لە ناوکوردانی سوید شەڕە پەڕۆی حزبە و لەمالمۆ شەڕی براکوژی، کادرێکی یەکێتی بریندارە، هەڕەشە لەبەرپرسێکی یەکێتی دەکرێت

0

لە ناوکوردانی سوید شەڕە پەڕۆی حزب و شەڕی براکوژی دەستی پێکرد

لە ستۆکهۆڵم ئاڵای حزب بووە جێی نیگەرانی خۆپیشاندەران

لەمالمۆ کادرێکی یەکێتی بریندارەو هەڕەشە لەبەرپرسێکی یەکێتی لەو شارە دەکرێت

لە فینلاند خۆپیشاندەران ٣١ ئاڵاو دروشمی حزبیان بەرانبەر بەیەک ئاڵای کوردستان بەرزکردەوە

رزگار رەزا چوچانی / سوید

لەخوارەوەی بابەتەکە دەتوانی گوێبیستی ئەم راپۆرتە ببیت

هێرشی فرۆکەو تۆپبارانەکانی تورکیاو ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان، ناڕەزایی سەرجەم چین و توێژەکان و کوردانی هەرچوار پارچەی کوردستانی لێکەوتەوە، جیا لەوەی ناو شارەکانی هەرێمی کوردستان تائێستا خۆپیشاندانی ناڕەزایی بەردەوامە، خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان لەناو کوردانی دەرەوەی وڵاتیش بەردەوامی پێدەدرێت و کوردانی وڵاتانی باکوری ئەورپاش لەم ماوەیەدا چەندین خۆپیشاندان و گردبونەوەی ناڕەزاییان سازکرد، بەڵام لە خۆپیشاندانەکانی وڵاتانی باکوری ئەورپا، کوردەکان نەیانتوانی بەشێوەیەکی یەکگرتوو کار بکەن و خۆیان لە گرژی و حەساسیەتی حزبی بەردوور بگرن، لەهەندێ لەشارەکانیش حەساسیەتی حزبی بووە هۆی رووبەڕووبونەوە لە نێوان لایەنگرانیان، ئەوەش کاریگەری هەبووە لەوەی کەخەڵکێکی زۆری کورد خۆیان بەدوور بگرن لە بەشداریکردنی خۆپیشاندان و گردبوونەوە ناڕەزاییەکان.

لە ستۆکهۆڵم خۆپیشاندانەکان پڕ کران لە ئاڵای حزب و لە مالمۆی گەورە شاری سوید توندوتیژی و رووبەڕوبوەنەوەی نێوان لایەنگری لایەنەکان روویداو لە فینلاندیش بەرانبەر ٣١ ئاڵای حزب یەک ئاڵای کوردستان بەرزکرایەوە.

لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید خۆپیشاندانەکان پڕ کرا لە ئاڵای حزب

کوردێکی ناڕازی لە خۆپیشاندانەکەی ستۆکهۆڵم، کە وەک خۆی وتی ناچاربووە خۆپیشاندان جێبهێڵێت و نەیویست ناوی بنوسرێت بۆ گۆڤاری سڤیل وتی”کوردانی ستۆکهۆڵم بەدەم داواکاری خۆپیشاندانێکی ناڕەزایی چوون،  زۆرێک بۆ ئەوەهاتن کە خۆپیشاندانێک لەپێناو کورد بکەن، بەڵام کە چوین خۆپیشاندان بووە خۆپیشاندانێکی حزبی، بۆیە من و چەند هاوڕێیەکم دوور کەوتینەوە و نەمانویست قەرەباڵغی ئێمە ببێتە رێکلامی حزبێک”. وتیشی” ئەگەرچی ڕێکخەرانی ئەو خۆپیشاندانە داوایان کرد کە خۆپیشاندان و گردبونەوەکەیان سیمایەکی کوردستانی هەبێت و دوور بێت لە هەڵگرتنی دروشم و ئاڵای حزب، بەڵام خۆپیشاندان بە ئاراستەیەکی تردا رۆشت و لایەنگرو ئەندامانی پەکەکە و پژاک خۆپیشاندانەکەیان پڕ لەئاڵای حزبەکانیان وێنەی عەبدوڵا ئۆجەلان رابەری پارتی کرێکارانی کوردستان کرد”.

یەکێک لەبەشدارانی خۆ پیشاندانەکەی ستۆکهۆڵم، کە بەوێنەیەکی ئۆجەلانەوە بەشداریکردبوو بە هاوڕێ جوان، خۆی ناساند، بۆ وەڵامی رەخنەی ئەوانەی بەرزکردنەوەی وێنەو ئاڵا حزبییەکان بە هەڵە دەزانن بە سڤیلی وت”ئەوانە راست ناکەن، ئەوە حەسودی خۆیانە ئێمە کە بە وێنەی سەرۆک ئاپۆوە هاتوین، نەهاتوین بونی ئەوانی تر رەتبکەینەوە، هاوتین دەڵێن پەکەکەین و کوردین و دژی داگیر کارین ئەوانەی کە وادەڵێن دڵنیان ئاڵاش بێنن لایەنگرەکانیان زۆر کەمترە لە ئێمە، دەزانن سەرکردەکانی ئەوان کەس وێنەکەیان بەرز ناکاتەوە، بۆیە خۆش نییە بۆ ئەوان ببینن رابەری نەتەوەیی ئۆجەلان، ئەو هەموو وێنەی هەیە لێرە، و سەرکردەکانی ئەوان کەس وێنەیان بەرز ناکاتەوە، بەڵام نازانن ئۆجەلان هەموو تەمەنی خستۆتە خزمەتی ئازادی، ئێمە ئەوە دەزانین، بۆیە سەد کۆبونەوەی تریش بێت من بە وێنەی سەرۆکەکەمەوە دەچم کۆبونەوەی سویدیەکانیش بێت، بەوێنەی سەرۆک ئاپۆوە دەچم، واشم کردووە کەسیش رەخنەی لێ نەگرتووم”.

محمەد بێبەش لە بزاڤی ژینگەو یەکسانی، وردەکاری چۆنیەتی سازکردنی خۆپیشاندانەکەو هەوڵە سەرنەکەوتووەکانیان بۆ دوور خستنەوەی دروشم و ئاڵاکانی حزب بۆ گۆڤاری سڤیل باس دەکات و دەڵێت”ئێمە وەک بزاڤی ژینگەو یەکسانی بەو کارە هەستاین، مۆڵەتی یاسایی خۆپیشاندانەکەمان وەرگرت و دواتر داوامان لە هەموو حزب و رێکخراوەکان کرد کە بەشداری لەو خۆپیشاندانە بکەن، بەڵام تکامان کرد ئەوانەی کە دەیانەوێت بەشداری بکەن با واز لە کەسایەتی و حزبایەتی بهێنن، ئەمە دوژمنکارییەکە بەرانبەر بە نەتەوەو نیشتیمان دەکرێت هەموومان پێکەوە لەمرۆدا کوردبین پێویست ناکات هیچ کەسێک ئاڵا و وێنەی حزب بهێنێت، دواتر یەک دوو برادەر لە برادەرانی پەکەکە پەیوندیان پێوە کردم، وتیان ئێوە ئەو خۆپیشاندانە ساز دەکەن با پێکەوە سازی بکەین، من وتم ئێمە ئەمانەوێ لەگەڵ هەموو لایەک پێکەوە سازی بکەین بۆ نا. بەڵام ئێمە یەک تکامان هەیە، نەک ئەمر، با یەکجار لەژیانماندا شتێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی بکەین، باواز لە مەسەلەی حزبی بهێنین و لەم مەسەلە هەموو پێکەوە نەتەوەیی و نیشتیمانی بین، ئەوانەی کە شەهید بوون لەتۆپباران و هێرشی فرۆکەکان و ئەو خاکەی هیرشی دەکرێتە سەر موڵکی هیچ حزبێک نین، با ئێمەش لەم بابەتە خۆمان لەباسی حزبی لادەین، رۆژی خۆپیشاندانەکە ئێمە لەجێگای دیاری کراو بوین و هەموو ئاڵاکانمان ئاڵای کوردستان بوو، بەڵام بینیمان کاتێک ئەو برادەرانە هاتن کۆمەڵێک وێنەی ئۆجەلانیان بەرزکردبوەوە و ئاڵای حزبیان پێ بوو لەدوورەوە من چووم بەرەو پیریان. وتم ئێمە داوامان کردبوو بەهیچ شێوەیەک رەسمی کەسایەتی و حزبایەتی تیا نەبێت و تەنها ئاڵای کوردستان؟، وتیان خۆ ئێمە ناتوانین لێرە خۆپیشاندانەکە تێک بدەین، ئیتر بەو شێوە هاتن و تێکەڵ بوین، کە ئەوەش دەرچوون بوو لەو قسانەی پێشتر کردبوومان و لەوەی لەسەری رێک کەوتبوین”.

لەوەڵامی رەخنەکانی محەمەد بێ بەش و ئەو کەسانەی رەخنە لە بەرزکردنەوەی دروشمە حزبییەکان دەگرن، شوان محەمەدی ئەندامی کۆمێتەی پژاک لە سوید، بۆ گۆڤاری سڤیل دەڵێت” ئێمە وەکو پەژاک دانیشتنمان لەگەڵ حزبەکانی دیکەش هەبووە، پێمان وتوون کە هەموو سیمبول و رەمزی حزبی خۆتان بهێنن تا دوژمنانی ئێمە لەهەر چوار پارچە بزانن کە یەکێتی نێوان کوردان هەیە، بەڵام بەداخەوە حزبەکانی رۆژهەڵات لەژێر کاریگەی ئەو دۆخەی کە ئیستا لە ئۆردوگاکاندا تێیدان، دەبێت بەپێی یاساکانی ئەو ئۆردۆگایانە هەڵسوکەوت بکەن، کە ئەویش ئەوەیە پێیان وتوون هەرگیز ئێوە مافی ئەوەتان نیە، کە لەگەڵ پژاک نە دانیشتن نە چالاکی بکەن نە هاریکاری بکەن، گوشاریان بۆ دەهێنن بۆیە هەردەم کە چالاکی و دانیشتنێک دەبێت ئاڵای حزبی دەکەنە بەهانە، لەکاتێکدا ئێمەش پێمان وتوون ئێوە هەمووتان سیمبول و ئاڵای خۆتان بهێنن، وا باشترەو رەنگینتر دەبێت کە بەدنیای دەرەوە دەڵێین ئێمە فرە ڕەنگین و هەموومان بڕوامان یەکە بۆ نەتەوە”.

ئەو ئەندام کۆمیتەی پەژاک لە سوید دەشڵێت” لە ئەروپا ئەو زهنیەتەی کە تۆ دەبێت یەک ئاڵات هەبێت، یەک رەنگت هەبێت، یەک کەلتورت هەبێت، بەسەر چووە، ئەوە زهنیەتی دەسەڵاتە، تۆ ناتوانی پێش هەرچالاکییەک هەموو ئازادییەک لەخەڵک مەحدود بکەیت، ئەوەی پێت دەڵێم ئەوە بهێنیت ئەو ئاڵای من پێت دەڵێم ئەوە هەڵدەگریت، ئەوەی من پێت دەڵێم ئەوە دەڵێی، ئەوە کاتی نەماوە ئێستا خەڵک سیمبولی جۆراو جۆری پێیە، لایەکی تر ئەمرۆ ئێران و تورکیا کە هێرش دەکەنە سەر باشور، بۆ قەندیلە، ئەی کێ بەرگری دەکات پەژاک و پەکەکەیە، باشە کە هێرش دەکرێتە سەر حزبەکانیان چۆن دەکرێت بەلایەنگرانیان بوترێت هەقی ئەوەت نییە سیمبول و ئاڵای حزبەکەت بهێنیت، ئەوەی دەڵێت ئاڵای ئەوان وای کردووە بەشداری نەکەم، رەخنەی دروستی نەگرتووە، تەنها مەبەست حزبەکانە کە نایانەوێ چالاکی لەگەڵ پەژاک بکەن، ئەمە تازە نیە ماوەیەک بەئێمەیان دەوت واز لە شەخس پەرستی بهینن وەک ئاماژە کە واز لەوە بهێنین وێنەی ئۆجەلان بەرز بکەینەوە، یانی رەتکردنەوەی ڕێبەری ئایدۆلۆژی و فەلسەفی خۆت بکە، وەک ئەوەی بە چەپەکان بڵێی ئەرێ مارکس مارکس و لینین لینینتان لەچییە، ئەوەش ناکرێت دوژمنانی ئێمە زۆر لەمێژە دەیانەوێ ڕێبەرایەتی و گەل لەیەکتر جیا بکەنەوە، ئێستاش برادەران هیچیان نەماوە دەڵێن نابێت ئاڵاکان بهێنن”.

هەروەها رەتی دەکاتەوە ئەوەی ئەوان کردویانە دابەشکاری بێت و دەڵێت”هەتا رەنگەکان بتوانن لەدەوری یەکتر کۆببنەوە و ئێستا یەکتر قبوڵ بکەن و بە جیاوازی رەنگەکانەوە لەگەڵ یەک بن، داهاتوو گەشتر دەبێت، نابێت ئێمە بڵێین با واز لە جیاوازییەکانی خۆمان بهێنین بڵێین راوەستن با ئازادبین ئەوکات ئەویش دەکەین، دەبێت بەر لەئازادی بەشێوازی جیاو رەنگی جیاوازمانەوە یەکتر قبوڵ بکەین، نەک بڵێی ئێستا ئەوە قبوڵکراو نیە بەڵام لەداهاتوو فکرێکی لێ دەکەمەوە ئەوە فریودان و هەڵخەڵەتاندنی گەلە. ئێستا کە پژاک و دیموکرات و کۆمەڵە و حزبەکانی تر کە لەدەسەڵات نین ناتوانن لەگەڵ دابنیشن، ئەی سبەی چۆن یەکتر قبوڵ دەکەن؟، لەکوێی دنیا هەبووە کەسانێک کە پێش سەرکەوتن یەکتر قبوڵ نەکەن و دوای سەرکەوتن یەکتریان قبوڵ بێت؟، ئێمە دەبێت پێش گۆڕانکاری و پێش دەسەڵات گرنتە دەست فێربین بەم جیاوازییانەوە یەکترمان قبوڵ بێت، بۆیە رەخنەکان لەسەر پەژاک هەمان رەخنە کۆنەکان و بەناوی ترەوە دووبارە دەبێتەوە. کە ماوەیەک دەیانوت پەژاک سوپای پاسداران دایناوە، یان ئەمریکا یان ئیسرائیل دایناوە، ئێستاش دەڵێن ئاڵاکەی دێنێتە پێش، ئەو رەخنانەی ئەوان دروستکردنی یەکێتی کوردان نییە، یەکێتی کوردان قبوڵکردنی یەکە بەجیاوازیەکانەوە نەک پاکتاورکردن و یەکڕەنگکردنی و یەک بۆچونکردنی هەموومان.

لە مالمۆی گەورە شاری سوید شەڕی برا کوژییە

کوردێکی چالاک لەمالمۆ بە سیڤیلی راگەیاند، بۆخۆپیشاندانەکان جیاوازی سیاسی نێوان حزبە کوردییەکان بووەتە مایەی سەرلێشوان و بێزاربونی کوردانی ئەو ناوچەیە لە بەشداریکردنی چالاکییەکان بۆ پرسی نەتەوەو نیشتیمان، وتیشی “من دڵنیام ئاوا بڕوات نەک تۆپباران، هەموو کوردستان ئەتۆمیشی لێ بدرێت ماوەیەکی تر یەک کورد ئامادەی گردبونەوەکان نابێت”، هەروەها وەک بەڵگە بۆ قسەکانی داوای کرد، سڤیل بەدواداچوون بکات بۆ کێشەکان و وتی” بەدوایا بچن لەوێ رۆژێک حزبەکان لە ئەندامەکانی یەکتریان داوە حزبیش هەبووە خەڵکی چەواشەکردووە بۆ ئەوەی بەشداری خۆپیشاندان نەکات”.

سڤیل لە بەدوادا چونی ئەو پرسەدا توانی بگاتە لایەنەکانی کێشەکە لە مالمۆ گەورە شاری سوید و رووبەڕووی پرسیاریان بکاتەوە.

هەژار کۆچەر کە بە وەرگرتنی مۆڵەتی خۆپیشاندانەکە هەستاوە، چۆنیەتی سازکردنی خۆپیشاندانەکان و کێشەکانی بۆ سڤیل واباسکرد، کە ئەو بە بینینی وێنەی ئەو خێزانەی بوونە ئامانجی پەلاماری فرۆکەکانی تورکیاو بونە قوربانی، حەماسەت گرتوویەتی و بە راوێژ لەگەڵ کوردە چالاکەکان چووتە پۆلیسی شارەکەو مۆڵەتی خۆپیشانداکەی وەرگرتووە، بۆ دژایەتی هێرشەکانی سەر کوردستان و وتیشی” من وەک کوردێکی سەربەخۆ کە ئەندام نیم لەهیچ حزب و ڕێکخراوێک، بەناوی رەوەندی کوردی مۆڵەتم وەرگرتووە بۆ خۆپیشاندان. کە هیچ حزبێک بەناوی حزبەوە بەشداری نەکات، بەڵام کاتێک من مۆڵەتم وەرگرت و زانیان خۆپیشاندان دەکرێت، حزبە کوردییەکان کۆبونەوەیان سازکرد، منیش بانگکرام پارتی و یەکێتی زەختێکی زۆریان کرد، کە دەبێت بە ئاڵای کوردستانەوە خۆپیشاندان بکرێت و دوور بێت لە ئاڵای حزب، منیش وتم من کۆنتڕۆڵی خەڵکم پێ ناکرێت، بەدڵیش حەزدەکەم هەموو ئاڵای کوردستانی پێبێت، بەڵام مەسەلەی ئاڵا تەنها ئەوە بوو من پێشتر پرسم بە حزبەکوردییەکان نەکردبوو، پێیان ناخۆش بوو، بۆیە ئێستا وەک بەڵگە هەیە برادەرانی یەکێتی بۆ ئەوەی خۆپیشاندانەکە سەر نەگرێت، بە نامەی تەلەفۆن رۆژ و سەعاتی خۆپیشاندانەکەیان بەهەڵە بەخەڵکدا بڵاو دەکردەوە و خەڵکێکی زۆریان بەهەڵەدابرد، پارتی و یەکێتی رەخنەیان ئەوە بوو چۆن من سەربەخۆ ئەو کارەم کردووە، پرسم پێیان نەکردووە، منیش وتم ئەوە ماوەی یەک مانگە کوردستان لە دۆخێکی زۆر خراپدایە ئێوە کۆبونەوە دەکەن بۆ باسی خۆپیشاندانتان نەکردووە، کە منیش کردوومە بەناوی رەوەندی کوردی کردوومە”.

هەر لەو بارەیەوە کادرێکی پارتی لەسنوری مالمۆ بۆ سڤیل دەڵێت”خۆپیشاندانەکە وەک ئەوەی ئێمە دەمانویست نەکرا، بۆیە بەشداریمان نەکرد، ئێمە دەمانویست بە ئاڵای کوردستان و بەیەک رەنگ و بەیەک دەنگ وەک کورد بەشداری بکەین بەڵام برادەرانی پەکەکە بەوە رازی نەبوون و دەستیان کرد بەبڵاوکردنەوەی وێنەی ئۆجەلان و راگەیاندنی خۆیان، بەرلە خۆپیشاندانەکە، ئەوەش کاریگەری خراپی هەبووە، ئێمە بەڕەسمی نەچوین بەڵام بێگومان لایەنگرمان چووە”.

خۆپیشاندانی ناڕەزایی کوردانی مالمۆ، تەنها بەبایکۆتکردنی لەلایەن لایەنگرانی حزبەکانەوە کۆتایی نەهات، بەڵکو هێرشکردنە سەر یەکترو خوێنڕشتنیشی بەدوادا هات، لەلایەن چەند گەنجێکەوە هێرشکرایە سەر گەنجێکی هەڵسوڕا و کوڕە شەهیدێکی یەکێتی و بیریندار کرا، پیلانی هێرش کردنە سەر بەپرسی کەرتی رێکخستنی یەکێتیش دادەڕێژرێت.

هەڵوێست، ئەو کوڕە گەنجەی کە هێرش کراوەتە سەری و خۆی بە کوڕە شەهیدێکی یەکێتی ناو برد، بۆ سڤیل وتی” من گەنجێکی دیارم لەم شارەداو بەناوی کوردەوە و لەڕێگەی کۆمەڵەی خوێندکاران و لاوانی شاری مالمۆ کار دەکەم، بەشداری ئەو کۆبونەوەیەم کرد کەبەر لە خۆپیشاندانەکە سازکرا، منیش رای خۆمم وت، کە پێویستە خۆپیشاندانێکی کوردستانی بکەین، نەک وەک حزبایەتی، مەجموعەیەک هەبوون دۆخەکەیان بەدڵ نەبوو، ئەیانویست بەحزبی کارەکان بڕوات زیاتر لە ٢٠ کەس لەخەڵکی چالاک و سەربەخۆو حزبی بەشداری کۆبونەوەکە بوون، هەموو هەمان ڕایان هەبوو، جگە لە جەماعەتی پەکەکەو گۆڕان، ئەوان دەیانویست هەر حزبەو بێتە پێشەوە لای خۆیەوە وتاری خۆی بڵێت و رەمزی حزبی خۆی پێ بێت، ئێوارەی دوای ئەوە دەستیان بەتەلەفۆنکردن کردوو ئیهانەو هەڕەشەیان دەستپێکرد بۆ ئێمە، لەڕێگای فەیسبوکەوە لاپەڕەیەکیان دروست کرد کەناوی ڕێکخراوەکەی من و شەخسی منیان بەدز ناو بردبوو، من عەزیەتی یەک چۆلەکە نادەم، بەڵام ئیتر یەکێک بیەوێ هەرەشە بکات منیش خوێنم گەرمە. ئێوارەی دوای ئەوە تەلەفۆنیان کردو وتیان ئەگەر راست دەکەی بەتەنیا دێیتە دەرەوە، بەتەنیا چومە دەرەوە بینیم چوار کەسن، بووە شەڕە دەست لەنێوانمان، منیش خەڵکی ناوچەکە دەمناسن هاتن و لەیەکیان کردینەوە”.

ئەگەرچی شایەتحاڵێک بۆ سڤیل ئاشکرای کرد، کە ئەوانەی هێرشیان کردۆتە سەر ئەو هەڵسوڕاوەی یەکێتی، خەڵتانی خوێنیان کردووە، بەڵام هەڵوێست دەڵێت”خوێناوی بونی من مەسەلە ئەوەبوو کەمن هەفتەیەک پێش ئەوە دەستم برینداربوو، کولایەوە بۆیە هەموو گیانم بوو بەخوێن”. هەروەها لەبارەی ناسنامەی ئەوانەش کەهێرشیان کردۆتە سەری و بۆ گرتنەبەری رێی یاسایی وتی”من دەزانم راسپێردراون لەلایەن ئەوانەی کە لەکۆبونەوەکە لە دژی من بوون وەک لەگۆڕان و پەکەکە، رێی یاسایش ناگرمە بەر چونکە نامەوێ لەسەر ناوی کورد بکەوێ لەدەزگارەسمییەکانی ئەم وڵاتە، بۆیە کێشەکەم داوەتە دەست گەورەکانم ئەگەر ئەوان حەلیان نەکرد ڕێی تر هەیە”.

لای خۆشییەوە هیوا قادر لێپرسراوی کەرتی ڕێکخستنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەمالمۆ، لەباری کێشەکانەوە دەڵێت” کێشەکان لەکۆبونەوەکەوە دەستی پێکرد، کە لەنێوان لایەنەکان سازکرا، سەرەتا بڕیاربوو هەموو بچینە سەر مێزێک کە باسی حزبایەتی و تیرو توانج لەیەک نەکرێت و وەک کورد کۆبینەوە، لە کۆبونەوەکە وا دانرا ئەوەی قسە دەکات دەستی هەڵبڕێت، بەڵام هەقی زۆر کەس خورا، من وتم گوێم لە تەرحی زۆر جوان بوو تەنها داوام ئەوەیە کە وەکو کورد خۆپیشاندان بکەین نەک حزب، ئەوانیش تا حەدێک راکەیان پێ باش بوو. لە قسانەدا ئەو گەنجەی کە هێرشی کرایە سەر “کاک هەڵوێست” هەستا وتی من وەک کۆمەڵەی خوێندکاران و لاوان رام وایە کە خۆپیشاندان بە ئاڵای کوردستان بکرێت، دوور لە حزب و راگەیاندنەکەشی بەناوی رەوەندی کوردیەوە بێت، چونکە داوەتی حزبەکانی سویدمان کردووە زۆر بەشانازییەوە دێن، باوەک کورد کارەکە ببینن، ئێمە با وێنەی ئەو ٧ کەسەی لە خێزانێک شەهیدبوون بکەینە پێشەوای خۆپیشاندانەکە نەک حزب، هەمووشمان یەک کەس هەڵبژێرێن راپۆرت یان بەلاغێک کە هەموولایەک پێی رازی بێت بیخوێنێتەوە، من زۆر راکەیم پێ باش بوو، برادەرێکی پەکەکە کە بەباوکی من و تۆ ئەشێ خۆی زۆر سورکردەوە لەو گەنجە، لەجێی وەڵام بۆ ئەو پێشنیارە جوانانە، خۆی لەسەر کورسییەکەی بۆ راوەشاندو وتی، تۆ بۆت نییە ئەو قسە بکەیت، من تکام کرد و بەو برادەرەی پەکەکەم، وت کە بەو شێوەیە نابێت، ئێمە کوردین رای ئەو گەنجەش رای جوانن، وتی نەخێر ئیلا دەبێت وێنەی ئۆجەلان پێشەوا بێت، پەرچەمی پەکەکەشم داوا کردووە لە دانیمارکەوە بێت بۆمان، ٥٠ کەسم داناوە کە هەموویان ئەو پەرچەمە هەڵبگرن، دواتر رایەکی تر دروستبوو وتیان کاکە با بیخەینە دەنگدان بزانین زۆرینە چی پێ باشە، یەکیان وتی کەس قسەنەکات ئێمە بەو جۆرە دەیکەین و مۆڵەتمان وەرگرتووەو ئاواش دەیکەین، رەسمی ئۆجەلان خوای ئێمەیەو پێشەوای ئێمەیە، وتمان برا ئۆجەلان سەرکردەیەکی کوردە بەڵام ئەمە مەسەلەیەکی نەتەوەییە بۆ پێتان ناخۆشە رەوەندی کورد بەم کارە هەستێ، وتیان کاکە کێ پێی خۆشە ئەوەیە کێش پێی ناخۆشە ئێمە بەیانی هەدەفی خۆمان ئەپێکین”.

ئەو لێپرسراوەی یەکێتی لە مالمۆ، ناردنی نامە بۆ هاوڕێکانی پشت راسدەکاتەوە لەباری بەشداری نەکردن و دەڵێت” لەلایەن برادەرانی خۆمەوە ٣٥ تەلەفۆنم بۆ هاتبوو، منیش نامەیەکم بۆ نوسین، نوسیم برادەران لەبەر ئەوەی تاک لایەن خۆپیشاندان دەکرێت، من داوای لێبوردن دەکەم، من شەخسی خۆم بەشداری ناکەم و ئێوەش ئازادن خەڵک بەشداری پێدەکەن یان نا، بەڵام نامەی من نە بۆ گۆڕینی کات بووە لە خەڵک و نە داواشم کردووە بەشداری نەکەن”.

هیوا قادر ئاشکرای دەکات کە هەر ئەو رۆژە” ئەو برادەرانە پیلانی هێرشکردنیان دانابوو ماڵی من و کاک هەڵوێست دیاری کرابوو، بەڵام کە لەهێرشی سەر کاک هەڵوێست سەرکەوتوو نەبوون، دیارە نەیانتوانی بوو هێرشی سەرمنیش بکەن، بەڵام داخ بارم کە لەجێی ئەوەی رووبەڕووی دوژمن بینەوە، رووبەڕووی یەک دەبینەوە”.

بۆ ناسنامەی هێرش بەرەکانیش ئەو لێپرسراوەی یەکێتی دەڵێت”ئەو گەنجانەی کەناوەکانیان دراوە بەمن، سەر بەبرادەرانی پەکەکەن، بەڵام ئەو گەنجانە لەخۆوە ئەوە ناکەن دەبێت مامۆستایان هەبێت”.

لە خۆپیشاندانی کوردانی فینلاند زیاتر لە ٣١ ئاڵا و رەمزی حزب بەرانبەر بە یەک ئاڵای کوردستان

لەبارەی خۆپیشاندانەکەی فینلاندەوە کوردێکی دانیشتوی فینلاند لە ئیمەیلێکدا پێی رایگەیاندین، بەنیازی بەشداری خۆپیشاندانی کوردانی فیلاند بەرەو جێگای دیاریکراو چووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی زیاتر لە کۆبونەوەیەکی حزبی چووە، بەشداری نەکردووە. ئەو کوردە لە نامەکەیدا کەنایەوێ ناوی بهێنریت نوسیویەتی”کاتێک کە بانگەواز بۆ خۆپیشاندان کرا، باسی ئەوەیان کردبوو کە دژایەتی تۆپبارانی ناوچەسنورییەکان و هێرشەکانی سەر باشوری کوردستان دەکرێت، بەڵام کاتێک چوومە ئەوێ، خۆپیشاندانێکی حزبی بوو هوتافەکان بژی ئاپۆو ئاڵای هەردوو حزبی پژاک و پەکەکە هەڵدرابوو، بەدەگمەن ئاڵایەکی کوردستانت دەبینی، بۆیە بەشداریم نەکردوو گەڕامەوە”.

بۆ بەدوادا چونی ئەو پرسە، زۆر هەوڵی ئەوەماندا کەسێک لە سەرپەرشتیارانی ئەو خۆپیشاندانە بدوێنێت، وێڕای چەندین پەیوەندی کەس لە سەرپەرشتیاران بەردەست نەخران، بەڵام ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی خۆپیشاندانەکە کە لە فەیسبووک، جەمال سەیدسادقی بڵاوی کردبووەنەوە، زانیاری ئەو کوردەی پشتراسکردەوە، کە لەڤیدیۆکاندا وەک دەردەکەوێت زیاتر لە ١١ وێنە ئاڵای عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان هەڵدراوە، لەگەڵ زیاتر لە ٢٠ ئاڵای هەردوو پارتی پەکەکەو پژاک، لەبەرانبەردا تەنها یەک ئاڵای کوردستان دەبینرێت.

هەر لەبارەی لەبارەی خۆپیشاندانەکانی فینلاند، هیوا شوانی سەرنوسەری ماڵپەڕی کوردستانی گەورە، کە لەو وڵاتە دەژی و بەهۆی ئەو شێوازە بەحزبی بونەی خۆپیشاندانەکان نیگەرانە، بۆ سڤیل دەڵێت” بونی ئەو هەموو ئاڵای حیزبیە لە خۆپیشاندانەکەی فینلاند، وایکرد کە ئەوکارە بەسوتماکی لەدایک بێت کەبینیمان چۆن بوو. ئەوەش وادەکات کار بۆ چاککردنی ئەو فکرە توندانە بکەین کە بەو شێوە کار دەکەن، کورد یەک نەتەوەیە، نابێت جیاوازی دروستبکەین بەچەند ئاڵایەکی حیزبیەوە، لەو خۆپیشاندانەی فینلاند نەشاوترین شت ئەوە بوو، کە یەک ئاڵای کوردستان دەبینرا و بیست ئاڵای پەژاک و پەکەکە دەبینراو دوانزە وێنەی عەبدڵڵە ئۆجەلان بەرز کرابوەوە، ئەوەش کاریگەری خراپی هەبوو، بۆیە دەبێت وەک کورد کار بۆ یەک ریزی ناوماڵی کورد بکەین، ئەبێت ئاڵای حیزب لە هیچ بۆنەیەکی گشتی نەتەوەیی دا بەکار نەیەت، ئاڵای کوردستان بۆ هەموان بێت، بەوەش دە توانین هەموو بیرۆکەکان یەکبخەینەوە”.

 

 

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com