لە یەکێتی مامۆستایانی کورد لە ئەورپا کێشەی گەورە سەرهەڵدەدات، پارتی و یەکێتی تۆمەتبار دەکرێن

0

لەوڵاتێکی دیموکراسییەوە رۆشتنەوەی نوێنەر بۆ کۆنگرەی مامۆستایان لەکوردستان، بەشێوەیەکی نادیموکراسی

“بەڕاستی شەرمە ئێمە سود لەم وڵاتە دیموکراسییە وەرنەگرین خەڵک پێمان بڵێت بۆ ناچن لەکوردستان فێربن چۆن نوێنەر بۆ کۆنگرە هەڵدەبژێردرێت”

لە یەکێتی مامۆستایانی کورد لە ئەورپا کێشەی گەورە سەرهەڵدەدات

پارتی و یەکێتی تۆمەتبار دەکرێن

رزگار رەزا چوچانی/ سوید

بەهۆی بەشداریکردنی سکرتێرو جێگری سکرتێری یەکێتی مامۆستایانی کورد لە ئەورپا، لەکۆنگرەی مامۆستایانی کوردستان بەبێ گەڕانەوە بۆ کۆبونەوە لەگەڵ ئەندام و لقەکانیاندا، کێشە لەنێو ئەو یەکێتی یە دروست دەبێت و داوای گۆڕینی سکرتێرو جێگری سکرتێر دەکرێت. پارتی و یەکێتی بە دەستێوەردانی کارەکانیان تۆمەتبار دەکەن، سەرچاوەیەکی بەرپرسیش لە مامۆستایانی کورد لەئەورپا رایدەگەیەنێت بۆیە ئەو دوو کەسەر رۆشتونەتەوە تا دوو دەنگی زیاد بۆ مامۆستایانی پارتی و یەکێتی بدەن.

سەرچاوەیەک لەیەکێتی مامۆستایانی کورد لە ئەورپا کەنەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە سڤیلی راگەیاند “دوای کۆنگرەی مامۆستایانی کوردستان و رۆشتنەوەی سکرتێرو جێگری سکرتێری مامۆستایان لەئەوروپا بەڕێگایەکی نادیموکراسی و بەداوەتی پارتی ویەکێتی، کێشە لەناو ئەو یەکێتییەدا دروست بووە و چاوڕوان دەکرێت دەستلەکارکێشانەوەو وازهێنان لەئەندامیەتی ئەو یەکێتییە بەشێویەیەکی بەربڵاو روو بدات”، ئەوەشی ئاشکرا کرد “مامۆستایانی کورد لەئەورپا دەزانن ئەوان بەشێویەکی نادیموکراسی رۆشتونەوەتەوە، چونکە لەهەموو دنیا وایە، دەبێت نوێنەر بۆ کۆنگرە بەهەڵبژاردن لەکۆبونەوەی گشتی یان کۆنفرانس دیاری بکرێت، جا ئەگەر کۆنگرەی حزب بێت یان کۆنگرەی مەدەنی و زانستی بێت، کۆنگرەی کۆمەڵەو رێکخراو بێت هەرکۆنگرەیەک بێت، بەڵام ئەم برادەرانەی مامۆستایانی سوید سکرتێرو جێگرەکەی بێ کۆنفرانس و کۆبونەوە لەم وڵاتە دیموکراسیەوە تەنها خۆیان خۆیان هەڵبژاردووەو رۆشتونەتەوە بۆ کۆنگرە”.

هەروەهاو وتیشی” بەڕاستی ئەوە شەرمە ئێمە سود لەم وڵاتە دیموکراسیە وەرنەگرین کەتێدا دەژین ولاساییان نەکەینەوە خۆمان والێ بکەین کە خەڵک پێمان بڵێت ئێوە لەسوید فێری دیموکراسی نەبوون بۆچی ناچن لەکوردستان لەکۆرسێکدا بەشداری بکەن و فێربن چۆن نوێنەر بۆ کۆنگرە هەڵدەبژێردرێت”.

ئاشکراشی کرد”دوای ئەوەی بەو شێوە نادیموکراسیەو لەجێی هەڵبژاردنیان بۆ نوێنەرایەتی لەکۆنگرەی مامۆستایان لەکوردستان، بەداوەت رۆشتنەوە، ئێستا لەگەڕانەوەیان بۆ سوید سکرتێرو جێگر لەکۆبونەوەی بەردەوامدان لەگەڵ مامۆستایانی کورد، بەڵام کێشەکان لەوە گەورەتر بوون، کە بەکۆبونەوەو قسەی خۆش چارەبکرێت، دەبێت لیستی پارتی و یەکێتی لەمامۆستایانی کوردستان رونکردنەوە بدەن بزانن ئەمانەیان بەس بۆ دەنگەکانیان بردۆتەوە یان بۆچی تەنها ئەو دوانە بەبێ هەڵبژاردن داواکراون بچن، دیارە تەنها بۆ فێڵ بووە لە ئۆپۆزسیۆن و بۆ دوو دەنگی زیاد ئەوەیان کردووە”.

مامۆستا حەمە شەریف ئەندامی سکرتاریەتی ئەوروپای یەکێتی مامۆستایانی کورد لەئەوروپا، لەلێدوانێکدا بۆ سڤیل ئەوەی پشتراستکردەوە کە”سکرتێرو جێگری یەکێتی مامۆستایانی کورد لە ئەورپا بەداوەت رۆشتونەوەتەوە نەک رێگایەکی دیموکراسی” و وتیشی “راستە دەبوو ئەوان کۆبونەوەیەکیان بکردایەو مامۆستایان ئەوانیان بەنوێنەرایەتی بناردایەتەوە بەڵام بەو شێوەنەبوو بۆیە ناڕەزایی دروست بووە”. بەڵام وەک خۆی وتی”قسەی زیاتر ناکەم چونکە کۆبونەیەکی سکرتاریەت هەیە لەگەڵ مامۆستایان و لقەکان و بڕیارە لەوێ ئەو بەڕێزانە رونکردنەوەی خۆیان بدەن، بزانم لەوێ چی دەوترێت ئەوکات قسەی خۆم دەکەم”.

هەر لەبارەی ئەو کێشەوە دوای چەندین جار پەیوەندیکردنی سڤیل، مامۆستا سۆزان سەلیم، ئەندامی سکرتاریەتی یەکێتی مامۆستایانی کورد لەئەورپا ئامادەیی دەربڕی وەک خۆی لەکێشەکان بدوێت و وتی” ئێمە پێنج ئەندامی سکرتاریەتین هیچ کۆبونەوەیەک نەکراوە بڕیاری کۆتای تیا بدرێت، کە ئەو دوو کەسە بڕۆنەوە بەڵام بەهۆی ئەوەی کە دەوترا کۆنگرەی مامۆستایان لەکوردستان دەکرێت دواتر دەوترا ناکرێت، و هەندێ کێشە هەبوو کە دەبووە هۆی دواخستنی کۆنگرە، ئێمەش کۆبونەوەی کۆتایمان لەو بارەوە نەکرد، بەڵام کاتێک لەوێ بڕیاری کۆنگرە درا دەبوو سکرتاریەتی ئەورپا لەگەڵ هەموو لقەکان دانیشتایە یان کۆنفرانسێک بکرایە ئەو کات دوو نوێنەر هەڵبژێرین بۆ بەشداری کردنی کۆنگرە، بەڵام ئەوە نەکرا و بێ کۆبوەنەوە سکرتێرو جێگرەکەی کە پارتی و یەکێتین رۆشتنەوە”.

مامۆستا سۆزان هۆکاری سازنەکردنی کۆبونەوەی مامۆستایان بۆ هەڵبژاردنی نوێنەری خۆیان وا باس دەکات”ئەو دوو کەسە ئیمانیان بەدیموکراسی نییە و لە ئەنجامەکەی دڵنیا نەبوون، چونکە پێش وەخت دەیانزانی ئەگەر کۆبونەوە یان کۆنفرانس بۆ دیاریکردنی نوێنەر بکرێت بۆ بەشداری کۆنگرە، ئەو دوو کەسە هیچیان هەڵنابژێردرێن”

سۆزان سەلیم ئەوەش ئاشکرا دەکات کە پێش رۆشتنەوە دانیشتنێکی بچوکتر لەکۆبونەوە کراوە” لەو دانیشتنە پێم وابوو کۆبونەوە بکرێت بۆ دیاریکردنی نوێنەر کە بڕواتەوە وتیشم پێم باشە دوو نوێنەری ژن بڕۆنەوە چونکە زۆربەی ئەندامەکانمان ژنن، دەکرێت ئێمە شێوەیەکی تر و نمونەیەکی تر پیشان بدەین بۆ کۆنگرەی مامۆستایان لەکوردستان، جێگری سکرتێر لەسوید مامۆستا نەژات وتی باشە کەوایە تۆو مامۆستا چنور لەلقی سوید بڕۆنەوە، منیش وتم کێشەم نییە هەر کەس بڕواتەوە گرنگ ئەوەیە بۆ رۆشتنەوەی ئەمجارەش هەر ئەو دوو کەسە نەبن، ئەوەی لای من گرنگە دوو کەسی تر بڕۆنەوە بیروراو داواو کێشەکانی مامۆستایانی کورد لەدەرەوە بگەیەننە کۆنگرە، دواتریش زانیم ئەوان دەیانەوێت خۆیان بڕۆنەوە ئیمەیلێکم بۆ ناردن پێم وتن ئەگەر بڕیارتان داوە هەردووکتان بڕۆنەوە گوێ لەئێمە ناگرن، ئەوە لە ئێستاوە دەست لەکار دەکێشمەوە، بەڵام لەوەڵامدا جێگری سکرتێر مامۆستا نەژاد ئیمەیلێکی بەتاڵی بۆ ناردبومەوە، مامۆستا ئاسۆش وەک سکرتێر هیچ وەڵامی نەدامەوە”.

سەلیم ئەوەش ئاشکرا دەکات کە لەکوردستانەوە سکرتێرو جێگری سکرتێر دیاریکراون بۆ رۆشتنەوە بێ گەڕانەوە بۆ مامۆستایانی سوید و دەڵێت”ئەوەی بۆ من جێی سەرسوڕمان بوو ئەوە بوو کە دواجار من قسەم لەگەڵ مامۆستا ئاسۆ کرد، وتی سکرتێری مامۆستایان لە کوردستان وتویەتی ئەگەر تۆو نەژاد واتە سکرتێرو جێگری سکرتیری یەکێتی مامۆستایانی کورد لە ئەورپا نەیەنەوە، هەرکەسێکی تر بێتەوە بۆی نیە قاچ بخاتە ناو کۆنگرەوە، ئەو وەڵامەی مامۆستا ئاسۆ بۆمن جێی سەرسوڕمان بوو کە بۆچی دەبێت ئێمە گوێ لەکوردستان بگرین، کە نوێنەرمان بۆ دابنێن، من لەسوید و لەگەڵ مامۆستای سوید کار دەکەم و نوێنەری مامۆستای سویدم نوێنەری کوردستان نیم، چۆن دەبوو سکرتێری مامۆستایان لە ئەورپا قبوڵی بکات مامۆستا یوسف لەوێوە ئەو قسەیە بکات، نەک قبوڵکردن جێبەجێشی بکات، بەداخەوە ئەوان جێبەجێیان کردوو خۆیان بێ ئەوەی کەس بزانێت رۆشتنەوە، بێ ئاگاداری هیچ کەسێک باشە من ئەندامێکی سکرتاریەتم چۆن نابێ ئاگام لەسەفەری ئەوان بێت، چۆن دەبوو کە کۆنفرانسیش ناکەن لەگەڵ مامۆستایان دانەنیشن وبڵێن ئێمە دەچینە کۆنگرە مامۆستایانی کورد راتان چییە و چی بوترێت بەکوردستان؟”.

ئەو ئەندامەی سکرتاریەتی یەکێتی مامۆستایانی کورد لە ئەورپا تەئکید لەوە دەکاتەوە “ناڕەزایی زۆر هەیەو زۆریشم گوێ لێ بووە، کاتی خۆیشی کە سکرتاریەت دامەزرا، من وتم پێم باشە هەڵبژاردنێک بکەینەوە تا مامۆستاکان دەنگی خۆیان هەبێت لەوانەیە خەڵکانێک منیان بەدڵ نەبێت، من کێم لە سکرتاریەت دابنیشم یان ئەو برادەرانەی تر کێن لەسکرتاریەت دابنیشین ئەگەر مامۆستا دەنگیان پێنەدا، بەڵام ئەوان ئەوکات پێیان باش نەبوو چونکە ئێمە دامەزرێنەری ئەم سکرتاریەتەین، باشە دامەزرێنەرن ئەوە چوار ساڵە لەوجێگان، بۆیە دەبێت بەزوترین کات کۆنفرانس بکرێت و مامۆستان بڕیار بدەن کێ هەڵدەبژێرن”.

ناڕەزاییەکانی مامۆستایانی کورد لە رۆشتنەوەی سکرتێرو جێگری سکرتێری یەکێتی مامۆستایانی کورد لەئەوروپا بەبێ گەرانەوە بۆ رای ئەندامەکانیان، تەنها سکرتاریەتی ئەو یەکێتییەی نەگرتۆتەوە بەڵکو شۆڕبۆتەوە بۆ ناو لقەکانیش و چەندین مامۆستا هەڕەشەی وازهێنان دەکەن. مامۆستا چیمەن عەلی ئەندامی لقی سویدی یەکێتی مامۆستایانی کورد لەئەورپا بۆ سڤیل دەڵێت” من وەک کەسێکی سەربەخۆ وتومە ئەگەر ئەمجارەش هەر ئەو دوانە بن و بێ گەڕانەوە بۆ رای مامۆستایان بڕۆنەوە واز دەهێنم لەلق و دەستلەکار دەکێشمەوە، نەک دەستلەکارکێشانەوە ئەگەر ئەو دوو کەسە بمێننەوە ئەوە یەکێتی مامۆستایان لە سوید نامێنێت، چونکە بەس من نیم زۆرێک لە ئەندامەکانی تر دەڵێن ئەو دوانە بمێننەوە پاشەکشە دەکەین و بەردەوام نابین، رەنگە گروپێکی تر کە حزبی بن و ئەو دوانەیان بەدڵ بێت دروست ببێت، بەڵام ئێمە دەستلەکار دەکێشینەوە”.

ئەو ئەندامەی لقی سویدی یەکێتی مامۆستایان بۆ سڤیل ئاشکرای دەکات”لە سوید زیاتر کارەکانی مامۆستایان لق دەیکات، لق زیاتر ئاگاداری کارو بارو جموجوڵەکانی مامۆستایانە، بۆیە بڕیاربوو بۆ کۆنگرەی مامۆستایان لەکوردستان نوێنەری لق و نوێنەرێکی سکرتاریەت بڕۆنەوە، لەو بارەوە لە دانیشتنێکدا بڕیار درا، بەڵام بەداخەوە کاتێک هاتە سەرکاتی رۆشتنەوەکە دوو کەس رۆشتنەوە کە هەموو جارێک ئەو دوو کەسەبوون. هیچ ڕێزو ئیحترامێکی ئەو دانیشتن و قسانە ناگرن کەکردومانەو بڕیارمانداوە تێیدا، بەڵکو تەنها دوو ئەندامی سەرەکی حزبەکانە کە هەموو جارێک ئەرۆنەوە بۆ کوردستان و ئەو هەوڵ و تەقەلایەی کە لق دەیدات و ئەندامانی تری سکرتاریەت دەیدەن، ئەوان بەنامەیەک لەگەڵ خۆیاندا دەیبەنەوە کوردستان و وەک کاری خۆیان پێشکەشی بکەن، لەکاتێکدا ئەو دوانەی کە رۆشتونەتەوە زۆر پاسیڤ و ناچالاکن خۆیان، هیچ ئاگایان لە جموجوڵێکی مامۆستایان نییە لێرە”.

چیمەن عەلی هۆکاری بەردەوام رۆشتنەوە کوردستانی سکرتێرو جێگری سکرتێری یەکێتی مامۆستایانی کورد لە ئەوروپا وا باس دەکات”ئەو دوانە یەکیان نوێنەری یەکێتی یە، یەکیان نوێنەری پارتی یە، من ڕێزو ئیحترامم بۆ ئەو دوو حزبە هەیە، بەڵام ئێمە مامۆستاین هەوڵی زۆرمان داوە حزب سەیتەرە نەکات بەسەر کارو فکری مامۆستاییمان، بەداخەوە بەهۆی ئەوەی ئەوو دووە حزبین دەبێت هەموو جارێک ئەوان بڕۆنەوە و ئێمەش دەزانین هۆکارەکە مەسەلە حزب و عیلاقەی ئەم دوو کەسەیە لەگەڵ کوردستاندا واتە لەگەڵ حزبەکاندا”.

ئەندامەکەی لقی سویدی یەکێتی مامۆستایان دەشڵێت”ئەوان لەرۆشتنەوەیان بۆ کۆنگرە هەرچی پرەنسیپی دیموکراسیە خستویانەتە ژێر پێی خۆیانەوە ئێمە چەندین جار قسەمان کردوە دانیشتنمان کردوە تا بتوانین بەشێوەیەکی دیموکراتی و کەلەوڵاتێکی دیموکراتیداین هەڵسوکەوت بکەین، بەڵام ئەوان لە ئەنجام و لەکاتی جێبەجێکردن ئەگەرێنەوە سەر دیکتاتۆریەتەکە، هەر ئەو دوو کەسەن و ئەوان هەموو شتن بۆ ئەوەش پارتی و یەکێتی دەوریان هەیە، بۆیە هەر هەوڵێک دەدەیت لەگەڵ ئەندامانی تری سکرتاریەت بەئاراستەی دیموکراسی هیچ کاریگەرییەکی نییە”.

بۆ وەرگرتنی رای مامۆستا ئاسۆ گەرمیانی سکرتێرو مامۆستا نەژاد جێگری سکرتێری یەکێتی مامۆستایانی کورد لە ئەورپا لەبارەی ئەو کێشانەی کەدروستووە بەهۆی بەشداریکردنی ئەوان لەکۆنگرەی یەکێتی مامۆستایان لەکوردستان، بەڕێگایەکی نادیموکراسی، گۆڤاری سڤیل چەندین جار پەیوەندی بەسکرتێرەوە کرد، بەڵام وێڕای ئەوەی دوو جار کاتی دانا دواتر ئامادەی وەڵام دانەوەی پەیوەندییەکانی سڤیل نەدەبوو، بەهۆی ئەوەی وەک خۆی دەیوت “سەرقاڵی کۆوبەوەنەیە”، سڤیل نەیتوانی رای ئەوان وەبگرێت، هەروەها جێگری سکرتێر کە رەخەنەکان رووبەڕووی ئەویش دەکرێتەوە لەوەڵامی پەیوەندییەکی گۆڤاری سڤیل تەنها ئەوەندەی وت”ئەو قسانە راست نین، ئێمەش وەڵامی خۆمان دەبێت، بەڵام جارێ هیچ بۆ راگەیاندن ناڵێم تا ئەوکۆبوونەوەی بڕیارە لەم هەفتەیەدا لەگەڵ مامۆستایان بیکەین سازنەکرێت”.

سڤیل بەدواداچونی زیاتر دەکات

ئەم بابەتە لە گۆڤاری سڤیل چاپکراوە

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com