنم ١٤ ساڵ بوو نزاری برام ١٣ ساڵ بوو، ئاراسی براشم ٧ ساڵان بوو، باوکم بەهاوکاری هەندێ ڕێکخراوی کوردی خۆمان، ئێمەی ناردە سوریا، لەوێ ٣ مانگ لەماڵی برادەرێکی باوکم ژیاین، ماوەیەکیش لەوێ دەستمان کرد بە خوێندن، چونکە نەماندەزانی چیمان لێدێ و کەی دەتوانین ئەوێ جێبهێڵین، لەسوریاش سەخت بوو ئێمە عەرەبیمان نەدەزانی، لەمەکتەبی عەرەبی کەسمان نەدەناسی، قوتابخانە وەک نیزامی عەسکەری وابوو، زۆر لە عێراق خراپتر بوو، زۆر ناخۆش بوو بەڕاستی، باش بوو باوکم لەڕێگای خاچی سوری روسی من و دوو برا بچوکەکەمی ناردە مۆسکۆ، بەتەنیا سواری تەیارە بوین کەلەوێ هاتینە خوارەوە، دەرەجەی سەرما ناقس ٢٥ بوو، زۆر سەرما بوو لەژیانمان سەرمای وامان نەدیووە، جلی باشمان لەبەرنەبوو، وەخت بوو لەسەرما رەق بینەوە، لەوێ خاچی سوری پێشوازی لێکردین، بردینیانە شارێک ٩ سەعات بەقیتار لەمۆسکۆوە دوورە، لەوێ چوینە ئەو قوتابخانە کە تایبەتە بەو مناڵانەی دایک و باوکیان نیە، یان دایک و باوکیان لە خەباتدان و دەربەدەرن، وەک مناڵانی ئەمریکای لاتینی، ئەفریقا، شەرقلئەوسەت، کە مەجالیان نیە بخوێنن لە وڵاتانی خۆیان، ئەو مەکتەبەش خاچی سور دروستی کردبوو قوتابخانەیەکی مێژووی بوو، پێم وایە لە ساڵی ١٩٣٤ دروستکراوە، لەوێ مامۆستاکان رووس بوون، مناڵەکان هەموو بیانی بوون، دیسان ئەوێش بۆ ئێمە سەخت بوو لەسەرەتادا چونکە هەر مناڵەو زمانێکی هەبوو زمانی یەکترمان نەدەزانی.

رزگار رەزا چوچانی: لەو قوتابخانە چۆن بۆ ئێوە گوزەرا، چۆن دەستتان بەخوێندن کرد، چەند سەخت بوو دووری دایک و باوکتان؟.

د.هۆگر: لەوێ دەستمان بەخوێندن کرد، پێنج شەش مانگی یەکەم من و نزاری برام زمانی روسیمان خوێند، بەڵام ئاراس یان “مەبەست ئاراس فاتح هونەرمەند، خەپەگیان” یەکسەر بردە پۆلی یەک یان دووی سەرەتایی، ئاراسی فەقیر زۆر مناڵ بوو، هەموو رۆژێ دەگریاو رایدەکرد لەمەکتەب، ئەو رایدەکرد و من دەبوو بیبەمەوە، زۆر بیری دایکمی دەکرد، چونکە زۆر بچوک بوو، لە ژوورێک بوو ٦ مناڵی تری لێ دەنوست، وەک عەسکەر هەموویان رێک دەخستن، بەیانیان هەڵیان دەساندن بۆ نان خواردن و بۆ مەکتەب، منیش زۆر دڵم بە ئاراس دەسوتا، بەڵام دەسەڵات نەبوو، ماوەیەکی زۆری ویست تا ئاراس لێی راهات، من لەوێ رۆڵی برا گەورەو باوک و دایک و هەمووی خۆم بووم، ئەوێش سەخت بوو بۆ من بەتایبەت، ئەو مەکتەبە مامۆستاکانی زۆر باش بوون، هەوڵی فێرکردنی مناڵەکانیان دەدا، بەڵام مناڵەکان لە وڵاتی جیاوازو نەریتی جیاوازەوە هاتبوون، لەوێ یەک شت زۆر ناخۆش بوو، ئەو مناڵەی ئازا نەبوایە یان ئاگای لەخۆی نەبوایە، غەدریان لێدەکرد و مناڵەکانی تر لێیان دەدا، بۆیە من بەردەوام ئەبوو ئاگام لەبرا بچوکەکان بێت، کە لێیان نەدەن غەدریان لێنەکەن، بۆیە تا لەوێ بووم ئەبوو بەردەوام ئاگام لە ئاراس بێت، سەختتر لەوەش دوریمان بوو لە دایک و باوک، کە لەپێشتریش هەوروابوو، باوکم لەشاخ بوو نە مەجالی سەردان نە تەلەفۆن نەبوو، لەوروسیاش هەر سەخت بوو دیسان بۆ ساڵێک ئەگەر ناو بەناو نامەیەکمان لەڕێگای هەندێک لە برادەرانی باوکمەوە بۆ بهایاتە، کە لەڕێگای شاخەوە دەیانهێنا، ئەویش نامەی زۆر بچوک بچوک، کە زۆرکات لەسەر کلینکس دەنوسرا، بۆ ئەوەی لەڕێگای ئێران و سوریا کەس نەیبینێت، دۆخێکی سەخت و ناخۆش بوو.

ئێمە مناڵ بوین بەڵام هەستمان دەکرد دایک و باوکمان تێدەکۆشن لەوڵات و شەڕدەکەن بۆ کوردستان، دەمانزانی خەڵک لەوێ شەهید دەبێت، لە سجنەکانی سەدام و بەعس دەکوژرێن یان بەکۆمەڵ زیندە بەچاڵ دەکرێن، بۆیە وێڕای سەختیەکان و تەمەنی مناڵیشمان هەستمان بە سەربەرزی دەکرد، کە دایک و باوکمان پێشمەرگەیە، مناڵ بوین بەڵام کوردایەتیمان لەچاو تەمەنمان زۆر بەهێز بوو.

رزگار رەزا چوچانی: تاکەی لەو قوتابخانەیە مانەوە؟

د.هۆگر: من سێ ساڵ لەو مەکەتەبە بووم، پاش زمان فێر بون لەوێ من یەکەسر تاقیکردنەوەی روسیم کرد، دەستمکرد بە خوێندنی ئامادەیی، یارمەتی نزاری براشم دا، ئەویش هاتە گەل من ساڵێک پێشکەوت، بەڵام ئاراسیان لە پۆلی دوو دانا ٩ساڵ لەو مەکتەبە مایەوە. پاش تەواو کردنی قوتابخانە ئاراسی فەقیرمان بەتەنها جێهێشت، ئێمە چوینە مۆسکۆ لەوێوە مەجالمان هەبوو زوو زوو تەلەفۆن بۆ ئاراس بکەین، سەفەرمان دەکرد بۆ شارەکەی ئەو، دەچوینە لای پشووەکانی نیوەی ساڵ و سەری ساڵ ئاراسمان دەهێنا مۆسکۆ.

رزگار رەزا چوچانی: دوای چەند ساڵ دایک و باوکت بینییەوە؟.

د.هۆگر: دوای کیمیابارای هەڵەبجەو ئەنفالی گوندەکان، پێشمەرگە بەزۆری ناوچەکانیان چۆڵ کرد، دایک و باوکیشم هاتنە سوریا، هاوینی ساڵی ١٩٨٨ بوو ئەوان لە دیمەشق دەژیان، ئێمە خۆمان پارەمان نەبوو بیتاقەی تەیارە بکڕین، بۆیە بەهاوکاری برادەرانی باوکم، لە مۆسکۆوە سەفەرمان کرد بۆ دیمەشق بۆ ئەوەی دوای ئەو هەموو ساڵە دایک و باوکمان بیبینیەوە، یەک دوو هەفتە لای ئەوان ماینەوە، کاتێک کەچوینە ئەوێ دایک و باوکم ئاراسیان نە ناسییەوە، بەڵام ئێمە رەسمی دایک و باوکمان پێبوو، بۆیە ئاراس ئەوانی دەناسییەوە، دوای دوو هەفتەکە دیسان دایک و باوکمان بەجێهێشت، لە ساڵی ١٩٩٠ دایک و باوکم هاتنە سوید، ئێمە هەر لەروسیا بوین، هەر لەو ساڵەدا لەوێ من وبراکەی ترم زانکۆمان تەواوکرد، من ئەندازیاری تەکینیکیم تەواو کرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی بە ئاستی بەرز خوێندنمان تەواو کرد، زانکۆ داوای کرد بمێنینەوە بۆ خوێندنی دکتۆرا، بۆیە دیسان ئەوکاتیش هەر بەسەردانێک دایک و باوکمان بینی لەگەڵ نزاری برام کە هاتینە سوید بۆلایان، ماوەیەک لەلاین بوین و پێم وایە ئیقامەشمان وەرگرت، دواتر گەڕاینەوە تا دکتۆراکەمان تەواو کرد، سەرەتای ساڵی ١٩٩٥ هاتینەوە سویدو لەوکاتەوە من لە سوید دەژیم.

رزگار رەزا چوچانی: کاتێک هاتنە سوید چۆن دەستت بەژیان کرد، لەوڵاتێکی تازە کە دیسان زمان و نەریتی جیاوازە لەو وڵاتەی لێت خوێندووە؟.

د.هۆگر: لەسوید لەگەڵ ماڵی باوکم دەژیام، دەستم کرد بە خوێندنی زمانی سویدی، یەکەم ساڵ بۆ من سەخت بوو، زمانمان نەدەزانی، بێکار بوین، دوای تەواو کردنی کۆرسی یەکەمی زمان، دەورەیەکی ترم وەرگرت دیسان هەر بۆ زمان بوو بەڵام دەورەیەکی بەهێزتر بوو، کاتێک کۆرسی یەکەمی زمانم تەواو کرد، سیقەم بەخۆم هەبوو کە دەتوانم کار بکەم، چونکە زۆرم دەخوێندەوەو زۆر هەوڵم دەدا، زۆر زیاترم دەکرد لەو ئەرکانەی کە ئەیاندا بەسەرماندا لەمەکتەب، بەڵام کەچومە دەورەی دووەم بۆ زمان لە ستۆکهۆڵم، رۆژی ٨ سەعات دەمخوێند، دەورەیەکی زۆر چڕو پڕ بوو، وایلێکردم زمانەکەم زۆر زیاتر پێشبکەوێت، چونکە بۆ ئەو بیانیانەی کەوەک ئێمە دێنە سوید، زۆر گرنگە زمانی ئەم وڵاتە باش بزانن، ئاسان نییە کار بدۆزیتەوە ئەگەر زمانت باش نەبێ، من لەو کاتەدا کەهاتم ئینگلیزییەکەشم باش بوو، بەڵام لێرە لەناو بازاڕی کار، دۆزینەوەی کار زۆر زەحمەت دەبێت بۆ ئێمە، بەتایبەت کە لەولاتانی سێیەمەوە هاتوین، دەبێت زمان و توانات لەئاستێکدا بێت بڕوایان پێبهێنیت، ئەگەرنا شەهادەی وڵاتانی دەرەوەش، نابێتە هۆی ئەوەی تۆ کار بدۆزیتەوە.

رزگار رەزا چوچانی: وتت ئاسان نیە بەشەهادەی وڵاتانی دەرەوە، کارت دەست بکەوێ، بەڵام تۆ لەروسیا دکتۆرات وەرگرت، لەسوید چۆن دەستت بەکار کرد؟.

د.هۆگر: لێرە ئەگەر تۆ خەڵکی ئەم وڵاتە نەبێت و کارت نەکردبێت، شەهادەی وڵاتێکی ترت هەبێت، زۆر سەختە کار بدۆزیتەوە، بەڵام ئێمە زۆر بەردەوام بوین هەتا من داوام لە دائیرەی کار کرد، کە کاری پراکتیکیم بدەنێ لەهەر شەریکەیەک بێت، دەتوانم چەند مانگێک بەبەلاشیش کار بکەم، بۆ ئەوەی توانای خۆمیان پیشان بدەم، لەستۆکهۆڵم و لە شەریکەیەک کە ئامێری” Screen Print ” یان دروستدەکرد و لەوێ مەکاینی چاپی زۆر گەورە دروست دەکرا، هەیانبوو ٥٠ مەتر درێژ و ١٠ مەتر پان بوو، لەو شەریکەیە کارێکم دۆزییەوە، کە  ٦ مانگ پراکتیک بکەم وەک موهەندیس. ئامادەییم دەربڕی بێ بەرانبەر بەبەلاش کار بکەم، کە دەبوو لەماڵەوە ٢ کاتژمێر بەڕێوەبم تا دەگەشتمە سەر کار، من مەبەستم بوو توانای خۆم دەربخەم، بەڵام لەماوەی دوو هەفتەدا لەبوارەکەی خۆم بەرهەمم بۆ بەرهەم هێنان، لەوێ نیشانمدان کە ئەوەی بۆم خوێندوە دەتوانم بیکەمە کارو زۆر بەباشیش ڕایپەڕێنم، بۆیە ٦ مانگەکەم تەواو نەکرد، لەدوای چەند مانگ وتیان لەو قۆناغە دەرچویت و وەرە دابمەزرێ وەک کارمەندی بەردەوام، دواتر کە مەکینەکان دروست دەکران من زۆر جار دەبوو بەناوی شەریکەوە سەفەر بکەم بۆ وڵاتانی تر، بۆ دامەزراندنیان و فێکردنی ئەوانەی دەیکڕن، لەوێ دوو ساڵ و نیو کارم کرد و دوای ئەوە چومە شەریکەی ئیریک سۆن، Ericssonوەک موهەندیس لەوێ کارم دەکرد، دوای دوو ساڵ بوومە سەرۆکی پرۆژەی تەکنیکی، هەم وەک ئەندازیارو هەم وەک سەرۆک پرۆژە ٦ساڵ کارم کرد، دواتر پێم باش بوو کار بگۆڕم تا  ئەزموونی تر وەربگرین، لەشەریکەی “Micronic Lasir Systems “کارم وەرگرت، کەکاری دەکرد لەبواری دروستکردنی شاشەی کۆمپیوتەر، لەوێش وەک سەرۆکی ئەندازیار کارم دەکرد، دواتر سەرۆکایەتی پرۆژەی تەکنیکیشم وەرگرت، واتە هەردوو بەشەکە، وەک خۆت دەزانی ناو بەناو شەریکەکان کێشەی مادییان بۆ دروست دەبێت، ئەویش هەندێ کێشەی مادییان بۆ دروست بوو. بۆیە دیسان کارم گۆڕی و چوومە شەریکەی سکانیا Scania”  “و لەساڵی ٢٠٠٧ ەوە لەو شەریکە کار دەکەم، لەوێش وەک سەرۆکی بەشی سیستەمی ئەلکترۆنی، دەستبەکارم و لەبەشەکەی من ١٩ موهەندیس کار دەکات.

رزگار رەزا چوچانی: بردنی ئەو کۆمپانیا گەورانە بۆ کوردستان بێ گومان لەئەنجام سودی گەورەیان دەبێت، چۆن ئەو شەریکانە دەبرێنە کوردستان؟.

د.هۆگر: بردنی ئەو شەریکاتانە زۆر گرنگە، چونکە ئێمە تاکوئێستا وەک پێویست پێشنەکەوتوین زۆرمان ماوە ئاستی پیشەسازی خۆمان هەبێت، وڵاتانی ئەوروپا ئەوە ١٠٠ ساڵ زیاترە ئەزمونیان هەیە، وەک هەنگاوی یەکەم بۆ دروستکردنی پیشەسازی خۆمان، دەکرێ کار بۆ بردنی شەریکاتی ئەوروپی بکەین لە کوردستان، بۆ ئەوەی خەڵکی وڵات فیری کاری پیشەسازی پێشکەوتوو ببن لێیانەوە، بەڵام شەریکاتی ئەوروپی دەچنە وڵاتێک کە لایەنی ئەمنی بەهێزبێت، ئەبێ ترسی ئەوەیان نەبێت کاتێک سەرمایەیەک دەبەنە ئەو وڵاتە لە ئایندە لەدەستیان بچێت، هەروەها زۆر حساب بۆ گواستنەوەو گەیاندن دەکەن، کە بیانەوێ شتێک بگوازنەوە بە ئاسانی بۆیان بکرێت، یانی دەبێت لایەنی گواستنەوەو گەیاندن پێشکەوتوو بێت. هەروەها بیر لە سیستەمی بانکی دەکەنەوە کە دەبێت لە ئاستێکی بەرزدا بێت، دەبیت لەو وڵاتەی بۆی دەچن لە بوارەکەی خۆیاندا کرێکاری زیرەک هەبێت، لەم بارەوە ئێمە خەڵکی زیرەکمان هەیە، بەڵام تواناکانیان کۆنەکراوەتەوە خەڵک هەیە موهەندیسی تەواو دەکات، دەچێت لەبوارێکی تر کار دەکات، واتە سود لە تواناکانیان وەرناگیرێت، بۆیە من پێم وایە هێزی کاری وامان نییە، کە ئەو شەریکانە بۆ چونیان پشتی پێ ببەستن، ئێمە لە کوردستان موهەندیسێکی وامان نیە کە ئەزمونێکی وایان هەبێت، ئەو شەریکانە بڵێن وەرە ئەو کارەمان بۆ بکە، لەگەڵ ڕێزی زۆرم بۆ زانکۆکان و ئەو قوتابییە خۆشەویستانەی کە دەخوێنن لەوێندەر، رەنگە خەلەلەکە لەوانیش نەبێت، بەڵکو هۆی ئەوە بێت کەشەریکات نییە کاری لێ بکەن، بۆیە تەنها نەزەری دەخوێنن، لایەنێکی تر کاتێک شەریکەیەک دەچێتە ئەوێ دەیەوێ خەڵک کاری بۆ بکات، تۆ لە سوید دەبینی خەڵک ٨-٩ کاتژمێر لەکارە، بەڵام رەنگە لای خۆمان بەو جدیەتە نەبێت، هەروەها ئەوان دەبێت دڵنیابن لەوەی کە بازاڕ هەیە بەرهەمەکانیانی لێبفرۆشن، ئەکید مەوقیعیەتی کوردستانیش بازاڕی گەورەیە، بەڵام کاتی دەوێت، هەرچەند گرنگترین شت کە کرا ئەوە بوو لە کوردستان یاسای وەبەرهێن دانرا و کاری زۆر باشیان کرد.

شەریکاتی ئەورپی مشکیلەیان نیە بۆ فرۆشتنی بەرهەمەکانیان بچنە ئەوێ، ئێستا سکانیا وەکیلێکی هەیە لە عێراق کە هاوکاریان دەکات بەرهەمەکانیان بفرۆشێت، من دوو ساڵ پێش ئێستا لەگەڵ سکانیا چووم کە پێشانگایەک دابنێن لەکوردستان، بەڵام سکانیا تاکو ئیستا ئامادە نییە بێت و سەرمایە دابنێ، بۆیە تەنها بیر لەوە دەکەنەوە کە وەکیلیان هەبێت و بەرهەمەکانیان بفرۆشن، وەرەشەشیان هەبێت بۆ چاکردنەوەی بەرهەمە فرۆشراوەکانیان.

رزگار رەزا چوچانی: بەڵام هەواڵی کردنەوەی بەشێک لە سکانیا لە عێراق هەیە؟.

د.هۆگر: ئەوە بردنی سەرمایەی خۆی نیە، شەریکەیەکی کۆن هەبوو لەسەردەمی سەدام حسەین لەعێراق سکانیای دروست دەکرد، ئەو شەریکەیە نوێکراوەتەوە، ئێستا حکومەتی عێراق رێککەوتنێکی کردووە لەگەڵ سکانیا ئەمساڵ ئەشیای ٤٠٠٠ لۆری سکانیا دەکڕێت لە سکانیاو دەیبەن لە عێراق دەیبەستن، هەروەک زەمانی خۆی کە کاتی سەدام وا دەکرا، بەڵام ئەوە حکومەتی عێراق خۆی دەیکا، سکانیا تەنها پارچەکانی دەفرۆشێت، ئەو شەریکە خاوەنەکەی حکومەتی عێراقەو سەرمایەیەکی گەورەی لەپشتە، ئەگەر لەکوردستانیش بیر لەشتێکی وا بکرێتەوە دەبێت حکومەت پشتیوانی سەرمایەدار بکات، یان خۆی بیکات، چونکە ئەوە سەرمایەیەکی گەورەی دەوێت، بۆیە من پێم وایە لەکوردستان تەنها حکومەت خۆی دەتوانێ شتێکی وەها بکات.

رزگار رەزا چوچانی: باسی ئەوەت کرد کە ئیمە کرێکار، یان هیزی کاری پێویستمان نیە ئەو شەریکانە پشتی پێ ببەستن، تۆ دکتۆرات هەیەو ئەزمونێکی گەورەی پراکتیکیت هەیە، تاچەند ئامادەی ئەم توانای خۆت وەگەڕخەی لە وڵات خەڵک فێری کار بکەیت؟.

د.هۆگر: بەر لە ٧ ساڵ، ساڵی ٢٠٠٤ ئەو فکرەیەم هەبوو، بۆیە لەگەڵ براکانم کە ئەوانیش دکتۆرایان هەیە لەبواری تەکنیکی، دوای رووخانی سەدام بیرمان لەوە کردەوە چۆن بچێن خزمەتی کوردستان بکەین، پرۆگراممان ئەوە بوو بچینەوە لەوێ یارمەتی حکومەت و شەریکەکان بدەین، ئێمە خیبرەمان هەیە لە سەرۆکایەتی پرۆژەی تەکنیکی، بۆیە دەمانتوانی کاری باش بکەین، لەوێ من زۆر کەسم بینی پێموتن ئێمە ئامادەین بێین بەلاش کار بکەین، وتمان ئێمە کاری باشمان هەیە لە سوید بەڵام ئەتوانین لەکاتە فەرغەکانمان بێینە کوردستان پشتیوانیتان بکەین و خەڵک فێر بکەین، چۆن کار بکەن لەو بوارانە، بەڵام پشتیوانی پێویست نەبوو.

ئەگەر خۆشم بمویستایە شەریکە دابنێم کاری دەویست و سەرمایەی دەویست، دام نابوو بچمە زانکۆکان و هەندێ موهەندیسی زیرەک کۆکەمەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی پشتیوانییەکی وانەبوو جێی کارەکەی ئیرەم بگرێتەوە بۆ ژیانی خۆم، ئاسان نەبوو بتوانم لەکوردستان کار بکەم، خۆ ئەگەر ئەو پشتیوانییە هەبوایە دەمامەوە کاری باشیشمان لە خزمەتی ئەو وڵاتە دەکرد، هەرکاتێکیش ئەو پشتیوانییە دروست ببێت ئامادەم بچم لەکوردستان کار بکەم و زۆریشم پێخۆشە، من ئەگەر خۆم توانای ئەوەم هەبوایە شەریکە دابنێم خەڵکی ئەوێ سودی لێ ببینن ئەو پشتیوانیەشم نەدەویست و دەچوومەوە، بەڵام ئەگەر شەریکەی بەرهەم هێنانی پێشەسازی گەورە دروست بکەی لەکوردستان سەرمایەی باشی دەوێ، راستی خۆم ئەو توانا مادیەم نییە. ئەگەر لەبەرانبەردا حکومەتی کوردستان بیەوێت، من بەسەر هەردوو چاوم ئامادەی خزمەتی وڵاتەکەمم، ئامادەش بووم و چوشمەوە بۆ خزمەت، بەڵام پشتیوانی پێویست نەبوو، تەنانەت ئەو برادەرانەش کەمن لە کوردستان بینیمن، پێم وتن ئەگەر ئێوە دەتانەوێ لەبواری تەکنیک خەڵک فێر بکەن، ئێمە ئامادەین گەنجەکانی ئەوێ بهێنین لەسوید دەوراتیان بۆ بکەینەوە، یان بێینەوە لەوێ دەورات بکەینەوە، بەڵام بەداخەوە نەبوو.

رزگار رەزا چوچانی: لەکوردستان هەوڵی تاکەکەسی دەبینێرت، بۆ نمونە گەنجێک فرۆکەیەک دروست دەکات، کەسێک ئۆتۆبیلێکن دروست دەکات، و تادوایی… ئەو هەوڵە تاکەکەسیانە چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟.

د.هۆگر: ئەوە جێی دەستخۆشین و زۆر دڵم پێی خۆشە، کە گەنجانی کورد ئاوا زیرەکن، هیوام وایە بەردەوام خۆیان فێری شتی نوێ بکەن و بۆ ئەو مەبەستە بخوێنن، هەنگاوەکانی پێشکەوتن ئەوەیە کە خەڵک شتی نوێ دادەهێنێت، دواتر شەریکات وەبەرهێنانی لەسەر دەکات، بەڵام ئەگەر سەرمایەیان لەپشت نەبێت نابێتە پرۆژەی بەرهەمهێنان بۆ وڵات، چونکە تواناکان دەبێت شەریکات کاری لەسەر بکات، شەریکاتیش پێویستی بەئیدارەدان و بەشەکانی پێشخستنی تەکنیک و کوالێتی هەیە، بەشی ئینتاج و تاقیکاری کە دەبێت دوای هەر بەرهەمێک تاقیکردنەوە بکرێت، کە تاچەند سودمەندە بۆ خەڵک و زیانی نیە، بۆنمونە ئێمە لە سکانیا هەر پارچەیەک دروست دەکەین، بۆ ماوەی یەک ساڵ دەخرێتە ژێر تاقیکردنەوە، ئەوکات بەکار دەهێنرێت، بۆیە هەوڵی تاکە کەسی لەهەر ئاستێک بێت و هەرچەند توانادار بێت، پێم وانییە ئەنجامێکی گەورەی هەبێت ئەگەر پشتیوانی گەورەی سەرمایەو حکومەتی لەپشت نەبێت، لەگەڵ ئەوەش زۆر دەستخۆشی لەو گەنجانە دەکەم و بەهیوام پشت سارد نەبن لە هەوڵی داهێنان و بەهیوام حکومەت و سەرمایەداران پشتیوانیان بکەن.

رزگار رەزا چوچانی: حکومەتی کوردستان دەبێت چی بکات بۆ ئەوەی ببێتە حکومەتێکی بەرهەمهێن لە بواری تەکنیک؟ دەبێت سود لەکام ئەزمون وەربگرێت؟. بۆ ئەوەی لەم سەرەتای خۆ بنیات نانە بیر لەشەریکاتی خۆماڵی بکرێتەوە؟

د.هۆگر: پرسیارێکی زۆر پێوسیت و بۆ ئەمرۆی وڵات بەسودە، بەڵام وەڵامدانەوەکەی زۆر ئاسان نیە، ئەزمونی باشی وڵاتان لەبەردەستن، کە دەکرێت ئێمە سودیان لێوەربگرین، بۆ نمونە ئەزمونی وڵاتی چین، ئەو وڵاتە بەر لە ٢٠ ساڵ، پارەیەکی زۆر دەخاتە کار و شەریکات دەکڕێت و دروستی دەکات، لەو کاتەوە لە شوعەیەتەوە بەرەو سەرمایەداری دەچێت، ئێستا دووەمین دەوڵەمەندترین وڵاتی دنیایە، چونکە دەوڵەتی سین پلانی باشی هەبوو، ئەوەی کە لەبودجەی وڵات دەمایەوە یان برە پارەی تایبەتی بۆ ئەو بوارە تەرخانکرد و خستییە بواری وەبەرهێنان، بۆیە مادام ئێمە لەکوردستان سەرمایەداری وا گەورەمان نییە، فکرەیەکی باشە حکومەت بودجەیەکی تایبەت بەوبوارە تەرخان بکات و شەریکاتی گەورەی حکومی دروست بکات، بەڵام دەبێت لایەنی زۆر دەستپاک کاری تیابکات و بەڕێوەی ببات، کە هەست بەمەسئولیەت و دڵسۆزی بکات بۆ وڵاتەکەی و ئایندەی ئەو کارەی کە دەیکات، نەک هەر دەبێت بەڵکو پێویست حکومەتی کوردستان بیر لەوە بکاتەوە، چونکە ناکرێ پێی وابێ تاسەر دەتوانێ پشت بەسامانی نەوت ببەستێت، ئەوە ئاشکرایە کە نەوت تەواو دەبێت، ئەی دوای نەوت ئەو وڵاتە چۆن بچێت بەڕێوە؟، بۆیە دەبێت پرۆژەی گەورەو ستراتیژیمان هەبێت، کە وەک وتم زۆر گرنگە سود لە ئەزمونی سین وەربگرین. ئێستا جێی دڵخۆشییە کە دەبینرێت شەریکاتی بچوک دروست دەکرێت، بۆ نمونە شەریکەی دەرگاو پەنجەرەی پلاستیک یان خواردەمەنی، ئەوانەش هەنگاوی گرنگن بەڵام دەبێت چاومان لە شتی گەورەتر بێت، چونکە دوا دەکەوین و کە نەوت تەواو بوو هەموو دەرفەتێکمان لەدەست دەچێت، بۆ مەسەلەی نەوتیش دەبێت سەیری ئەزمونی وڵاتی نەوریج بکەین، ئەو وڵاتە زۆر دەوڵەمەندە بەنەوت، پارەی زەریبە بەکار دەهێنێت بۆ خەرجی حکومەت، بەڵام پارەی نەوت پاشەکەوت دەکات و شەریکاتی دنیای پێدەکڕن و یان لە نەرویج شەریکاتی پێدروست دەکەن، ئەوە لەداهاتوو خێری تیایە بۆ هەموو مناڵی نەوریج، هەمان کاری سین دەکات، سین ئێستا شەریکەی “Volvo  ” ڤۆلڤۆ دەکڕێت، یان دەیەوێ شەریکەی سابی”Saab” ئۆتۆمبێل بکڕێت، مەبەستمە بڵێم ئەگەر کوردستانیش بەوشێوەیە کار بکات، ئایندەیەکی باش تەئمین دەکات بۆ هاوڵاتیانی وڵاتەکەی، بۆیە دەکرێت بڵێم ئەوە پەیامی منە بۆ ئەو حکومەتە، بیر لە پرۆژەی ستراتیژی گەورە بکاتەوە، نەک تەنها پشت بەنەوت ببەستێت خۆ ناکرێ لەم سەردەمی تەکنەلۆژیا پێی وابێ دوای تەواو بونی نەوت دەگەرێتەوە سەر سیستەمی کشتوکاڵی.

رزگار رەزا چوچانی: دوای ئەو هەموو پرسە بگەڕێینەوە سەر خودی خۆت، کوردێک لە خانەی بێ سەرپەرشتانی روسیاوە بۆ بەرپرسیاری بەشێکی گرنگ لەگەورەترین شەریکەی دنیا، هەست بەچی دەکەیت ئێستا؟.

د.هۆگر: من خۆشحاڵ و سەربەرزم، کە ناڕەحەتی ژیان نەیوەستانین، سەربەرزم بەو ئەزمونانەی کە هەمە، لەخانەی بێسەرپەرشتان لەو مەکتەبەی کە سەرەتا لە روسیا چووم، تا کوئێستا سەرمایەیەکی گەورەم کۆکردۆتەوە لەبواری ئەزمونی کەسێتی و کارو ئەزمونی زانستی و تەکنیکی، بە هیوام ئەو ئەزمونەش رۆژێک لەرۆژان بخەمە خزمەتی کوردستان.

رزگار رەزا چوچانی: ماوەیەک کاری هونەریشت دەکرد، ئەوە چۆن بوو، هەندەسەو دکتۆرات لە تەکنیک وەرگرتوو بۆ گۆرانی و موسیک کارت دەکرد؟.

د.هۆگر:  لەمنداڵیمەوە لەکوردستان لە پۆلی پێنجەمی سەرەتاییەوە، چوومە تیپی چالاکی قوتابخانەکان، مامۆستا وریا ئەحمە دەهاتە قوتابخانەکان لەمناڵەکانی دەپرسی، کێ حەزی لێیە فیری مۆسیقا بێت؟، تاقیکردنەوەیەکی دەکرد تا بزانێ گوێی مۆسیقیە یان ئاستی فێر بوونی چۆنە، هەڵی دەبژاردن لەوکاتەوە دەستم بەکاری هونەری کرد، مامۆستا وریا مامۆستامان بوو هەموو رۆژانی هەینی دەچوین لەمەکتەبێکی تر دەواممان دەکرد، مۆسیقای فێر دەکردین، ئەوکات من کەمانم دەژەند، نزاری برام گیتار، لەزۆر ئاهەنگێکی هەولێر بەشداریمان کرد وێنەکانمان ماوە هی ئەو کات، کەچوینە روسیا لەوێ دوو سێ گەنجی کورد هەبوون لەقوتابخانەکەمان هەرلەوێ تیپێکی کوردیمان دانا، من و نزاری برام و شوان قادر رەشید، لەساڵی ٨٢ کەچوینە ئەوێ ئەو تیپەمان دانا گۆرانیمان بۆ قوتابخانەکە بە کوردی دەوت، وەک پێشتر وتم، بەمناڵیش هەستی کوردایەتیمان بەرز بوو بۆیە هەوڵمان دەدا کوردایەتی و هونەری خۆمان پیشان بدەین، کەهاتینە مۆسکۆش ئەو سێ کەسەو برایەکی ترم کە لە مۆسکۆ بوو پێکەوە تیپێکی ترمان دانا بەناوی بڵێسە، ئەوکاتە خۆم مۆسیکم دەنوسی و چەند ئاوازێکم بۆخۆم داناوە  و دوو گۆرانیشم بۆخۆم تێسکتم بۆ نوسیوە، لەوێ دوای خوێندن و لەکاتی ئازادی خۆمان کاری هونەریمان دەکرد، بەردەوام ئێمە ئاهەنگەکانی نەورۆزمان دەڕازاندەوە، زۆر جار سەفەرمان دەکرد بۆ شارەکانی تر بۆ بەشداری لە ئاهەنگی قوتابیانی تری روسیا، بەڵام ئەگەر گوێت گرتبێت گۆرانیەکانمان زۆربەی باسی خۆشەویستی بوو بۆ کوردستان.

رزگار رەزا چوچانی: کەوایە دواتر سەنگەری کوردایەتیت چۆڵ کردوو وازت لەهونەر هینا؟.

د.هۆگر: پێکەنین…. من وازم لەکوردایەتی نەهێناوە، بەڵام کە هاتمە سوید هەستمکرد لێرە هونەرمەندی زۆر بەتوانا هەن، کە ئیش و کاریان هونەرە، ئەو هونەرەی کەمن دەمکرد کاری دووەمم بوو، بەڵام مادام لەروسیا ئێمە تەنیا بوین و کەس نەبوو هونەری کوردی پێشکەش بکات، ئێمە وەک ئەرک و هیوایەت دەمانکرد، لەسوید وانەبوو، بۆ نمونە هونەرمەند ناسری رەزازی، نەجمەدینی غوڵامی، میکائیل و ئەردەڵان و  زۆر هونەرمەندی تر هەبوون، منیش کە هەستم کرد لەم وڵاتە فەراغی هونەری کوردی نیە، تا وەک ئەرک کاری بۆ بکەم، هەموو تەرکیزی خۆمم خستە سەر بواری تەکنیک کە بۆم خوێندبوو، ئیتر سەنگەری هونەرم بۆ ئەوان چۆڵکرد نەک سەنگەری کوردایەتی.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com