رون كردنهوهیهك له سهرۆكایهتی ههرێمهوه
ئەوەی روون و ئاشكرایە كە هەرێمی كوردستان وەك ئەركێكی نەتەوایەتی و لە پێناو پتەوكردنی یەكڕیزیی گەلی كورد لە كوردستانی سووریا، هەموو ئاسانكارییەكی پێشكەش كرد تاوەكو رەوەندی كوردی ئەو بەشەی كوردستان بتوانن لە كەشێكی ئازاددا تاوتوێی رەوشی خۆیان بكەن، بۆ ئەم مەبەستەش بێجگە لە رەوەندی كوردی سووریا لە دەرەوە، سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكانیش بانگهێشت كرابوون لە نێویانیشدا پارتی یەكێتی دیموكرات (پەیەدە)، ئەوەبو لە كۆتاییدا خۆیان پاشگەزبوونەوە، ئەگینا بەر لەوەی پەشیمان ببنەوە باسی كۆنگرەیان لەگەڵدا كرابوو و دەبوایە بەشداربوونایە، بەڵام لە ئەنجامدا سەرجەم بانگهێشتكراوان هاتن ئەوان نەبن، هۆكاری ئامادەنەبوونیشیان لای خۆیانە و بۆ خۆیان دەگەڕێتەوە، بۆیە رایدەگەیەنین كە قسە و لێدوانەكانی پارتی ناوبراو گوایە بانگهێشت نەكراون، هیچ راستییەكی بۆ نیە.
(پەیەدە) بێجگە لەو بیانووەشی، لەم قۆناغە هەستیارەی كە كوردستانی سووریا پێیدا دەرباز دەبێت، دەیەوێ ئەو قسە ناڕاست و بێ بنەمایە بۆ ناو كۆمەڵگای كوردستانی دزە پێبكات كە گوایە كۆنگرەی هەولێر پەرتبوون و دووبەرەكیی دەخاتە نێو ریزەكانی كوردەوە، ئەم عوزرەش لە قەباحەتی پێشووی گەورە ترە، چونكە رای گشتی كوردستان ئاگادارە كە كۆنگرەی هەولێر بۆ پتەوكردنی نێو ماڵ و یەكڕیزیی و یەكهەڵوێستی كورد بووە و بێجگە لە رەوەندی كورد و نووسەر و رۆشنبیر و كەسایەتی سەربەخۆ و نوخبەی كوردی سووریا بە گشتی لە بیست و پێنج وڵاتی جیهان، زۆربەی هەرە زۆری ئەو حزب و لایەنە سیاسیانەش تێیدا ئامادەبوون كە رۆَڵیان لە مەیدانی سیاسیدا هەیە، با گەلی كوردستانیش ئەو حوكمە بدات؛ تەفرەقە و دووبەرەكی لە كوێ و لە چی كۆنگرەی هەولێر بەدی دەكرێ، ئەو هەموو وڵاتپارێزە بەڕێزەی بەشدار بوون، چۆن لە كۆنگرەیەكدا ئامادە دەبن مەبەست لێی نانەوەی تەفرەقە بێت!، كام مەنتق قبووڵی ئەوە دەكات ئەو هەموو خەڵكە و ئەو هەموو هێزە سیاسییە چاوپۆشیی لە هەنگاوێك بكەن دووبەرەكی لێ بكەوێتەوە، یان تاقە لایەنێك كە خۆی نەیویستووە ئامادە بێت، بە كامە مەنتق تەنیا خۆی پێ پەسەندە و زۆرینەشی بەلاوە تەفرەقەچییە!.
لە كۆتاییدا یەك شت دەڵێین، ئەویش ئەوەیە كە قسە و بەیاننامەی (پەیەدە) رێك لە قسە و لێدوانەكانی دەوڵەت باخچەلی دەچن و دوو شێوازی هاوشێوە و هاومەبەستن و لە یەك دید و عەقڵییەتەوە سەرچاوەیان گرتووە بۆ دژایەتیكردنی كورد، ئەو قسانەیان ئەوەندە ئاشكرا و بێ پێچ و پەنا پەیامی دژ بە كوردن، هەر شیكردنەوەشیان پێویست نیە.
وتەبێژێك بە ناویسەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان1-2-2012