2011 ساڵی‌ مه‌رگ‌و له‌ناوچوونی‌ دیكتاتۆره‌كان

0

2011 ساڵی‌ مه‌رگ‌و له‌ناوچوونی‌ دیكتاتۆره‌كان

نوچه‌نێت

“2011”، ئه‌و ساڵه‌ی كه‌ مه‌رگ‌و توڕه‌یی گه‌ل چۆكی به‌ هه‌موو دیكتاتۆره‌كان دادا‌و گه‌یاندنیه‌ سزای خۆیان‌و، له‌به‌رده‌م توڕه‌یی جه‌ماوه‌ردا سێ له‌و دیكتاتۆرانه‌ له‌ناوچوون‌و، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی گه‌وره‌ترین سه‌ركرده‌ی ڕێكخراوی تیرۆرستی ئه‌لقاعیده‌ كوژراو، باشوری سودان سه‌ربه‌خۆی خۆی ڕاگه‌یاندو بوو به‌ “193”هه‌مین ده‌وڵه‌تی جیهان.

ئه‌مه‌ش به‌شێكه‌ له‌و ڕوداوانه‌ی كه‌له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوڕاست له‌ ساڵی “2011” ڕویاندا:
“9/1/2011″، ڕیفراندۆمی باشوری سودان بۆ دیاریكردنی چاره‌نووسی باشوور به‌ڕێوه‌چوو.
“14/1/2011″، دوای نزیكه‌ی مانگێك له‌ خۆپیشاندانی سه‌رانسه‌ری له‌ تونس به‌هۆی بێكارییه‌وه‌، خۆپیشاندانه‌كه‌ گه‌یشته‌ پایه‌ته‌ختی تونس‌و زه‌ینولعابدین بن عه‌لی سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته‌ دوای “23” ساڵ حوكمی دیكتاتۆری ئه‌و وڵاته‌ی به‌جێهێشت‌و له‌ سعودیه‌ گیرسایه‌وه‌.
“25/1/2011″، سه‌رهه‌ڵدانی راپه‌ڕینی میسر بۆ ڕوخاندنی ڕژێمه‌كه‌ی حوسنی موباره‌ك.
“11/2/2011″، حوسنی موباره‌كی سه‌رۆكی میسر دوای “30” ساڵ‌ حوكمردن ده‌ستبه‌رداری پۆسته‌كه‌ی بوو، ئه‌نجومه‌نی باڵای هێزه‌ چه‌كداره‌كانی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری وڵات راسپارد.
“11/2/2011″، خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی له‌ به‌حره‌ین ده‌ستی پێ كرد.
“13/2/2011″، ده‌ستپێكردنی راپه‌ڕینی خه‌ڵكی یه‌مه‌ن له‌دژی ڕژێمه‌كه‌ی عه‌لی عه‌بدوڵڵا ساڵح.
“13/2/2011″، له‌ژێر فشاری خه‌ڵكدا ئه‌نجومه‌نی باڵای هێزه‌ چه‌كداره‌كانی میسر هه‌ردوو ئه‌نجومه‌نی گه‌ل‌و شورای هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌و كاركردن به‌ ده‌ستوری هه‌ڵپه‌سارد.
“17/2/2011″، خۆپیشاندان له‌ لیبیا دژی ڕژێمه‌كه‌ی موعه‌مه‌ر قه‌زافی ده‌ستی پێ كرد.
“25/2/2011″، خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی له‌ گۆڕه‌پانی ته‌حریری به‌غداو زۆر له‌ شارو شارۆچكه‌كانی عێراق ڕووی دا، كه‌ هه‌ندێكیان توندوتیژییان لێ كه‌وته‌وه‌، له‌ حه‌ویجه‌و ریاز خۆپیشانده‌ران باره‌گای ئه‌نجومه‌ن‌و شاره‌وانیان سووتاندو ده‌ستیان به‌سه‌ر داووده‌زگه‌كاندا گرت، له‌ موسڵ هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر باره‌گای پارێزگاو ئاگریان تێ به‌ردا، له‌ قادسیه‌و نه‌جه‌ف‌و كه‌ربه‌لاو فه‌لوجه‌و شوێنانی تریش كرا.
“4/4/2011″، به‌شار ئه‌سه‌د حكومه‌تی سوریای هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌و وه‌زیری پێشوی كشتوكاڵی بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت ڕاسپارد.
“2/5/2011″، كوژرانی “ئوسامه‌ بن لادن”ی سه‌رۆكی رێكخراوی قاعیده‌ له‌ كرده‌وه‌یه‌كی هێزێكی كۆماندۆی ئه‌مریكا له‌ شارۆچكه‌ی “ئه‌بوت ئاباد”ی پاكستان.
“16/4/2011″، دادگای باڵای ئیداری میسر حزبی نیشتمانی دیموكراتی، كه‌ حوسنی موباره‌ك سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرد هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌.
“4/5/2011″، فه‌تح‌و حه‌ماس ڕێككه‌وتننامه‌ی ئاشته‌واییان له‌ قاهیره‌ ئیمزا كرد.
“22/5/2011″، دوا سه‌ربازی هێزه‌كانی به‌ریتانیا له‌ عێراق كشایه‌وه‌.
“3/6/2011″، مووشه‌كێك به‌ر مزگه‌وتی كۆشكی كۆماری له‌ سه‌نعای پایه‌ته‌ختی یه‌مه‌ن كه‌وت‌و به‌هۆیه‌وه‌ عه‌لی عه‌بدوڵڵا ساڵح ی سه‌رۆكی یه‌مه‌ن، عه‌لی محه‌مه‌د مجه‌ور سه‌رۆكی حكومه‌ت‌و، هه‌روه‌ها یه‌حیا ئه‌لراعی سه‌رۆكی په‌رله‌مان برینداربوون.
“12/6/2011″، هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی توركیا به‌ڕێوه‌چوو، كه‌ پارتی دادو گه‌شه‌پێدانی ده‌سه‌ڵاتدار بۆ سێیه‌مین جار زۆرینه‌ی ده‌نگه‌كانی به‌ده‌ست هێنایه‌وه‌.
“15/6/2011″، ڕێكخراوی قاعیده‌ “ئه‌یمه‌ن زه‌واهیری” به‌ سه‌رۆكی رێكخراوه‌كه‌ ده‌ستنیشان كرد.
“27/6/2011″، دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی “قه‌زافی‌و، سه‌یفول ئیسلامی كوڕی‌و، عه‌بدوڵڵا سنووسی” سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگریی ئه‌و وڵاته‌ی ده‌ركرد به‌تۆمه‌تی ئه‌نجامدانی تاوانی دژی مرۆڤایه‌تی.
“9/7/2011″، باشوری سودان به‌ڕه‌سمی له‌ سودان جیابۆوه‌و، ده‌وڵه‌تی باشوری سودانی دامه‌زراندو بوو به‌ “193”هه‌مین ده‌وڵه‌تی جیهان.
“3/8/2011″، یه‌كه‌م دانیشتنی دادگایی كردنی حوسنی موباره‌كی سه‌رۆكی لادراوی میسرو عه‌لاو جه‌مالی كوڕی، حه‌بیب ئه‌لعادلی وه‌زیری ناوخۆی پێشوو و شه‌ش له‌ به‌رپرسانی باڵای ئه‌منیی میسر، به‌تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵی‌و هاندان بۆ كوشتنی خۆپیشانده‌ران له‌به‌رده‌م دادگادا ده‌ستی پێ كرد.
“2/9/2011″، توركیا باڵوێزی ئیسرائیلی ده‌ركردو گشت رێكه‌وتنامه‌ سه‌ربازیه‌كانی هه‌ڵپه‌سارد.
“20/9/2011″، كوژرانی بورهانه‌دین ڕه‌بانی سه‌رۆكی پێشووی ئه‌فغانستان‌و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای ئاشتی له‌ ئه‌فغانستان له‌ كرده‌وه‌یه‌كی خۆكوژی تاڵیباندا.
“23/9/2011″، مه‌حمود عه‌باسی سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتی فه‌له‌ستینی له‌ كۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان داوای داننان به‌ ئه‌ندامێتی ته‌واوی فه‌له‌ستینی وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی ئه‌ندام له‌و رێكخراوه‌ خسته‌ به‌رده‌م بان كی مۆنی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان.
“11/10/2011″، ئیریك هۆڵدر وه‌زیری دادی ئه‌مریكا ئێرانی به‌ هه‌وڵدان بۆ تیرۆركردنی عادل جوبێر باڵوێزی سعودیه‌ له‌ واشنتۆن‌و ته‌قاندنه‌وه‌ی باڵوێزی سعودیه‌ له‌ ئه‌رجه‌نتین تۆمه‌تبار كرد.
“18/10/2011″، به‌پێی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی به‌ چاودێری میسر له‌نێوان حه‌ماس‌و ئیسرائیلدا ئیمزا كرا، گه‌لعاد شالیت له‌لایه‌ن حه‌ماسه‌وه‌ ئازاد كرا، له‌به‌رامبه‌ریشدا وه‌جبه‌ی یه‌كه‌می دیله‌ فه‌له‌ستینیه‌كان ئازاد كران، كه‌ “477” كه‌س بوون‌و بڕیاره‌ دوای دوو مانگی تریش “550” دیلی تری فه‌له‌ستینی ئازاد بكرێن، كه‌ سه‌رجه‌میان ده‌كاته‌ “1027” گیراو.
“20/10/2011″، گرتنی شاری سرتی دوا پێگه‌ی قه‌زافی له‌لایه‌ن شۆڕشگێڕتنه‌وه‌و، گرتن‌و كوشتنی “قه‌زافی”و “موعته‌سه‌م”ی كوڕی.
“23/10/2011″، یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی له‌ تونس دوای زینولعابدین بن عه‌لی ئه‌نجام درا.
“23/10/2011″، بومه‌له‌رزه‌یه‌ك له‌ شاری وانی توركیای داو، به‌هۆیه‌وه‌ نزیكه‌ی “600” كه‌س گیانیان له‌ده‌ست داو، سه‌دانیتریش بریندار بوون‌و، به‌ هه‌زاران هاوڵاتیش بێ ماڵ بوون.
“28/10/2011″، ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ، پێكهێنانی هه‌رێمێكی سه‌ربه‌خۆی په‌سه‌ند كرد.
“22/11/2011” خاتوو دانیال میتران، كۆچی دوایی كرد.
“28/11/2011″، خولی یه‌كه‌می یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی دوای موباره‌ك له‌ میسر به‌ڕێوه‌چوو.
“29/11/2011″، سه‌دان ئێرانی هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر باڵوێزخانه‌ی به‌ریتانیا له‌ تاران‌و داگیریان كرد‌و، ئاڵای به‌ریتانیایان سووتاند ئه‌مه‌یش دوای بڕیاری ده‌ركردنی باڵوێزی به‌ریتانیا له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی ئێرانه‌وه‌ هات.
“25/12/2011″، هێزه‌كانی سوپای سودان، “خه‌لیل ئیبراهیم” سه‌رۆكی بزوتنه‌وه‌ی دادو یه‌كسانی‌و، كۆمه‌لێك له‌ فه‌رمانده‌كانی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌یان له‌ناوچه‌ی “ود بنده‌”ی ویلایه‌تی كوردڤان كوشت، “خه‌لیل ئیبراهیم” له‌ ساڵی “1999” جیابونه‌وه‌ی خۆی له‌ بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی ڕاگه‌یاندو چووه‌ پاڵ “حه‌سه‌ن ترابی” كه‌ سه‌ركرده‌یه‌كی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ بوو، له‌ساڵی “2003”ـشدا بزوتنه‌وه‌ی دادو یه‌كسانی پێكهێنا.

 

 

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ڕی چاودێر

 

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com