ئالان عومەر: هونەر لە نێوان یه‌كێتی و پارتی

0

هونەر لە نێوان یه‌كێتی و پارتی

ئالان عومەر / سوید

ئەرکی حکومەت و کاری حکومەتداری خزمەتکردن و پێشخستن و رێکخستن و گەشپێدانی هەر بوارێکە لەوبوارانەی کۆمەڵ و کۆمەڵگە پێویستیەتی، یان بەیەکێک لە بنەماکانی هەبوون و پێشکەوتنی کۆمەڵگە دادەنرێت. هونەر یەکێک لەو کایانەیە کە هەڵگری روخساری پێشکەوتن و تێگەشتنی کۆمەڵە و لەگەڵ خۆیدا عەرزی دەکات، ئەگەر نەتەوەو وڵاتێک لەهونەردا کڵۆڵ و پاشکەوتوو بوو، ئەوە هونەر بەبێ خاترانەو رەچاوکردنی دۆستایەتی و دڵسۆزی ئەو دواکەوتن و کڵۆڵییە لە تێگەشتن نمایش دەکات. راستە هونەر ئەرکی ئارایشی رۆحەکانی لەسەرە، بەڵام درۆی ئارایش ونمایشی سیستەمێکی نەزانی بە سیستەمێکی زانا پێناکرێت.

هەموو کایەو بوارەکانی ژیان و ژیاری لە وڵاتی ئێمە بەهۆی باردوخە تاڵەکانی رابردوو، تا رۆخی وێران بوون چوون، بەڵام ناکرێت ئەو پێشکەوتنتانە بەرچاو نەگرین کە لەدوای ئازادبونی کوردستان لەژێردەستەیی و رزگار بوون لەشەڕی خۆکوژی بە دەستی دڵسۆزانی ئەو وڵاتە بەرپابوون.

لەهەناوی وڵات و لەرۆحی نەتەوەیی ئێمەدا بەدرێژایی هەموو زەمەنەکان و لەوکاتانەش کە وڵات بە مەبەست وێران دەکرا، هونەر زیندوێتی لەدەست نەداوە، بەرهەمی هونەرمەند و لاوک و حەیران و هۆرە و سیاچەمانە بێژانی رابردوو گەواهی دەدەن، کە هیچ هێزێک بەهونەری نەوێراوە لەرۆحی کوردا، بەڵام توانیویانە پاشی بخەن و ڕێگە لەگەشەسەندنی بگرن.

لەدوای رزگار بوون لە شەڕی خۆکوژی کورد کە بەئەوەندەی سەردەمی ژێردەستەیی، کوردستانی بەرەودواوە گێڕایەوە، لە دەستبەکار بونی کابینەی پێنجەمی حکومەتی هەرێمەوە، بەسەرۆکایەتی رێزدار نێچرڤان به‌رزانی، وڵات ئاوەدانی و گەشەسەندن و پێشکەوتنی بەخۆوە بینی، لەسەردەمی ئەو کابینەدا بەدەر لە دڵخۆشی خەڵکی کورد بەیەکگرتنەوەی ئیدارەکان و بەرزبونەوەی رۆحی یەکبونی کورد، هەموو بوارەکان پێشکەوتن و گەشەسەندنی بەرچاویان تۆمارکرد، هونەر لایەنە هەرە پشتگوێخراوو رێ لێگیراوەکە، نەشونمای کردو لەکونجی رۆحی تاکەکانەوە بەرەو لوتکەو جیهانی بوون هەنگاوی نا، بەهۆی ئەوەی لەسیاسەتی ئەو کابینەیەدا هونەر جێگەو پێگەی هەبوو، لەعەقڵی ئەو کابینەیەدا خوێندنەوە بۆ رۆڵی بەرچاوی هونەر دەبینرا، گرنگیدان بەو بوارەش وەک هەموو بوارەکانی تر رێی دەکرد، دەبینرا هەموو بوارێک کەوتبونەڕێ بەرەو جێیگەی شیاوتر لەپێشەوەی ئەو جێگای تیای وەستابوون و هونەریش سەرمەشقی ئەو بوارانەبوو کە بەرەو پێشەوە ڕێیان دەکرد. گۆرانی بێژ پلانی جیهانی بوونی دادەڕشت، شانۆ خەریک بوو دەکەوتەوە جوڵە، سینەما کێبەرکێی ڤیستیڤاڵەجیهانییەکانی دەکرد، هونەرمەند هیوای ژیانی شایستە بەخۆی هەبوو، بۆیە گەنجان لەهەموو کایەکانی هونەردا لەکێبەرکێ و هەوڵدابوون. راستە بڕوای کابینەی پێنجەم بەخزمەتکردنی هونەر هەندێ کات ئیستغلال دەکراو نا یەکسانی لەهاوکارییەکان هەبوو منیش یەکێک لەو کەسانە بووم کە بەهۆی ئەو نایەکسانییە وڵاتم جێهێشت، بەڵام هەرگیز ناکرێ سیاسەتی هونەردۆستی و خزمەتگوزاری کابینەی پێنجەم بۆ هونەر رەچاونەکرێت و سەردەمەکەی بەسەردەمی زێڕینی هونەر نەناسین و بەکابینەی ژیاندنەوەی هیوا مردووەکانی هونەرمەندانی نەزانین.

بەڵام جێی داخە ئەم سیاسەتە هونەر دۆستییە، لەدوای تەواوبونی ماوەی دەسەڵاتکردنی کابینەی پێنجەم و لەدەستبەکاربونی کابینەی شەشەم کۆتایی هات، لەسەردەمی کابینەی شەشەم بەسەرۆکایەتی رێزدار د.بەرهەم گەرچی پێشکەوتن زۆر بواری گرتەوە بەڵام هیچ بایەخێک بۆ هونەر نەهێڵدرایەوە، وێڕای هیوا بە رۆشنبیری و تێگەشتنی خودی ئەو پیاوە، هونەرمەند لەکابینەکەیدا بێ هیواکراو هەموو نیازەباشەکان لەخزمەتی ئەو بوارە کۆتایی هات، نەکۆنسێرتە گەرم و گوڕەکان و مانەوە، نە بەرهەمهێنانی ئەلبووم و نە دروستکردنی فیلم، هونەر نەک نەوەستا لەوجێیەی کەپێی گەشتبوو، بەڵکو بەهۆی بێهوابوونی کاراکتەرەکانی بەرەودواوە گەڕایەوە، نەک رۆحی کێبەرکێ و هاتنە پێشەوەی گەنجی زیاتر نەما، بەشێک لەهونەرمەندان نیازی وازهێنانیان راگەیاند، رەنگە ئەم سیاسەتەش بۆ مەبەستی “کەمکردنەوەی خەرجی بێت لە سامانی گشتی بۆ کاری لابەلا” وەک دەڵێن!. بەڵام ئایا هونەرکردن کاری لابەلایە؟، ئایا کارکردن بۆ رۆحی مرۆڤەکان کە موسیک ئەرکیەتی کاری لابەلایە؟. یان بڵێن خزمەتکردنی هونەر ئەرکی کەرتی تایبەتە، بەڵام ئایا هیچیان کردووە بۆ زەمینە سازی هاتنەمەیدانی کەرتی تایبەت؟ ئەی راگەیاندن و کەناڵی ئاسمانیش ئەرکی کەرتی تایبەت نییە؟ ئەی بۆ بەپارەی ئەو وڵاتە دروست دەکرێن و دواتریش بەناوی دەزگای سەربەخۆو بێلایەن دەناسێنرێن؟، چما خەڵک ئەو راستیە نازانن؟، ئەی ئەگەر کەرتی تایبەت بەپارەی خۆی کەناڵێک بەپڕ لەخەرجی بێ داهات دروست دەکەن، بۆچی حکومەتی هەرێم ئەو خەڵکە سەرمایەدارە نانێرنە بواری هونەریش؟ تا ئێمەش بڵێین سوپاس سەرمایەداری سەرمایە بەخش، کەبەبێ داهات ئەم خەرجییە دەکەیت!.

لەنێوان ئەو دووکابینەیەشدا سەیرو سەمەرەیەکی تر دەبنێرێت، کە حزبەکانی پشتی ئەو دوو کابینەن، پارتی کابینەی پێنجەمی سەرۆکایەتی دەکرد، کە هونەری گەیاندە لوتکەی پێشکەوتن، بەڵام راگەیاندنی حزبەکەی ئەوەندە هونەری پشتگوێ خستووە دەڵێی راگەیاندنی وڵاتێکی بێ هونەرە،واته‌ خزمه‌تكردنی هونه‌ركاری ئیدارییه‌كانی پارتی بونه‌ك حزب. یەکێتی کە سەرۆکایەتی کابینەی شەشەمی لەدەستە و بەدەستی کابینەکەی هیواکانی هونەرمەند روخێنران و گرنگی بەو بوارە بونی نەما، بەڵام تەنها بە کەناڵی ئاسمانی کوردسات کەراگەیاندنی ڕەسمی حزبەکەیەتی، بەقەد دوو وەزارەتی رۆشنبیری حکومەتێک خزمەتی هونەری کردووە. بۆیە ناکرێت سیاسەتی خزمەتکردنی هونەر لەکابینەی پێنجەم بە سیاسەتی پارتی بزانرێت و سیاسەتی پێشتگوێخستنی هونەر لەکابینەی شەشەم بە سیاسەتی یەکێتی دابنرێت.

تێ بینی: من زۆر لەسیاسەت نازانم، نوسینی ئەم بابەتە لەم کاتەدا بۆ ئەوەیە کە دیار نییە ئەم ستافەی ئیستای حکومەت دەمێننەوە یان نا، ئەگەر مانەوە بەهیوام ببێتە هۆی ئاگادارکردنەوەیان لەوەی کەئێمە ناڕازین و بەخۆیاندا بچنەوە، ئەگەرنەشمانەوە وەک گلەییەکی دۆستانە لێم وەربگرن، بزانن کە لێیان ناڕازیم.

ئەم وتارە لە ژمارە ١٠٤ی گۆڤاری سڤیل چاپکراوە.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com