مه‌لا به‌ختیار: به‌م نزیكانه كۆبوونه‌وه‌ی نێوان یه‌كێتی و پارتی و گۆڕان ساز ده‌كرێت
نوچه‌نێت: سلێمانی
مه‌لا به‌ختیار به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان رایگه‌یاند، به‌منزیكانه كۆبوونه‌وه‌ی نێوان پارتی و یه‌كێتی و گۆڕان و لایه‌نه‌كانی تر ساز ده‌كرێت.
له چاوپێكه‌وتنێكی كه‌ناڵی ئاسمانی گه‌لی كوردستان، كه ئه‌مشه‌و رێكه‌وتی (14/3/2011) ساز كرا، مه‌لا به‌ختیار به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشیمانی كوردستان رایگه‌یاند، به‌م نزیكانه كۆبوونه‌وه‌ی نێوان یه‌كێتـی و پارتی و گۆڕان ساز ده‌كرێت، مه‌لا به‌ختیار وتی “له پارتی كاك فازل میرانی و منیش وه‌ك یه‌كێتی به‌شداری ده‌كه‌ین و له‌م نزیكانه كۆبونه‌وه‌كه ده‌ست پێده‌كات، كه كۆبوونه‌وه‌یك ده‌بێت له نێوان یه‌كێتی و پارتی و گۆڕان، برایانی كۆمه‌ڵی ئیسلامی و یه‌كگرتووی ئیسلامیش له كۆبوونه‌وه‌كه به‌شدار ده‌بن”.
مه‌لا به‌ختیار، هۆشداری ئه‌وه‌شیدا، ئه‌گه‌ر كۆبوونه‌وه‌كان نه‌گه‌نه ئاكامێكی باش، ئه‌وا “بارودۆخی سیاسی به‌ره‌و ئاڵۆزی ده‌چێت، هه‌رچه‌نده من ره‌شبین نیم، ئه‌گه‌ر له كۆبوونه‌وه‌كه‌ش به‌ره‌و ئاقاری باشتر بڕوات، ئه‌وا شته‌كانی تریش ده‌بنه شتێكی ئاسایی”.
مه‌لا به‌ختیار باسی ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌شی كرد كه له ماوه‌كانی رابردوودا له نێوان یه‌كێتی و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌نجام دراون، وتی “ئێمه و گۆڕان ده‌رگایه‌كی مێژوویی گرنگمان كرده‌وه، كه له گفتوگۆكان به‌رده‌وام بین، به‌ڵام به گۆڕانیشمان وت، ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه په‌یوه‌ندییان به حكومه‌ته‌وه هه‌یه، به‌بێ پارتی ناتوانین بڕیاری له‌سه‌ر بده‌ین، بۆیه هه‌ردوو لامان پێمان باش بوو پارتی بێته ناو كۆبوونه‌وه‌كان”.
مه‌لا به‌ختیار باسی ئه‌وه‌شی كرد، یه‌كێتی داواكاری خۆپیشدان ره‌ت ناكاته‌وه، وتیشی “ئه‌گه‌ر تێكه‌ڵ به ئه‌جێندای سیاسی لایه‌نه‌كانیش بكرێت، ره‌تی ناكه‌ینه‌وه، به‌ڵام به مه‌رجێك له چوارچێوه‌ی عه‌قڵانییه‌تی سیاسی‌دا بێت”.
مه‌لا به‌ختیار ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد، كه په‌یوه‌ندی ژێر به ژێر له نێوان یه‌كێتی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕاندا هه‌بووه، وتی “چه‌ندینجار كۆبوونه‌وه‌ی دۆستانه هه‌بووه له نێوان ئێمه و گۆڕاندا، مه‌سیجیش له نێوان مام جه‌لال و كاك نه‌وشیروان گۆڕاوه‌ته‌وه”.