ئاسۆی شێخ نوری: ئۆپۆزسیۆن هه‌رکات ده‌رفه‌تی بۆ هه‌ڵکه‌وێت دوو دڵنابێت له‌وه‌ی یه‌کێتی و پارتی بخاته‌ ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌

0

ئاسۆی شێخ نوری: ئۆپۆزسیۆن هه‌رکات ده‌رفه‌تی بۆ هه‌ڵکه‌وێت  دوو دڵنابێت له‌وه‌ی یه‌کێتی و پارتی بخاته‌ ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌

 

نوچه‌نێت: تایبه‌ت

ئاسۆی شێخ نوری ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ند یەکێتی، له‌م دیداره‌ی نوچه‌نێتدا، تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر بارودۆخی ئێستای یه‌كێتی و پێشیوایه‌ یه‌كێتی توانیویه‌تی كه‌لێنه‌كانی جیابوونه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان پڕ بكاته‌وه‌، ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو، كه‌ هه‌ر كات ئۆپۆزسیۆن بتوانێت، پارتی و یه‌كێتی ده‌خه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌.

نوچه‌نێت: ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی دامەزرا، سەرەتا باس لەوە دەکرا مۆدێلێکی نوێ دەبێت لەکاری حزبی و چاو دێر دەبێت، بەڵام ئیستا وەک پێویست نابینرێت رۆڵی خۆی گێڕا بێت، ئایا رۆڵی هەبووەو لەراگەیاندن شاراوە بووە، یان رێگری هەبووە بۆ ئەوەی رۆڵی خۆی ببینێت؟

ئاسۆی شێخ نوری: ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ند ئه‌زمونێکی نوێیه،‌ بۆیه‌ ئاساییه‌ ئه‌گه‌رهه‌ندێ که‌موکورتیشی هه‌بێت. کاری ئه‌نجومه‌ن کارێکی حیزبیه‌و بۆناوخۆی یه‌کێتی خۆیه‌تی، بۆیه‌ هه‌مووکات کار و چالاکیه‌کانی ڕاناگه‌یه‌نرێ چونکه‌ په‌یوه‌ندی به‌ناوخۆی یه‌کێتیه‌وه‌ هه‌یه‌.سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ڕێگری هه‌بونێت له‌به‌رده‌م ڕاپه‌راندنی ئه‌رکه‌کانیدا، ئه‌وه‌ به‌ڕاست نازانم چونکه‌ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌نجومه‌ن له‌ کۆنگره‌دا دیاری کراوه‌.

نوچه‌نێت: کێشەی بەکری حاجی سەفەر چییە و بۆچی هەرەشەی لەسەر ژیانی هەیە، بەرای تۆ بۆچی دەستی لەیەکێتی کێشایەوە؟

ئاسۆی شێخ نوری: ده‌ست له‌کار کێشانه‌وه‌ی کاک به‌کر ئه‌وه‌ له‌ دیداره‌کانی خۆیدا تیشکی خستۆته‌سه‌ر، سه‌باره‌ت به‌وه‌ هه‌ڕه‌شانه‌ی له‌سه‌ر ژیانی هه‌بێت به‌ڕای من په‌یوه‌ندی به‌هه‌ندێ کاروچالاکیه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ له‌بواری خه‌بات و تێکۆشانیدا ئه‌نجامی داوه‌. بۆیه‌ باشتروایه‌ ئه‌و پرسیاره‌ ئاڕاسته‌ی خۆی بکرێت.

نوچه‌نێت: دوای جیابونەوەی بزوتنەوەی گۆڕان پێتوایە یەکێتی بەپێی زەرورەت هەنگاوی نابێت بۆ خو نوێکردنەوەو پڕکردنەوەی ئەو فەراغەی گۆڕان لەریزەکانی دروستیان کرد، یان تا کو ئیستاش کارەکانی لەچوارچیوەی بەرنامەرێژی بۆ پرکردنەوە دەخولێتەوە، ئەگەر کردویەتی چی کردووە، ئەگەر نەیکردووە یان وەک پێویست نەبووە هۆی چی بووە؟

ئاسۆی شێخ نوری: ئه‌گه‌ر ته‌ماشای مێژوو یه‌کێتی بکرێت، ده‌بینین که‌ یه‌کێتی خۆی له‌ ئه‌زمه‌و قه‌یراندا له‌ دایک بووه‌، ژیانیشی پره‌ له‌ ڕووداوی له‌و جۆره‌، هه‌میشه‌ش سه‌رکه‌وتوانه‌ له‌وکێشه‌و ته‌نگوچه‌ڵه‌مانه‌ ده‌رباز بووه‌.مه‌سه‌له‌ی گۆڕانیش ئه‌گه‌ر چی که‌لێنێکی گه‌وره‌ی له‌یه‌کێتی کرده‌وه،‌ به‌ڵام توانرا به‌زوی شوێنی پڕ بکرێته‌وه‌ و شوێنه‌واره‌کانی بسڕێته‌وه‌.

نوچه‌نێت: ماوەیەک باسی نزیک بونەوەی بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی دەکرێت، تاچەند ئەگەری لێکنزیکبونەوەیەکی ستراتیژی هەیە، تاچەند ئەو میان و زەمینە هەیە کە کاری لەسەر بکرێت؟

ئاسۆی شێخ نوری: بوونی گۆڕان بۆته‌ ئه‌مری واقیع و وه‌ک هه‌موو حیزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانی تر بوونی هه‌یه‌، بۆیه‌ ده‌بێت یه‌کێتی له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ و وه‌ک هه‌موو لایه‌نه‌کانی تری سه‌ر گۆڕه‌پانه‌که‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بکات، له‌به‌رامبه‌ر گۆڕانکاریه‌کانی ناو عێراق و ناوچه‌که‌و پێشهاته‌ نوێکانێ کاندا پێویسته‌ کورد نێوماڵی خۆی ڕێکخات و خۆی بۆ هه‌موو ئه‌گه‌رێک ئاماده‌ بکات. بۆیه‌ نزیکبونه‌وه‌ی یه‌کێتی و گۆڕانیش هه‌ر له‌و دیدو سنوره‌دایه‌.

نوچه‌نێت: ئیستا یەکێتی و پارتی هەوڵی کۆبونەوەی لایەنە سیاسیەکان دەدەن، ئۆپۆزسیۆن رەتی دەکاتەوە، بەرای تۆ ئەوە تاچەند لەخزمەتی پرسی کوردە، ئەو هۆکارانەی باسی دەکەن بۆ رەتکردنەوە تاچەند هۆکاری مەنتقین، یان نامەنتقیان لەکوێدایە؟

ئاسۆی شێخ نوری:  پرسی نه‌ته‌وایه‌تی کورد پێویستی به‌یه‌ک ڕێزیه‌ له‌لایه‌ک، له‌لایه‌کی تریشه‌وه‌ پێویسته‌ بۆ چاره‌سه‌ری سه‌رجه‌م گرفت و کێشه‌ ناوخۆیه‌کانیش بۆ سه‌رمێزی دانوسان و گفتوگۆ بگه‌ڕێنه‌وه‌. بۆیه‌ ئه‌م پێداگیریه‌ی ئۆپۆزسیۆن به‌ مه‌نتقی نازانم.

نوچه‌نێت: سیاسییەک دەڵێت، پارتی و یەکێتی داوایان کرد جیا لە ئۆپۆزسیۆن و ئەوان لایەنەکانی تریش وەک چاودێر بەشداری کۆبونەوەکانی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات بکەن، ئۆپۆزسیۆن بە حکومی ئسیتحقاقی هەڵبژاردن و کەم دەنگهێنانی ئەو لایەنانە رەتیکردەوە، ئۆپۆزسیۆن کەمدەنگ هێنانی لایەنەکانی تر دەکاتە هۆکاری بەشداری نەکردنی ئەوان، بەڵام کەم دەنگهێنانی خۆی ناکاتە هۆکار بۆ قبوڵکردنی دەنگی زۆرینە کە دەسەڵاتە، تۆ رات چییە؟ لەیەک چوون و تەناقزچی دەبینیت؟

ئاسۆی شێخ نوری: ئۆپۆزسیۆن له‌وه‌ گومان ده‌کات که‌ ئه‌وحیزب و لایه‌نانه‌ی تر له‌ژێر کاریگه‌ری یه‌کێتی و پارتیدابن بۆیه‌ پێیان باش نیه‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ به‌شداری بکه‌ن له‌ دانیشتن و کۆبونه‌وه‌کاندا.

نوچه‌نێت: ئۆپۆزسیۆن لەدواین کۆبونەوەی سەرکردەکانی تەئکید لە چاکسازی دەکاتەوە لەسەر ئەساسی پاکێجەکانی خۆیان، لەو نێوانەدا پرۆژەو پێشنیارەکانی شەقام. پرۆژەکەی پارتی ویەکێتی چی لێ دێت، ئایا چاکسازی تەنها لەسەر ئەساسی پاکیجەکانی ئەوان، لەخۆیدا خستنە دەرەوەی بازنەی پارتی و یەکێتی نییە، بەگشتی خوێندنەوەت چییە لەو بارەوە؟

ئاسۆی شێخ نوری: ئاشکرایه‌ هه‌ سه‌رجه‌م حیزب و لایه‌نێکی سیاسی به‌ ئۆپۆزسیونیشه‌وه‌ له‌پێناو هاتنه‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات تێده‌کۆشن، بۆیه‌ ئۆپۆزسیۆن هه‌رکات ده‌رفه‌تی بۆ هه‌ڵکه‌وێت  دوو دڵنابێت له‌وه‌ی یه‌کێتی و پارتی بخاته‌ ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ده‌سه‌ڵات.

نوچه‌نێت: کاتی رادەستکردنەوەی حکومەتە بە پارتی، لەبەرانبەر ئەو دەنگانە رات چییە کەباس لە سەرنەکەوتنی د.بەرهەم ساڵح دەکەن لەئەرکەکانی، سەرکەوتنی لەکوێدا دەبینی. ئەو کارانە چین کە دەبوو لەماوەی سەرۆکایەتی بیکردایەو نەیکرد؟

ئاسۆی شێخ نوری: ڕاده‌ست کردنه‌وه‌ی حکومه‌ت بۆ پارتی ئه‌وه‌ ئیستیحقاق و مافی پارتی خۆیه‌تی و هیچ لایه‌نێک له‌وه‌ به‌گومان نیه‌.به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌وه‌ی گوایه‌ ده‌وترێت د.به‌رهه‌م  سه‌رکه‌وتونه‌بوبێت ئه‌وه‌ به‌هه‌ڵسه‌نگاندنێکی ناڕاست و بێ ویژدانی ده‌زانم.

نوچه‌نێت: فازل میرانی دەڵێت لەکاتی کێشەکانی بادینان، دەبوو سەرۆکی حکومەت سەردانی ناوچەکانی کێشەکەی بکردایە نەک خۆی بکردایە بەبارەگای یەکگرتوودا لە هەولیَر پێت وانیە ئەم رەخنە لەجێی خۆی بێت، بەرای تۆ بۆ وای نەکرد سەرۆکی حکومەت؟

ئاسۆی شێخ نوری: کاک فازڵ میرانی خۆی له‌هه‌موو که‌س باشتر له‌ واقعی به‌ڕێوه‌چونی حکومه‌تی هه‌رێم ده‌زانێت، که‌ تا ئێستا له‌ڕووی به‌رپرسیاریه‌تی لۆکاڵیه‌وه‌ هه‌رێم هه‌ر به‌سه‌ر دوو ناوچه‌دا دابه‌ش بوه‌. هه‌موو به‌رپرسه‌کانی سنوری دهۆک و زاخۆ سه‌ربه‌ پارتین باشتروابو کاک فازیل داوای له‌ وه‌زیری ناوخۆ بکردایه‌ سه‌ردانی ئه‌و سنوره‌ی بکردایه‌.سه‌ردانی کاک د.به‌رهه‌میش بۆ باره‌گاکانی یه‌کگرتوی ئیسلامی هه‌ر بۆ هێورکردنه‌وه‌ی دۆخه‌که‌ بووه‌ پێم وانیه‌ ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی سیاسه‌تی پارتی و به‌ڕێز کاک مه‌سعودیش بێت.

 

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com