حکومەتی کوردستان لەسەفەرە… مەم بورهان قانع : ئه‌م حاڵه‌ته‌ ئاماژه‌یه‌ کە حكومه‌تی هه‌رێم به‌دامه‌زراوه‌یی نه‌كراوە‌

0

حکومەتی کوردستان لەسەفەرە…

مەم بورهان قانع : ئه‌م حاڵه‌ته‌ ئاماژه‌یه‌کە بۆ ئەوەی دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم به‌دامه‌زراوه‌یی نه‌كراون‌

نوچەنێت

نوچەنێت سێ رۆژ هەوڵی دەستکەوتنی رای رەسمی حکومەتی کوردستانی لەمەڕ پرسێکی گرنگدا، بەڵام بەهۆی ئەوەی قسەکەرانی حکومەت لەسەفەرن نەیتوانی رای حکومەت وەربگرێت، رۆژنامەوان مەم بورهان قانع، بۆ نوچەنێت ئەو حاڵەتە بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە کە حكومه‌تی هه‌رێم پلانێكی نییه‌ بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ناوه‌نده‌كانی میدیا‌و هەروەها بەنەبونی پلانی میدیایی له‌روی زامنكردنی شه‌فافییه‌ت‌و به‌هێندوه‌رگرتنی رای گشتی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وە لەقەڵەم دەدات‌، هۆکارێکی تریش بە نەبونی یاسایه‌كی تایبه‌ت دەزانێت بۆ‌ “مافیزانین” كه‌ تێیدا زامنی ده‌ستراگه‌یشتن بکات به‌سه‌رچاوه‌كانی زانیاریی‌ و پێدانی لێدوانی رۆژنامه‌نوسیی به‌ناوه‌نده‌كانی میدیا‌و میدیاكاران.

دوای ئەوەی نوچەنێت بۆ وەرگرتنی لێدوانێک پەیوەندی بە چەند بەرپرسێکی حکومەتی کوردستانەوە کرد و بەهۆی ئەوەی هەموویان لەسەرفەربوون و کەسێک نەبوو بەناوی حکومەتی کوردستانەوە لێدوان بدات، نەیتوانی لێدوانی رەسمی حکومەت وەربگرێت، نوچەنێت ئەو پرسەی خستە بەردەم چەند نوسەرو رۆژنامەوان و سیاسییەک بۆ قسە لەسەرکردن، لەباری سەفەری ئەو بەرپرسانەو هۆکاری نەبونی کەسێک کە بەناوی حکومەتەوە بۆ راگەیاندن قسە بکات.

نوسەرو رۆژنامەنوس مه‌م بورهان قانع کە خاوەنی چەندین کتێبی بایەخدارە لەمەڕ کاری رۆژنامەوانی، بۆ نوچەنێت خوێندنەوەی خۆی بۆ ئەو پرسە دەخاتەروو دەڵێت”له‌پشتی ئه‌م حاڵه‌ته‌وه‌ چه‌ند خوێندنه‌وه‌یه‌ك هه‌یه‌، زۆر به‌كورتی:

1- حكومه‌تی هه‌رێم پلانێكی نییه‌ بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ناوه‌نده‌كانی میدیا‌و به‌هێندوه‌رگرتنی رۆڵی ناوه‌نده‌كانی میدیا.

2- نه‌بونی پلانی میدیایی له‌روی زامنكردنی شه‌فافییه‌ت‌و به‌هێندوه‌رگرتنی رای گشتی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌ریه‌كه‌ له‌و سێ‌ ده‌سه‌ڵاته‌ی كۆمه‌ڵگه‌ به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، كه‌ یه‌كێكیان ده‌سه‌ڵاتی راپه‌ڕاندنه‌، كه‌ حكومه‌ت نوێنه‌رایه‌تیی ده‌كات، سه‌رچاوه‌كه‌ی خه‌ڵكه‌‌و حكومه‌تیش رۆڵی خه‌ڵك به‌هێند وه‌رناگرێت، ئه‌مه‌یش له‌روی پێنه‌دانی ورده‌كاریی سه‌باره‌ت به‌و كۆبونه‌وانه‌ی كاره‌كته‌ره‌ باڵاده‌سته‌كانی حكومه‌ت، له‌گه‌ڵ كاره‌كته‌ره‌ سیاسییه‌كانی وڵاتانی ناوچه‌كه‌‌و جیهاندا ده‌یانكه‌ن، سه‌رباری به‌لێشاو كۆبونه‌وه‌ی به‌رپرسانی باڵای حكومه‌ت له‌ناوخۆی هه‌رێمیش هه‌یه‌‌و وته‌بێژ‌و سكرتێرانی رۆژنامه‌نوسیی له‌سه‌فه‌ریش نه‌بون‌و له‌ناو هه‌رێمیشدا بون، به‌ڵام چونكه‌ نییه‌تێك نه‌بوه‌ بۆ شه‌فافییه‌ت‌و پێدانی زانیاریی به‌هاوڵاتیان، بۆیه‌ هیچ لێدوانێك به‌ناوه‌نده‌كانی راگه‌یاندن نه‌دراوه‌.

3- نه‌بونی یاسایه‌كی تایبه‌ت به‌ “مافیزانین” كه‌ تێیدا زامنی ده‌ستراگه‌یشتن به‌سه‌رچاوه‌كانی زانیاریی‌و پێدانی لێدوانی رۆژنامه‌نوسیی به‌ناوه‌نده‌كانی میدیا‌و میدیاكاران له‌لایه‌ن ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ حكومییانه‌وه‌، كه‌ له‌پۆستی گشتیدان، بكات. واته‌، له‌سایه‌ی نه‌بونی یاسایه‌كی له‌وجۆره‌دا (كه‌ پارله‌مانی كوردستان لێی به‌رپرسیاره‌) ئه‌مه‌ وایكردوه‌ “شه‌رعییه‌ت” بدرێت به‌خۆدزینه‌وه‌ له‌پێدانی لێدوانی رۆژنامه‌نوسیی سه‌باره‌ت به‌كۆبونه‌وه‌یه‌كی له‌وجۆره‌‌و سه‌دان كۆبونه‌وه‌‌و بڕیار‌و روداوی دیكه‌ی په‌یوه‌نددار به‌حكومه‌ت‌و دامه‌زراوه‌كانی.

4- ئه‌م حاڵه‌ته‌، ئاماژه‌یه‌كی دیكه‌یشمان بۆ ده‌خاته‌ رو، كه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم به‌دامه‌زراوه‌یی نه‌كراون‌و ئه‌رك‌و رۆڵی هه‌ر كاره‌كته‌رێك، به‌تایبه‌تی كه‌ له‌پۆستی گشتیدا بێت‌و په‌یوه‌ندیی راسته‌وخۆی به‌خه‌ڵك‌و حكومه‌ته‌وه‌ هه‌بێت‌و پردی په‌یوه‌ندیی بێت له‌نێوان خه‌ڵك‌و حكومه‌تدا، كه‌ ئه‌ویش “وته‌بێژه‌”، رۆڵیان وه‌كو پێویست دابه‌شنه‌كراوه‌‌و به‌هێند وه‌رنه‌گیراوه”‌.

خوێندنەوەکانی مەم بورهان قانع لەوەڵامی پرسێکی نوچەنێتە، لەمەر ئەوەی کە نوچەنێت بۆ وەرگرتنی لێدوانی رەسمی حکومەت لەمەڕ پرسێک لەنێوان حکومەتی کوردستان و پەڕلەمانی سوید، دوای دوو رۆژ پەیوەندی کردن نەیتوانی هیچ لێدوانێکی رەسمی حکومەت وەربگرێت، دوای چەند هەوڵێک نوچەنێت پەیوەندی”بە فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوەکرد، لەوەڵام دا وتی”من لەدەرەوەی کوردستانم دەبێت پەیوەندی بە وتەبێژی حکومەتەوە بکەن”، دوای چەند هەوڵێک پەیوەندیمان بە کاوە مەحمود وتەبێژی رەسمی حکومەتەوە کرد، لەوەڵامی پرسیارەکەی نوچەنێت وتی”من لەسەفەرم پەیوەندی بە راویژکاری راگەیاندنی سەرۆکی حکومەتەوە بکەن”، دوای پەیوەندی کردنی نوچەنێت بە توانا ئەحمەد راویژکاری راگەیاندنی سەرۆکی حکومەت، راویژکاریش وتی”بەداخەوە منیش لەدەرەوەی وڵاتم و بۆ کاتی گەڕانەوە لە خزمەتانم”.

ئەنجام بەهۆی ئەوەی حکومەتی کوردستان قسەکەرێکی لەکوردستان نەبوو، هەموو قسەکەرەکانی لە سەفەربوون و حکومەتی کوردستان لەسەفەردا بوو، نوچەنێت نەیتوانی رای رەسمی حکومەت وەربگرێت.

بۆخوێندنەوەی هەواڵی سەفەری حکومەتی کوردستان کلیک بکە….

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com