لەسوید زۆرێک لەو دایک و باوکە کوردانەی کە لەیەک جیابوەنەتەوە قومار بە ئایندەی مناڵەکانیان دەکەن

0

لەسوید زۆرێک لەو دایک و باوکە کوردانەی کە لەیەک جیابوەنەتەوە قومار بە ئایندەی مناڵەکانیان دەکەن

دکتۆر حسەین خەلیقی بۆ سڤیل لێکترازانی خێزانەکانی کورد و دەرئەنجامەکانی باس دەکات
گەرمیان و کوێستانکردنی مناڵ لای دایکەوە بۆلای باوک و لای باوکەوە بۆلای دایک دەبێتە هۆکاری کوشتنی مناڵ، بەتەواوی شیرازەی ئەخلاقی و فکری و پەروەردەییان تێک دەچێت
پێکەوە ژیانێک لەجەوێکی نائازاددا دروستکرابێت لە جەوی ئازاددا هەڵناکات
پیاوانی کورد لەسوید توانای ماڵئاواییان لەسالاری خۆیان نییە و ژنەکانیشمان بەداخەوە ناتوانن بەشێوەیەک مامەڵە لەگەڵ ئەو ئازادیەدا بکەن کە بنەماو شیرازەی ماڵەکەیانی تیا گرەنتی بکەن

رزگار رەزا چوچانی

نوچەنێت. گۆڤاری سڤیل
کێشە کۆمەڵایەتیەکان لەکوردستاندا تا دێت روو لەزیاد بوون دەکەن، ئەوەی زیاتر جێی سەرەنجە کێشەی کۆمەڵایەتی لەناو ئەو کوردانەش تا دێ گەورە دەبێت کە لەوڵاتانی پێشکەوتوودا دەژین، سوید یەکێک لەو وڵاتانەیە کە رێژەیەکی زۆر کوردی پەنابەری لێ دەژی، بەڵام لەناو کوردانی سوید کێشەیەکی گەورە دەبنیرێت کە ئەویش لێکترازانی خێزانی کورد و پەرتەوازەبونی مناڵەکانیانە، لەوڵاتێکی ئازادی وەک سویددا رەنگە جیابوەنەوەی خێزانی ئەو مانا گەورە هەڵنەگرێت کە لەکوردستان هەیەتی، بەپێچەوانەش رەنگە ببێتە هۆکارێک بۆ خۆشبەختی ئەو خێزانانەی کە پێکەوە ژیان گرفتی دەرونی بۆ دروستکردوون، بەڵام ئەوەی لەم سەروبەندەدا جێی قسەو هەڵوەستەیە هەڵەی بەشێکی زۆر لە خێزانە کوردەکانە لەدوای جیابونەوەیان قوماری سەرەنجراکێشانی مناڵەکانیانە لەسەر ئەساسی ئایندەو پەروەردەی تەندروستیان، کە لەئەنجام مناڵەکانیان دەبنە قوربانییە دۆڕاوەکە.
لەوڵاتی سوید مرۆڤ لەمناڵییەوە تا پیری هەست بەئازادی دەکات، بەڵام سیستەمی سویدیش لەگەڵ پێدانی ئازادی ناسیستەم و رێکنەخراو نییە بۆ مناڵ، بەڵکو دەبێت مناڵ لەچوارچێوەی مافەکانی خۆی ئازدی پێبدرێت، لێکترازانی خێزانی کورد وا لە تاکە لێکترازاوەکان دەکات کە دایک و باوکەکانن، هەرچی ئازادییە لەدەرەوەی ئازادیش بۆ مناڵەکانیان دابین بکەن، تەنها لەپێناوی ئەوەی گرەوی سەرنج راکێشانی مناڵەکان بەلای خۆیاندا ببەنەوە، بێ بیرکردنەوە لەوەی ئایندە چی منداڵێک بار دەهێنن.
دکتۆر حسەین خەلیقی سیاسی و شارەزا بواری لەفەلسەفە، بۆ گۆڤاری سڤیل ئەو هۆکارانە باس دەکات کە وادەکەن کورد دەرباز نەبێت لە گرفتە کۆمەڵایەتیەکان و دەڵێت”لەکوردستان ئێمە گرفتی کەلتوریمان هەیە، کە لە فەرهەنگی کۆمەڵگەی سامییەوە هاتووە، واتە کۆمەڵگەی سێ ئاینە گەورەکەی مەسیحی و یەهودی و ئیسلام، ئەوەش شوێنەواری لەسەر فکرو بیرو ئایدۆلۆژی و پەروەردەی کۆمەڵایەتی و هونەرو پێشکەوتنی ئێمەداناوە، هەرچەندە بەشێک لەخەڵكی هیندو ئەوروپاین، بەڵام لەباری فکریی و کلتورییەوە لەژێر چەترو کاریگەری کلتوری سامییەکانداین، بۆیە زۆر سەخت و دژوارە تەنانەت کوردێک کە لەدەرەوەش فێری پێشکەوتن و زانستێک دەبێت، بتوانێت بڕواتەوە بۆ کوردسان و لەوێ بەرەفتارو کردەوەو بڕوا ئەو ئازادییە بکاتە بەشێک لەژیانی رۆژانەی خۆی، یان لەگەڵ دەوروبەرەکەی پیادەی بکات”.
خەلقی یەک لانەبوونەوە لەنێوان ئەو دوو کەلتورەی کەباسی کرد وا باس دەکات کە”ئەوە بەرزەخێکە وایکردووە تەنانەت تاکەکانی کوردیش ناتوانین بچینە وڵاتێکی پێشکەوتوو خۆمان فێر بکەین و پێشبخەین و لەگەڵ خۆمان بیبەنەوە وڵاتەکەمان، چونکە لەدەرونی خۆماندا لەکێشەداین و ناتوانین خۆمان لەو دوو نێوانە یەکلا بکەینەوە، بەشێکمان سەرمان بە کلتوری سامیەکانەوەیە، بەشێکمان سەرمان بە کلتوری هیندو ئۆرپاییەکانەوەیە، ئەوەش وایکردووە شەڕێک لەدەرونمادا پێکهاتووە و ناتوانین خۆمان لەو خڵتەی کلتوریی شوانکارەیی و عەشرەتگەرییە دەرباز بکەین، کە بەشێکی ئاسەرواری دینەکانە بەسەرمانەوەو بەشێکی کەلتوری سامییە بۆمان ماوەتەوە،  بۆیە پێشکەوتن لەوڵاتی ئێمە بەسەختی دەڕواتە پێشەوەو کاتی دەوێت، بەڵام رەنگە نەوەی دواتر هەندێت ئاسانتر لەم نەوەی ئێستا رێگاکە ببڕێت”.
ئەو پیاوە شارەزای کورد لە فەلسەفە، پێی وایە”ئەمە تەنها کێشەی کورد نییە کە لەکوردستاندا بژی، بەڵکو %١٠٠ لەناو کوردانی سویدیشدا هەیە، ئەو کێشەی ئێمە لەناوکۆمەڵی کوردی لەکۆمەڵگەی سویددا هەمانە گەورەترنەبێت لەوەی کە کورد لەکوردستان هەیەتی، بچوکتر نییە، ئێمەش وەک کوردانی سوید نەمانتوانیوە لەو کێشەیە دەرباز بین، بەشێکیشمان خۆمان بەستۆتەوە بە کلتوری سامی و عەشایەری و شوانکارەیی و دەروێشی و سۆفی گەری و ئاینگەری و بەکلتوری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لایەکیشمان بەستراوەتەوە بە کلتوری ئێرەوە کە پێشکەوتنخوازانەیە، کە دەڵێم پێشکەوتنخوازانە بەو مانا نالێم بەندەکلتورییەکانی ئێرە هەموو باش و بەسودە، نەخێر هیچ کلتورێک لەدنیادا نییە هەموو لایەنە جۆر بەجۆرەکانی باش بێت، هەموو شتی باش  و شتی خراپی تیایە، وەک کلتوری کوردەواریش کەشتی باشمان یەکجار زۆرە، بەڵام ئێمە وەک کورد لێرە لەدەرەوەش لەکێشەداین، لێرەش لەناو خۆماندا لەشەڕداین لایەک دەمانەوێ لەپەیوەندی لەگەڵ ژن و مناڵەکانمان کلتوری ئەوێ بپارێزین، لایەکی تریش مەیل و سۆزمان هەیە بۆ خۆتێکەڵکردن لەگەڵ کلتوری ئێرە، بۆیە لێرەش کورد لەنێوان ئەو دوو کەلتورەدا لەکێشەدایەو گیری خواردووە”.
دکتۆر خەلیقی هۆکاری رێژەی زۆری لێکترازانی خێزانی کورد لەوڵاتی سوید بە کێشەیەک باس دەکات کە قسەی زۆر هەڵدەگرێت و دەشڵێت”هەموو دەگەڕێتەوە بۆ رابردوو، باکگراوەند و کلتوری ئێمە. لەدەسەڵاتی کۆمەڵایەتی ئێمەدا لەرۆژهەڵاتی ناوین، ژن هیچ دەسەڵاتێکی نییە و هیچ مافێکی نییە، کاتێک دێتە دەرەوە بەبێ ئەوەی خەباتی بۆ ئازادی کردبێت، لەهەموو ئەو ماف و ئازادی و یەکسان سەیرکردنەی ژنان کە لێرە بەخەباتی دریژیان بەدەست هاتووە سودمەند ئەبێت و کەڵکی لێێوەر دەگرێت. پیاویش باکگراوەندێکی پێچەوانەی هەیەو بەردەوام لە نەریتی ئێمەدا خاوەن هێزو دەسەڵات بووە، بۆیە نەیتوانیوە و ناشتوانێت ئەو ئازادییەی کە پێویستە بەدڵخواز بیدات بەژنەکەی، ئەم نەتوانینەی پیاو و ئەو کەڵک وەرگرتنەی ژن لەئازادی وادەکات کێشە دروست دەبێت. کێشەی نێوان ئەوان کێشەی نێوان دوو شەخس نییە، کێشەی نێوان دوو کلتورە، کە بەداخەوە هەم ژنانی ئێمە هەم پیاوانی ئێمە نازانن چۆن پردێک لەنێوان ئەو کلتورانە دروست بکەن، ژنەکان کە دێنە ئێرە دەکەونە سەرسفرەیەکی ئامادەی ئازادیی و پڕ لەڕێزی ژن، بەتایبەت بۆ ژنی رۆژهەڵات، چونکە کاتێک کە ژن و مێردی رۆژهەڵاتی کێشەیان هەیە، پۆلیس بێ سێ و دوو پشتیوانی لەژنەکە دەکات، تەنانەت ئەگەر تەواوی تاوانەکەش لای ژنەکە بێت، هەر پیاوەکە مەحکوم و سزادراوە، ئەویش بەهۆی ئەوەی کە بەداخەوە باکگراوەندی ژیان و تەعامولی هەندێ لەرۆژهەڵاتییەکان و کوردەکان زیهنیەتێکی کوێری بۆدروستکردوون، کەبریتیە لەوەی پیاوی رۆژهەڵاتی ژن دەکوژێت و لەژن دەدات و منداڵی خۆی ئازار دەدا، ئێمەش وەک کورد تاکوئێستاش بەکردەوە نەمانتوانیوە ئەو زیهنیەتە بیسڕینەوە لای ئەوان، بگرە بەشێک لەپیاوانی کورد گەورەتریشیان کردووە، ئەمەش وایکردووە چۆن پیاوانی کورد کەڵکیان لەو ئازادییەوەرنەگرتووەو پەنجەیان لەگەڵ نەرم نەکردووە، ژنانیش کەڵکی خراپیان لێوەرگرتووە و ئازادییەکە بووەتە بەشێک لەهۆکاری لێکترازانەکان، چونکە پێکەوە ژیانێک لەجەوێکی نائازاددا دروستکرابێت لە جەوی ئازاددا هەڵناکات، لەوێ کەلتوریک هەیە و لەگەڵی گەورەبوین کە ژن ئازادی تێیدا نییە و لێرەش دەبینە بەشێک لە کلتورێک کە ئازادی ئەدا بەژن و یاساکەی بەتایبەت پشتیوانی لەژنی پەنابەر دەکات، ژنیش ئەمەیان هەڵدەبژێرن بۆ ئەوەی قەرەبووی ئەوەی رابردوویان بکەنەوە، پیاویش هەزمی ئەمەیان ناکەن و ئەوەی تریان دەستپێوەدەگرن، لەشەڕی نێوان ئەو قبوڵکردن و هەزم نەکردنە لێکترازانی نێوان خێزانەکان بەرجەستەدەبێت”.

د.خەلیقی لێکترازانی خێزانەکان بە دەرئەنجامی شەڕی کلتورەکان ناو دەبات، بەڵام وێڕای ئەوەی بەشێک لەدایک و باوکە لەیەک جیابوەکان پێکەوە بەرنامەیەکیان هەیە بۆ پەروەردەی مناڵەکان، بەشێکی زۆریان کە توش بەشەڕی کلتور دەبن و جیا دەبنەوە شێوەیەکی تر شەڕی سارد لەنێوانیان بەردەوامی پێدەدەن، ئەوەی لەئەنجامی ئەو شەڕەشدا زیانمەندە، مناڵەکانیانە، لەونێوانەدا مناڵ توشیی سێ جۆری پەوەردەکردن دەبێتەوە، بەشیکی شێوەی بیرکردنەوەی باوک و بەشێکی شێوەی بیرکردنەوەی دایک و بەشێکیش ئەو شێوازە پەروەردەی کە لەقوتابخانەو سیستەمی سوید بۆ مناڵان هەیەو هەوڵ دەدات مناڵ بەشێوازە دروستەکە بار بێنێت، بەڵام پەروەدەکارانی سویدیش لەپەنای سیستەمێکی باشی پەروەردەی وڵاتەکەیان، تەئکید لە کاریگەری گرنگی دایک و باوک دەکەنەوە بۆ بارهاتنی مناڵێکی پەروەردە تەندروست، مناڵانی بەشێکی زۆر لەو خێزانە لێکترازاوانەی کورد، لەلایەنە گرنگەکەی دایک و باوک بێ بەش دەبن لەپەروەردەکردنیان، بەهۆی ئەوەی لە مافی مانەوەیان لای دایک و باوک. وەک مەلەکان بەشێکی تەمەنیان بە کوێستان و گەرمیانکردن، بۆ لای دایک و باوک سەرف دەکەن، کە ماوەیەک لای دایک و ماوەیەک لای باوکن، لەوێش توش بەشێوازی جیای بیرکردنەوە لە پەروەردەکردن دەبنەوە و بگرە توش بەقومارێکی نارەوا دەبنەوە لە کردنەوەی زیاتری دەرگای ئازادی بەڕوویاندا، بۆ سەرنجراکێشانیان، دایک بۆ ئەوەی بیکاتە مناڵی دایکی و باوکیش بەپێچەوانەوە، دکتۆر حسەین خەلیقی شارەزای فەلسەفە، بۆ سڤیل ئەو گەرمیان و کوێستان کردنەی مناڵ وەک کارەسات و وەک لایەنێکی بێ چارەسەریش ناوی دەبات و دەڵێت”پیاوەکانمان توانای ماڵئاواییان لەسالاری خۆیان نییە و ژنەکانیشمان بەداخەوە ناتوانن بەشێوەیەک مامەڵە لەگەڵ ئەو ئازادیەدا بکەن کە بنەماو شیرازەی ماڵەکەیانی تیا گرەنتی بکەن، تا وەک ئێوە دەڵێن مناڵەکان گەرمیان و کوێستان نەکەن و توشی ئەو چارە رەشییە نەبن، کە دەردێکی زۆر گرانە،بەڵام سەیرەکە لەوەدایە کوردە خوێندەوارەکان ئەوانەی زانکۆیان لەوڵاتی خۆیان یان لێرە خوێندووە زیاتر توشی ئەو گێرەو کێشە دەبن، تا ئەوانەی کە بەنەخوێندەواری هاتونە دەرەوە. گەرمیان و کوێستانی مناڵەکان جیا لە هەستکردن بە نارەحەتی دەرونی مناڵەکان. جیا لە سەرفکردنی تاقەیان لەم جێگۆڕکێ، توش بە بیرکردنەوەی جیاوازی دایک و باوکەکانیان دەکات لە ڕێکخستنی بەرنامەی پەروەردەکردنیان بەشێوەیەک گونجاوبێت لەگەڵ پەروەردەگشتییەکە، ئەمەش دەردێکی سەختە و چارەسەریشی ئاسان نییە”.
خەلیقی زیاتر لەباری ئەو مناڵانەوە دەڵێت”ئەو منداڵە کوردانەی کە لێرە لەدایک دەبن یان لێرەن و کەمتر پەیوەندییان بەکوردستانەوە هەیە،٩٠% یان نابنە ماڵ بۆ داهاتووی کوردستان، تەنانەت پسپۆڕیش لێرە وەربگرن ناچنەوە خزمەت لەکوردستاندا بکەن، ئەوان بەوشێوەی ئێرە کە لە فەرهەنگی سویدو کەلتوری سویددا هەیە بارهاتوون، باوک و دایک و کەس و کاریش ئەگەر زۆر ورد و زیرەک و لێهاتوو نەبن کە گونجانێک دروست بکەن لەنێوان کلتورە جیاوازەکان، ناتوانن رێنوێنیان بکەن و عەقڵیەتێک کەخۆیان هەیانە بیسەپێنن بەسەر ئەواندا، جا چ بگات بەو مناڵانەی کە وەک ئێوە دەڵێن گەرمیان و کوێستانی لای دایک و باوک دەکەن، ئەو جیابونەوەی نێوان دایک و باوک و ئەو کێ بەرکێ لەسەر پێدانی ئازادی زیاتر بەبێ مانا بۆ سەرنجگرتنی و لەداخی یەکتر ئیستغلال دەکەن، ئەوانەش دەبێتە هۆکاری کوشتنی مناڵ، کوشتن بەمانای فیزیکی نا، بەڵام دەبێتە هۆی مەرگی فەرهەنگی کلتوری و هێزی تاکیی مناڵەکە و لەداهاتوودا ناتوانن ئینسان گەلێکی بەسود بن بۆ کۆمەڵگەی خۆیان و تەنانەت سویدیش، ئەو مناڵانەی کە ئاوایان لێدێت، دەبنە قوربانی تێنەگەشتنی دایک و باوک بەتەواوی شیرازەی ئەخلاقی و فکری و پەروەردەییان تێک دەچێت بەسەریەکدا و لەدوارۆژدا پێم وانییە بتوانن خۆیان لەباری سایکۆلۆژیش ساخ بکەنەوەو توشی تەنگەژە دەبن”.
هەر لەبارەی کێشەی خێزانەکانی کورد لە ئەورپا، پێشتر پیاوێکی کورد لەڕێگای سڤیلەوە هانای بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان برد، کەبیر لە کێشەی خێزانەکوردەکانی ئێرە بکاتەوە لەڕێگای رێکخراوە کۆمەڵایەتییەکانەوە، ئەو پێی وابوو کارکردن لەسەر کۆمەڵی کوردی لەدەرەوە کارکردنە لەسەر بەشێکی گرنگی ئەمنی قەومی، و پشتگوێ خستنیشی پێچەوانەکەی، بەڵام دکتۆر حسەین خەلیقی، پێی وایە”حکومەتی هەرێم ناتوانێت لەو بارەوە دەورێکی کاریگەر ببینێت، ئەوە ئێمەین وەک کوردانی دەرەوە ئەگەر بتوانین کاری بۆ بکەین، ئێمە وەک کورد لەسوید خومان بەوە نەگرتووە کۆمەڵگەی مەدەنی دروستبکەین و پێکەوە هاریکاری بکەین، خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت کورد لەبنەمادا ناتوانن پێکەوە هاریکاری بکەن، کۆمەڵەیەک دروست دەکەن و بەخێزانی مانگی جارێک یان دوو جار کۆ دەبنەوە، دواتر شەڕو کێشە لەنێوان خۆیان دروست دەکەن و ناتوانن بەردەوام بن بەیەکەوە، ئەگەر ئێمە وەک کورد بۆخۆمان بتوانین کۆڕ و کۆمەڵێکی مەدەنی دروست بکەین، ئەو خەڵکە کۆبکەینەوە لەمانگێکدا چەند جارێک جەژن و بەرنامەو سیمینارێک و و کارێکی هونەری و کۆبونەوەیەکی خێزانی و خەڵات و کێ بەرکێیەک بۆ مناڵەکان و راگواستنی بەشێک لەکلتورەباشەکەی خۆمان بۆ مناڵەکانمان ئاشناکردنیان بەبەشێک لەداب ونەریتە باشەکانی خۆمان ئەنجام بدەین، پێویست بەحکومەتی هەرێم ناکات، پێم وانیە حکومەتی هەرێمی کوردستان بتوانێت ئەو کارە بکات، ئێمە وەک کورد لەدەرەوە بۆخۆمان و عەقڵیەتی خۆمان توانای ئەوەی نییە و ناتوانێت ئەو رێگا ببڕێت، حکومەتی هەرێم لەو دوورەوە چی بۆ ئێمە بکات؟، بەدەیان جار کۆڕو کۆمەڵ پێک هاتووە بۆ ئەوەی کارێک بکەین چارەنوسی ئەو مناڵانە ئاوای بەسەر نەیەت و کەسانی پسپۆڕ بهێنین لەگەڵیان دابنیشن و هاتووچۆ بکەن، دوای یەک دوو کۆبونەوە بەداخەوە بڵاوەی لێکراوە، چونکە کورد نەک ناتوانێت کاری سیاسی پێکەوە بکات، بەڵکو ناتوانین کاری کۆمەڵایەتیش بەیەکەوە بکەین، رقەبەری دەکەین و یەکتر تەحەموول ناکەین، بۆ بێگانە ئامادەین کڕنووش بەرین، بەڵام ناتوانین پێکەوە هاریکاری یەکتر بکەین، بنکەیەکی کۆمەڵایتی یان فەرهەنگی دابنێین، کۆمەڵێک دروست بکەین و تێیدا کۆبینەوە، دەردێکی زۆر گرانە بۆخۆمان دروستمان کردووە بۆخۆمان تاوانبارین و حکومەتی هەرێم هیچ دەسەڵاتێکی لەوەدا نییە، ئەگەر چارەشمان بوێت خۆمان لێرە دەبێت چارەی بکەین”.

لەژمارە 113 ی گۆڤاری سڤیل چاپکراوە.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com