بارزانی: ئێستاش دەڵێین تورکیا دەبێت بەسەر جەنازەی ئێمەدا بێت
توركیا و ئێران دەڵێن ئێمە هیچ كێشەیەكمان لە گەڵ هەرێمی كوردستان نییە، بەڵام ئێمە ناتوانین قبوڵ بكەین خەڵكێك لە هەرێمی كوردستانەوە بێت سەرباز و پاسداری ئێمە بكوژێت
دهقی وتاری مهسعود بارزانی سهرۆكی ههرێمی كوردستان له كۆنفرانسی نوێنهرانی حكومهتی ههرێم له دهرهوه
بەناوی خوای گەورەو میهرەبان
خوشك و برایانی بەڕێز بە خێراهاتنی هەموو لایەكتان دەكەم و خۆشم بە بەختەوەر دەزانم كە بەشداری دەكەم لە یەكەم كۆنفرانسی نوێنەرانی هەرێمی كوردستان لە دەرەوە، ئەمە یەكەمین كۆنفرانسە و ماوەیەكی درێژە بە نیازی بەستنی ئەم كۆنفرانسە بووین، بەڵام هەلومەرج هەمووجار رێك نەدەكەوت، بێگومان ئەمە كۆبونەوەیەكی زۆر گرنگەو ئومێدەوارم كۆنفرانسێكی سەركەوتوو بێت و ئێوەی بەڕێز بتوانن ئیش و كارەكانتان رێك و پێكتر بكەن و دەست لە سەر خاڵە لاوازەكان دابنێن بۆ ئەوەی لە مەودوا چۆن هەنگاو بهاوێژین.
بەدیهاتنی گۆڕانی گەورە
ئەركی ئێوەیە زیاتر پێوەندییەكانتان لەگەڵ دۆستانی گەلەكەمان قوڵتر بكەن و باشتر كێشەی گەلەكەمان بە دەرەوە بناسێنن و دۆستی زیاتر بۆ گەلەكەمان پەیدا بكەن، دەزانم ئەمە كارێكی ئاسان نییە، بەڵام مەحاڵیش نییە، بە تایبەتی لە هەلومەرجی ئەمڕۆدا كە زۆر لە دۆستانی گەلەكەمان هاتۆنەتە پێش و گرنگی كوردستان و ئەهمەیەتی كوردستان و ئەو پێوەندییانە دەزانن، دەلیلیش بۆ ئەمە وا خەریكە خۆی لە 20 كونسوڵگەریی و نووسینگەی بالیۆزخانە بدات و رۆژیش نییە ژمارەیەك كۆمپانیا نەیەنە كوردستان بۆ ئەوەی وەبەرهێنان بكەن، ئەمەش ئاماژەی ئەوەیە ئێمە ژمارەیەكی گرنگین لە هاوسەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست .بێگومان ئەركی نوێنەرانی شۆڕش لە جارن زۆر سەختتر بوو چونكە نە كەس هەبوو گوێ بگرێت، تەنیا ئیشوكاریان ئەوە بوو بتوانن كەسێك باوەڕ بهێنن و گوێ لە مەرەگەساتەكانی نەتەوەی كورد بگرێت، خۆم یەكێك بووم لەوانەی زۆرجار سەفەرم كردووە زۆر مەمنون دەبووم ئەگەر سیناتۆرێك یاخود جێگرێك یان وەزیرێك ئامادە بووا بە رێكەوت لە چێشتخانەیەك بمانبینێ و گوێی لە مەرگەساتەكانمان بگرێ كە چەند خەڵكی ئێمە شەهید بووە و چی بە سەرمان دا هاتووە، ئەوەمان بەشتێكی زۆر گرنگ دەزانی، بێگومان گۆڕانێكی گەورە بە سەر وەزعەكەدا هاتووە لە بەر ئەوە ئەركی ئێوە ئەركێكی پیرۆزە و داوای سەركەوتنتان بۆ دەكەم و دڵنیاشم كە ئێوە بۆ ئەم ئەمانەتە درێخی ناكەن، چونكە حكوم لە سەر هەرێم و گەل و لە سەر خەباتی گەلی كوردستان و شەهیدانی ئێمە لە رێگەی ئێوە دەبێت و ئومێدەوارم ئێوە بتوانن نوێنەرایەتیەكی راستەقینەی گەلەكەتان بن.
كێشەی ئێمە كێشەیەكی رەوایە
كێشەی ئێمە كێشەیەكی رەوایە، لە یادمە لە ساڵانی شێستەكانی سەدەی رابردوو شاندێكی بەریتانی هاتبوو بە ناوی كڵ براگن بوو كە بە زنجیرەیەك وتار زۆر یارمەتیشی داین كە رۆیشتووە گوتی كێشەی ئێوە كێشەیەكی زۆر رەوایە، بەڵام نەتانتوانیوە یاخود نەتانزانیوە بەرگری لێ بكەن و یاخود بە دەرەوەی بناسێنن، رەنگە هەر دوو لایەنیش بێت هەر وەكو باسم كرد كەس ئامادە نەبوو لەو سەردەمە لە بەر بەرژەوەندی خۆیان و سیاسەتی جیهانی كە سیاسەتێكی زۆر زاڵمانە بوو هەمووی پشتیوانی بوو لە دیكتاتۆرەكان و دژی میللەتان و ئارەزوو و مافی میللەتان بوو، رەنگە وەكو پێویستیش نەمانزانی بێت و ئەم توانایەشمان نەبێت، یاخود گوتی دەبێت ئێوە لە رێگەی نوێنەران و دۆستەكانتان خەڵكی ئەورووپا و دەرەوەو ئەمریكا راستیەكانی وەزعی ئێوە بزانن، ئێستا سوپاس بۆ خوا ئەم قۆناغەمان بڕی، قۆناغی پێشتر ئەوە بوو، ئێمە پێناسەی نەتەوەی خۆمان بپارێزین جا بە هەر نرخێك بوو بێت، ئێستا قۆناغی ئاوەدان كردنەوە و پەرەپێدان و پاراستنی ئەو دەستكەوتانەیە، دەبێت ئێمە هەمیشە بیر لەوە بكەینەوە بەرەو پێشەوە بچین نابێت بیر لەوە بكەینەوە بەرەو پاشەوە بگەڕێینەوە بە هەر چ شێوە و نرخێك، ئومێدەواریشم لەم كۆنفرانسە ئێوە بگەنە بڕیاری زۆر رێكوپێك و تەنزیمی ئیشوكاری نوێنەرانمان لەدەرەوە و دەست لە سەر خاڵە لاوازەكان دابنێن، بە تەئكید كەموكوڕی هەیە بەڵام دڵنیام لەم كۆنفرانسە هەموو ئەو كەموكوڕیانە چارەسەر دەكرێن.
ئێستا لە هەرێمی كوردستان جەوێكی ئیجابی هەیە
لێرەش دەمەوێت سوود لەو دەرفەتە وەربگرم و باس لە رەوشی ناوخۆ و ناوچەكەتان بۆ بكەم بۆ ئەوەی ئاگادار بن، ئێستا لە هەرێمی كوردستان جەوێكی ئیجابی هەیە، خۆشتان دەزانن پێش ماوەیەك هەندێك كێشە هەبوو خۆپێشاندان و ئۆپۆزسیۆن هەبوو خۆشبەختانە مامەڵەكردن لە گەڵا ئەم وەزعە بەشێوەیەكی حەكیمانە كرا، ئێمە هەموو برای یەكترین و كوڕی یەك ماڵین و ئەگەر بۆچوونی جیاوازیشیمان هەبێت شتێكی ئاساییە بەڵام سوپاس بۆ خوا كورد جارێكی دیكە ئیسپاتی كرد لە كاتی تەنگانەدا گرفتی ناوخۆشمان هەبێت بەڵام لە ئەنجام بەشێوەیەكی عاقڵانە دەتوانین لێی دەرباز بین، ئەمجارەش نەگەیشتە ئاستی ئەوەی وەكو وڵاتانی تر ببێتە دوژمنایەتی، شتێكی زۆر ئاساییە بۆچوونی جیاواز لەنێوان حزبەكاندا هەبێت، بەراستی لە هەرێمی كوردستان وەزعەكە جیاوازە، هەڵبژاردن ئەنجام دراوە و سستەمی فرەحزبیە، تارادەیەكی زۆر ئازادی و دامەزراوەی شەرعی هەیە كە بە رێی خەڵك هەڵبژێردراوە، بۆیە مامەڵەكردن لەگەل ئەم وەزعە چ لەلایەن ئۆپۆزسیۆن یاخود دەسەڵاتەوە دەبێت هاوكارییەكی عاقڵانە و هەستكردن بە بەرپرسیارێتیەوە بێت.
لە بەرنامەی چاكسازی پاشەكشە ناكەین
وەكو باسم كرد ئێستا كەشوهەوایەكی لەبار هەیە، پێش چەند رۆژێك چەند بڕیارێكمان دەركرد دڵنیام حكومەت دەستی بە جێبەجێ كردنیان كردووەو جێبەجێش دەكرێت، ئەمەش بە جیددیمانە كە نامانەوێ بە هیچ شێوەیەك وەزعی ناو هەرێمی كوردستان تێك بچێت و دڵنیاشتان دەكەمەوە تێك ناچێت، ئێمە لە پاراستنی ئازادی و دیموكراسی لەم وڵاتەدا پاشەكشە ناكەین و بەهەموو شێوەیەكیش بەرگری لە دامەزراوەكانی شەرعی لەم وڵاتە دەكەین.
بەرنامەی چاكسازیشمان بەرنامەیەكی جیددییەو لەوەش پاشەكشێ ناكەین و جێبەجێی دەكەین، نەك چاكسازی بە تەنیا بەڵكو بۆ داهاتوو سستەمێكی وا دادەنێین كە هەڵەكانی پێشوو دووبارە نەبێتەوە یاخود ئەوەی پێیدەگوترێ گەندەڵی جارێكی دیكە شوێنی خۆی لەنێو دامەزراوەكانی حكومەتدا بدۆزێتەوە، ئەمە زۆر گرنگترە لەوەی ئەمەی ئێستا چارەسەر بكەین، ئێمە دەبێت چارەسەری ئەوە بكەین ئەوە نەمێنێت و لە داهاتووش دووبارە نەبێتەوە.
بە شەڕ ئەم پرسە چارەسەر نابێت
بابەتێكی دیكەیش دەمەوێ ئاماژەی پێبدەم ئەم وەزعە ئالۆزەی سەر سنوورەكانی هەرێمی كوردستانە لە گەڵا وڵاتانی توركیا و ئێران، ئێمە زۆرمان پێ ناخۆشە بەوەی شەڕ و پێكدادان لەنێوان پژاك و ئێران و پەكەكە و توركیادا هەیە، زۆر هەوڵماندا بۆ ئەوەی بگەینە چارەسەرێكی ئاشتی بۆ ئەوەی بە هیچ شێوەیەك شەڕ روونەداتەوە، تارادەیەك گەیشتنە ئەنجامێكی دڵخۆشكەریش، بەڵام لە ناكاو ئەم وەزعە هەمووی گۆڕا، ئێمە باوەڕمان وایە بە شەڕ ئەم مەسەلەیە چارەسەر نابێت نە كورد دەتوانن بە شەڕ هیچ بە دەست بهێنن نە ئەم دەوڵەتانە دەتوانن بە تۆپخانە و فڕۆكە چارەسەری كێشە بكەن، ئێمە لەگەڵا مافی میللەتی كوردین و ئەمە بە راشكاوی دەڵێم،بەڵام لە گەڵا ئەوەدا نین بە رێگەی شەڕو كوشتن ئەو مافانە بەدەست بهێنن، چونكە بە دەست نایێت، ئێمە پشتگیری لە پەكەكە و پژاك ناكەین بۆ ئەوەی شەڕ بكەن و بە شەڕ ئەم مافانە بەدەستبهێنن، بەڵكو ئێمە هانیان دەدەین بۆ ئەوەی بە ئاشتی داوای مافی خۆیان بكەین، كورد لە هەموو پارچەكانی دیكە لە جیاتی ئەوەی بە ئار پی جی و كلاشینكۆف شەڕ بكەن كە مومكینە بەر لە 20ساڵ ناچار بووین وەك میللەتێك دەست بدەینە چەك و شەڕ بكەین، با ئەمڕۆ لە پەرلەمان و لە ئەنقەرە و لە نێو پەرلەمان شەڕی خۆیان بكەن كە زۆر كاریگەرتر دەبێت و دەستكەوتی زیاتریش بە دەست دەهێنن، بێگومان ئێمە زۆرمان پێناخۆشە هەندێك جار خەڵكی ئێمە دەبێتە قوربانی ئەو شەڕە و شەڕێكی نەخوازراو كە لە بنەرەتدا دوور و نزیك پەیوەندی بە هەرێمی كوردستان نییە. ئێمە پشتگیری ناكەین و پشتگیری ئەو تۆپباران و بۆردوومانانەش ناكەین و ئیدانەی كوشتنی خەڵكی خۆمان دەكەین بەتوندی و نە پشتگیری لەوەش دەكەین هیچ حزبێكی كوردی بە شەڕ هەوڵ بدات مافی خۆی بە دەست بێنێت، چونكە زەمانی شەڕ نەماوە و لە جیهان مەقبوڵ نییە تۆ بچی بڵێی بە شەڕ مافی خۆم بە دەست دێنم، رەنگە زۆر كەس بڵێ بۆ كاتی خۆی هەلوێستی ئێمە توند بوو لەسەرەتای رووخانی رژێمی بەعس چونكە هەلوێستی توركیا ئەوكاتە هەڵوێستێكی تر بوو هەلوێستی توركیا ئەوە بوو ئێمە دەچینە كوردستان پێشمەرگە چەك دەكەین و كوردستان وا لێ دەكەین، بێگومان ئەو كات و ئێستاش دەڵێین ئەو سیاسەتە بێت دەبێت بە سەر جەنازەی ئێمەدا بێن، بەڵام ئەگەر كێشە لە گەڵ پەكەكە بێت بێگومان بمانەوێ نە مانەوێ هەندێك لەپروشكەكانی ئەم كێشەیە ئێمەش دەگرێتەوە، ئەمە بابەتێكی دیكەیە، ئێمە هەوڵمانداوە بە ئاشتی ئەم مەسەلەیە چارەسەر بكرێت و كاتێكیش لە توركیا و ئێران دەپرسین بۆچی هەرێمی ئێمە و گوندەكانی ئێمە بۆردوومان و تۆپباران دەكەن، دەڵێن ئێمە هیچ كێشەیەكمان لە گەڵ هەرێمی كوردستان و یاساكانی ئێوە نییە، بەڵام ئێمە ناتوانین ئەوە قبوڵ بكەین خەڵكێك لە ناوی خاكی هەرێمی كوردستانەوە بێت سەرباز و پاسدار و خەڵكی ئێمە بكوژێت و بگەڕێنەوە ناو خاكی هەرێمی ئێوە، یان دەبێت ئەم كردەوانە نەمێنێ یاخود هێزی هەرێم لە سەر سنوور بێت یان ئێمە ناچارین بەرگری لە خۆمان بكەین، ئەمە قسەی ئەوانە. كاتێك بە پەكەكە و پژاك دەڵێین موراعاتی وەزعی هەرێم بكەن بەداخەوە موراعاتی وەزعی هەرێم ناكەن،ەئەمە هەقیقەتێكە دەبێ هەموو خەڵكی هەرێم بیزانن و ئێوەش بیزانن. لێرە ئێمە موحرجین و زۆر موحرجین لەلایەك فیعلەن وەكو دوو دەوڵەت كە پێی دەڵێی، دەڵێ فەرموو ئێوە سنووری خۆتان بگرن ئێمە هیچ كێشەیەكمان نییە، گرتنی سنوور ئێمە هێز بنێرین رەنگە ئەوانە كێشەیەكی وا دروست بكەن ببێتە شەڕی كورد و كورد، من كاتی خۆشی كە سەرۆكایەتی هەرێمم قبوڵ كرد بڕوا بكەن هۆی هەر سەرەكی ئەوە بوو ئاسەواری شەڕی خۆكوژی نەهێلم و جارێكی تر شەڕی كورد و كورد نەبێتەوە، كە هیچ پاساوێكی بۆ نابێت، لە بەر ئەوە ئەمە نابێت، لە گەڵ جەنابی سەرۆك مام جەلالیش خەریكین لە گەڵ ئێران و توركیا و پەكەكە و پژاكیش بگەینە چارەسەرێك شەڕ نەمێنێ، ئەگەر لەمەدا سەركەوتوو بین، بێگومان خزمەتێكی زۆر گەورە بە هەرێم و خەڵكی كوردستان و خەڵكی ئێران و توركیاش دەگەیەنین، ئەگەر لەمەدا سەرنەكەوتین بەراستی دەڵێم ئێمە نابینە بەشێك لەم شەڕە و ئەوكات بڕیاری دیكە دەدەین كە چۆن خەڵكی هەرێم بپارێزین یاخود زیانی كەمتر بێت، مەوزوعەكە بەم شێوەیە، ئێمە لەگەڵ ئەم شەڕە نین و لە گەڵ هەقی كوردین، بەڵام دەبێت بە ئاشتی داوای بكەین، لەجیاتی شەڕە تفەنگ و شەڕە ئار پێجی، با بچن لەناو پەرلەمان شەڕی خۆیان بكەن، ئەمە ئامۆژگاری و قسەی ئێمەیە، كە پێموایە كاریگەرتریش دەبێت، پێویستیش بەوە ناكات تەفسیراتی دیكەی پێ بدرێت و نە هیچ كەس موزایەدە بكات و رەنگە زۆر كەسیش بە عاتیفە قسە بكەن، ئەمە راستیی سیاسیەتی ئێمەیە هەقیقەتی هەڵوێستی ئێمەشە.
خەریكە رەوشی ئێراق بەرەو تاكڕەوی دەڕوات
لەگەڵ بەغدا ناتوانم بڵێم ناكۆكیمان نییە، دوا ئەوەی كورد رۆڵی گرنگی لە پێكهێنانی حكومەتی ئێستای ئێراقدا بینی، پێش ئەوە زۆر رێككەوتن لەنێوانماندا هەبوو، بەڵام دوای ئەوەی حكوومەتی بەغدا پێكهات هەروەكو ئەوەی ئەو رێككەوتنانە نەبن، خەریكە دیسان وەزعەكە بەرەو تاكڕەوی لە حوكمرانی دەچێت، ئێمە نامانەوێ هیچ كێشەیەكی وا بمێنێ كە چارەسەر نەكرێ، مەسەلەی ماددەی 140مەسەلەیەكی زۆر گەورەیە بۆ ناوچە دابڕاوەكان، ئێمە بۆیە قبوڵمان كرد لەگەڵ ئێراق بمێنینەوە و دەنگمان بەدەستووردا، چونكە یەكێك لە شاكارەكانی ئەو دەستوورە ماددەی 140 و رێگەی چارەسەری داناوە بۆ ناوچە دابڕاوەكان، ئێستا ئەمە پشت گوێ بخرێ و فەرامۆش بكرێ زەمەن ئەم كێشەیە چارەسەر ناكات، چارەسەری ئەم كێشەیە چارەسەرە، ئەم كێشەیە چارەسەر نەكرێ هەمیشە قابیلی تەقینەوەیە، ئێمە نامانەوێ ئەوە دووبارە ببێتەوە، ئێمە دەمانەوێ ئەو وەزعە چارەسەر بكرێ بەو شێوەی لەدەستووردا هاتووە، جگە لەوەش زۆر پرسی تر هەیە، لەوانە نەوت و غاز و پێشمەرگە و فیدراڵیەت، چونكە زۆر جاری وا هەیە بۆنی ئەوەی لێدێت كە لە فیدراڵیەت پەشمان ببنەوە، هەروەكو ئەوەی تەجرەبەی ئێراق لە بیر چووبێتەوە لەكاتێكدا زەمانی حكومی شمولی لەدونیادا نەماوە، ئینجا وەرە لە ئێراق لەم زروفەدا كە كێشەی ناوخۆی ئێراق یەكجار زۆرە و قوڵ و جددیشن، بەڵام سەبارەت بە كێشەی هەرێم مادام ئەم دەستوورە هەیە و تا ئێراق پابەند بێت بەم دەستوورە ئێمە كێشەیەكی گەوەرە نابینین. ئەگەر ئەو دەستورە جێبەجێ بكرێ ئێمە هیچ كێشەیەكمان نابێت، ئێمە وەك كوردستان بەشێك نین لە ململانێی تائیفی لە ئێراق كە ئەمە كێشەیەكی بنەڕەتی و گەوەرەیە لە عێراق، دواتر دەبێ زۆر كەس ئەوە بزانێ مەسەلەی ئێمە زۆرینە و كەمینە نییە لە پەرلەمان، بەڵكو ئێمە نەتەوەی دووەمین لە عێراق و عێراق لەدوو نەتەوەی سەرەكی پێكهاتووە، ئەمە راستی مەسەلەكەیە، ئەگەر وا بیر بكرێتەوە هەموو جار بچن لە پەرلەمان دەنگ بدەن بە تەئكید ئێمە هەمیشە زەرەر دەكەین، بەڵام ئەوەی كە پەیوەندی بە هەرێمەوە هەیە لە دەستووریشدا هاتووە قانوونی هەرێم دەخوات، ئێمە لە مەسەلەكانی سەروەریدا كێشەمان نییە. بەكورتی ئێمە هیچ كێشەیەكمان نییە ئەگەر ئیلتزام بە دەستوور بكرێ. لەبەر ئەوە لەچەند رۆژی داهاتوو بڕیار دراوە وەفدێكی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی كاك بەرهەم سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران سەردانی بەغدا بكات، بۆئەوەی زۆر بەجددی ئەو مەسەلانە باس بكرێ و ئەو 19 خاڵەی پێش پێكهێنانی حكومەت لەسەری رێككەوتبووین هەموو بینەوە پێش و بزانن چەندی جێبەجێ كراوە و كامەی جێبەجێ نەكراوە، ئەمجارە بە جددیە، دەبی تێبگەین لە بەغدا كە ئایا پابەندی دەستوری عێراق دەبن و رێككەوتنەكانی كە كردوومانە جێبەجێ دەیكەن یان نایكەن، ئەوكاتە ئێمەش خەڵكی كوردستان ئاگەداردەكەینەوە لە ئەنجامەكان و لە هەر بڕیارێك كە پێویست بێت بە راوێژ لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەكان دەیدەین.
ئێراق هێشتا پێویستی بە هێزەكانی ئەمەریكا هەیە
مەسەلەیەكی دیكە مەسەلەی مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكایە، بەتەئكید بە بۆچوونی ئێمە مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق هێشتا پێویستە، هەموو هێزەكانی عێراقیش كاتێك بەدوو قۆڵی دادەنیشن هەمان بۆچونیان هەیە، بەڵام كە دەچنە پێش مایكرۆفۆن بەنەوعێكی تر قسەدەكەن و موزایەدە لەسەر یەكتر دەكەن، من پێموایە بەنەمانی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق ئەگەری شەڕی ناوخۆ و دەستێوەردانی دەرەكی و كێشەی تائیفی زۆر دەبێت، بۆیە بوونی هێزەكانی ئەمەریكا لەوڵات ئینجا بە ههر ناوونیشانێك بێت هێشتا ئێراق پێویستی پێی هەیە، چونكە ئەسلەن كە ئەمەریكا هاتە ئێراقیش هێزی ئەمەریكی لە كوردستان نەبووە و پێویستیشمان پێی نەبووە، بەڵام ئەگەر دەوڵەتی ئێراق بیەوێ هێشتا نە هێزی ئەمنی ئێراق ئەو هێزەن كە بتوانن ئەمنی ئێراق بپارێزن نە سوپای ئێراق ئەو سوپایە كە بتوانی سنووری ئێراق بپارێزێ، خۆ هێزی ئاسمانی ئێراقیش هەر هیچ، لەبەر ئەوە دەوڵەتێك نە سوپای هەبێت سنووری زەمینی و دەریایی و ئاسمانی بۆ بپارێزێ، هێزی ئەمنی نەبێت خەڵكەكەی بپارێزێت، یاشە هێزی ئەمەریكی لێرە بوو چیان پێ نەكرا ئینجا ئەوە نەمێنێ هەر خراپتر دەبێت. ئێمە لەبەر وەزعی عێراق، بێگومان رای ئێمە ئاشكرایە و پێمانوایە با رێكەوتنێك لەنێوان عێراق و ئەمەریكا بكرێت، بەمەرجێك سیادە و بەرژەوەندی عێراق لەبەرچاو بگیرێت، نەوەك وەك داگیركەر، بەپێی رێككەوتنێك كە چۆن دەتوانن یارمەتی هێزەكانی عێراق بدەن تاكو بتوانن بگەنە ئاستێك میللەت و خەڵكی عێراق بپارێزن لە هەر هەرەشەیەكدا، ئەگەر ئەو رێككەوتنە كرا، چ بەر كوردستان بكەوێت ئێمە ئامادەین، ئەگەر رێككەوتنیشیان نەكرد، دەبێ خۆیان وڵامی خەڵكی عێراق بدەنەوە.ئەوان تەحەمولی ئەو بەرپرسیارەتییە دەكەن.
هەقیقەت ئەو خاڵانە بوو من بە پێویستمزانی بۆتانی باس بكەم، جارێكی دیكە بە خێرهاتنی هەموو لایەكتان دەكەم و داوای سەركەوتنتان بۆ دەكەم و زۆر سوپاس.