کوردە ئەکادیمیەکان بەبەشداری زیاتر لە ٤٠٠ کەسایەتی زانستی بۆیەکەم جار لە مێژووی کورددا کۆنفرانسێکی زانستی لە ئەمستردام سازدەکەن
د.ئالان دیلانی سەرۆکی ئەکادیمیای جیهانی پلان دانان بۆ لەشساخی وردەکاری کۆنفرانسەکە بە سڤیل رادەگەیەنێت.
لە کوردستان پرۆژەهایەکم بینوە لە ئەورپا هیچ کەس قبوڵی ناکات و حازر نین سەد دۆلاری لێ خەرج بکەن که‌چی لەکوردستان نیوملیۆن دۆلاریان لێ خەرجکردووە
رزگار رەزا چوچانی / سوید
نوچەنێت/گۆڤاری سیڤیل
لەمانگی ئۆکتۆبەری ئەم ساڵ، کوردە ئەکادیمیەکان لە ئەمستردامی پێتەختی هۆڵەندا، کۆنفرانسێکی زانستی بەبەشداری زیاترله ٤٠٠ کەسایەتی زانستی سازدەکەن، د.ئالان دیلانی یه‌کێک له خاوەنی بیرۆکەی سازکردنی ئەو کۆنفرانسەو هه‌روه‌ها سەرۆکی ئەکادیمیای جیهانی پلاندان بۆ لەش ساخی، کە ئەکادیمیەکەی بەهەماهەنگی زانکۆی هارۆردو زانکۆ بەناو بەنگەکانی جیهان کار دەکەن، لەم دیمانەی گۆڤاری سڤیل لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سویدەوە لەوردەکاریەکانی ئەو کۆنفرانسە دەدوێت.
رزگار رەزا چوچانی: چۆن بوو بیرتان لەوە کردەوە کۆنفرانسێکی زانستی وا سازبکەن و مەبەستتان چیە لە کۆنفرانسەکە؟
د. ئالان: بۆ یەکەم جار لەمێژووی کورددا، دەمانەوێ لەدەرەوەی وڵات کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی ببەستین لە ئەوروپا که له‌وێدا پسپۆڕانی گه‌وره‌ی کورد و غه‌یره کورد له هه‌موو قاڕه‌کانی دونیارا تێیدا به‌شدار بن. هه‌روه‌ک هه‌موو ئاگادارین لەدەرەوەی وڵات بهخۆشییەوه به‌هەزاران کورد هەن که مامۆستای زانکۆ‌و پرۆفیسۆر و خەڵکی ئاست بەرزیان تێدا هه‌ڵکه‌وتووه کە خەریکی کاری زانستی و لێکۆڵینەوەن لەبواری جۆراوجۆردا، بەڵام بەداخەوە لەنێوان ئەو هه‌مووه کوردە شارەزایەدا هیچ پێوه‌ندی و هاوکاری و هەماهەنگییەک نییە. ئەگەر بێت و ئه‌م هێزانه لێک گرێبدرێن و پردێکی قایمی پەیوەندی لەنێوانیان دروست بکرێت، بێگومان دەتوانن قازانجێکی زۆر بەمیللەتەکەمان و بەکوردستان بگەیەنن، بێ ئەوەی کە لەکوردستانیش بن. ئێمە بەنیازین لەم کۆنفرانسەدا کە ناومان ناوە کۆنفرانسی جیهانی کورد، ئه‌م تۆڕه پێکەوە بەستنه بنیات بنێین و ساڵانە ئه‌م کۆنفرانسە بەردەوام پیک بێت، و گردبونەوەیەکی جیهانی کوردی پێک‌بێنین که وەک لۆبیستی میللەتی کورد لەدەرەوەی وڵات چالاکی هه‌بێت. ئێمە هەوڵ دەدەین غەیری کورد که‌ڵک له پسپۆڕانی وڵاتانی تریش وه‌رگرین و لەم پرۆژانه‌دا به‌شداریان بکه‌ین. ئەم سەردەمە سەردەمی زانستەو دەبێت کوردیش لەم رێگه‌یەوە هەنگاو هه‌ڵبهێنێت. کورده‌کان له دەرەوە نێتۆرکێکی جیهانیان بۆخۆیان هەیە، لەگەڵ غەیری کورد لە ئاستی بەرز کار دەکەن و تێکەڵاویان هەیە، من بۆخۆم وەک سەرۆکی ئەکادیمیای جیهانی بۆ لەش ساغی، هەفتەی داهاتوو دەچم سەرۆکی سود ئەفریکا دەبینم. هه‌روه‌ها مانگی رابردوو کۆنفرانسی جیهانی خۆمان هەبووە لەگەڵ زانکۆی هارۆرد، و ئەتوانم بڵێم تەجروبەیەکی جیهانیم له‌ماوه ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی رابردوودا وه‌ده‌ستهێناوه، دەمەوێ ئەم ئەزمونە به‌نرخه‌م، لەگەڵ ئه‌زموونی هاوڕێیانی تری کورد لەبوارەکانی خۆیان دابەش بکەین، کە چۆن سوود لە یەکتر به‌رین و بیخەینە خزمەتی میللەتەکەمان، بۆیە بەوە گەشتین و بیرمان لەوە کردەوە کە دەتوانین خەڵکێکی زۆر کۆبکەینەوە هەم لە کورد و هەم خەڵکی غەیرە کورد، کە بتوانین کۆنفرانسێکی بەرزی زانستی ساز بکەین. ئێمه له‌و پێناوه‌دا بانگەوازمان بڵاو کردۆتەوە خەڵکێکی زۆر بەتوانا و شارەزا لەتەواوی دنیا وەڵامیان داوینەوە، هەم لە ئاسیا و ئەمریکاو هه‌م له کەنداو ئەورپا و هەروەها خەڵکێکی زۆریش لەهەر چوار پارچەکەی کوردستانەوە وەڵامیان داوتەوەو ئامادەی بەشداریکردنن.
ڕزگار رەزا چوچانی: ئامانجی سەرەکی کۆنفرانسەکە چییە؟.
د.ئالان: ئامانجەکان بریتین لە دامه‌زراندنی تۆڕێکی هه‌مه‌ره‌نگی زانستی کوردی که تێبکۆشێت بۆ خزمه‌ت کردن به کوردستان به‌گشتی و هەرێمی کوردستان به‌تایبه‌ت که تا ئێستێ ته‌نیا رووناکی هه‌موومانه و تازه خه‌ریکی خۆ پێگه‌یاندنه و له‌م رێگه‌یه‌دا پێویستی به جه‌وهه‌ری به‌توانا هه‌یه. دووەم ئێمە وادەبینین کە تەواوی ئەو پرۆژانەی که به تایبه‌ت لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێن که‌میان بنەمایەکی زانستیان له‌پشته و به‌ده‌گمه‌ن به‌شێوازێکی عیلمی هەڵ دهسەنگێنرێن. من چەند جارێک چومەتە کوردستان و ئەم ساڵ سێ جار سەردانم کردووە، پرۆژەهایەکم بینوە کە لەوێ ئەنجام دراون که لە ئەورپا هیچ کەس قبوڵی ناکات و حازر نین ته‌نانه‌ت سەد دۆلاریشی لێ خەرج بکەن که‌چی لەکوردستان نیوملیۆن دۆلاریان لێ خەرجکردووە. هۆکاری ئەوەش زۆربه‌ی کاته‌کان ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئه‌وه که ئەو کەسانە کە له لایه‌ن حکومه‌تی هه‌رێمه‌وه کراونەتە بەرپرسی ئه‌م پڕوژانه زۆربه‌یان لەسەر بنەمای سیاسی و حزبی کاریان پێسپێردراوه و به‌داخه‌وه پسپۆڕی کاره‌کان نین. دیاره ئەوە نەک هەر لە کوردستان ته‌نانه‌ت لە ئەورپاش وەزیرەکان لەسەر هه‌مان بنەما دادەنرێن به‌ڵام له‌هه‌مان کات دا به‌ده‌یان پسپۆری لێهاتوو له‌ده‌وری خۆیان کۆ ده‌که‌نه‌وه و فکری باشیان لێ وه‌رده‌گرن. رەنگە ئەوانی کوردستانیش مەبەستیان بێت کار‌و بارەکانیان بەگیان و بەدڵ بکەن، بەڵام مادام پسپۆڕییان که‌م له‌ده‌وره کاره‌کان زۆر جار لاواز ده‌گه‌نه ئه‌نجام، بۆیه لەو کۆنفراسەدا به‌شێک له وردبوونه‌وه‌کان و لێکۆڵینەوەکان لەسه‌ر دۆزینه‌وه‌ی میکانیزمێک ده‌بێت بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م کێشه‌یه.
ڕزگار رەزا چوچانی: ئەو بابەتانەی لە کۆنفرانسەکەتان کاری لەسەر دەکەن، لە کام بوارانەن؟
د.ئالان: بوارەکان بریتین لە تەندروستی، خوێندنی باڵا، ئابوری، سیاسەت، کۆمه‌ڵایه‌تی و کولتووری و له‌هه‌مان کاتدا گرێدانه‌وه‌ی ئه‌م زانیارییانه بۆ مەسەلەی بە حکومەت بوون و حکومەتداری کوردستان له‌سه‌ر شێوازێکی سه‌رده‌م.
ڕزگار رەزا چوچانی: وتت لە ئەورپاش بەپێوەری سیاسی وەزیرەکان دادەنرێن، بەڵام پرۆژەکانی ئەوروپا سەرکەوتوون کاتێک وەزیرەکانیشیان پسپۆڕنین، چی وایکردووە پرۆۆژەکانیان سەرکەوێت؟ ئێوە لەو کۆنفرانس‌دا چی دەکەن بۆ دروستکردنی ئەو شێوازە کارە؟.
د.ئالان: بەڵێ هه‌روه‌ک پێشتر ئاماژه‌ی پێکرا لە ئەورپاش لەسەر ئەساسی سیاسی پۆستی وەزیرەکان دیاری دەکرێت، بەڵام هەر وەزیرێک ٧-٨ راوێژکاری خەبیری هەیە، لەرووی نەزەری ئەوانەوە بڕیار دەدەن، ئەوەش هۆکاری سەرکەوتنی پرۆژەکانیانە، بۆیە ئێمە پێمان وایە لە کوردستانیش پێویسته کۆمۆسیۆنهایەک دروستبکرێت لەسەر ئەساسی زانستی، نەک سیاسی و حزبی و دۆستایەتی، کە ئەرکیان راوێژکردن و لێکۆڵینەوەی عیلمی بێت لە پرۆژەکاندا. هه‌ر بۆیە ئێمە لەم کۆنفرانسه‌دا هەوڵ دەدەین ئەو مشکیلانەی هەیە لەکوردستان باسبکرێت و ئەو کەسایەتیە زانستیانەی بەشداری دەکەن لێکۆڵینەوەی زانستی خۆیان بۆ کێشەکان بخەنەڕوو، چ کوردەکان و چ غەیرە کوردەکان، دواتریش هەموو لێکۆڵینەوەکان چاپ دەکەین و لە وێب سایتەکەماندا دیکۆمێنت دەکرێن، تا وەک سەرچاوەیەک، کوردستان پشتیان پێبەستێت، واتە هەم سودی لێ ببینن و هەم ئەگەر پێیان باش بوو بەکاری بهێنن.
رزگار رەزا چوچانی: پێت وایە ئەو خەڵکە پسپۆڕەی کە بەشداری لە کۆنفرانسکەی ئێوە دەکەن، رۆحیەتی خزمەتکردنی کوردستانیان هەیە، یان تەنها کارە زانستیەکانی خۆیان دەیانهێنێتە ئەوێ؟.
د.ئالان: پێم وایە ئەگەر حکومه‌تی کوردستان هەنگاوێک هەڵێنێتهوه، ئەو خەڵکە خاوەن زانستەش دوو هەنگاو هەڵدەهێنێت بەرەو خزمەتکردنی کوردستان، ئەوانەی کە بەشداری کۆنگره‌که ده‌بن هەموو کار و ژیانی خۆیان هەیە و له‌بواری ژیاندا سه‌رکه‌وتوون و پێویستیان به‌که‌س نییه. بۆ خزمەتکردنی وڵات و ئەنجامدانی کاری باش لەو بارەیەوە بێگومان ئاماده‌ن بێنه پێش. ئێمه‌ش بهدرووست کردنی سیستیمێکی چالاک حازرین ئه‌م هێزه به‌توانایه لێک نزیک که‌ینه‌وه و به‌به‌رنامه و پڕۆژه‌ی باش ته‌یاریان که‌ین بۆ خزمه‌تی گه‌لی لێقه‌وماوی کورد، ئیتر ئه‌وه‌ی که حکوومه‌تی هه‌ریم چه‌نده به‌ره‌و پیرمانه‌وه دێن و چه‌نده بایه‌خ بۆ ئه‌م جووڵانه‌وه به‌هێزه داده‌نێن ئه‌وه ئیتر وڵام لای ئێمه نیه.
رزگار رەزا چوچانی: لە زۆربەی کۆنفرانس و کۆنگرەکان لە بوارە جیاجیا کاندا سیاسیەکان لەپێشەوەن، ئەم کۆنفرانسی ئێوە تەنها خەڵکە عیلمییەکان بەشداری تیا دەکەن، یان کەسایەتیە سیاسیەکانیش؟.
د.ئالان: ئەوانەی کەلەم کۆنفرانسەدا بەشداری دەکەن خەڵکی زانستین، بەڵام لەباری سیاسەتیشەوە لێکۆڵینەوە دەکرێت، چونکە ئێمە کوردین هەر بڵێی کورد شتەکە دەبێتە سیاسی، بۆیە خەڵکی سیاسیش بەشداری دەکەن راو بابەتی خۆیان پێشکەش دەکەن و دەیانخەنە ڕوو، بەڵام سیاسەت لەباری عیلمییەوە باس دەکەین، ئێمە داوامان کردووە ئەوانەی بەشداری دەکەن لێکۆڵینەوە یان بابەتی خۆیان بنێرن، دواتر ئێمە هەڵسەنگادنمان بۆ بابەتەکان کردووە، ئەوەی کە باش بووە هەڵمان بژاردووە، بەڵام هەرگیز چاومان لەوە نەکردووە خاوەنی ئەو بابەتە سەر بەکام حزبە. ئەوەی کە بابەتی ناردووە، سەرەتا ناوەکەیمان لاداوە و ئینجا بابەتەکەیمان هەڵسەنگاندووە. بۆ ئێمه گرینگه که رێکخراوه‌که‌مان نه‌خرێته ژێر سێبه‌ری هیچ حیزبێکی سیاسی و له‌هه‌مانکات دا پردێک بین له نێوان هێزه سیاسییه‌کان و خه‌ڵکی خاوه‌ن زانست.
رزگار رەزا چوچانی: چاوەڕێی چی دەکەی لە ئاستی کۆنفرانسەکە؟، وتت دەتانەوێ یارمەتی هەرێمی کوردستان بدەن لەباری زانستی بوارە جیاجیاکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان تاچەند هاوکاری کردوون؟.
د.ئالان: ئەم کۆنفرانسە کارێکی یه‌کجار زۆری بۆ کراوه‌وه و کاری زۆرتریشمان له پێشه بیانکه‌ین. گه‌ر سه‌یری پرۆگڕامی ئه‌م کۆنگه‌ره‌یه بکرێت ئه‌بینرێت که خەڵكانێکی زۆر خاوەن زانست لە ئاستێکی به‌رزی عاله‌میدا به‌شداری پرۆگرامهکهن و کۆنگره‌که هه‌ڵده‌سوڕێنن. تائێستا هه‌موو کاره‌کان له‌سه‌ر شانی چه‌ند که‌سێک به‌ڕێوه چووه و که‌س یارمه‌تی نه‌داوین، ته‌نانه‌ت ڕیگریشمان هێندێک لێ په‌یدا بووه و به‌م خزمه‌ته‌ی ئێمه بۆ کورد نیگه‌رانن، دیاره پێویسته بڵێم، نه‌ک تاکوو ئێستا، له‌داهاتووشدا که‌س ناتوانێ له‌م رێبازه پیرۆزه لامانبدات و ساردمان کاته‌وه. هه‌روه‌ها بۆ کار و باری به‌ڕێوه‌بردنی کۆنگره‌که له‌باری ماڵییه‌وه، ئێمه داوامان لە حکومەتی هه‌رێمی کوردستان کردووە ده‌ستمان بگرێت بەڵام تاکو ئێستا ئامادەی هاوکاری کردنمان نین. دیاره ئێمە هاوکاریمان بکەن یان نا ئەو کۆنفرانسە هەر به‌ڕێوه ده‌به‌ین، بەڵام داوامان لە حکومەت کردووە ئەو ڕایەی خۆیان بگۆڕن، چونکە ئەو کۆنفرانسە بۆ خزمەتی کوردستانە و ئەو پارەیه‌ی کە لەو کۆنفرانسە زانستیەدا خەرج بکرێت، سەدان ئەوەندە خزمەت دەکاتەوە بەکوردستان.
رزگار رەزا چوچانی: ئەمە کۆنفرانسێکی زانستیە، وتت خەڵکی زانستی لەئاستی بەرزەدا بەشداری دەکەن، ئەی زانکۆکانی کوردستان تاچەند بەشداریان دەبێت؟.
د.ئالان: ئێمە بانگهێشتی زانکۆکانمان کردووە کە بەشداری بکەن و وەڵامیان داوەتەوە کە بەشداری دەکەن و به‌و هه‌ڵوێسته‌یان سه‌ربه‌رزین، بەڵام ئه‌گه‌ر حکوومه‌تی هه‌رێم یارمه‌تیمان نه‌دا مه‌ترسی ئه‌وه هه‌یه که ئه‌وان له‌م به‌هره‌یه بێبه‌ش بکرێن. دیاره ئێمه تا ئاخر مۆڵه‌ت هه‌وڵی خۆمان ده‌ده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م ئازیزانه به‌شداری کۆنفرانسه‌که‌یان بن، ئیتر ئه‌گه‌ر له‌مباره‌وه شتێکمان له‌ده‌ست نه‌یه سووچ له ئێمه‌وه نیه، چوون ئه‌وه‌ی ئه‌رکی سه‌رشانی ئێمه بێت دریغی لێ ناکه‌ین.
******
کوردیش ۆرڵد کۆنگرێس له به‌هاری ساڵی 2011 ی زاینی دامه‌زراوە تا ئێستا به‌ده‌یان پسپۆڕی گه‌وره‌ی کورد و غه‌یره کورد ته‌یدا چالاکانه کار ده‌که‌ن.
کۆمیته‌ی کارگێری ئه‌م رێکخراوه‌یه بریتییه له:
World Kurdish Congress,
Prof. Almas Heshmati, Ph.D. Economics, Korea University, Korea
Dr. Carol Prunhuber, Ph.D. Journalist and Writer
Mr. Chia Madani, M.Sc. Computer Science, Stockholm University, Sweden
www.kurdishcongress.org info@kurdishcongress.org
Fax: + 46 8 745 00 02 Tel. +46 70 453 90 70