چـوونـه‌وه‌ لای سـه‌رۆك

0

د.ئه‌رسه‌لان بایز‌

 

دوو ساڵ و نیو به‌ر له‌ ئه‌مڕۆ، له‌ ئان و ساتی ته‌واو بوونی واده‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان. چرپه‌ چرپ و چب و چبوویه‌كی زۆر له‌ نێو كۆڕو كۆبوونه‌وه‌ی حیزبه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان و، ده‌زگاكانی راگه‌یاندن دروست بوو بوو. سێ حیزبه‌كه‌ی ئۆپۆزسیۆن(گۆڕان، یه‌كگرتوو، كۆمه‌ڵ) له‌ دوای چوار ساڵ ناڕه‌زایی و (17)ی شوبات و خۆپیشاندان، له‌ چاوه‌ڕوانی هه‌ڵبژاردنێكی نوێ و گۆڕانكاری نه‌خشه‌ی سیاسی بوون له‌ كوردستاندا.

 

له‌و سه‌رو به‌نده‌دا، وه‌فدێكی باڵای مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌ سه‌رۆكایه‌تی جێگری سه‌رۆكی حیزب (نێچیروان بارزانی) سه‌ردانی سلێمانیان كرد. نیوه‌ڕۆكه‌ی له‌ ماڵی كاك كۆسره‌ت نانی نیوه‌ڕۆیان خواردوو، پاش نیوه‌ڕۆكه‌ش له‌ ماڵی مام جه‌لال له‌ ده‌باشان، له‌گه‌ڵ وه‌فدێكی باڵای “ی.ن.ك” به‌ سه‌رۆكایه‌تی جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتی كۆسره‌ت ره‌سوڵ كۆبوونه‌وه‌. دوای چه‌ندین بگره‌و به‌رده‌، هه‌ردوولا كۆك بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ واقیعی كوردستان وا ده‌خوازێ كه‌ له‌ په‌رله‌مان یاسایه‌ك ده‌ربچێت ئه‌م دوو خاڵه‌ی خواره‌وه‌ له‌ خۆ بگرێت.

 

یه‌كه‌م: (ویلایه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێم كه‌ له‌ (19/8/2013)دا ته‌واو ده‌بێت، به‌رده‌وام ده‌بێت، درێژ ده‌كرێته‌وه‌ تا (19/8/2015) كه‌ ئیتر بۆ دووه‌م جار یارای درێژ كردنه‌وه‌ی نییه‌).

 

دووه‌م: (له‌و ماوه‌یه‌دا كه‌ له‌ مادده‌ی (یه‌كه‌م)ی ئه‌م یاسایه‌دا دیاریكراوه‌، پرۆژه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان به‌ سازان هه‌موار ده‌كرێته‌وه‌).

 

دوای ته‌واوبوون و مۆركردنی رێككه‌وتنه‌كه‌، هه‌ڤاڵانی مه‌كته‌بی سیاسی “ی.ن.ك” بڕیاریاندا، هه‌ر هه‌مان شه‌و له‌ سلێمانی و هه‌ولێر له‌گه‌ڵ فراكسیۆنی “ی.ن.ك” له‌ په‌رله‌مان كۆببنه‌وه‌، تاكو له‌ دوا بڕیاری هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسی ئاگاداریان بكه‌نه‌وه‌و، له‌ په‌رله‌مان هاوكار بن بۆ به‌ یاساییكردنی ئه‌و رێككه‌وتنه‌.

 

رۆژی دواتر 30/6/2013 له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ی دانیشتنی ئاسایی ئه‌و رۆژه‌ی په‌رله‌مان و خوێندنه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی كار كه‌ بڕگه‌یه‌كی په‌یوه‌ست بوو به‌ درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم. هه‌ر سێ فراكسیۆنی حیزبه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كه‌، به‌ پله‌ی یه‌كه‌م فراكسیۆنی گۆڕان، شێلگیرانه‌ دژی وه‌ستانه‌وه‌و به‌ ده‌نگی به‌رز ناڕه‌زایه‌تی خۆیان له‌و بڕگه‌یه‌ ده‌ربڕی. له‌ كاتی كردنه‌وه‌ی ده‌رگای گفتوگۆش له‌سه‌ر بڕگه‌ی واده‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، فراكسیۆنی گۆڕان گرژییه‌كه‌ی توندتر كرد. (شیاوی باسه‌ په‌رله‌مانتار مافی خۆیه‌تی، به‌ شێوه‌یه‌كی یاسایی له‌ناو په‌رله‌مان ده‌نگی ناڕه‌زایی دژی هه‌ر گفتوگۆیه‌ك ده‌ببڕێت كه‌ له‌گه‌ڵ بیرو باوه‌ڕی فراكسیۆنه‌كه‌ی ناگونجێت) فراكسیۆنی گۆڕان توندوتیژییه‌كه‌یان گه‌یانده‌ راده‌ی بوتڵ هاویشتن و جنێو و قسه‌ی سووك به‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و، تۆمه‌تباركردنیان به‌وه‌ی كه‌ له‌ به‌عسی خراپترن.

 

دیاره‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان دڵ و ده‌روون فراوان بوون و، چاویان له‌ بوتڵ هاوێژو جنێوفرۆشه‌كان پۆشی و، هه‌ر ته‌نیا ده‌ ده‌قیقه‌ دواتر سه‌رجه‌م په‌رله‌مانتاره‌كان هاتنه‌وه‌ نێو هۆڵه‌كه‌و، له‌ نێو ئاپۆره‌ی ده‌نگه‌ ده‌نگ و هاوار هاوارو ناڕه‌زایی و ده‌ست له‌ مێزدان، پرۆژه‌ یاساكه‌ ده‌نگی له‌سه‌ر دراو بوو به‌ یاسا.

 

هه‌ر دوای ته‌واوبوونی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی په‌رله‌مان هه‌ر سێ فراكسیۆنه‌كه‌ چ به‌ به‌یاننامه‌ و چ به‌ راگه‌یاندنی كه‌ناڵه‌كانی ته‌له‌فزیۆن، یاساكه‌یان ره‌تكرده‌وه‌و به‌ نا یاساییان له‌ قه‌ڵه‌م داو ده‌یانوت: (سه‌رۆكی نایاسایی، نا شه‌رعی، ماوه‌ به‌سه‌ر چوو) هه‌ر هه‌مان ئێواره‌ و چه‌ند رۆژێكی دوا تریش ژماره‌یه‌ك له‌ كادیره‌ پێشكه‌وتوه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان، هاتنه‌ سه‌ر ته‌له‌فزیۆن و بانگه‌شه‌ی چه‌واشه‌كارییان ده‌كرد و ده‌یانوت: پارتی پێویستی به‌و درێژكردنه‌وه‌یه‌ نییه‌ و ئێمه‌ داوامان نه‌كردووه‌، ئه‌مه‌ له‌سه‌ر خواستی “ی.ن.ك” بووه‌. هه‌روه‌ها ده‌یانوت: (هه‌رگیز) پرۆژه‌ یاسای ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان ناگه‌ڕێته‌وه‌ په‌رله‌مان. خۆیان له‌وه‌ بێ ئاگاو بێ خه‌به‌ركردبوو، كه‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ له‌سه‌ر داواكاری حیزبه‌كه‌یان و، جێگری سه‌رۆكی حیزبه‌كه‌شیان واژۆی له‌سه‌ر ئه‌و رێككه‌وتنه‌ سیاسییه‌ كردووه‌.

 

به‌ڵام له‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ سه‌یرتر، هه‌ندێ له‌ كادیرو ئه‌ندامانی “ی.ن.ك”یش له‌كاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی 2013 بۆ هه‌ندێ له‌ پاڵێوراوه‌كانی نێو لیستی “ی.ن.ك” (هه‌ندێ له‌ كادیره‌كان تاكو ئێستاش) ده‌یانوت: (ها بزانن ئه‌رسه‌لان بایز چی به‌سه‌ر “ی.ن.ك” هێنا) ئه‌وانیش خۆیان له‌وه‌ نه‌بان ده‌كرد، كه‌ جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتی (دوای ره‌زامه‌ندی مام جه‌لال) واژۆی له‌سه‌ر ئه‌و رێككه‌وتنه‌ كردووه‌. سه‌ره‌نجام زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌م له‌و پرۆسه‌یه‌ به‌نده‌ بوو، به‌ڵام من باكی هیچ كامێك له‌و بانگه‌شه‌ ناڕاستانه‌ نه‌بووم، چونكه‌:

 

یه‌كه‌م: مه‌كته‌بی سیاسی حیزبه‌كه‌م دوای ره‌زامه‌ندی مام بڕیاری له‌سه‌ر ئه‌و رێككه‌وتنه‌ دابوو، منیش ئه‌ندامێكی ئه‌و حیزبه‌ و له‌ڕێگای ئه‌و حیزبه‌شه‌وه‌ چوومه‌ته‌ ئه‌و شوێنه‌. ماوه‌ی ده‌ ساڵیش لێپرسراوی مه‌كته‌بی رێكخستن بووم و، هێنده‌ش له‌ ئیلتزامی حیزبایه‌تی گه‌یشتووم كه‌ لاساری بێ ئیلتزامی به‌رانبه‌ر بڕیاره‌كانی نه‌كه‌م.

 

دووه‌م: خۆشم له‌پێناوی ئه‌وه‌ی وه‌زعی كوردستان به‌ ده‌ردی ئه‌مڕۆ نه‌ڕوات، كه‌ له‌ سه‌ر لێواری دوو ئیداره‌یی و دوو هه‌رێمی و شه‌ڕی ناوخۆیه‌، بڕواییم به‌و رێككه‌وتنه‌ هه‌بوو، كه‌ هه‌رگیز لێی په‌شیمان نیم.

 

ئه‌وه‌ی كه‌ بۆ من و سه‌رجه‌م خه‌ڵكی كوردستانیش له‌ هه‌موو شته‌كانی پێشووتر سه‌یرتر بوو. هه‌ر دوای دوو مانگ له‌ درێژكردنه‌وه‌ی واده‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم. هه‌ر هه‌مان سه‌ركرده‌ی حیزبه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان، یه‌ك یه‌ك و، دوو دوو و سێ سێ، چوونه‌وه‌ سه‌ری ره‌ش و له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێمی به‌ وته‌ی خۆیان (نا شه‌رعی، نا یاسایی، ماوه‌ به‌سه‌ر چوو) كۆبوونه‌وه‌ و پێیان وت: جه‌نابی سه‌رۆك.

دواتریش، له‌ دوای هه‌ڵبژاردنی 2013 به‌بێ “ی.ن.ك”، سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانیان له‌گه‌ڵ دروستكردن و دواتر، حكومه‌تی بنكه‌ فراوان.

 

جا خه‌ڵكی كوردستان خۆتان و خواتان.

 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com