نەریمان بابان بۆ خۆپیشاندەران:نەکەن ڕێگا بدەن ناڕەزایی رەوای خۆتان ببێتە جێی تەراتێنی سیاسیەکان، ئەوانەی باکیان نیە بەخوێن رشتن

0

پەیامێک لە نەریمان بابانەوە بۆ گەنج و خەڵکە بەدەنگهاتووەکانی وڵات

نەریمان بابان بۆ خۆپیشاندەران:نەکەن ڕێگا بدەن ناڕەزایی رەوای خۆتان ببێتە جێی تەراتێنی سیاسیەکان، ئەوانەی باکیان نیە بەخوێن رشتن

هاونیشتیمانیانی خۆشەویست، گەنجانی پشتگوێ خراوی کوردستان لە غوربەت و لە دوری نیشتیمانەوە سڵاوتان لێ دەکەم، پێتان ئەڵێم ئازارەکانتان ئازاری منن، بەهەموو ئازادانێکی ئێوە رۆحم دەکوژرێت.

 گەنجانی خۆشەویست لەدووری ئێوەو لەدوری وڵاتەوە هەست بە ئازارەکانتان دەکەم و لەگەڵ هەموو داواکارییەکتانم. راستە لێتان دوورم، بەڵام لەگەڵ هەموو خەمەکانتان دەژیم، لێتان دوورم بەڵام لەم دوورە هەموو ساتێک لەگەڵ ئێوە هاوار دەکەم و لەگەڵ هەر هاوارێکی ئێوە هاوار بۆ ڕاگرتنی پشتگوێ خستنی وڵاتەکەم و شارەکەم دەکەم، خۆتان دەزانن و بەرهەمەکانم لە ڕابردوو گەواهی دەدەن ئەوکاتی کە خەڵک بێ باک بوو لە پشتگوێ خستنی ئێوە من پەرتەوازەبوون و بێ وڵاتکردنی ئێوەم دەلاواندەوە، گۆرانیم بۆ خەمەکانتان دەچڕی و شینم بۆ بێ مافەکردنتان دەکرد، ئێستاو داهاتوش لەگەڵتانم چونکە ئەوەی من بە ئێوەوە دەبەستێتەوە رۆح و خۆشەویستی راستەقینەو تێگەشتنمە لە ئەرکی هاونیشتیمانیم لەگەڵ ئێوە.

گەنجانی ئازیزی وڵات، خوێنگەرمە راپەڕیوەکانی کوردستان، دایک و باوکانی جەرگ سوتاو، ئێوە هاوار دەکەن بەدەنگی زوڵاڵتان، کە راستی و دڵسۆزی بۆ وڵات باکگراوەندییەتی، هەموو ئەو گوێیانەتان زرنگاندەوە کە لەمێژە نابیستن، هەموو ئەو چاوانەتان کردەوە کە نەیاندەبینی، ئێوە لە مێژە لەناو ئازاری پشتگوێ خستندان و ناتان بینن، لەزوەوە دەنگێکی زوڵاڵن و ناتان بیستن، لەزوەوە هێزی بەردەوام بونی وڵاتن و بەرچاوتان ناگرن، بەڵام ئەمڕۆ بە دەستگرتنی یەک و هاودەنگیتان توانیتان دەنگتان بەسەر نابیستەکان فەرز بکەن، خەونی ئەوانە بزڕێنن کە پێیان وابوو بە قسەی ئاڵوواڵا دەتوانن تاسەر لەگەنجێتیتان بخەن، لەم دوورەوە هاودەنگتانم بەردەوام هاوار بکەن، بانگی خزمەتکردنی شاروو وڵات بکەن، بانگی راگرتنی پشتگوێ خستنی نیشتیمان بدەن، بانگی راگرتن و راماڵینی مەهزەلەکردن بەسامانی وڵاتەکەتانەوە بدەن، زۆر وترا زۆر نوسرا بەڵام بینتان تا دەنگی زوڵاڵی ئێوە بەرز نەبوەوە، کەس بەدەم وتن و نوسینەوە نەهات، دەنگی ئێوە هەمووی هێنا قسەو ناچاری بستنی کردن، ئێوە بینتان ئەگەر ئێوە بتانەوێ دەنگتان ببیسترێ، دەبیسترێ، گەر بتانەوێ چیدی یاری بەچارەنوسمان نەکرێت، ناکرێت.

 ئازیزانم باوک و دایک و براو خوشکە بەدەنگ هاتووەکان، گەنجە ئازاو ئازادەکانی وڵات هۆشیاربن سەرکەوتنی دەنگ هەڵبڕینتان مەستتان نەکات، خۆشەویستیتان نەگۆرێتەوە بەڕق، خەباتی ئێوەش وەک خەباتی سیاسیەکان مێژووەیەکی پڕ لە رق نەنوسێتەوە بۆ شارو وڵاتەکەتان، ئێوە بەو دەنگە زوڵالەتان، بانگی خۆشەویستی و یەکتر قبوڵکردن بدەن، نەکەن لەیادی بکەن وڵات پێویستی بەهەموومانە، باش و خراپمان وەک یەک خەڵکی ئەو وڵاتەین و دەبێت رۆژێک نەبێ بیر لەوە بکەینەوە بەدەستی ئێمەی پشتگوێ خراو ئێوە گەنجانی بێ بەشکراو تاکە کوردێک لەوڵات ئاوارە بکرێت.

گەنجان و خەڵکی ناڕازی کوردستان ئێوە لە چینە پشتگوێ خراوو بێ بەشکراووەکەی وڵاتن، لەوانەن چێژی تاڵی بێ بەشکردن و مەزڵومیتان چێشتووە، ئەوانەن دەزانن ڕق لێ بوون چ کارەساتێک بۆ وڵات دەهێنێت، بۆیە تکام وایە لەجێی منییش تا ئەوکاتی دێمەوە ناوتان و لەئامێزتان دەگرم، هاوشانی داخوازییە رەواکانتان بانگ بۆ خۆشەویستیش بدەن، ئەبێت ئەو شۆڕشەی ئیوە بەرپاتانکردووە شۆرڕشی گێڕانەوەی ماف بۆ مافخوراوەکان، جوانی بۆ جوانی زەوت کراوەکان، شۆڕشی کۆتا هاتنی ناعەدالەتی و بێ دادیی بێت، هاوکات شۆرشی لێبوردەی و یەکتر قبوڵ کردن و خۆشەویستیش بێت، نەکەن لەیادی بکەن وڵاتەکەمان تاکو ئەمرۆش بێ مەترسی نیە، نەکەن ڕێگا بدەن ناڕەزایی رەوای خۆتان دەنگ هەڵبڕینی مەردانەو شەرفمەندانەی خۆتان ببێتە جێی تەراتێنی سیاسیەکان، ئەوانەی باکیان نیە بەخوێن رشتن، باکیان نیە بە زیاتر پارچەکردنی وڵات و بریندارکردنی نیشتیمان و جەرگ سوتانی دایک و باوکە خۆشی نەدیوەکان، دەنگم لەگەڵ دەنگتانە هاوار بکەن، بۆ نەهێشتنی ناعەدالەتی و بێ دادی، بانگی بنبڕکردنی گەندەڵی بدەن، دەنگم لەگەڵ دەنگتانە، بانگی خزمەتگوزاری وڵات و وەرگرتنی مافەکانتان بکەن، بانگی یەکتر خۆشویستن و یەکتر قبوڵکردن بدەن، دەنگم لەگەڵ دەنگتانە، راستە لەخاکدا ڕوبەرێکی مەزن لەنێوان من و ئێوەدا هەیە، بەڵام لەڕۆح و هاوڕایم لەگەڵ ئێوە، بۆ داواکاری مافەکانتان مویەک بەنێوان من و ئێوە گەنجانی وڵاتەکەمدا ناچێت. تکایە پەیامی من بۆ ئێوە خۆشەویستیە، تکای من لەئێوە پاراستنی وڵات و هێمنی نیشتیمان و یەکتر قبوڵ کردنە، نەکەن ئیستفزازی سیاسیەکان توڕەتان بکات و رەوایەتی بەهەوڵی بێ دەنگکردنی خۆتان بدەن، نەکەن لەسەرکەوتنتان زمانی حیوارو یەکترقبوڵکردن رەتکەنەوە، نەکەن بەهەمان ڕێی سیاسیەکاندا بڕۆن و سەرکەوتن غرورتان بکات، ئێوە دەبێت لێبوردەبن، بەڵام بێ دەنگ نەبن، یەکترتان خۆشبوێت بەڵام هەڵەی یەکتریش ڕاستبکەنەوە، ئێوە دەبێ لەخەمی وڵاتدا بن، وڵات بە ئاسودەبون و خۆشەویستی ئێمەی هاونیشتیمانیانی یەکتر وڵاتە، نیشتیمان بە هەبونی ئارامییەوە نەواو پەناگەی مرۆڤە، چۆن ئێوە شایەنی خزمەت و شایەنی گرنگی پێدانن، بیرتان بێ وڵاتیش شایەنی ئارامی و ئاشتەواییە.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com