کە دەمامکەکان دائەماڵێن
بەشی هەژدە
حەمەڕەشید هەرەس
لەم کەنەدایە لەگەڵ رۆژنامەنووسێکی کەنەدی، باسی پیشەکەیمان ئەکرد، من بۆچوونی خۆم هەبوو لەسەر پاکی و ناپاکی رۆژنامەنووس، وتم: مەرج نیە هەموو رۆژنامەنووسێك لەگەڵ پیشەکەیدا پاك بێت، هەیە بۆ پارە و بەرژەوەندی کەسایەتی خۆی ئەدۆڕێنێت، وتی ئەوانە شەقاوەی نووسینن، داوای بەرژەوەندی ئەکەن و بیانووی پارە ئەگرن. یەکسەر مایکڵ رۆبنم هات بە خەیاڵدا، ئاخر ئەم کابرایە هەقی کوردستانی چیە، کورد ئەو تۆزە دەسەڵاتەی هەیە، کەچی ناپاکی کورد نهێنی کوردستانی بۆ ئەنێرن و، ئەویش بە هەوەسی خۆی راست و درۆ ئەهۆنێتەوە، ژێردێڕی نووسینەکانیشی هەمووی داوای دەمچەور کردنێتی و سەرانەی گەرەکە.
- خۆ مەرج نیە هەرکەس لە وڵاتی دیموکراتی ژیا و، پەروەردەی ئەو سیستە بوو ئیتر بە لاڕێدا ناڕوات، بۆ نموونە ئەو کاتەی لە کۆلیجێکی ئێرە ئەمخوێند، مامۆستای ئابووریمان وتی: لێرە لە کەنەدا، لەم وڵاتە مرۆڤپەروەرەدا کە دەبێت هەر یەکێکمان ئەو پەڕی دڵسۆزی و ئەمەکمان بۆی هەبێت، کەچی ئێجەنسی لە خەڵکی کەنەدی و پەروەدەی کەنەدا دروست بوون، کۆمپانیا بیگانەکان و تاکی دەرەوەی کەنەدا فێر ئەکەن چۆن ئەتوانن بزنس لەم وڵاتە بکەنەوە و، دوایش رێگایان نیشان ئەدەن کە جاڕی تاپی بوون بدەن و خۆشیان ئەبن بە پارێزەریان بۆ ئەوەی کەنەدا قەرەبووی زیانەکانیان بداتەوە، ئەوانیش بەشداری لە پارەکەیدا بکەن. باشە ئەمەش جۆرێك نیە لە جاشایەتی بەرامبەر وڵاتەکەیان؟
- ئەندام پەرلەمانی وا هەیە پارەی نانخواردنێکی بۆ بدە، بە هەوەسی خۆت قوڕمیشی بکە، کە لە دانیشتنی داهاتووی پەڕلەماندا بە هەوەسی تۆ درۆ بهۆنێتەوە و، دژی هەر سیستەمێك قسە بکات، کوردەکانی خۆشمان فێری ئەم رێگایە بوون و، ئەو دەروون نەخۆشانە دژی کوردستان هان ئەدەن و، لە رۆژنامە لایەندارەکانی کوردستاندا بە مانشێتی پان ئەنووسن : فڵانە پەڕلەمانی فڵانە وڵات دژی ئەم هەبوونەی کوردستان دواوە.
- ماوەیەك لەمەوبەر بابەتێکم نووسی بە ناوی: ئەو کوردانەی بە زمانی بێگانە دژی ئەم ئەزموونەی کورد ئەنووسن. ئەوانە لە جاشبوون زیاتر هیچ ئەژمارێکی تریان بۆ ناکرێت، ئاخر کە تۆ بەعەرەبی، فارسی، تورکی دژی دەسەڵاتی کوردی ئەنووسیت، چ دەسەڵاتێکی سەر بەو سێ زمانە لەو دەسەڵاتەی کورد زیاتر بە تەنگ نەتەوەکەتەوەیە، بەهەموو ناپاکییەکانیشیەوە؟ ئەی نازانیت ئەوانە زانیارییەکانی تۆ ئەکەنە بنێشتەخۆشەی سەر زمانیان دژی هەموو هەبوونێکی کورد و بە جیهاندا جاڕی بۆ ئەدەن؟ بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کورد بافتی دەسەڵات و دەوڵەت نیە؟ دەیەها کتێب دژی دەسەڵات بە کوردی بنووسیت، زۆر ئابڕوومەندانە ترە، لەوەی بەیەك رستەی زمانی بێگانە دوژمن بە کوردستان فێر بکەیت.
- دیموکراتی بوون لە هەموو رۆژهەڵاتا لاسایی کردنەوەی مریشکە بۆ قاز، کۆمەڵگایەکی نەخوێندەواری راست وچەپی خۆنەناس بە ئاسانی قوڕمیش ئەکرێت و دەنگ بۆ تاریکی ئەدات دژی رووناکی، ئەوە نیە لە مزگەوتەکانا مەلایەکی کۆنەخواز، جەماوەرەکەی ئەگرێنی، ئەخەنێنێ، تووڕەیان ئەکات، ساردیان ئەکاتەوە، گەرمیان ئەکات. چی بووێت بەهەوەسی خۆی ئاراستەیان ئەکات، ئەو جەماوەرە لای ئەو هەویرێکە چۆنی بووێت وای هەڵئەشێلێت، توو شەرەف دیموکراتی لە کۆمەڵگای وادا بڤە نیە؟
- چیم پێ ئەڵێن بیڵێن من لە کوردستاندا، باوەڕم بە دیکتاتۆریە، دیکتاتۆرێکی نەتەوەیی خاوێن، خۆی ناپاک نەبێت و ناپاکییش لەکەس وەرنەگرێت، بە مرۆڤی وڵاتپارێز و راوێژکاری دڵسۆز سیستەمەکە ببات بە رێوە، ئاخر کۆمەڵگا بیرمەندی دڵسۆز و خاوەن تاقی کردنەوە ئەیبات بە رێوە نەك جەماوەرێکی قوڕمیشکراو بۆ چاوبرسی و تینووی دەسەڵات و پارووی هەژار ماشینەوە. باوەجوو خۆ لەژێر ناوی دیموکراتی دا، دیکتاتۆر هەر درووست ئەبێت و قوڕ بۆ نەتەوەیەک ئەگرێتەوە، جا باشتر نیە ئێمە دیکتاتۆرێکی دڵسۆزمان پێ باشتر بێت؟ خۆزگە لە کوردستان دیکتاتۆرێک تا سەربەخۆیی نەدەوەستایەوە، ئەو کاتە یەکەم کەس بووم ئەمووت بژی دیکتاتۆر.
- خاوەن قەڵەمێكی دیموکراتی، بابەتێکی دژی نووسەری ئەم دێڕانە نووسیوە، لە ژێر سەردێڕی: وەڵامێکی سەرپێیی بو بەڕێز حەمەڕەشید هەرەس. منیش ژێر پێیی هەندێکیم خویندەوە، لەبەر خۆمەوە زۆر پێکەنیم و لە دڵی خۆما وتم ئەم وەڵامە لەجیاتی سەرپێیی، ئەبوایە بینووسیایە سێپێیی یان زیاتر.
٤/٩ /١١