عه‌دنان موفتی: هه‌ر پارتییه‌ك بڵێت باڵباڵێنمان تێدا نیه، راست ناكات
نوچه‌نێت: تایبه‌ت
گرژییه‌كانی نێوان پارتی و یه‌كێتی زیاد ده‌كات و هه‌ڵمه‌تێكیش بۆ لابردنی وێنه‌كانی تاڵه‌بانی ده‌ستپێده‌كات، عه‌دنان موفتیش ده‌ڵێت “هه‌ر كه‌سێك له ناو پارتی بڵێت، باڵباڵێنمان تێدا نیه، راست ناكات”.
له دوای لادانی وێنه‌ی مه‌لا مسته‌فا بارزانی له‌لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، كه ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانه، گرژی له نێوان لایه‌نگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان درووست ده‌بێت.
له كاردانه‌وه‌ی لایه‌نگرانی پارتیشدا هه‌ڵمه‌تێك بۆ لابردنی وێنه‌كانی تاڵه‌بانی له فه‌رمانگه حكومییه‌كانی ناوچه‌ی زه‌رد ده‌ست پێده‌كات، هاوكات له گوندی ئیتالی شاری هه‌ولێریش، هه‌ڵده‌كوترێته سه‌ر ماڵی په‌رله‌مانتارانی یه‌كێتی و ئه‌مه‌ش بۆته جێگه‌ی گومان لای یه‌كێتی.
له لایه‌كی تره‌وه عه‌دنان موفتی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، له چاوپێكه‌وتنێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، هه‌ندێك كه‌س له ناو پارتی و یه‌كێتی ده‌یانه‌وێت ئه‌و كێشه گه‌وره بكه‌ن، له باره‌ی بوونی تهكهتوولیش له ناو پارتیدا وتی “هه‌ر كه‌سێك بڵێت باڵباڵێن بوونی نیه، راست ناكات، چونكه له ماڵێكیشدا ئه‌گه‌ر چوار برا هه‌بن، یه‌ك ده‌نگ نین”.