قادر عه‌زیز بۆ نوچه‌نێت: ده‌سه‌ڵات به‌شێوازی سه‌قه‌تی حكومڕانی، كوردستانی دووچاری كێشه‌و قه‌یران‌ كردۆته‌وه‌

0

قادر عه‌زیز بۆ نوچه‌نێت: ده‌سه‌ڵات به‌شێوازی سه‌قه‌تی حكومڕانی خۆی كوردستانی دووچاری ئه‌و كێشه‌و قه‌یرانانه‌ كردۆته‌وه‌

 

     نوچه‌نێت: به‌همه‌ن عومه‌ر

 

له‌ وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی نوچه‌نێت دا قادر عه‌زیز سه‌رۆكی حزبی زه‌حمه‌تكێشانی سه‌ربه‌خۆی كوردستان، باس له‌ روداوه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی كوردستان و شاری سلێمانی ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ده‌سه‌ڵاتی كوردی خۆی دروستكه‌ری كێشه‌كانه‌و هه‌ر خۆشی ده‌بێت چاره‌سه‌ر یان بكات.

 

نوچه‌نێت: به‌گشتی دۆخی ئێستا كوردستان چۆن ده‌بینیت و پێتوایه‌ روداوه‌كانی ئه‌م دواییه‌، هه‌رێمی كوردستان به‌ چ ئاراسته‌یه‌كدا ده‌ڕۆن؟

قادر عه‌زیز: بارودۆخی كوردستان ده‌كرێ له‌ دوولایه‌نه‌وه‌ سه‌یر بكرێت، لایه‌كیان هۆشیاربوونه‌وه‌ی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگایه‌ به‌ئه‌ركی سه‌رشانی  خۆیان و به‌شداری ڕاسته‌وخۆیان له‌ پرۆسه‌ی سیاسی و له‌ئه‌نجامدانی گۆڕان و چاكسازی له‌ بارودۆخه‌كه‌دا، ئه‌مه‌یان وه‌ك ئێستا له‌ شه‌قامی كوردستان ده‌بینین پێشكه‌وتنێكی یه‌كجار گه‌وره‌و ئومێد به‌خشه‌ و چاوه‌ڕوانی ئاینده‌یه‌كی زۆر گه‌شی لێده‌كرێ، لایه‌كه‌ی تریان هه‌ستنه‌كردنی ده‌سه‌ڵاته‌ به‌ به‌رپرسیاریه‌تی خۆی و گوێنه‌دانیه‌تی به‌ داواو داخوازیه‌كانی خه‌ڵك له‌ چاكسازی بارودۆخه‌كه‌دا، ئه‌م لایه‌نه‌یان زۆر نه‌رێنی و خه‌ته‌رناكه‌و به‌دڵنیایه‌وه‌ وابڕوا به‌ركه‌وتنیش له‌نێوان خه‌ڵك و ده‌سه‌ڵات دروست ده‌كات و بارودۆخه‌كه‌ به‌ئاراسته‌ی توندوتیژی و قوڵكردنه‌وه‌ی زیاتری كێشه‌و قه‌یرانه‌كان ده‌بات، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا ده‌سه‌ڵات ده‌توانێت له‌ڕێگه‌ی به‌ پیره‌وه‌ چوونی داخوازیه‌كانی خه‌ڵك ئه‌م خۆپیشاندانانه‌ی ئێستا به‌ قازانجی چاكسازی و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان بگوڕێ به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ هه‌م خۆی و هه‌م بارودۆخه‌كه‌ش قازانجی لێبكه‌ن، لێره‌دا به‌ڕوونی بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ هه‌ستكردن به‌ به‌رپرسیاریه‌تی و به‌ په‌رۆشی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌و قه‌یرانه‌كان لای خه‌ڵك زیاتره‌ وه‌ك لای ده‌سه‌ڵات، چونكه‌ له‌كاتێكدا ده‌سه‌ڵات به‌شێوازی سه‌قه‌تی حكومڕانی خۆی كوردستانی دووچاری ئه‌و كێشه‌و قه‌یرانانه‌ كردۆته‌وه‌ به‌ڵام ئاماده‌ نییه‌ گوێ له‌ خه‌ڵك و لایه‌نه‌كان بگرێ بۆ چاره‌سه‌ركردنیان، به‌واتایه‌كی تر ده‌سه‌ڵات به‌رپرسه‌ له‌ دروستكردنی ئه‌م كێشانه‌، به‌ڵام له‌چاره‌سه‌ركردنیان خۆی به‌ به‌رپرسیار نازانێت.

نوچه‌نێت: لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان ده‌توانن چ رۆڵێكیان هه‌بێت له‌ هێور كردنه‌وه‌ یان گرژكردنی شه‌قامدا؟

قادر عه‌زیز: بێگومان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان ڕۆڵیان هه‌یه‌ له‌ هێوركردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه‌، به‌ڵام به‌مه‌رجێك ده‌سه‌ڵات ئاماده‌بێت بۆ ئه‌نجامدانی چاكسازی له‌ بارودۆخه‌كه‌دا، بۆیه‌ وه‌ك چۆن سیاسه‌ته‌كانی ده‌سه‌ڵات خۆی هۆكاره‌ له‌دروست بوونی ئه‌م بارودۆخه‌ كه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ كلیلی هێوركردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه‌ش زیاتر له‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵاته‌.

نوچه‌نێت: كێن ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر شه‌قامن و كێن ئه‌وانه‌ی كه‌ شه‌قام ده‌جوڵێنن؟

قادر عه‌زیز: ئه‌وانه‌ی ئیمڕۆ له‌سه‌ر شه‌قامن و ئه‌وانه‌ش شه‌قام ده‌جوڵێنن لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان، خه‌ڵكانی ڕۆشنبیرو سه‌ربه‌خۆ، زانایانی ئاینی، ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی، گه‌نجان و مامۆستایان و خوێندكارانی زانكۆو په‌یمانگاو كرێكارو كاسبكارانی شارو شارۆچكه‌كانن، ئه‌مه‌شیان دیارده‌یه‌كی یه‌كجار ئه‌رێنییه‌ كاتێك هه‌موو تاكێكی كۆمه‌ڵگا ئه‌ركی گۆڕینی دۆخێكی خراپ له‌ وڵاته‌كه‌یدا ده‌خاته‌ سه‌رشانی خۆی و به‌شداری ڕاسته‌وخۆی تێدا ده‌كات.

نوچه‌ نێت: ئێوه‌ وه‌ك یه‌كێك له‌ حیزبه‌كانی كوردستان له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا چ به‌ره‌یه‌كدان؟

قادر عه‌زیز: ئه‌وه‌ بۆ حزبێكی وه‌ك ئێمه‌ پرسیاری ناوێ‌، ئێمه‌ له‌وه‌ته‌ی هه‌ین هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ داواو داخوازیه‌كانی خه‌ڵكی خۆمان بووین، ئێمه‌ بۆئه‌وه‌ دروست بووین كه‌ داكۆكی له‌ مافه‌ڕه‌واكانی گه‌له‌كه‌مان بكه‌ین، جا ئه‌م مافانه‌ سیاسی بن یا ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیری، دیاره‌ له‌م هه‌ڵوێسته‌شماندا له‌پێشه‌وه‌ بووین و باجی زۆریشمان داوه‌.

نوچه‌نێت: له‌ لایه‌كه‌وه‌ باس له‌وه‌ ده‌كرا كه‌ قادر عه‌زیز به‌نیازه‌ بچێته‌ ناو یه‌كێتی، به‌ڵام له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ ئێوه‌ جاڕی ئه‌وه‌تاندا كه‌ ده‌تانه‌وێت بزوتنه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری دروست بكه‌ن ئه‌وه‌ چۆن لێكده‌ده‌یته‌وه‌؟

قادر عه‌زیز: مه‌سه‌له‌ من نه‌بووم بۆ ناو یه‌كێتی، به‌ڵكو ڕاستیه‌كه‌ی ئه‌وه‌ بوو كه‌ یه‌كێتی خۆی به‌رنامه‌یه‌كی وای به‌ده‌سته‌وه‌ بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نانه‌ یه‌كبگرێته‌وه‌ كه‌ پێشتر به‌یه‌كه‌وه‌ بوون له‌ناویشیاندا حزبی زه‌حمه‌تكێشان، به‌ڵام دیاره‌ زه‌مینه‌ خودی و بابه‌تیه‌كه‌ بۆ هه‌نگاوێكی له‌م جۆره‌ له‌بار نه‌بوو، سه‌باره‌ت به‌و بزوتنه‌وه‌ جه‌ماوه‌ریه‌ش كه‌باسی ده‌كه‌یت، وه‌ك ده‌زانی ئێمه‌ حزبی خۆمان هه‌یه‌، به‌ڵام له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌داین فراوانتری بكه‌ین و زیاتر له‌داواو داخوازیه‌كانی جه‌ماوه‌ر نزیكبینه‌وه‌.

نوچه‌ نێت: ئه‌و بزوتنه‌وه‌ی ئێوه‌ چ جیاوازیه‌كی ده‌بێت له‌ گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا؟

قادر عه‌زیز: وه‌ك باسمكرد ئێمه‌ ئه‌وه‌ی هه‌مانه‌ ده‌مانه‌وێ‌ فراوانترو به‌جه‌ماوه‌ری تری بكه‌ین، له‌وانه‌یه‌ ئه‌م بارودۆخه‌ی ئێستاش كه‌ هاتۆته‌ پێشه‌وه‌ زه‌مینه‌ی جۆره‌ ڕیزبه‌ندیه‌كی تازه‌ له‌گه‌ڵ خۆیدا بێنێته‌ كایه‌وه‌ ئه‌ویش وه‌ك ده‌ڵێن به‌ حوكمی زه‌قبوونه‌وه‌ی سه‌نگه‌ره‌كان ، دیاره‌ خۆشبه‌ختانه‌ش گۆڕانی ناوچه‌كه‌ به‌ره‌و دیموكراسی و كاریگه‌ری ئه‌م گۆڕانكاریه‌ش له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و فشاری شه‌قام بۆ چاكسازی ئه‌مانه‌ هه‌مووی به‌ قازانجی ئێمه‌و به‌ قازانجی ده‌ركه‌وتنی ئه‌و جۆره‌ هه‌نگاوانه‌یه‌.

نوچه‌نێت: سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆران هه‌یه‌ چ زه‌روره‌تێك هه‌یه‌ بۆ دروست كردنی بزوتنه‌وه‌یه‌كی تازه‌؟

قادر عه‌زیز: بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌رچه‌نده‌ هێزێكی گۆڕان خوازی گه‌وره‌ی له‌خۆیدا كۆكۆدۆته‌وه‌، به‌ڵام خه‌ڵكه‌ ناڕازیه‌كه‌ زۆر له‌مه‌ زیاتره‌ كه‌ ده‌كرێ‌ هێزو لایه‌نه‌كانی تر لێیان نزیكبنه‌وه‌و كۆیان بكه‌نه‌وه‌.

نوچه‌نێت: ئایا به‌نیاز نییت بێته‌وه‌ هه‌ولێر بۆ ئه‌نجامدانی خۆپیشاندان؟

قادر عه‌زیز: نابێ ئێمه‌ خۆمان داوای خۆپیشاندان بكه‌ین، به‌ڵكو ده‌بێ خه‌ڵكی هه‌ولێریش وه‌ك خه‌ڵكی سلێمانی خۆیان خۆپیشاندان بكه‌ن كه‌ ئه‌مه‌یان خۆڕسكترو كه‌م حساسیه‌ت تره‌و داواو داخوازیه‌كانیشیان باشتر وه‌رده‌گیرێت.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com