خالید رەنجدەر: پەیامی سیاسی حكومەتی بەغدا یەكە و پەیامی كوردی پەرتەوازەیە
خالد ڕەنجدەر: ماوەیەكە گرژی كەوتۆتە نێوان دەسەڵاتی ھەرێم و حكومەتی بەغدا، یان ئەتوانین بڵێین سەرۆكایەتی ھەرێم و خودی سەرۆكی ھەرێم لە گەڵ نوری المالكی. سەرۆكی ھەرێم دركی بەوە كردوە كە نوری المالكی ھەمو سەرە داوەكانی ئیدارەی عێراق و سیاسەتی حكومەتەكەی لە پەنجەكانی خۆی ئاڵاندووە، بۆیە مەترسی ئەوەی ڕاگەیاند كە عێراق بەرەو تاكڕەوی ھەنگاوەكانی ھەڵدێنێتەوە. ئەوەش نوری المالكی توڕە كردوە و، ھەرچەندە تا ئێستا مالكی ھێمنی خۆی پاراستوە، بەڵام ھەندێك لە كەسایەتیەكانی ناو حیزبەكەی و ناو لیستەكەشی ھەڕەشە لە سەرۆكی ھەرێم و ھەرێم بە گشتی ئەكەن. ھەندێك پەرلەمانتاری لیستەكەی مالكی بە ئاشكرا داوای سزادانی ھەرێم و دادگاییكردنی سەرۆكی ھەرێم ئەكەن و نە مالكی و نە كەسی تری لیستەكەی ئامادە نین لێرسینەوە لەو كەسانە بكەن. بە پێچەوانەوە ھەندێك وەزیریش داوای بڕینی بودجەی ھەرێم ئەكەن و ھەڕەشەی ڕاگرتنی گرێبەستە نەوتیەكانی ھەرێم ئەكەن.
لەبەرامبەر ئەو ھەڵوێستە یەكگرتوەی حكومەت و لیستەكەی مالكیەوە ئەبینین پەیامی كورد پەرتەوازەیە و لە ئاستی پێویستدا نیە. لە كاتێكدا سەرۆكی ھەرێم لەسەر ھەڵوێستەكانی سورە مام جەلال كە بە خۆی و حیزبەكەیەوە ھاوپەیمانی سەرۆكی ھەرێم و حیزبەكەیەتی وەك كەسی سێیەم ھەوڵی ھێمن كردنەوە و ناوبژیوانی ئەدات. لە سەر ئاستی ئۆپۆزیسیۆنیشەوە ھیچكام لە حیزبەكانی بە پێی بەرژەوەندیە نەتەوەییەكان مامەڵەیان نەكردوە و لەو گرژیەی كە دروست بوە بێدەنگن، چونكە كێشەیان لە گەڵ دەسەڵاتی كوردی و خودی سەرۆكی ھەرێم ھەیە.
مانەوەی سەرۆكی ھەرێم بە تەنھا بەرامبەر سیاسەتی حكومەتی بەغدا بە تەنھا سەرۆكی ھەرێم لاواز ناكات، بەڵكو كارتێكردنی لەسەر تەواوی سیاسەتی ھەڕێم ھەیە بە حیزبەكانی ناو دەسەڵات و بە ئۆپۆزیسیۆنیشەوە. ئەگەر سەرۆكی ھەرێم توندە لە پەیامەكەیدا بەرامبەر بە مالكی جێی خۆیەتی یەكێتی و خودی تاڵەبانی و حیزبەكانی ئۆپۆزیسیۆنیش داوای لێ بكەن كە ڕاوێژیان پێ بكات و ئەوانیش دوای ڕاوێژكردن سیاسەتی كوردی لە پەنا لاواز كردنی پەیامی سەرۆكی ھەرێمەوە لاواز نەكەن.
ئێمە ناڵێین توندوتیژ بن لە گەڵ حكومەتی بەغدا و ناشڵێین ھێندە نەرم بن كە زیاتر و زیاتر پەیامی سیاسی كورد پەرتەوازە بكەن. فرە ھەڵوێستی پەرلەمانتار و كاربەدەستانی حكومەت و حیزبەكان بە ئۆپۆزیسیۆنیشەوە لە كوردستان ئاسەوارێكی زۆر خراپ بەجێ ئەھێڵێت و زیاتر ھەڵوێستی لیستی مالكی و حكومەتەكەی بەھێز ئەكات. دەرەنجامەكەشی بە گشتی سستكردنی پرۆژەكانی كورد و دواخستنی زیاتری ماددەی 140 و گێڕانەوەی ناوچە دابرەكانە بۆ سەر ھەرێم.