ئه‌ندامێكی پێشووی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی: له دوای كۆنگره‌وه پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری پارتی لاواز بووه
نوچه‌نێت: تایبه‌ت
محه‌مه‌د مه‌لا قادر، ئه‌ندامی پێشووی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئاشكرای ده‌كات، كه له دوای كۆنگره‌ی (13)ی پارتییه‌وه، پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری ئه‌و حیزبه له هه‌ندێك ناوچه‌دا لاواز بووه، هۆكاره‌كانیش بۆ ئه‌نجامی ئه‌و كۆنگره‌یه ده‌گێڕێته‌وه.
له لێدوانه‌كه‌یدا بۆ نوچه‌نێت، محه‌مه‌د مه‌لا قادر ده‌ڵێت “له رابردوودا پارتی ده‌نگی باشی هه‌بووه و له هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی ساڵی 1992 پارتی ده‌نگی یه‌كه‌می كوردستان بوو و دوو كورسی له یه‌كێتی زیاتر هه‌بوو، هه‌تا پێش كۆنگره‌ی (13)ش پارتی له زۆر حیزب جه‌ماوه‌ری زیاتری هه‌بوو، چونكه له‌و كۆنگره‌یه‌دا كۆمه‌ڵێك ره‌ئی جیاواز درووست بوو، بۆیه ره‌نگه له هه‌ندێك شوێن پێگه به‌هێزه‌كه‌ی جارانی نه‌مێنێت و لاواز تر بووبێت”.
محه‌مه‌د مه‌لا قادر، هۆكاری لاواز بوونی پێگه جه‌ماوه‌رییه‌كه‌ی پارتیش ده‌گێڕێته‌وه بۆ ئه‌نجامی كۆنگره‌ی (13)، هه‌وه‌ها ده‌ڵێت “هه‌ر حیزبێكیش كه ده‌سه‌ڵاتی گرته ده‌ست، خه‌ڵكی گه‌نده‌ڵیش ده‌چێته ناوییه‌وه، ئه‌مانه‌ش نیگه‌رانی درووست ده‌كات و ره‌نگه خه‌ڵكێك بچێته لایه‌كی تر، كه به‌رژه‌وه‌ندی خۆیانی تێدا ده‌بیننه‌وه”.
مه‌لا قادر وتیشی “ئێستا مه‌بده‌ئ كاڵ بۆته‌وه و مه‌سڵه‌حه‌ت جێگه‌ی مه‌بده‌ئی گرتۆته‌وه”.
ئا: ر، چ