بۆچی پەرلەمانتارانی سوید داوای ئازادکردنی برایمی کاکە ئەحەیان کرد؟. نوچەنێت ئاشکرای دەکات

0

بۆچی پەرلەمانتارانی سوید داوای ئازادکردنی برایمی کاکە ئەحەیان کرد؟. نوچەنێت ئاشکرای دەکات

پەڕلەمانتارێکی سوید: ئەوانەی کە داوایانکرد لە دوو پارت بوون، هۆکارەکەش ئەوەیە کە دوو پەڕلەمانتاری کورد لەناو ئەو دوو پارتەدا هەیە پێیان وایە دیموکراتی لەکوردستاندا نییە

دوو پەڕلەمانتارەکەی سوید رەتی دەکەنەوە لەدژی حکومەتی هەرێم و هیچ لایەنێک بن رایدەگەیەنن ئەوان داکۆکی لە ئازادی دەکەن

رزگار رەزا چوچانی / سوید

ئیسماعیل کامیل ئەندامی پەڕلەمانی سوید لەپارتی گەل”Folkpartiet” لەمیانی دیمانەیەکدا هۆکاری کۆکردنەوەی واژۆی پەڕلەمانتارانی سوید بۆ ئازادکردنی ئیبراهیم کاکە ئەحە ئاشکرا دەکات و دوو پەڕلەمانتاری کورد بە هۆکار دەزانێت کە “پێیان وایە لەکوردستاندا دیموکراتیەت بونی نییە”، سەرچاوەیەکیش لەحکومەتی هەرێمی کوردستان، رایدەگەیەنێت، “دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بزانێت ئایا ئەوەی دەکرێت لە پەڕلەمانی سوید، رای ئەو دوو پەڕلەمانتارە خۆیانە یان رای حزبەکانیانە”.

دوای ئەوەی ئیبراهیم کاکە ئەحە لەکوردستان دەستگیر کرا بەتۆمەتی هاندانی توندوتیژی لە خۆپیشاندانەکانی کوردستان. لەلایەن میدیاو رێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە دەنگدانەوەی لێکەوتەوەو لە پەڕلەمانی وڵاتی سویدیش ٢٤ ئەندامی پەڕلەمان لە یاداشتێکدا داوای ئازادکردنی ئیبراهیم کاکە ئەحە لەحکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن،  ئەندامێکی پەڕلەمانی سوید داواکاری پەڕلەمانتارەکانی سوید بەداوایەک لە دەرەوەی کاری پەڕلەمانی سوید ناو دەبات و هۆکاری کۆکردنەوەی واژۆی ئەو پەڕلەمانتارانە ئاشکرا دەکات.

لەمیانی دیمانەیەکی درێژدا ئیسماعیل کامیل وەک کوردێک لەپارتی گەلی سوید “Folkpartiet” کە ئەندامی پەڕلەمانی سویدە رایدەگەیەنێت، واژۆی ئەو داواکارییەی نەکردەو هۆکارەکەشی بەدوو خاڵ دەخاتە روو”یەکەم لەبەر ئەوەی کە لەترادسیۆنی پەڕلەمانی سویددا نییە، ئێمە داوا بکەین کەیەکێک دەستگیر کراوە ئازاد بکرێت، ئێستا لەسوید زۆرکەس لە زیندانەو زیندانی کراوە، خۆ ناکرێ وڵاتێکی تر بڵێت ئازادیان بکەن، ئەوە پرسی یاساییە، بۆیە ئەوەم نە بەکاری پەڕلەمانتار و نەبەکاریی پەڕلەمانی سویدی زانووە، بەڵام ئەگەر کوردستان وڵاتێکی دیکتاتۆری بێت کەدیموکراتی تێدا بەرقەرار نەبێت، ئەوە ترادسیۆنی سویدە کە داوا لەو وڵاتانە بکەن کەئەگەر کەسێک جۆرنالیست بێت یان کەسێکی تر بەشێوەیەکی ناڕەوا زیندانی کرابێت بەریبدەن، کوردستان بەو شیوەیە نیەو دیکتاتۆریەت نییە، بۆیە من پێم وابوو ئەو ئیمزاکردنە لە شروتی خەباتی ناو پەڕلەمانی سویددا نییە، کە ئێمە وەکو کورد وەکو پەڕلەمانتارێکی سویدی ئەو شتە بکەین. دووەم من نازانم ئەو برادەرە لەسەر چی زیندانی یە ئایا لەسەر دیموکراسییە؟ لەسەر بیروباوەڕی ئازادە؟ لەبەر ئەوەیە کە رەخنەی لەدەسەڵات گرتووە؟ ئایا لەبەر هاندانی توندوتیژییە؟ لەبەر کوشتنە؟ یان کاری ناقانونییە؟، نازانم بەڕاستی لەسەرچییە، بۆیە بێ زانیاری ئیمزاکردن لەباری پرەنسیپییەو ناکرێت، لەلایەکی ترەوە لە پەڕلەمانی سوید ٣٤٩ پەڕلەمانتار هەیە، ئەوەی من ئاگام لێیە ئەوەی ئیمزای کردووە نیزکەی ٣٠ کەسن و زۆرینەیان لەدوو پارتین، نابێت ئەو ئیمزاکردنەش والێک بدرێتەوە کە پەڕلەمانی سوید ئەو داواکارییەی کردووە، من بەنسبەت خۆمەوە بەهەڵەم زانی ئەو ئیمزاکۆکردنەوەو نەمکرد”.

ئەو ئەندامەی پەڕلەمانی سوید دڵنیایی خۆی رادەگەیەنێت”ئەگەر لەکوردستان کارێکی نادیموکراسی بکرێت دەنگمان دەبێت، ئیمزانەکردنی ئەوەی کە ئەو برادەرە ئازاد بکەن بۆ ئەوە نییە کە من بڵێم کوردم و چاوپۆشی لەهەرچی شتە بکەم کە لەکوردستان بکرێت، نەخێر من پێم وایە لەخزمەتی کوردستان و لەسودی دوارۆژی میللەتی کورددا دەبێت، کە هەر هەڵەیەک کرا ئێمە قسەی لەسەر بکەین، بەڵام ئەوەی کە کراوە داوای ئازادکردنی کەسێک بکرێت ئەو کەسە لەوڵاتێکی دیموکراسی زیندانی کرابێت. ئەوە لەپرەنسیپی کاری پەڕلەمانی سوید دا نییە، راستە ئەگەر لە وڵاتانی دیکتاتۆری کەسێک بگیرێت ئەوە کراوە و دەکرێت کەداوای ئازادکردن بکەیت. بۆ نومونە لە کوبا لە ئێریتیریا لەکۆریای شیمالی لەروسیای سپی لەوڵاتانەدا خەڵک بگیرێت ترادسیۆنی پەڕلەمانی سویدە تەدەخول بکات بە وەها کارێک، بەڵام هیچ تەدەخولێک لەوڵاتی دیموکرات ناکات و دەڵێت عەدالەت و قانون هەیە، کوردستان ئێستا وەک بەشێک کە لەناو خاکی عێراقدایە، چاودێرانی دنیا دەڵێن ناوچەی کوردستان ناوچەی هەرە دیموکراتە لەعێراقدا و ئەوەش بیروباوەڕی حکومەت سویدە، بۆیە دەبوو ئەو پەڕلەمانتارانە کە واژۆش دەکەن داوای رونکردنەوە بکەن کە ئەو شەخسە لەسەرچی ئەساسێک زیندانی کراوە، نەک داوای ئازاد کردن، بەڵام من دەزانم هەندێ کەس کە ئیمزای کردووە پەشیمان بووە لەوەی ئیمزای کردووە و پێیان وابوو دەبوو ئیمزای نەکەن، ئەویش لەبەر یەک شت لەبەر ئەوەی کە ئێمە دەبینین پەڕلەمانی کوردستان بەشێوەیەکی دیموکرات هاتۆتە هەڵبژاردن، بۆ ئەو بڕواو بڕیاردانەش لەسەر ئەوەی کە پەڕلەمانی کوردستان بەشێوەی دیموکراتی هاتۆتە هەڵبژاردن، ئێمە پشتمان بە رای ئۆپۆزسیۆنی کوردستان بەستووە، کە دوای هەڵبژاردنی کوردستان ئۆپۆزسیۆنی کوردستان وتویەتی هەڵبژاردن هەڵبژاردنێکی دیموکراتی بووە، و چاودێرانیش وایان وتووە”.

ئیسماعیل کامیل ئەندامی پەڕلەمانی سوید لە پارتی گەل “Folkpartiet” هۆکارەکانی پشت واژۆکۆکردنەوەکە ئاشکرا دەکات و دەڵێت”ئەوەی کە لەپەڕلەمانی سوید دەکرێت زیاتر عیلاقاتی شەخسییە، بۆ نمونە من پێش ئەوەی بێمە ناو پەڕلەمانی سوید پەیوەندیم لەگەڵ ٣٠-٤٠ پەڕلەمانتار هەبووە لە ئەحزابی جۆراو جۆر رەنگە ئەگەر بمانەوێت بتوانین ئەو پەیوەندیە شەخسییە کاریگەری هەبێت بۆ کارێک، بۆ ئەو واژۆکۆکردنەوەش کەوتت هەمان شتکراوە، من دەزانم لەچییەوە هاتووە، بۆیە دەشڵێم ئەوانەی کە واژۆیان کردووە زۆربەی هەرەزۆریان لە دوو پارتی بوون. پارتی سەوزو پارتی چەپ، دیارە هۆکارەکەش ئەوەیە کە دوو پەڕلەمانتاری کورد لەناو ئەو دوو پارتەدا هەیە، پێیان وایە ئەوەی لەکوردستان روو دەدات دیکتاتۆریەتەو دیموکراتی لەکوردستاندا نییە، ئەوەش رای خۆیانە و ئازادن لەوەی کە وادەبینن، بەڵام من لای خۆمەوە کوردستان بەو شێوەیە نابینم، بەڵکو وای دەبینم دیموکراسیەتێکی باش لەکوردستاندا هەیە، هەروەها پێشم وایە کەموکوری و گەندەڵیش هەیە لەکوردستان، بەڵام هەڵبژاردنی کوردستان بەشێوەیەکی دیموکراتی بووە، مافی ئەو دوو حزبەشە کە بەبەرنامەی خۆیان حکومەت بکەن. لەگەڵ ئەوەشدا نابێت رێگا لە ئۆپۆزسیۆن بگرن بۆ کارو خەباتی خۆی و ئەو ئازادیەش دەبینم لەکوردستان”.

لای خۆیەوە جەبار ئەمین ئەندامی پەڕلەمانی سوید لە پارتی ژینگە کەیەكێک لەو کوردە پەڕلەمانتارانەیە واژۆی داوای ئازادکردنی ئیبراهیم کاکە ئەحەی کردووە، لەگەڵ رەتکردنەوەی ئەوەی کە ئەوان کار لەسەر دژایەتی لایەنێکی دیاری کراو بکەن جیا لە پشتیوانی لە ئازادی دەڵێت”لە وڵاتی سوید و زۆر لە وڵاتانی جیهان  زۆر جار واژۆ بۆ ئازادکردنی کەسێک کۆ دەکرێتەوە، ئەمە راستیەکی حاشا هەڵنەگرە، کاک ئیسماعیل هەڵەکرد ئەگەر پێی وایە تەنها دوو حزب لە پەڕلەمانی سوید واژو کارین، ئەو نوسراوە کە داوای ئازادکردنی ئیبراهیم کاکە ئەحا دەکات لەلایەن پەڕلەماننتاری ٦ حزبی سویدی ئیمزاکراوە، ئەندامانی ‌حزبی کاک ئیسماعیلیشەوە، من خۆم پێم وایە گرتن و عەزیەتدانی چالاکوانی دیموکراسی هەڵەیە جا چی لەکوردستان بکرێت، چی لە وڵاتانی تر، هەر بۆیەش ئەو واژۆیەشم کردووە، لە کۆی ٥ کورد لە پەڕلەمان سوید ٣ کورد نەک دوو واژۆی ئەو داواکارییەیان کردووە، کە ئەندامی پارتی سۆسیال دیموکرات و پارتی چەپ و پارتی ژینگەن”.

هەر لەو بارەیەوە ئامینە کاکە باوە ئەندامی پەڕلەمانی سوید لەپارتی چەپ، رەتی دەکاتەوە کە دژی حکومەتی هەرێم و لایەنگری هیچ لایەک بێت و دەڵێت بەداخەوە لەناو کورددا وایە ئەگەر پشتیوانی شتێک بکەی لە بەرژەوەندی لایەنێک نەبێت پێت دەڵێت تۆ لایەنگری لایەنێکی”. هەروەها دەشپرسێت”بۆ داکۆکیکردن لەمافی مرۆڤ، و ئازادی رادەربرین و خۆپیشاندان و مافی مرۆڤەکان دروشمێک بوو کەکاتی خۆی هەموو حزبە سیاسیەکان لەچیا، خەباتیان بۆکردوە، بۆ ئەبێت لەکاتی دەسەڵات وەرگرتن ئەو دروشمانەمان لەیاد بجێت!؟”

سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەداو کاری دوو پەڕلەمانتاری کورد لە پەڕلەمانی سوید بەرانبەر بە حکومەتی کوردستان بۆ نوچەنێت دەڵێت”حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت بەدوای ئەوەدا بچێت، کە ئایا ئەوەی لە پەڕلەمانی سوید دەکرێت لەلایەن دوو پەڕلەمانتاری کورد کە دیارە بەئاراستەیەکی دیاری کراوی دژ بە حکومەتی کوردستان کار دەکەن رای رەسمی حزبەکانیانە لە سوید، یان رای شەخسی ئەو دووکەسەیە ئەگەر رای حزبەکانیان بوو ئەوکات دەزانرێت چۆن مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، ئەگەر رای شەخسی ئەوانیش بوو دەزانرێت چۆن وەڵام بدرێنەوە، کارەکانی ئەوان دیارە ئامینە کاکە باوە چەند رۆژنامەوانێکی داوەتکردووە بۆ سوید یان ئاسانکاری چونیانی کردووە لە پەڕلەمانی سوید قسە بکەن لەسەر بارودۆخی کوردستان، بەڵام ئەو رۆژنامەوانانە تاکو ئیستا گومان لە ناسنامەکەیان هەیە سەربەخۆن یان سەر بە ئۆپۆزسیۆنن، تاکو ئیستا یەک بابەتیان نیە باس لەو لایەنە باشانە بکەن کە لەکوردستان هەن، لەباری ئازادی رۆژنامەگەری کە لە دنیادا جێی رێزە، بەڵام ئەگەر توندوتیژییەک هەبوبێت گەورەیان کردووە، ئەو بەڕێزە یەک رۆژنامەوانی بانگهێشت نەکردووە کە پێچەوانەکانی ئەوان بەبەڵگەوە بخاتە روو ئەمەش دەکرێت ئێمە خوێندنەوەی خۆمان بۆی هەبێت، هەروەها کاک جەبار ئەمین گەرایەوە کوردستان کاتی خۆپیشاندانەکان چەند پەڕلەمانتارێکی هێنایەوە کوردستان لێرە سەردانی لایەنی دەسەڵاتیشیان کردوو پێیان وتن چەند پۆلیس بریندار بووە کە دەیان بەرانبەری قوربانیانی خۆپیشاندەر بوو، بەڵام کە گەڕایەوە راپۆرتێک بڵاوکرایەوە، باسی واقیعەکەی تیا نەبوو تەنها باسی قوربانیانی خۆپیشاندەری کردووە نەیان وتووە ئەو دەیان پۆلیسە بریندارو شەهیدە چی مانایەکی هەیە”.

سەرچاوەکەی نوچەنێت زیاتریش دەڵێت”لەم ماوەدا واژۆ کۆ دەکەنەوە لە پەڕلەمانی سوید وەک ئەو پەڕلەمانتارەی سوید بۆ سڤیل وتویەتی زۆرینەیان لە پارتەکانی ئەو دوو پەڕلەمانتارەن دیارە ئەوەش کاریگەری ئەوان بووە، بۆیە دەبێت حکومەتی هەرێم ئەو راستیە بزانێت کە هۆی چییە ئەو دوو پارتە وا باسی ئەزمونی کوردستان دەکەن،؟ بەراستی ئەوە ئەو دوو حزبەن وا دەڵێن؟ یان ئەوە ئەو دوو کوردەن؟ دەبێت ئەم راستیە بزانین جێی خۆیەتی حکومەتی هەرێم کار لەسەر ئەو پرسە بکات و دەشیکات چونکە پەیوەندی بەناوبانگی حکومەتی کوردستانەوە هەیە، ئەوە کوردێکی تری پەڕلەمانتار مادام نەکەوتۆتە ژێر کاریگەری هیچ لایەک لەلایەنەکانی باشوور بۆچی بەوەها کارێک هەڵناسێت دیارە تەنها هۆکار بێ لایەنیەتی لەباشوور. باشە ئایا دەکرێت لەسوید کەسێک زیندانی بکرێت پەڕلەمانتارانی کوردستان داوا بکەن ئازاد بکرێت؟ یان دەبێت بڵێن روونی بکەنەوە یان ئاشکرای بکەن یان دادگایەکی ئاشکرای بکەن؟، خۆ رەنگە ئیستا دەیان کورد دەستگیرکرابن لەو وڵاتە ئایا بۆ حکومەتی هەرێم هەیە ئەو داوایە بکات یان ئەوە پرۆسەیەکی دادوەرییە لەناوخۆی سوید؟.”.

سەرچاوەکەی حکومەتی هەرێم کە دوایە لەنوچەنێت کرد “ناوی من نەیەت چونکە قسەکەری حکومەت هەیە و رەنگە رەخنەی دەستخستنە کارو بارم لێ بگرن، پێشم باشە هەوڵ بدەن قسەکانی من لای قسەکەری حکومەت بکەنە لێدوانی رەسمی. یان رەتکردنەوەی وەربگرن بزانە وایە یان نا؟”.

بۆ بەرەسمی وەرگرتنی لێدوانەکانی سەرچاوەکەی نوچەنێت، دوای دوو رۆژ پەیوەندی کردن نەمانتوانی هیچ لێدوانێکی رەسمی حکومەت وەربگرین، دوای چەند هەوڵێک نوچەنێت پەیوەندی”بە فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوەکرد، لەوەڵام دا وتی”من لەدەرەوەی کوردستانم دەبێت پەیوەندی بە وتەبێژی حکومەتەوە بکەن”، دوای چەند هەوڵێک پەیوەندیمان بە کاوە مەحمود وتەبێژی رەسمی حکومەتەوە کرد، لەوەڵامی پرسیارەکەی نوچەنێت وتی”من لەسەفەرم پەیوەندی بە راویژکاری راگەیاندنی سەرۆکی حکومەتەوە بکەن”، دوای پەیوەندی کردنی نوچەنێت بە توانا ئەحمەد راویژکاری راگەیاندنی سەرۆکی حکومەت، راویژکاریش وتی”بەداخەوە منیش لەدەرەوەی وڵاتم و بۆ کاتی گەڕانەوە لە خزمەتانم”.

ئەنجام بەهۆی ئەوەی حکومەتی کوردستان قسەکەرێکی لەکوردستان نەبوو، هەموو قسەکەرەکانی لە سەفەربوون و حکومەتی کوردستان لەسەفەردا بوو، نوچەنێت نەیتوانی رای رەسمی حکومەت وەربگرێت.

لەمیانی دیمانەیەکدا جەبار ئەمین وەڵامی راکانی ئسیماعیل کامیل و سەرچاوەکەی حکومەت دەداتەوە، کە لەم نزیکانە دیمانەی هەریەک لە جەبار ئەمین و ئیسماعیل کامیل لەپەڕلەمانی سوید لەگۆڤاری سڤیل بڵاو دەکەینەوە. دیمانەی ئیسماعیل کامیل تایبەتە بە پرسی کورد لەسوریاو لەناوچەکەو لەمیانی دیمانەکەیدا ئەم باسەش وروژێنراوە.

٢٦ی مانگی رابردوو ٢٤ پەڕلەمانتاری سوید داواکارییەکیان واژۆکرد، داوای ئازادکردنی دەستبەجێی ئیبراهیم کاکە ئەحەیان کرد، کە لەلایەن حکومەتی کوردستانەوە بەتۆمەتی هاندانی توندوتیژی لەخۆپیشاندانەکانی کوردستان دەستگیر کرا، ئەوەی جێی سەرەنج بوو زۆرینەی ئەو پەڕلەمانتارانەی سوید لە پارتی ژینگەو پارتی چەپی سویدن. لەکۆی ٢٤ پەڕلەمانتار ٩ پەڕلەمانتاری لەپارتی ژینگەو ٩ پەڕلەمانتار لە پەرتی چەپ و ١ پەڕلەمانتار لە سۆسیال دیموکرات و ٢ پەڕلەمانتار لە کریست دیموکرات و ٣ پەڕلەمانتار لە پارتی ناوەندن لەخوارەوە ناوی پەڕلەمانتاران و پارتەکانیان بخوێنەوە.

پیتر هولتکڤیست (سۆسیال دیموکرات) ئه‌ندامی په‌رله‌مانی سوید

ئێما هێنریکسۆن (کریست دیموکرات) ئه‌ندامی په‌رله‌مانی سوید

فریدریک فیده‌رلی (پارتی ناوەند) ئه‌ندامی په‌رله‌مانی سوید

ئێڤا ئۆلفسۆن (چه‌پ) ئه‌ندامی په‌رله‌مانی سوید

سیڤ هۆڵما (چه‌پ) ئه‌ندامی په‌رله‌مانی سوید

بودیل سێبا لۆس (پارتی ژینگه‌) ئه‌ندامی په‌رله‌مانی سوید

ئابیر ئه‌لسه‌هلانی (پارتی ناوه‌ند) ئه‌ندامی په‌رله‌مانی سوید

ئاندێش سێلستریۆم (کریست دیموکرات) ئه‌ندامی په‌رله‌مانی سوید

تۆربیۆرن بیۆرلوند (چه‌پ) ئه‌ندامی په‌رله‌مانی سوید

پێته‌ر ئێریکسسۆن (پارتی ژینگه‌) ئه‌ندامی په‌رله‌مانی سوید

ئامینه‌ کاک باوه (چه‌پ) ئه‌ندامی په‌رله‌مانی سوید ‌

ئانیکا لیلێمێتس (پارتی ژینگه‌) ئه‌ندامی په‌رله‌مانی سوید

ڤاڵته‌ر موت (پارتی ژینگه‌) ئه‌ندامی په‌رله‌مانی سوید

یۆناس شیۆستێدت (چه‌پ) ئه‌ندامی په‌رله‌مانی سوید

جێنس هۆڵم (چه‌پ) ئه‌ندامی په‌رله‌مانی سوید

میا سیدۆڤ میۆله‌بی (چه‌پ) ئه‌ندامی په‌رله‌مانی سوید

بێنگت بێری (چه‌پ) ئه‌ندامی په‌رله‌مانی سوید

هێلێنا لیانده‌ر (پارتی ژینگه‌) ئه‌ندامی په‌رله‌مانی سوید

یاکۆب یۆهانسۆن (چه‌پ) ئه‌ندامی په‌رله‌مانی سوید

یان لیندهۆڵم (پارتی ژینگه‌) ئه‌ندامی په‌رله‌مانی سوید

ئاگنێتا لوتتۆرپ (پارتی ژینگه‌) ئه‌ندامی په‌رله‌مانی سوید

ماتس پێرتۆفت (پارتی ژینگه‌) ئه‌ندامی په‌رله‌مانی سوید

ڕیکارد نۆردین (پارتی ناوه‌ند) ئه‌ندامی په‌رله‌مانی سوید

جه‌بار ئه‌مین (پارتی ژینگه‌) ئه‌ندامی په‌رله‌مانی سوید

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com