پارتی له جموڵی كۆسره‌ت ره‌سوڵ و كوڕه‌كانی نیگه‌رانه
نوچه‌نێت: تایبه‌ت
له ئێستادا پارتی نیگه‌رانە له جموجوڵی كۆسره‌ت ره‌سووڵ و كوڕه‌كانی، له سنووری شاری هه‌ولێر، كه ماوه‌یه‌كه به چڕی جموجوڵییان هه‌یه و هه‌وڵی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پێگه جه‌ماوه‌رییه‌كه‌یان ده‌ده‌ن.
به گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست نوچه‌نێت كه‌وتوون، كۆسره‌ت ره‌سوڵ و كوڕه‌كانی به جموجوڵه‌كانیان له ناو شاری هه‌ولێر و ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتی، نیگه‌رانیان بۆ پارتی درووست كردووه، چونكه له ئێستادا كۆسره‌ت ره‌سوڵ و كوڕه‌كانی، سه‌ردانی چڕییان ده‌ست پێكردووه، بۆ به‌سه‌ر كردنه‌وه‌ی كه‌سایه‌تییه دیاره‌كانی ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتی و ئاشت كردنه‌وه‌ی به‌شێكی زۆری ئه‌و یه‌كێتییانه‌ی، كه له‌و حیزبه زویر بوون.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی به‌رده‌ست نوچه‌نێت، نیگه‌رانی پارتی له كۆسره‌ت ره‌سوڵ له‌وه‌دایه، كه ئێستا كۆسره‌ت ره‌سوڵ نه‌رمی به‌رانبه‌ر ئۆپۆزسیۆن ده‌نوێنێت و كاریش له‌سه‌ر ناوچه‌كانی پارتی ده‌كات.
چاودێرێكی سیاسی كه نه‌یویست ناوی بهێنرێت ده‌ڵێت “پارتی پێیوابوو به جیابوونه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، ناوچه‌ی ململانێ كه له رابردوودا شاری هه‌ولێر بوو، ده‌گوازێته‌وه بۆ سلێمانی، له‌سه‌ره‌تادا ئه‌م كاره‌ی جێگه‌ی گرت، به‌ڵام له ئێستا كۆسره‌ت ره‌سوڵ هه‌وڵ ده‌دات ململانێكان بهێنێته‌وه بۆ ناو شاری هه‌ولێر، چونكه تا ئێستا پارتی جیابوونه‌وه‌ی بورهان سه‌عید سۆفی و هاوڕێكانی له یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، به سیناریۆی كۆسره‌ت ره‌سوڵ ده‌زانێت، چونكه له ئێستادا ئه‌وان كار بۆ لیستی جیاواز ده‌كه‌ن و نهشچوونهته ناو ریزه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه”.
ئا، ر، چ