پارتی و لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان به‌ نهێنی كۆ ده‌بنه‌وه‌

0

پارتی و لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان به‌ نهێنی كۆ ده‌بنه‌وه‌

نوچه‌نێت: هه‌ولێر

به‌ گوێره‌ی ئه‌و زانیاریانه‌ی ده‌ست نوچه‌نێت كه‌وتووه‌، پارتی به‌ نهێنی كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆن ده‌كات، به‌ مه‌به‌ستی به‌شداری كردنیان له‌ كابینه‌ی داهاتووی حكومه‌ت، كه‌ خۆی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات.
زانیارییه‌كانی به‌رده‌ستی نوچه‌نێت ئاشكرای ده‌كه‌ن، كه‌ پارتی ده‌ستی كردووه‌ به‌ زنجیره‌یه‌ك دانیشتنی نهێنی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆن، به‌ مه‌به‌ستی به‌شداری كردنیان له‌ كابینه‌ی داهاتوو، كه‌ ئه‌و دانیشتنانه‌ش له‌سه‌ر راسپارده‌ی مه‌سعود بارزانی بووه‌ و نێچیرڤان بارزانی سه‌رپه‌رشتیان ده‌كات، به‌ڵام مه‌رجه‌كانی ئۆپۆزسیۆن كاركردنه‌ به‌ پرۆژه‌ چاكسازییه‌كه‌یانه‌، كه‌ له‌ میانی كۆبوونه‌وه‌ پێنج قۆڵییه‌كانی رابردوو به‌ پارتی و یه‌كێتییان دابوو، به‌ڵام تا ئێستا نه‌گه‌شتونه‌ته‌ هیچ رێككه‌وتنێك.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار به‌ نوچه‌نێتی راگه‌یاند، له‌ ئێستادا هه‌ر یه‌كه‌ له‌ پارته‌ ئیسلامییه‌كان (كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو) پێیانباشه‌ به‌شداری حكومه‌ت بكه‌ن، به‌ڵام هه‌رچی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌، تا ئێستا هه‌ڵوێستی خۆیان به‌ روونی نه‌داوه‌ به‌ پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆیه‌ ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ به‌شداری نه‌كه‌ن، ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ وتیشی “به‌شداری نه‌كردنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ كابینه‌ی داهاتوودا، خه‌یاڵه‌كانی پارتی پوچه‌ڵ ده‌كاته‌وه‌، له‌ به‌رانبه‌ر به‌شداری كردنی لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆندا، چونكه‌ ئه‌گه‌ر گۆڕان به‌شداری نه‌كات له‌ كابینه‌ی داهاتوودا، ئه‌وه‌ لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌كانیش ئه‌گه‌رچی پێشیان باش بێت، به‌ڵام به‌ ناچاری ناتوانن به‌شداری حكومه‌ت بكه‌ن، چونكه‌ به‌شداری كردنیان له‌و كاته‌دا، زیان به‌ پێگه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كه‌یان ده‌گه‌یه‌نێت”.
نوچه‌نێت بۆ وه‌رگرتنی سه‌رنجی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی، چه‌ند جارێك په‌یوه‌ندی به‌ جه‌عفه‌ر ئیمنكی ئه‌ندام و وته‌بێژی مه‌كته‌بی سیاسی پارتییه‌وه‌ كرد، به‌ڵام وه‌ڵامێكی ده‌ست نه‌كه‌وت.

ئا: ر، چ

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com