سه‌یران ساڵح : داكۆكی له‌ تاوانباریش ده‌كه‌م، له‌دادگاكانیشدا بێ دادی هه‌یه‌

0

داكۆكی له‌ تاوانباریش ده‌كه‌م 

له‌دادگاكانیشدا بێ دادی هه‌یه‌

ئه‌گه‌ر به‌هۆی تاوانێكه‌وه‌ مرۆڤبوونی مرۆڤێك پشتگوێ بخه‌ین، ئێمه‌ش تاوانمان كردووه

نوچه‌نێت . تایبه‌ت

سه‌یران ساڵح ژنه‌ پارێزه‌رێكی كورده،‌ له‌سلێمانی كاری پارێزه‌ری ده‌كات، ده‌ڵێت له‌كاره‌كه‌یدا داكۆكی له‌تاوانباریش ده‌كات، چونكه‌ تاوانباره‌كانیش له‌ده‌ره‌وه‌ی تاوانه‌كانیان مرۆڤن، و هۆكارێك هه‌یه‌ كه‌ناچار به‌و تانه‌ی كردوون.

ئه‌و ژنه‌ پارێزه‌ره‌ كه‌ساڵانێكه‌ ئه‌زموونی كاری پارێزه‌ریی هه‌یه‌، ئاشكرای ده‌كات له‌ناو دادگاكانیشدا بێ دادی ده‌كرێت، و ئه‌ركی پارێزه‌ریش به‌یه‌كێك له‌ئه‌ركه‌ قورسه‌كان ده‌زانێت.

تاوان له‌گه‌ڵ مرۆڤدا دروست نابێت

سه‌یران ساڵح له‌م دیمانه‌یه‌دا له‌گه‌ڵ نوچه‌نێت، ره‌خنه‌ له‌و كه‌سانه‌ ده‌گرێت كه‌پێیان وایه‌ نابێ پارێزه‌ران داكۆكی له‌ئینسانێك بكه‌ن كه‌تاوانێكی ئه‌نجامداوه‌، چونكه‌ به‌گوته‌ی ئه‌و هه‌موو كه‌سێك ده‌بێ مافی هه‌بێ داكۆكی له‌خۆی بكات و رونكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بدات بۆچی تاوانه‌كه‌ی كردووه‌، و چ هۆكارێك پاڵنه‌ری بووه‌.( له‌وباره‌یه‌وه‌ زۆر جار وه‌كو پارێزه‌رێكی به‌رگری ئه‌و پرسیاره‌م رووبه‌ڕوو ده‌كرێته‌وه‌، كه‌بۆچی به‌رگری له‌كه‌سانێك ده‌كه‌م، كه‌ده‌زانم تۆمه‌ته‌كه‌یان ئه‌نجام داوه‌، و خودی خۆشیان دانیان به‌وه‌داناوه‌؟ من تێده‌گه‌م له‌وانه‌ی كه‌ ئه‌و پرسیاره‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام ده‌شزانم ئه‌و به‌رگرییه‌ی من ده‌یكه‌م ئه‌سڵی مرۆڤ بوون و كاری پارێزه‌رییه‌، بۆیه‌ وه‌ڵامیشم ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بڵێم، مرۆڤ بوونم ئه‌وه‌م لێ ده‌خوازێت كه‌ ئه‌و كاره‌ بكه‌م، داگایی كردن و لێپرسینه‌وه‌ش بۆ گه‌ڕانه‌ به‌دوای هۆكاری پشته‌وه‌ی تاوان و به‌پێی ئه‌و هۆكاره‌ بڕیار له‌سه‌ر تاوانبار ده‌درێت، كه‌ چ سزایه‌ك وه‌ربگرێت).

ئه‌و ژنه‌ پارێزه‌ره‌ جه‌خت له‌سه‌ر مرۆڤبوونی تاوانباریش ده‌كاته‌وه‌و ده‌خوازێت هه‌موان مرۆڤبوونی مرۆڤ بكه‌نه‌ چه‌قی هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كانیان، ده‌شڵێت(ده‌بێ هه‌موو بزانین ئه‌و كه‌سه‌ی تاوانه‌كه‌ی كردووه‌ مرۆڤه‌،و ئه‌سڵی مرۆڤیش تاوانكار نییه‌، ئه‌وه‌ی وا ده‌كات مرۆڤ تاوان بكات، فشاره‌كانی سه‌ر مرۆڤه‌، یان په‌روه‌رده‌ی هه‌ڵه‌یه‌ وا ده‌كات مرۆڤ له‌ئه‌سڵی پاكی و بێ گه‌ردی لا بدات و تاوان بكات، ئێمه‌ش كه‌پارێزه‌رین كاتێك داكۆكی له‌تۆمه‌تبار یان تاوانبارێك ده‌كه‌ین، داكۆكی له‌تاوان ناكه‌ین به‌ڵكو داكۆكی له‌لایه‌نه‌ ئینسانییه‌كه‌ی ده‌كه‌ین و ده‌مانه‌وێ بیسه‌لمێنین ئه‌و تاوانه‌ی كراوه‌ شتێك نییه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌سڵی ئه‌و مرۆڤه‌دا دروست بوبێت، ده‌مانه‌وێ به‌پێی بینینی هۆكاره‌ پاڵنه‌ره‌كه‌ بڕیاری سزا له‌سه‌ر تاوانباربدرێت، نه‌ك ته‌نها به‌پشت به‌ستن به‌بینینی تاوان).

سه‌یران پێی وایه‌ دادگا دواین قۆناغی هه‌وڵی نه‌هێشتنی تاوانه‌، كه‌بڕیاردانه‌ له‌سه‌ر سزادانی تاوانبار، بۆیه‌ داوا ده‌كات(لایه‌نه‌ حكومی و مه‌ده‌نییه‌كان و ده‌زگا په‌روه‌رده‌ییه‌كان و ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، ئه‌گه‌ر ده‌یانه‌وێ تاوان بنه‌بڕ بكرێت، پێكه‌وه‌ له‌قۆناغه‌كانی سه‌ره‌تاوه‌ كار بۆ نه‌هێشتنی هۆكاره‌كانی دروستبوونی تاوانبار بكه‌ن و ئه‌و لایه‌نانه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن كه‌مرۆڤێك له‌پاكییه‌وه‌ تێكه‌ڵ به‌ناپاكی و تاوان ده‌كات و رایده‌هێنێت له‌سه‌ر تاوان، ده‌بێ هه‌مووان كار له‌سه‌ر نه‌هێشتنی هۆكاره‌كان بكه‌ن، كار له‌سه‌ر هه‌نگاوه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان بكه‌ن، دوای ئه‌و كار له‌سه‌ر دادگا بكه‌ین كه‌دواین قۆناغی روبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی تاوانه‌).

له‌باره‌ی هۆكاره‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی به‌تاوانباربوونی مرۆڤیش ئه‌و ژنه‌ پارێزه‌ره‌ ده‌ڵێت(هۆكار زۆرن، له‌وانه‌ خراپی په‌روه‌رده‌، نه‌ریت و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی هانده‌ر بۆ تاوان، بۆ نمونه‌، كچێك به‌پێی پێوه‌ره‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ نه‌ك من و تۆ هه‌ڵه‌یه‌ك بكات، هه‌موو ده‌وروبه‌ر به‌یه‌ك قسه‌ فشار بۆ سه‌ر باوك و براكانی دروست ده‌كه‌ن، ده‌وترێ، پیاوبن قبوڵی ئه‌وه‌ ناكه‌ن، ئه‌مه‌ قسه‌یه‌كی ساده‌یه‌، به‌ڵام وردی بكه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌ساسی تێگه‌شتن له‌كۆمه‌ڵگه‌ هه‌ڵیسه‌نگێنه‌ ده‌زانی هانده‌رێكی خه‌ته‌رناكی تاوانه‌، هانده‌رێكی تر، نه‌بوونی دایكوباوكێكی هۆشیار یان كه‌مته‌رخه‌مه‌ كه‌ وا ده‌كات مناڵه‌كان خراپ په‌روه‌رده‌ببن و فێری خراپه‌كاری ببن، هه‌روه‌ها خێزانی نا ئارام هۆكارێكی تره‌، كاتێك دایك و باوك هه‌میشه‌ له‌كشه‌دابن له‌به‌رچاوی مناڵه‌كان، مناڵه‌كانیش فێری كێشه‌ ده‌بن، یان ته‌ڵاق و فره‌ژنی كه‌باوان سه‌رقاڵ ده‌كات به‌كێشه‌وه‌، مناڵ جێده‌هێڵێ تا به‌په‌روه‌رده‌یه‌كی خراپه‌وه‌ گه‌وره‌ ببێ. هۆكارێكی تریش هۆكاری ده‌رونییه‌، كاتێك مناڵ یان گه‌نجێك رووبه‌ڕووی توندوتیژی جه‌سته‌یی یان ده‌رونی ده‌بێته‌وه‌، ویستی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یان لادروست ده‌كات تۆڵه‌كردنه‌وه‌و تاوان وه‌ك باشترین ڕێگه‌ ده‌بینێت، هۆكارێكی تریش ته‌فسیری هه‌ڵه‌ی دینییه‌، كه‌لای خه‌ڵكێك كرداری هه‌ندێ كه‌س به‌ده‌رچوون له‌دین ده‌زانن و لای خۆشیان ده‌رچوون له‌دین تاوانه‌و سزادانی ئه‌و كه‌سانه‌ش هه‌رچی بێت خزمه‌ته‌ به‌خواو تاوان نییه‌، ئه‌م ته‌فسیره‌ هه‌ڵه‌ش بۆ دین هۆكارێكی گه‌وره‌ی هاندانی تاوانه‌‌).

سه‌یران ساڵح هۆكاری ئابوریش به‌یه‌كێك له‌هۆكاره‌ پاڵنه‌ره‌كان ده‌زانێت، بۆ به‌تاوانباربوونی مرۆڤ، دواترین نمونه‌ش له‌كوردستان وا باس ده‌كات، (قه‌یرانی دارایی كوردستانیش، بووه‌ته‌ هۆكارێكی پاڵنه‌ر بۆ زیادبوونی رێژه‌ی تاوان، نه‌ك ته‌نها لای خه‌ڵكی ئاسایی به‌ڵكو لای كارمه‌ندان و موچه‌خۆرانیش، دیارترین ئه‌و تاوانانه‌ش كه‌ ده‌رئه‌نجامی قه‌یرانی دارایین، بریتین له‌ ڕه‌شوه‌ وه‌رگرتن – ئیختیلاس، ئه‌وانه‌و چه‌ند هۆكارێكی تر هه‌ن كه‌ مرۆڤ له‌سه‌ر ڕێی مرۆڤ بوون لاده‌ده‌ن و ده‌یكه‌نه‌ تاوانبار و ئه‌گه‌رنا تاوان له‌گه‌ڵ دروستبوونی مرۆڤدا دروست نه‌بووه‌، بۆیه‌ من رام وایه‌، نابێ هیچ تاوانێك مرۆڤبوونی تاوانبارێكمان بیربباته‌وه‌، یان هانده‌رمان بێ كه‌داكۆكی له‌لایه‌نی مرۆڤایه‌تی ئه‌و نه‌كه‌ین، به‌لای منه‌وه‌ ئه‌گه‌ر وامان لێهات، به‌هۆی تاوانێكه‌وه‌ مرۆڤبوونی مرۆڤێك پشتگوێ بخه‌ین و به‌رچاوی نه‌گرین، ئێمه‌ش تاوانمان كردووه‌. به‌ڵكو ده‌بێ هه‌موولایه‌ن حكومه‌ت ده‌زگاو ناوه‌نده تایبه‌تمه‌نده‌‌كان به‌په‌روه‌رده‌و رۆشنبیری، ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، به‌ر له‌وه‌ی ره‌خنه‌ له‌یاساو دادگا بگرن، له‌هه‌وڵه‌كانیان بۆ نه‌هێشتنی تاوان، هه‌وڵ بده‌ین بۆ نه‌هێشتنی هۆكاره‌ پاڵنه‌ره‌كان بۆ تاوان، چونكه‌ وه‌ك وتم دادگا دواین قۆناغی هه‌وڵدانی نه‌هێشتنی تاوانه).

پارێزه‌ریی كارێكی ئاسان نییه‌

ئه‌و ژنه‌ پارێزه‌ره‌ كورده‌، كاری پارێزه‌ریی به‌ یه‌كێكه‌ له‌پیشه‌ سه‌خته‌كان ناو ده‌بات چونكه‌ (پێویستی به‌ كۆششی فكریی و جه‌سته‌یی هه‌یه‌، هه‌روه‌ها پابه‌ندبوونێكی ئه‌خلاقی و ئه‌ده‌بی ده‌وێت، بۆ ده‌ستخستنی دادپه‌روه‌ریی، گێڕانه‌وه‌ی ماف بۆ مافخوراو، زۆر كات پارێزه‌ر به‌هۆی ئه‌وه‌ی ڕووبه‌ڕووی كه‌سانێك ده‌بێته‌وه‌ كه‌ نادادپه‌روه‌رییان كردووه‌، یان له‌ژێر كاریگه‌ری یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ی كه‌باسمانكرد تاوانێكی كردووه‌، ئاسان ئه‌وه‌ قبوڵ ناكات كه‌كه‌سێك هاتووه‌، رێگای یاسایی ده‌دۆزێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی مافی ماف خراو بداته‌وه‌، ئاماده‌یه‌ توندوتیژی به‌رانبه‌ر پارێزه‌ره‌كه‌ش بنوێنێ، هه‌ندێ جار پارێزه‌ر ڕووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌ی به‌رانبه‌ره‌كانی ئه‌و كه‌یسه‌ ده‌بێته‌وه‌ كه‌وه‌ریگرتووه‌، زۆر كات بریكارداره‌كانی پارێزه‌ره‌كه‌ خۆیان ده‌بنه‌ هه‌ڕه‌شه‌و گرفت بۆی، كاتێك كه‌بڕیاری دادوه‌ر له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وان نابێ، جۆره‌ها خوێندنه‌وه‌یان بۆ ئه‌وه‌ هه‌یه‌، پێیان وایه‌ به‌مه‌به‌ست پارێزه‌كه‌ره‌ی دۆسیه‌كه‌ی له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وان یه‌كلایی نه‌كردۆته‌وه‌، یان كه‌وتۆته‌ ژێركاریگه‌ری به‌رانبه‌ره‌كانیان و پاره‌ی پێدراوه‌ به‌و هۆیه‌وه‌ ئه‌وانی به‌دۆڕاندنی كه‌یسه‌كه‌ داوه‌. زۆر كات پارێزه‌ر ده‌كه‌وێته‌ به‌رانبه‌ر كه‌سێكی ده‌رون روخاو ئه‌وه‌ی كه‌مافی خوراوه‌ و تاوانی به‌رانبه‌ر كراوه‌، له‌گه‌ڵ كه‌سێكی ده‌رون ئاڵۆز ئه‌وه‌ی كه‌تاوانێكی كردووه‌ یان راهاتووه‌ له‌سه‌ر تاوان، بۆیه‌ له‌و نێوانه‌دا پارێزه‌ریش ڕووبه‌ڕووی ماندوبونێكی ده‌روونی گه‌وره‌ ده‌بێته‌وه‌).

هۆكارێكی تری سه‌ختی كاری پارێزه‌ریی به‌لای سه‌یران ساڵح ه‌وه‌(كێبه‌ركێی و محاره‌به‌ و رقی نێوان هه‌ندێ له‌دادوه‌ران و پارێزه‌ره‌كانه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ش پێكه‌وه‌‌ وایانكردووه‌ به‌پارێزه‌ری بوترێت، پیشه‌ی سه‌ختی و ماندوێتی).

له‌دادگاشدا بێ دادی ده‌كرێت

دادگا جێگه‌ی دادوه‌ر و بڕیاری دادوه‌رانه‌یه‌ له‌سه‌ر پرس و كه‌یس و تاوانێك، به‌ڵام له‌كوردستان ره‌خنه‌ له‌ ئه‌دای دادگاكانیش هه‌یه‌، زۆر كات تۆمه‌تبار ده‌كرێن به‌وه‌ی دادوه‌رانه‌ بڕیاریان نه‌داوه‌، له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ پارێزه‌ر سه‌یران ساڵح تا ئاستێك ئه‌و رایه‌ ده‌سه‌لمێنێت، كاتێك ده‌ڵێت( له‌دادگاشدا نادادی ده‌كرێت، و به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێ جار هه‌ستم كردووه‌ غه‌در له‌بڕیاری دادگادا هه‌یه‌، و زۆریش به‌وه‌ نیگه‌ران بووم).

به‌بڕوای ئه‌و ژنه‌ پارێزه‌ره‌، چه‌ند هۆكارێك هه‌ن له‌پشتی ئه‌و بڕیارانه‌ی دادگا، كه‌ ئه‌و، یان خه‌ڵك هه‌ست ده‌كات غه‌دری تێدایه‌ له‌وانه‌:

كه‌م توانایی دادوه‌ر :

به‌شێكی زۆر له‌دادوه‌ران له‌ئاستی ئه‌و ئه‌ركه‌ سه‌خت و پڕ به‌رپرسیاره‌تیه‌یدانین كه‌ له‌ ئه‌ستۆیانه‌، ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ هۆی وه‌رگرتنی بڕیاری هه‌ڵه‌.

ده‌ستوه‌ردانی حزب :

هۆكارێكی تر ده‌ستوه‌ردانی حزب و ده‌سه‌ڵاته‌ له‌كاروباری دادگاكاندا، كه‌وای كردووه‌، دادوه‌ر نه‌توانێ، به‌سه‌ربه‌خۆیانه‌ بڕیار بدات، كه‌ دادوه‌رێكیش سه‌ربه‌خۆ نه‌بوو له‌بڕیاردان ناتوانێ دادپه‌روه‌رانه‌ بڕیار بدات.

ره‌شووه‌ و خزمایه‌تی :

هه‌ندێ كات هه‌ست ده‌كرێ، له‌دادگاشدا به‌رتیل و ره‌شووه‌، خزم خزمێنه‌ش رۆڵی هه‌یه‌ له‌ناو هه‌ندێك له‌دادگاكاندا، كه‌ دادوه‌ر له‌به‌رانبه‌ر هه‌ندێ به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی له‌ڕێگای دادوه‌ریی لاده‌دات و دادپه‌روه‌رنابێت له‌وه‌رگرتنی بڕیار.

هه‌موو ئه‌و هۆكارانه‌شه‌ وایكردووه‌، زۆر كات ره‌خنه‌ له‌سه‌ر دادگاكان هه‌یه‌، پێیان وایه‌ سیسته‌می دادوه‌ری ئیفلیجه‌و پێویستی به‌چاكسازیی هه‌یه‌.

 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com