موئمین زەڵمی
لە ماوەی بیست و ئەوەندە ساڵەی رابردوودا، حزبە ئیسلامییەکانمان هەمیشە بە گیانێکی دڵسۆزانە، نیشتیمانپەروەری، سادەییانە، کاری خۆیان کردووە، زۆر جار باجی گەورەیان داوە لە پێناوە ئامانجەکانیاندا، و هەموو ئەوانەش روونن و نامەوێ درێژدادڕی بکەم!
ئەوەی دەمەوێ بیڵێم ئەوەیە، ئیسلامییەکانی کوردستان واز لەوە بێنن بکەونە ژێر کاریگەری ئەوانیترەوە، یان لەبەر خاتری فڵان لایەن و فڵان کەس! کاتی ئەوەیە خۆیان (خۆیان) بن! ئێستا و رۆژ لە دوای رۆژ جیهان فراوانتر بەرامبەر (ئیسلام) و ئیسلامییەکان پێویستی بە روونبوونەوەی راستییەکانە، بۆیەش ئیسلامییەکانی کوردستان کاتی ئەوەی خۆیان بن، لە جیاتی ئەوەی ئەملایی بن یان ئەولایی بن، پێویستە خۆیان بن! هەر بۆ نمونە؛ ئیسلامییەکان ئەگەر بیانەوێ، بە دڵنیاییەوە دەتوانن لە ماوەیەکی نزیکدا ئەم بارودۆخی کوردستان بخەن بە لایەکدا! بەڵام بۆ کەی هەڵیدەگرن نازانم! خۆشیان باش دەزانن چۆن دەتوانن …
لە هەموو کات زیاتر وەختی ئەوەیە ئیسلامییەکانی کوردستان دەربکەون و ببنە ئەو ئومێدەی ئێستا لە هەموو کات زیاتر خەڵکی کوردستان پێویستی پێیەتی، خەڵک ئێستا لە هەر کات زیاتر ژیانی دەوێ، گوزەرانی دەوێ، ئەگەر ئێستا (ئیسلامییەکانی کوردستان) کە وەک لایەنەکانیتر بەشداری گەندەڵی و قۆرخکاریی و ستەمکاری سەر گەلی کوردستان نەبوون، نەتوانن ببنە داکۆکیکەری راستەقینەوەی مافی خەڵک و ببنە ئومێدی خەڵک و شەقام، ئیتر خەڵک چی پێویستی بە حزبی ئیسلامیی هەیە لە کوردستاندا!؟