عه‌زیز وه‌یسی بانی: چاوپۆشی ناكه‌ین له‌وانه‌ی كه‌ ده‌یانه‌وێت به‌ رێگه‌ی ناشه‌رعی ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌ت بخه‌نه‌ ژێر ده‌ستی خۆیانه‌وه‌

0

عه‌زیز وه‌یسی بانی: چاوپۆشی ناكه‌ین له‌وانه‌ی كه‌ ده‌یانه‌وێت به‌ رێگه‌ی ناشه‌رعی ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌ت بخه‌نه‌ ژێر ده‌ستی خۆیانه‌وه‌


زیاد كردنی واجباتی پێشمه‌رگه‌ له‌به‌رده‌م ئێمه‌ كراوه‌یه‌

دیمانه‌: رێبوار ره‌زا چوچانی

عه‌زیز وه‌یسی بانی فه‌رمانده‌ی فه‌رمانده‌یی پێشمه‌گه‌ی زێره‌ڤانی، له‌م دیداره‌دا باس له‌ رۆڵی هێزه‌كانی زێره‌ڤانی ده‌كات و پێیشی وایه‌ هێزه‌كانیان تا بتوانن به‌رگری “له‌ شه‌رعییه‌ت” ده‌كه‌ن، ده‌شڵێت “ئێمه‌ هێزێكین بۆ پاراستنی، هه‌رێمی كوردستان، ئه‌و كه‌سه‌ی بیه‌وێت سه‌روه‌ری و ئه‌من و ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان تێكبدات و به‌ رێگه‌ی ناشه‌رعی ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌ت بخاته‌ ژێر ده‌ستی خۆی، له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌وانه‌دا هێزی ئێمه‌ ئاماده‌یه‌ و هیچ چاوپۆشییه‌ك ناكه‌ین”.

رێبوار: هێزه‌كانی زێره‌ڤانی به‌شێكی زۆرییان خراونه‌ته‌ سه‌ر پۆلیسی فیدراڵی و به‌شێكیشیان كراون به‌ پاسه‌وانی نه‌وت، چاره‌نووسی ئه‌وانه‌ی كه‌ ماونه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر زێره‌ڤانی به‌ كوێ‌ ده‌گات، چونكه‌ له‌ ناو پێشمه‌رگه‌كاندا باس له‌وه‌ ده‌كرێت، كه‌ چاره‌نووسیان نادیاره‌؟

عه‌زیز وه‌یسی: زێره‌ڤانی زامنی چاره‌نووسه‌ بۆ هه‌موو میلله‌تی كورد، زێره‌ڤانی ئێستا بۆته‌ هێزێكی زۆر ئه‌كتیڤ، بۆته‌ هێزێك نه‌ك ته‌نیا له‌سه‌ر ئاستی نه‌ته‌وه‌یی و هه‌رێمی، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستی دنیاش، زۆر باش ناسراوه‌، دۆست و دوژمن حساباتی خۆیان له‌سه‌ر هێزی زێره‌ڤانی ده‌كه‌ن، چونكه‌ زێره‌ڤانی به‌ دیسپلینی خۆی ده‌ناسرێت، هه‌تا ئێستا زێره‌ڤانی له‌ هه‌ر شوێنێك كاری كردبێت، جێگه‌ی رێزی دانیشتوانی ئه‌و شوێنانه‌ بوون، ئێمه‌ ده‌زانین له‌ هه‌رێمی كوردستان هێزی له‌شكری زۆر هه‌یه‌، به‌ڵام هێزی زێره‌ڤانی جێگه‌ی خۆی گرتووه‌، چونكه‌ له‌ رووی په‌روه‌رده‌ و مه‌شق و نیزامییه‌وه‌، هێزه‌كانی زێره‌ڤانی زۆر پێشكه‌وتوون، بۆ ئه‌وه‌ش كه‌ تۆ ده‌ڵێیت چاره‌نووسی نادیاره‌، تا ئێستا ئه‌و بڕیارانه‌ی كه‌ هه‌یه‌، زیاتر قانوونی بووه‌، له‌ په‌رله‌مانی كوردستان بڕیاری ئه‌وه‌ دراوه‌، كه‌ به‌ فه‌رمی له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی ناوخۆ بێت، ئه‌وانه‌ش كه‌ پاسه‌وانی نه‌وت له‌ زێره‌ڤانی جیا كراوه‌ته‌وه‌، یان پۆلیسی فیدراڵی لێدرووستكراوه‌، ئه‌وه‌ نیشانه‌ی به‌هێزی زێره‌ڤانییه‌ كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌یان لێهه‌ڵبژاردوون و هێزی زیاتر ئه‌دات به‌ زێره‌ڤانی،  زێره‌ڤانی نه‌ك به‌م هه‌یكه‌ل و هێزه‌ی ئێستا ده‌مێنێته‌وه‌، به‌ڵكو به‌هێز تریش ده‌بێت و زیاتریش پێشده‌كه‌وێت.

رێبوار: به‌ڵام تۆ باسی نیزامی بوونی زێره‌ڤانی ده‌كه‌یت، كه‌چی ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی كوردستان چه‌ندجارێك رایگه‌یاندووه‌، كه‌ “هێزه‌كانی زێره‌ڤانی، هێزێكی میلیشیای بێسه‌ر و به‌ری نانیزامییه‌”، پاساویشی بۆ ئه‌و تێڕوانینه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ زێره‌ڤانی موچه‌ی له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆیه‌، به‌ڵام فه‌رمان له‌ جێگه‌ی تر وه‌ر ده‌گرن، كه‌واته‌ ئێوه‌ له‌ دۆخێكی وادا بۆ خۆتان به‌ نیزامی ده‌زانن؟

عه‌زیز وه‌یسی: من رێزم بۆ ئه‌و ئه‌ندامه‌ی په‌رله‌مان هه‌یه‌، ئێمه‌ زۆرجار داوامان لێكردوون ئه‌وان بێن و سه‌ردانمان بكه‌ن، چونكه‌ یه‌كێكییان وتبوویان نازانین ناوی زێره‌ڤانی چیه‌، ئه‌مه‌ كێشه‌ی خۆیانه‌ چونكه‌ پێویسته‌ ئه‌وان له‌ هه‌موو ده‌زگایه‌ك له‌ ناو هه‌رێمی كوردستان ئاشنا ببن و زیاتر له‌ نزیكه‌وه‌ بیانناسن، ئه‌مه‌ مه‌سه‌له‌یه‌كه‌، ئه‌و كه‌سه‌ش كه‌ وای وتووه‌، ره‌نگه‌ كه‌سێكی له‌شكری نه‌بێت، یانی بشێت ته‌قیمی له‌شكری بكات، چونكه‌ ئێستا هێزی ئه‌مریكا هێزێكه‌ كه‌س ناتوانێت حسابی بۆ نه‌كات، یان نه‌زانێت كه‌ ئه‌و هێزه‌ پێشكه‌وتووترین له‌شكری دنیایه‌، ئه‌وان هه‌ر خولێك كه‌ بۆ ئێمه‌ی ده‌كه‌نه‌وه‌، له‌ واشنتۆن له‌ ئه‌ڵمانیا یان لێره‌، پێمان ده‌ڵێن تا ئێستا باشترین خول كه‌ كردبێتمانه‌وه‌، خولی زێره‌ڤانی بووه‌.
بۆیه‌ حه‌ق نیه‌ ئه‌ندامێكی په‌رله‌مان كه‌ نوێنه‌رایه‌تی نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆی ده‌كات، ئه‌و ته‌قیمه‌ بۆ زێره‌ڤانی بكات، له‌كاتێكدا زێره‌ڤانی له‌و ئاسته‌دایه‌، بۆیه‌ حه‌زه‌كه‌م كه‌مێك به‌ مه‌نتقی بیربكاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ كێشه‌یه‌كمان هه‌بێت و كه‌موكوڕییه‌كمان هه‌بێت، ئه‌و ببێته‌ هۆی پێشخستنی ئێمه‌ و ئێمه‌ش ده‌رگامان كراوه‌یه‌ بۆی، ئێمه‌ مه‌منوونی ده‌بین كه‌ ببێته‌ هێزێك بۆ ئێمه‌ نه‌ك دژمان بێت، چونكه‌ ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر به‌رپرسی ئه‌منییه‌تی سه‌فاره‌تی ئه‌مریكا سه‌ردانی ئێمه‌ی كرد، پێی وتین زێره‌ڤانی ناوێكی گه‌لێك مه‌زنی هه‌یه‌ له‌ واشنتۆن، له‌ ئه‌مریكا به‌ هێزێكی زۆر باش دێته‌ ناساندن، ئه‌وان وتیان ئێمه‌ هه‌موومان به‌ رێزه‌وه‌ سه‌یرتان ده‌كه‌ین، چونكه‌ له‌ كاری خۆتاندا زۆر سه‌ركه‌وتوو بوون و ئێمه‌ زۆر شت له‌ زێره‌ڤانییه‌وه‌ فێر بووین.

رێبوار: باس له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ ئێوه‌ به‌ فه‌رمانی نێچیرڤان بارزانی حه‌ره‌كه‌تتان كرد بۆ سلێمانی له‌ كاتی خۆپیشاندانه‌كانی 17ی شوبات، ئه‌گه‌ر هێزێكی حكومی بن، چۆن به‌ فه‌رمانی كه‌سی حیزبی حه‌ره‌كه‌ت ده‌كه‌ن؟

عه‌زیز وه‌یسی: به‌ نیسبه‌ت من وه‌ك فه‌رمانده‌ی زێره‌ڤانی، فه‌رمانم له‌ وه‌زیری ناوخۆ وه‌رگرتووه‌، جا ئه‌ویش فه‌رمانی له‌ كێ‌ وه‌رگرتووه‌ ئه‌وه‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی تره‌، ناكرێت من وه‌ڵامی بده‌مه‌وه‌، له‌ سه‌ره‌تاوه‌ كه‌ ئێمه‌ حه‌ره‌كه‌تمان كرد، فه‌وزا درووست ببوو، ته‌هدیدی باره‌گای حیزبێكی دیار كرابوو له‌ سلێمانی، كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، ئه‌گه‌ر له‌ رووی سیاسییشه‌وه‌ سه‌یری بكه‌ین، تێده‌گه‌ین كه‌ ئامانج له‌و ته‌هدیدانه‌، بۆ لاوازكردن و ده‌ركردنی ئه‌و حیزبه‌ بووه‌، ئمه‌ بۆ سیاسییه‌كان به‌جێدێڵین، به‌ڵام به‌ نیسبه‌ت ئێمه‌وه‌ فه‌رمان پێكرا و وتیان هه‌ندێكتان بچنه‌ سلێمانی، چونكه‌ ره‌وشه‌كه‌ له‌ ده‌ستی ئاسایش و پۆلیس چۆته‌ دره‌وه‌، بۆیه‌ ئێوه‌ وه‌ك هێزێكی ئه‌حتیات له‌وێ‌ بن و داخڵ مه‌بن، ئه‌گه‌ر بارودۆخ گونجاو بوون ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، ئه‌گه‌ریش گونجاو نه‌بوو ناگه‌ڕێنه‌وه‌ و هه‌ر فه‌رمانێكتان پێكرا جێبه‌جێی ده‌كه‌ن، دواتر ئێمه‌ به‌ فه‌رمانێك چووینه‌ ژێر فه‌رمانه‌كانی وه‌زیری پێشمه‌رگه‌وه‌، دوای باش بوونی ره‌وشه‌كه‌ش، له‌سه‌ر فه‌رمانی وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ گه‌ڕاینه‌وه‌..

رێبوار: به‌ڵام به‌شێك له‌ داواكارییه‌كانی خۆپیشانده‌ران له‌ سه‌ره‌تاوه‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هێزه‌كانی زێره‌ڤانی بوو، ئایا بۆچی ئێوه‌ له‌ ناو ئه‌و خۆپیشانده‌رانه‌دا وه‌ك هێزێكی داگیركه‌ر ناسێنران، ئه‌مه‌ په‌یوه‌ندی به‌ هه‌ڵوكه‌وتی چه‌كداره‌كانتانه‌وه‌ نه‌بووه‌؟

عه‌زیز وه‌یسی: من ده‌مه‌وێت پرسیارێك له‌ خۆپیشانده‌ران بكه‌م، ئایا سلێمانی وڵاتێكی جیایه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان، هه‌تا زێره‌ڤانی ببێته‌ هێزێكی داگیركه‌ر، ئه‌وه‌ پرسیارێكه‌و ده‌بێت ئه‌وان وه‌ڵامی بده‌نه‌وه‌، دواتر ئه‌و خۆپیشاندانه‌ی له‌وێ‌ درووستبوو، ئامانجی سیاسی له‌ پشته‌وه‌ بوو، چونكه‌ له‌ ده‌ستپێكردنیدا دیار بوو، بۆ نموونه‌ ئه‌وان كارییان بۆ نه‌هێشتنی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و په‌رله‌مان و حكومه‌ت ده‌كرد و داوای ئه‌و شتانه‌یان ده‌كرد، ره‌نگه‌ خه‌ڵكێكی دڵسۆزی تێدا بووبێت كه‌ له‌ ئه‌نجامی موعانات و كه‌موكوڕییه‌وه‌ ده‌نگییان به‌رز كردبێته‌وه‌، به‌ڵام لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و هه‌تا ده‌ستی ده‌ره‌وه‌ش ئه‌و خۆپیشاندانانه‌یان ئیستیغلال كرد، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر نه‌توانن حكومه‌تی هه‌رێمیش ده‌ركه‌ن، به‌ڵام لاوازی بكه‌ن، ئه‌وانه‌ به‌و بیریان ئه‌كرده‌وه‌، ئه‌گینا زێره‌ڤانی هێزێكی هه‌رێمی كوردستانه‌.

رێبوار: تۆ له‌ كۆتایی خولێكی سه‌ربازیدا وتت، هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت ئارامی هه‌رێمی كوردستان تێبكدات، ئێمه‌ ره‌حمی پێناكه‌ین،ئه‌وكات بۆ وات وت، ئایا ئێستاش له‌سه‌ر هه‌مان رای ئه‌وكاتی خۆتیت؟

عه‌زیز وه‌یسی: به‌ نیسبه‌ت ئێمه‌ حكومه‌ت حكومه‌تێكی شه‌رعییه‌، میلله‌تی ئێمه‌ بڕوای پێهێناوه‌، هه‌تا ئه‌م حكومه‌ته‌ش به‌و رێ”ه‌ شه‌رعییه‌ هه‌ڵببژێردرێت و خه‌ڵك ده‌نگی خۆی پێ بدات و ئێمه‌ش هێزێكین بۆ پاراستنی، بۆیه‌ هێزی ئێمه‌ ئاماده‌یه‌، ئه‌و كه‌سه‌ی بیه‌وێت سه‌روه‌ری و ئه‌من و ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان تێكبدات و به‌ رێگه‌ی ناشه‌رعی بیه‌وێـت ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌ت بخاته‌ ژێر ده‌ستی خۆی، له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌وانه‌دا هیچ چاوپۆشییه‌ك ناكه‌ین، هه‌موو وه‌سیله‌یه‌كیش به‌كار ده‌هێنین بۆ پاراستنی هه‌رێمی كوردستان، ته‌بعه‌ن وه‌سائیلی قانوونی و شه‌رعی مه‌به‌ستمه‌، بۆ ئاگاداریشتان ئێمه‌ هێزێكی یاسایین و به‌شێوه‌یه‌كی یاسایی تێكه‌ڵ كراوین له‌گه‌ڵ له‌گه‌ڵ پۆلیس و وه‌زاره‌تی ناوخۆ، هه‌رشتێك له‌ بنده‌ستی پۆلیس ده‌ربچێت و نه‌توانێت كۆنترۆڵی بكات، هێزی زێره‌ڤانی به‌شێوه‌یه‌كی یاسایی كه‌ فه‌رمانی بۆ هات، ته‌داخول ده‌كات و كاری له‌سه‌ر ده‌كات.

رێبوار: ئێوه‌ له‌ یه‌ك كاتدا له‌ وه‌زراه‌تی ناوخۆ، له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، له‌ فه‌رمانده‌یی له‌شكری كوردستانی پارتییه‌وه‌ فه‌رمانتان بۆ دێت، ئێوه‌ له‌م دۆخه‌دا چۆن ده‌توانن كاره‌ یاساییه‌كانتان رێكبخه‌ن؟

عه‌زیز وه‌یسی: ئێمه‌ به‌ر له‌وه‌ی بێینه‌ سه‌ر وه‌زاره‌تی ناوخۆ، هێزێكی له‌شكرین، به‌ڵام له‌ بواری ته‌رفیعات و هه‌ندێك مه‌سائیلی ئیداری، هێشتا باش رێكنه‌خراون، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت كه‌ فه‌رمانی ئێمه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و فه‌له‌كه‌وه‌ بێت، بۆیه‌ به‌ نیسبه‌ت ئێمه‌وه‌، سه‌د له‌ سه‌د، فه‌رمان له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ و به‌رێز وه‌زیری ناوخۆوه‌ وه‌رده‌گرین، به‌ڵام وه‌زیری ناوخۆ له‌ هه‌ندێك دۆخدا ده‌توانێت فه‌رمانمان پێبكات، كه‌ فه‌رمان له‌ وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ وه‌رگرین.

رێبوار: ئێوه‌ له‌شكرێكی حیزبین یان سه‌ر حكومین، چونكه‌ به‌پێی ده‌ستووری عێراق، نابێت چالاكی حیزبی له‌ ناو له‌شكردا ئه‌نجام بدرێت، كه‌چی له‌ ناو یه‌كه‌كانی ئێوه‌ چالاكی حیزبی ده‌كرێت و ئابوونه‌وه‌ی حیزبیش بۆ پارتی وه‌رده‌گیرێت؟

عه‌زیز وه‌یسی: شتێكی وه‌ها نیه‌.

رێبوار: به‌ڵام ئێوه‌ به‌شێكتان هه‌یه‌ به‌ ناوی رۆشنبیری و راگه‌یاندن، وه‌ك باسیش ده‌كرێت رۆڵی رێكخستنی حیزبی ده‌بینن، ئه‌مه‌یان بۆ؟

عه‌زیز وه‌یسی: رۆشنبیری زیاتر بۆ لایه‌نی وڵاتپارێزییه‌، بۆ زیاتر ناساندنی كاری له‌شكری و مێژووی له‌شكری و شێوازی سه‌ركردایه‌تی كردن، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ ده‌بێت به‌ زێره‌ڤان، بزانێت ئامانجه‌كه‌ی چییه‌، له‌ باره‌ی راگه‌یاندنیشدا، هه‌موو هێزێكی دنیا پێویستی به‌ راگه‌یاندن هه‌یه‌، ئه‌و به‌شه‌ش هیچ په‌یوه‌ندییه‌كییان به‌ حیزبه‌وه‌ نیه‌، به‌ڵكو ته‌نها په‌یوه‌ندییان به‌ فه‌رمانده‌یی زێره‌ڤانییه‌وه‌ هه‌یه‌ و كاری زێره‌ڤانی به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن.

رێبوار: به‌ڵام به‌ گوێره‌ی زانیاری ئێمه‌، ئه‌م مانگه‌ ئابوونه‌وه‌ له‌ هێزه‌كانی زێره‌ڤانی وه‌رگیراوه‌، بۆ ئه‌مه‌یان چی ده‌ڵێیت؟

عه‌زیز وه‌یسی: من ده‌ڵێم شتی وا نیه‌، تۆ هاتوویت دیمانه‌یه‌ك ده‌كه‌یت، نه‌ك زانیاری هه‌واڵگری به‌رده‌ست بخه‌یت، پێویسته‌ تۆ وه‌ك هه‌واڵگرییه‌ك نه‌بیت له‌ ده‌ستخستنی زانیاریدا.

رێبوار: به‌ڵام ئه‌مه‌ زانیاری رۆژنامه‌وانییه‌، تۆ وه‌ڵامت چییه‌؟

عه‌زیز وه‌یسی: تۆ پرسیار له‌ من ده‌كه‌یت و منیش وه‌ڵامت ده‌ده‌مه‌وه‌، منیش ده‌ڵێم شتی وه‌ها نیه‌، زۆر تۆمه‌ت هه‌یه‌، زۆر كه‌س ده‌یانه‌وێت شكڵی له‌شكری زێره‌ڤانی بشێوێنێت، چونكه‌ به‌ قه‌ده‌ر دوژمنی كوردان، داموده‌زگا كوردییه‌كانیش دوژمنایه‌تییان له‌سه‌ره‌، هه‌ندێكجاریش له‌به‌ر ململانێی سیاسی، له‌لایه‌نی تاریكییه‌وه‌ سه‌یری ده‌كه‌ن، نازانن ده‌بێت له‌چی بده‌یت و له‌چی نه‌ده‌یت، بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانین كه‌ هێزی زێره‌ڤانی هه‌م موڵكه‌ ده‌سه‌ڵاته‌ و هه‌م موڵكی ئۆپۆزسیۆنیشه‌.

رێبوار: پێشمه‌رگه‌كانی زێره‌ڤانی گله‌یی له‌ زۆری واجباته‌كانییان ده‌كه‌ن، ئێوه‌ بۆ ئه‌و هه‌موو واجبه‌تان داناوه‌ بۆیان؟

عه‌زیز وه‌یسی: له‌و رۆژه‌ی هاتووینه‌ته‌ ئێره‌، ئێمه‌ فه‌رمانمان پێكراوه‌ كه‌ واجبات زیاد بكه‌ین، به‌ڵام له‌به‌ر هه‌ندێك بارودۆخ ئه‌و فه‌رمانه‌مان جێبه‌جێ‌ نه‌كرد، چونكه‌ ناكرێت هه‌موو شتێك به‌ یه‌كجار جێبه‌جێ‌ بكرێت، هه‌ركه‌سێكیش كه‌ دێته‌ ئێره‌ نابێت باسی ئه‌وه‌ بكات، چونكه‌ ئه‌و به‌ دڵی خۆی هاتووه‌ و شه‌رت و مه‌رجی ئێمه‌ش ده‌زانێت و گرێبه‌ستیمان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵی، پێشتریش پێمانوتوون ئه‌مه‌ داوامی ئێمه‌یه‌، دواتر ده‌بێت ئه‌وه‌ش بزانرێت، كه‌ هێزی كۆماندۆ واجباتییان (21) رۆژ به‌ (7) رۆژه‌.

رێبوار: واته‌ ئێوه‌ به‌ نیازن واجباتی پێشمه‌رگه‌ له‌ ئێستا زیاتر بكه‌ن؟

عه‌زیز وه‌یسی: تا ئێستا وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ واجباتمان دیاری كردووه‌ بۆیان، به‌ڵام پرۆژه‌ی زیاد كردنی واجبات له‌به‌رده‌م ئێمه‌ كراوه‌یه‌.

 

 

له‌ سیڤیله‌وه‌

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com