مەلا بەختیار: گەڕانەوە بۆ بەغدا راست و دروستە
لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ڕایدەگەیەنێت”کرۆکی کێشەکان سەرۆکایەتی ھەرێمە” بارزانی و پارتیش بەلایەنی یەکەم بۆچارەسەرکردنی ناودەبات و دەڵێت”پەرلەمان بخرێتەوە سەر رێچکەی شەرعییەتی خۆی”.
مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەمیانەی وتارێکیدا، بەناونیشانی(دۆخی ناوچەکەو ناکۆکییەکـانو چارەنووسی کوردستان) شیکردنەوەیەک بۆ بارودۆخی ناوچەکە و ململانێکان و پێشھاتەکان دەکات و ئاماژە بەوەشدەدات”ھێزە سیاسیەکانی باشوری کوردستان، لەسەر کێشەی سەرۆکایەتی ھەرێمو ناکۆکی جۆراوجۆر، مەخابن، لێکترازاون، بەتایبەتی گۆڕانو پارتی.”
مەلا بەختیار ڕاشیدەگەیەنێت”پێویستە پەرلەمان بخرێتەوە سەر رێچکەی شەرعییەتی خۆی و حکومەتی ھەرێمیش کارا بکرێت و بەدوای چارەسەری قەیرانەکانەوە بێت لە عێراق و لە ناوخۆ و لەدەرەوەدا”.
ھەر سەبارەت بەکێشەکانی باشور، دەشڵێت: ئێستا کرۆکی کێشەکان، سەرۆکایەتی ھەرێمە، ناوەرۆکی کێشەکانیش، قەیرانی ئابوورییە. کێشەی سەرۆکایەتی ھەرێم، بەھەموو لایەکمان چارەسەر دەکرێت، لەپێشەوە سەرۆکی ھەرێمو پارتی، دەبێ ئێستا لەدوای تێکچونیان لەگەڵ گۆڕان، باشتر درکی مەترسییەکان بکەن.
سەبارەت بەبارودۆخی ئابووریش باسلەوەدەکات کە رێژەی ھەناردەی نەوتیش، تائێستا نیوەی کێشە ئابورییەکانی چارەسەر نەکردووە، بۆیە لەم دۆخەدا گەڕانەوە بۆ بەغدا راستو دروستە.