سه‌یرکه‌ن پارتی له‌هه‌ولێردا ئازادی خنکاندووه‌

0

ده‌نگی ڕه‌سه‌ن‌و به‌رهه‌قی خه‌ڵکی کوردستان ئه‌و ده‌نگه‌یه‌ که‌پارتی‌و یه‌کێتی‌ ‌لێی تۆقیون

عه‌سکه‌رتاریه‌تی

سه‌ر هه‌ولێر هه‌ڵگرن

با‌ڕاستی ده‌رکه‌وێت!

خه‌ڵکی کوردستان بڕیاری داوه‌ ئه‌م ڕه‌وشه‌ هه‌ڵگێڕنه‌وه‌، بڕیاریان داوه‌ئه‌م تابلۆیه ‌ڕاست که‌نه‌وه‌!

 

حه‌مه‌غه‌فور

hamagafur@gmail.com 

 

پارتی هه‌موو ڕێگایه‌کی گرتۆته‌به‌ر هه‌تا ده‌نگی کپ کراوی هه‌ولێر وه‌کو ڕه‌زامه‌ندی خه‌ڵکی ئه‌و شاره‌به‌خه‌ڵک بقه‌بڵێنێت. به‌ڵام پێچه‌وانه‌که‌ی به‌رجه‌سته‌ئه‌بێت، چونکه‌ڕاستی زۆر مه‌سه‌له‌که‌وتۆته‌ڕوو، وه‌ڕاپه‌ڕین به‌رچاوی جه‌ماوه‌ری ڕووناکتر کردۆته‌وه‌. واته‌هه‌رچی هه‌وڵێکی پارتی ئه‌یدات بۆ نیشاندانی ڕازیبوونی هه‌ولێر، زیاتر ڕاستی ئیستیبدادی خۆی به‌رجه‌سته‌تر ئه‌کاته‌وه‌ به‌سه‌ر هه‌ولێره‌وه‌. بڕو بیانوه‌کانی که‌پارتی ئه‌یهێنێته‌وه ‌بۆ ئه‌وه‌ی له‌جیاتی خه‌ڵکی هه‌ولێر له‌ڕاگه‌یاندنه‌کانیه‌وه ‌له‌قازانجی خۆی چه‌واشه‌کاری بکات، هێنده‌پووچ‌ و پاده‌رهه‌وان، ته‌نانه‌ت به‌شداربووانی پرۆگرامه‌ته‌له‌فزیۆنیه‌کان‌و خودی بێژه‌ره‌کانیش، به‌ڕووزه‌ردیه‌کی زۆره‌وه‌ کاتی به‌رنامه‌کانیان تێئه‌په‌ڕێنن! هه‌موو په‌خشی زاگرۆس تی‌ڤی مان بینی که‌فه‌رهاد پیر باڵ چۆن به‌شێوازی (محمد سعید صحاف) قسه‌و درۆکانی ڕێکئه‌خست، له‌به‌ر ده‌م ئه‌و گه‌نجانه‌ی برابوونه‌ به‌رنامه‌که‌وه‌!

هه‌موو که‌س باس له‌عه‌سکه‌رتاریه‌تی پارتی ئه‌کات که‌هه‌ولێری پێ کۆنترۆڵ‌و بێده‌نگ کردووه‌. که‌س ناتوانێ ئه‌و ڕاستیه‌بشارێته‌وه‌که‌هه‌ولێر له‌لایه‌ن پارتیه‌وه ‌به‌زه‌بری میلیشیاو تۆقاندن‌و پڕوپاگانده‌ی بێبنه‌ما داگیرکراوه‌. ئه‌و ده‌نگ‌و ڕه‌نگ‌و ڕایه‌ی له‌میدیاو راگه‌یاندنی پارتیه‌وه ‌په‌خش ئه‌بێته‌وه‌، ته‌نیا هی پارتی خۆیه‌تی. ئه‌وه ‌ده‌نگی واقعی‌و ڕه‌سه‌نی هه‌ولێر نیه‌. ده‌نگی خه‌ڵکی هه‌ولێر ئه‌مڕۆ کپ کراوه‌. ئه‌و ده‌نگه‌کپ کراوه‌، ئه‌و ده‌نگ‌و چاوه‌ڕوانیه‌یه‌که‌ پارتی لێی تۆقیوه‌، ده‌نگی هه‌ق‌و ڕه‌وای شاری هه‌ولێره وه‌کو شاری سلێمانی وایه‌‌. شارێکی داگیرکراویش دیاره‌بیر له‌ڕيزگاربوونی خۆی ئه‌کاته‌وه‌. تاسه‌ر ناکرێ شارێک له‌نێو بێده‌نگیدا ڕاگیرێت!

هه‌موو ئاماژه‌کان، چی له‌لایه‌ن پارتیه‌وه ‌چی له‌لایه‌ن خه‌ڵکی هه‌ولێره‌وه ‌چی له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌ولێره‌وه‌، پێمان ئه‌ڵێن؛ پارتی به‌کرده‌وه‌ ته‌نها یه‌ک زمان‌و یه‌ک وه‌ڵام‌و یه‌ک ڕێگای هه‌یه‌و گرتۆته‌به‌ر‌ له‌دژی خرۆشانی خه‌ڵک‌و قه‌یرانی سیاسی کوردستان، ئه‌ویش سه‌رکوت‌و ئیستبدادی سیاسیه‌. ئه‌م ڕێگایه‌ش له‌تونس، له‌میسرو یه‌مه‌ن‌و به‌حره‌ین‌و له‌لیبیاو ته‌نانه‌ت له‌سلێمانیش شکستی هێناوه‌. ئێستا جگه‌له‌وه‌ی خه‌ڵکی هه‌ولێر به‌خۆشحاڵی‌و هاودڵیه‌وه ‌ئه‌ڕواننه ‌ڕاپه‌ڕینی ناوچه‌کانی سلێمانی، خۆشیان له‌فکری دۆزینه‌وه‌ی میکانیزمێکی کاریگه‌ردان تا ته‌وقی ئیستیبدادی پارتی پێ بشکێنن‌و ئازادی بگه‌ڕێننه‌وه‌بۆ هه‌ولێرو ده‌نگی نه‌فره‌ت‌و توڕه‌یی‌و ناڕه‌زایه‌تی به‌رهه‌قی خۆیان بڵند که‌نه‌وه‌و بیگه‌یه‌ننه‌ گوێی جیهان. هه‌ولێر هیچ دوودڵیه‌کی نیه‌ ئه‌گه‌ر بۆی بلوێت باوه‌شی گه‌رمی بۆ سلێمانی‌و بۆ په‌یامی ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری ئه‌کاته‌وه‌. لۆژیک نیه‌شارێک داگیرکرابێت‌و بیر له‌ڕزگاربوون‌و گێڕانه‌وه‌ی ئازادیه‌کانی خۆی نه‌کاته‌وه‌!

سه‌یرکه‌ن، پارتی له‌هه‌ولێردا ئازادی خنکاندووه‌و له‌لێدوانی ڕه‌سمی‌و ناڕه‌سمی‌و له‌میدیاو له‌ڕاگه‌یاندنه‌کانیشیه‌وه ‌بێئینسافانه‌تۆمه‌ت ئه‌داته‌پاڵ مه‌یدانی ئازادی‌و مینبه‌ری ئه‌نجومه‌نی کاتی که‌ گوایا ئازادی پێشێل ئه‌که‌ن! پارتی شارێکی گه‌وره‌ی له‌تاریکی‌و بێده‌نگیدا به‌زۆری سه‌رکوت ڕاگرتوه‌، که‌چی له‌ڕووی هه‌ڵدێت باسی نه‌بوونی ئازادی بکات له‌مه‌یدانی ئازادی سلێمانی! پارتی خۆی ده‌سه‌ڵاته‌و که‌چی داوای ئازادی له‌خه‌ڵک ئه‌کات! ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ مه‌سخه‌ره‌یه‌کی ته‌واوه‌. ئه‌م مامه‌ڵه‌و ئه‌م هه‌ڵسوکه‌وته ‌بۆ پارتی چی ده‌ردێک ده‌وائه‌کات!؟

ڕۆژی 25شوبات د.پشتیوان‌و ژماره‌یه‌ک هاوڵاتی که‌به‌نیازبوون خۆپیشاندانێک له‌هه‌ولێر سازکه‌ن، به‌شێوازی نازیه‌کان‌و فاشیه‌کان ڕاپێچی زیندان‌و سه‌رکوت کران. بازگه‌کانی چوونه ‌ناوه‌وه‌و چوونه‌ده‌ره‌وه ‌له‌هه‌ولێر، تا بگات به‌ڕێگای ئاسمانیش بۆ هه‌ولێر، به‌توندترین ده‌زگای کۆنترۆڵ‌و جاسوسی ته‌نراون. پارتی ئێستا هێنده‌ی ده‌زگای پاراستن به‌که‌ڵکی دێت، هێنده‌بڕوای به‌ئه‌ندامان‌و ڕێکخستن‌و کادره‌کانیشی نیه‌! پارتی هیچ کات ده‌ستی له‌سه‌رکوت‌و ته‌نگ پێهه‌ڵچنین هه‌ڵنه‌گرتوه‌!

ده‌نگی ڕه‌واو ڕه‌سه‌نی شاری هه‌ولێر ئه‌و ده‌نگ‌و ڕایه‌بوو که‌له‌گه‌ڵ د.پشتیوان‌و هاوڕیکانیدا 25 شوبات سه‌ربه‌رزانه ‌هاتنه‌ شه‌قام ‌و پارتی دڕندانه‌ پێچانیه‌وه‌. له‌و ساوه ‌پارتی به‌هێزی عه‌سکه‌ر شاری هه‌ولێری کپ کردووه‌، به‌ڵام خۆی‌و ڕاگه‌یاندن‌و قسه‌که‌رانی پارتی که‌ئه‌ڵێی به‌ڕوو له‌ده‌میاندا ته‌قیوه‌ته‌وه‌، دێن‌و بێشه‌رمانه‌ به‌ناوی هه‌ولێره‌وه‌قسه‌ده‌که‌ن، لێدوان ئه‌ده‌ن. ده‌رسی پاراستن به‌که‌سانێک ئه‌ڵێنه‌وه‌و ئه‌یانهێننه‌ سه‌ر ته‌له‌فزیۆن‌و ئاوازه‌ نه‌شازه‌که‌ی پارتی بۆ خه‌ڵکی کوردستان ئه‌ژه‌نن!

ئه‌مڕۆ ڕۆژه‌ڵاتی ناوین‌و ناوچه‌که‌و کوردستانیش، ده‌نگی هه‌ق‌و ڕه‌وای جه‌ماوه‌ری سه‌رکوت کراوو بێماف کراوو تۆقێنراو به‌ئیستیبدادو سه‌رکوت‌و کوشتار، به‌ڕاپه‌ڕین‌ و شۆڕشی جه‌ماوه‌ری به‌رزبۆته‌وه‌. ده‌نگی ڕه‌سه‌ن ‌و به‌رهه‌قی خه‌ڵکی کوردستانیش هه‌ر ئه‌و ده‌نگه‌یه‌ که‌پارتی ‌و یه‌کێتی‌و ته‌واوی ده‌سه‌ڵاتدارانی ناوچه‌که ‌لێی تۆقیون.

ئه‌و ده‌نگه‌ی له‌زمانه‌کانی پارتی‌و یه‌کێتییه‌وه‌گوێمان لێی ئه‌بێت، ده‌نگی ده‌سه‌ڵات‌و ده‌نگی پارتی‌و یه‌کێتیه‌. ئه‌و ده‌نگانه‌ نوزه‌ی ئه‌و هێزانه‌ن که ‌20 بیست ساڵه‌خه‌ڵکیان له‌نێو هه‌ژاری، بێکاری، له‌ناو نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری، وه‌له‌نێو گه‌نده‌ڵی‌و ده‌سه‌ڵاتی حزبی‌و میلیشیای چه‌کداری بنه‌ماڵه‌کاندا ڕاگرتووه‌و مشتێک ته‌وه‌زه‌ل، عه‌شایه‌رو میللیگه‌راو خاوه‌ن حزبی چه‌کدارو نه‌زان‌و دواکه‌وتوو، ده‌سه‌ڵاتدارو پاره‌دارو خاوه‌نی هه‌موو شتێکن.

ئه‌و ده‌نگه‌ی له‌هه‌ولێر کپ کراوه‌ له‌دژی ئه‌م بارودۆخه‌یه‌که ‌20 ساڵه ‌له‌سه‌ر ده‌وره‌. ئه‌و ده‌نگه‌شی که‌ له‌ناوه‌نده ‌ره‌سمیه‌کانه‌وه ‌له‌هه‌ولێر به‌ر گوێمان ده‌که‌وێت، سه‌دای هات‌و هاواری ئه‌و هێزه‌کۆنانه‌یه ‌که‌پێیان وایه‌ هه‌تا دونیا دونیا بێت ئه‌بێت ته‌نها هه‌ر ئه‌وان سه‌روه‌رو ده‌ستڕۆیشتوو و خاوه‌ن قسه‌و خاوه‌ن بڕیار بن! خه‌ڵکی کوردستان بڕیاری داوه‌ ئه‌م ڕه‌وشه‌ هه‌ڵگێڕنه‌وه‌، بڕیاریان داوه‌ئه‌م تابلۆیه ‌ڕاست که‌نه‌وه‌!

ئه‌گه‌ر پارتی‌و ده‌سه‌ڵاتی کوردی ڕاست ئه‌ڵێن، هه‌ولێر وه‌کو سلێمانی بیر ناکاته‌وه‌، وه‌کو سلێمانی ناڕازی نیه‌، وه‌رن عه‌سکه‌رتاریه‌ت له‌سه‌ر شاره‌که ‌هه‌ڵگرن با شاری هه‌ولێر خۆی قسه‌ی دڵی خۆی بکات! بزانین به‌رده‌م پارێزگای هه‌ولێر ناگۆڕن بۆ مه‌یدانێکی ئازادی دیکه ‌بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ی ده‌نگی کپ کراویان‌و ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ریان له‌دژی گه‌نده‌ڵی‌و ده‌سه‌ڵاتی حزب‌و بنه‌ماڵه‌کانتان!! له‌بیرتان نه‌چێت، ئه‌و سه‌رکوته‌ی هه‌ولێرتان پێ کۆنترۆڵ کردووه‌، زۆری نه‌ماوه‌ به‌تووڕه‌یی پۆنگخواردووی شاری هه‌ولێر به‌سه‌رتاندا بشکێنرێته‌وه‌! عه‌سکه‌رتاریه‌تی سه‌ر هه‌ولێر هه‌ڵگرن با حه‌قیقه‌ت ده‌رکه‌وێت!

19مارس2011

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com